هێمن هه‌ورامی: ده‌بێت هه‌ریمی كوردستان ئاماده‌ بێت بۆ هه‌موو ئه‌گه‌رێك

0

هێمن هه‌ورامی: ده‌بێت هه‌ریمی كوردستان ئاماده‌ بێت بۆ هه‌موو ئه‌گه‌رێك

دیمانه‌: رێبوار ره‌زا چوچانی

هێمن هەورامی ئەندامی سەركردایەتی و بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەم دیمانەیەدا تیشك دەخاتە سەر رەوشی ئەمڕۆی كوردستان و ئەو گرژییانەی لەناوچەكانی بادینان روویانداوە، لەبارەی رەخنەكانی یەكگرتووشەوە، دەڵێت “ئێمەگوێ بەرەخنەكانی یەكگرتوو نادەین”.

رێبوار: بەهۆی كۆبوونەوەتان لەگەڵ كونسوڵی وڵاتان لەسەر رووداوەكانی بادینان، رووبەڕووی رەخنە بوونەتەوە، چونكە رایەك هەیە پێیوایە دەبوایە لەدۆخێكی وەك ئێستادا، ئێوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان كۆبوونایەتەوە، كەواتە ئەو كۆبوونەوەیە بۆ چ مەبەستێك بوو؟
هێمن هەورامی: رەخنەكان بەجێ نین، چونكە ئێمە هەردووكیمان كردووە، ئێمە وەك پارتی ئەسڵەن لایەنێك نەبووین لەم كێشەیەدا، بەڵكو راگەیاندنەكانی یەكگرتوو و لێدوانی بەشێك لە بەرپرسەكانیان، كە بەشێوەیەكی هیستریاییانە بۆ داپۆشینی كۆمەڵێك لەكێشە ناوخۆییەكانیان، بەبێ هیچ ئەملاولایەك ناوی پارتییان تێكەڵ كرد بەم كێشەیە، ئەمەش پێش دەرچوونی ئەنجامی كارەكانی ئەو لیژنەیە بوو، كە جەنابی سەرۆكی هەرێم پێكیهێناوە. ئێمە لەپارتی هەرگیز نەماویست لەسەر ئەو بابەتە لێدوان بدەین، چونكە ئەم كێشەیە پەیوەستە بەكێشەیەكی یاسایی و مەسەلەی حوكمڕانی لەهەرێمی كوردستان، چونكە لەهەرێمی كوردستان داموزگای حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێممان هەیە، ئەركی ئەمانە ئەو كێشانە یەكلایی بكەنەوە، ئەوانەی خەڵكییان هانداوە بۆ سوتاندنی ئەو دوكان و بازاڕانەی هەبوون، یان ئەو كاردانەوانەی لێیكەوتوونەتەوە و بۆتە هۆی ئەو رووداوە نەخوازراوانەی لەبادینان روویانداوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ناوی پارتی بەبێ هیچ بیانوویەك لەلایەن راگەیاندنی یەكگرتووەوە هاتووە، بەتایبەت یەكەم لێدوانی بەرپرسی مەڵبەندی زاخۆی یەكگرتوو كە وتویەتی لایەنگرانی پارتی لەپشتەوەی سوتاندنی بارەگای یەكگرتووەوەن، دواتریش راگەیاندنی یەكگرتوو زۆر لەسەر ئەم بابەتە قسەی كرد، ئێمە بەپێویستمان زانی حەقیقەتی ئەوەی روویداوە، بەرای گشتی جیهانی بدەین، ئەو دانیشتنەی ئێمەش لەگەڵ كونسوڵگەریەكان، بۆ گەیاندنی ئەو راستیانە بوو، ئێمە بەیاننامەی مەكتەبی سیاسی پارتیمان كردبووە ئینگلیزی و پێماندان، هەروەها راپۆتێكی تێروتەسەلیشمان لەسەر ئەو رووداوانەدا پێدان، كە چۆن كۆمەڵێك خەڵكی توندڕەو بەدەر لەرێوشوێنە یاساییەكان، پاش نێوژی هەینی پەلاماری ئەو شوێنانەیان داوە و كە زۆربەیان موڵكی خەڵكی كریستیان و ئێزیدین، ئەمەش چۆن بۆتە هۆی دروستبوونی نامتمانەیی لای خەڵكی كریستیان و ئێزیدی لەناوچەكەدا، بۆیە ئێمە بەپێویستمان زانی ئەو راستیانە بۆ كونسوڵگەرییەكان باس بكەین، لەگەڵ ئەوەشدا مەكتەبی پەیوەندییە نیشتیمانییەكان، لەگەڵ هەموو حیزبە كوردستانییەكان كۆبۆتەوە و جەنابی سەرۆكی هەرێمیش لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان كۆبۆتەوە.

رێبوار: سەرۆكی هەرێم بۆ زۆر شت لیژنە دروست دەكات، بەڵام رەخنەی ئەوەی لێدەگیرێت، كە لیژنەكان بەرەنجامیان نیە، ئەمە رەنگە رەخنەی یەكگرتووش بێت، هەروەها ئەو لیژنەیەی بۆ كێشەكانی بادینان دروست كراوە، نوێنەری یەكگرتووی ئیسلامی تێدا نیە، لەكاتێكدا ئەوان بارەگایان سوتاوە و زیانییان پێگەیشتووە، ئەمەیان بۆ؟

هێمن هەورامی: ئێمە گوێ بەرەخنەی یەكگرتوو نادەین، بەهەرحاڵ پارتیش زیانی گەورەتری پێگەیشتووە و نوێنەری پارتیشی تێدا نیە، ئێمە دامودەزگای یاساییمان هەیە لەكوردستان، ئەم دامودەزگایەش نە بەكۆدەتا هاتووە و نەدرێژكراوەی ئایدۆلۆژیای ئیسلامی سیاسی دەرەوەیە، بەڵكو دامودەزگایەكە و لەناو خەڵكی كوردستانەوە هەڵبژێردراوە، ئەویش سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانە، سەرۆكی هەرێم 70%ی دەنگی بەدەستهێناوە و شەرعیەتی دەستووری و یاسایی هەیە، كە لیژنەی دروست كردووە، حەقی هیچ حیزبێك نیە بەرلەوەی ئەم لیژنەیە دەستبەركار بێت، بڕیار لەسەر نەتائیجی كارەكانییان بدات، یان بەدگومانی لەسەر كاری لیژنەكان دروست بكات، ئەمە بۆ یەكگرتووی ئیسلامی خۆیان و میسداقییەتیان خراپە، كە گومان لەسەر لیژنەیەكی یاسایی دروست بكەن، كە دامودەزگایەكی دەستووری لەوڵاتی ئێمە دروستی كردووە.

رێبوار: سەرۆكی هەرێم لەلاپەڕەی تایبەتی خۆی، لەفەیسبووك باسی ئەوەی كردووە، كە مەترسی لەسەر هەرێم و پارتی هەیە، ئایا ئەو مەترسییە ئەوەندە گەورەیە، داوای فیداكاری بكرێت؟

هێمن هەورامی: دەبێت هەرێمی كوردستان ئامادە بێت بۆ هەموو ئەگەرەكان، چونكە ئێمە سیاسەت دەكەین و سیاسەتیش تەنها خوێندنەوەی ئەمڕۆ نیە، ئێمە دەڵێین دەبێت ئامادە بین بۆ هەموو ئەگەرەكان، یەكێك لەئەگەرەكان ئەگەری مەترسیە، هەموو ناوچەكە لەگۆڕانێكی گەورەدایە، ئەو بەدیلانەی هاتوونەتە شوێنی ئەو گۆڕانكارییانەی كراون، هێشتا سیماكانی جێگربوونی سیستەمی سیاسی لەناوچەكەیانەوە پێوە دیار نیە، هەروەها بارودۆخی سیاسی و باری ئەمنی عێراق جێگیر نیە، هێزەكانی ئەمریكا لەكشانەوەدان، سوپای عێراق و هێزە ئەمنییەكان ئامادە نین بۆ بەرگریكردن لەو عێراقە دەستوورییە فیدراڵییەی ئێمە پێمانوایە دەبێت بەشێك بین لێی، ئەگەری سەرهەڵدانەوەی رێكخستنەكانی حیزبی بەعسی هەڵوەشاوە زیاترە، ئەگەری هاتنەوە مەیدانی گرووپە تیرۆریستییەكان لەعێراق زیاترە، هەموو ئەمانەش كارگەرییان لەسەر ناوچە دابڕاوەكان و شێوازی حوكمڕانی لەعێراقیشدا دەبێت، چونكە ئەم حكومڕانییەی ئێستا بەو هەموو فەشەلەشیەوە نەیتوانیوە بەشێك لەمافە دەستوورییەكانی ئێمە وەك هەرێمی كوردستان بهێنێتەدی.

رێبوار: بەڵام بۆ پێتانوایە تەنها مەترسی لەسەر پارتی هەیە، چونكە ئەوەی تۆ باسی دەكەیت مەترسییە بۆ سەر هەموو كورد؟

هێمن هەورامی: پارتی هێزی گەورەی كوردستانە، پارتی زۆرترین رێژەی لەپەرلەمانی عێراقدا هەیە، لەهەرێمی كوردستان جەنابی سەرۆك بارزانی كە سەرۆكی پارتییە، هەڵبژێردراوی خەڵكی كوردستانە، كە سەرۆكی هەرێم بێت، بۆیە پارتی شەرەفێكی گەورەی هەیە، ئەركی گەورەی نەتەوەیی لەسەر شان بێت، پێشمانوایە هەر لایەنێك بیەوێت پەلاماری هەرێمی كوردستان بدات، یەكەم گوللەی ئاڕاستەی سنگی پارتی دەكات.

رێبوار: رایەك هەیە پێیوایە پارتی ترسی لەبەهێزبوونی پێگە جەماوەرەییەكەی یەكگرتوو هەیە لەناوچەی بادینان، بۆیە هەندێكجار پەلاماریان دەدات، ئایا ئەو پەلاماردانە بەرەنجامی ترستانە لەیەكگرتوو؟

هێمن هەورامی: پارتی هیچ وەختێك لەململانێی سیاسییانە ناترسێت و نەشترساوە، پارتی هێزێكە لەكاتی ئاشتی و ئارامی و سەقامگیری و ئاشتی كۆمەڵایەتیدا، زیاتر جەماوەر پەیدا دەكات، چونكە پارتی پڕۆژەی گەورەی نەتەوەیی پێیە، راستە بادینان قوڵایی ستراتیژی پارتی دیموكراتی كوردستانە، لەبادینان پارتی بەقەد هەموو ئەندامەكانی یەكگرتوو بەس شەهیدی هەیە، بۆیە یەكگرتوو وەك هەڕەشەیەك لەسەر پێگەی جەماوەری پارتی لەناوچەی بادینان وجوودی نیە، بەڵام بە رەئی شەخسی خۆم یەكگرتووی ئیسلامی رەنگە ئێستا پێویستی بە دروستكردنی هەندێك ئەزمە هەبێت، بۆ خستنە دەرەوەی ئەزمە ناوخۆییەكانی خۆیان، بۆ نموونە یەكگرتوو بەرەو كۆنگرە دەچێت، ناكۆكییەكی گەورە لەناو یەكگرتووی ئیسلامی هەیە، لەسەر مەسەلەی جیاكردنەوەی دەعوە و سیاسەت، بینیمان كۆمەڵێك سەركردەی گەورەی یەكگرتوو لەو حیزبە جیابوونەوە، یان دەستبەرداری پۆستەكانیان بوون، رەوتی گەشە لەناو ئەو حیزبە بەرەنجامی ئەو ململانێیە، كە لەنێوان نەوەكانی ناو یەكگرتوودا هەیە، قسە لەسەر ئەوە هەیە، كە بۆ دەیان ساڵە گۆڕانكاری بەسەر شەخسی یەكەمی یەكگرتوو لەناو ئەو حیزبەدا نەهاتووە، بۆیە ئێمە نامانەوێت ئەم كێشە ناوخۆییانەی ناو یەكگرتوو و تەسدیركردنیان بۆ دەرەوە، كاریگەری هەبێت لەسەر پەیوەندیەكانی نێوان ئێمە و ئەوان، چونكە ئێمە و یەكگرتوو ساڵانێكە هاوپەیمانین و ئێستاش لەئیئتیلافی فراكسیۆنە كوردستانیەكان پێكەوەین و نامانەوێت لەگەڵ ئەواندا بیگەیەنینە مریشكە رەشە، ناشمانەوێت ململانێی خۆمان بەهێز لەگەڵ یەكتر یەكلا بكەینەوە، چونكە ئەگەر بێتە سەر ئەوەی لەرێگەی هاندان و توندوتیژییەوە كێشەكان یەكلایی بكەینەوە، پێموابێت یەكگرتوو زیانی یەكەمی بەردەكەوێت ئینجا پارتی، بەڵام هەموو خەڵكی كوردستان زیانیان بەردەكەوێت، بەڵام یەكگرتوو هیچ كاتێك مەترسی نیە بۆسەر پێگەی جەماوەری ئێمە.

رێبوار: هەر لایەنێك رووبەڕووی پارتی دەوەستێت، پارتی دەڵێت ئەزمەی ناوخۆییان هەیە، چونكە ئەمەتان لەبەرامبەر بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی و ئێستاش یەكگرتوو وت، پرسیار ئەوەیە بۆ هەمیشە پەنا بۆ ئەم دەستەواژەیە دەبەن؟

هێمن هەورامی: من بەش بەحاڵی خۆم بۆ هەموو حاڵەتەكان وام نەوتووە، ئێمە لەپارتی دیموكراتی كوردستان، خوازیاری پەیوەندییەكی سروشتین لەگەڵ هەموو لایەنەكان، پێشمانوایە ئێستا ئەو قۆناغەیە كە پێویستمان بە یەكڕیزی هەیە، ئەو ئەركانەی رووبەرووی هەرێمی كوردستان دەبنەوە، تەنها بەپارتی تەحەمول ناكرێت، هەموو شتێكمان كرد بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە بۆ گفتوگۆ پێنج قۆڵییەكان، لەگەڵ هەموو لایەنەكاندا، بەڵام ململانێی سیاسی بەشێكە لەململانێی دیموكراسی، دەیان خۆپیشاندان بكرێت بۆ ئەوەی پارتی لەدەسەڵات نەمێنێت، لای ئێمە زۆر ئاساییە، چونكە بەشێكە لە كەلتووری دیموكراسی، ئێمە ئەم شتانە قبوڵ دەكەین تا هەڵبژاردن دێت، ئەگەر لەرۆژی هەڵبژاردن جەماوەری كوردستان متمانەی بەئێمە دایەوە یان نەیدایەوە، هەردوو حاڵەتەكەمان قبووڵە، دەبێت لایەنەكانی تریش ئەمەیان قبووڵ بێت، چونكە ئێستا كە ئێمە براوەی پرۆسەیەكی دیموكراسین، براوەیەكی موتڵەق نین، ئەوانەش كە دۆڕاوی هەڵبژاردنن، دۆڕاوی موتڵەق نین، خەڵكی كوردستان براوەی موتڵەقە، ئێمە دەمانەوێت هەمیشە ئەم كەلتوورە پیادە بكەین، كە خەڵكی كوردستان براوەی موتڵەق بێت، چونكە ئێمە پەروەردەی قوتابخانەیەكین، كە پێمانوایە ئەوەی بۆ كوردستان باش بێت، بۆ پارتیش باش دەبێت.

رێبوار: بەڵام ئێوە تەنها لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆتان براوەن و دوور لەدەسەڵاتی خۆتان براوە نین، ئەمەش سەرنجێكە لەسەرتان، هۆكاری ئەمە چییە؟

هێمن هەورامی: بۆ نموونە وەكو كوێ دەسەڵاتمان تێیدا هەیە و براوەین؟

رێبوار: وەك هەولێر و دهۆك و موسڵ، ئێوە لەم ناوچانە بترازێت براوە نین، واتە زۆرینەی رەهای پارتی لەناوچەی دەسەڵاتی خۆیدایە پرسیارەكە ئەمەیە؟

هێمن هەورامی: لەگەڵ رێزم بۆ تۆ ئەمە پرسیاری كەسێكە، كە ئەسڵەن لەسیاسەت تێناگات، چونكە ئێمە مامەڵە لەگەڵ كۆی گشتی هەرێمی كوردستان دەكەین، كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان نایەت بڵێت ئەمە ئەنجامی پارتییە لەم سنوورە و مادام لەم سنوورە بردویەتیەوە، نابێت لەسنوورەكانی تر حاكم بێت، ئەوەی ئێمە لەهەڵبژاردن مامەڵەكردنە لەگەڵ كۆی پرۆسەكە لەهەرێمی كوردستان.

رێبوار: مەوقیفی یەكێتی بەرامبەر بەرووداوەكانی بادینان چییە؟ چونكە یەكێتی ئیدانەی ئەو كارانە دەكات، ئایا هەست ناكەن لەئێستادا زۆر هاوهەڵوێست نین لەگەڵتان؟

هێمن هەورامی: ئێمە و یەكێتی رێككەوتنی ستراتیژیمان هەیە، گوێ بۆ لێدوانی فەرمی برادەرانی یەكێتی دەگرین، وتەبێژی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی هەڵوێستێكی روون و ئاشكرای هەبووە، لەكۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانیشدا جەنابی دكتۆر بەرهەم و وەزیرەكانی تر، هەڵوێستی روون و ئاشكرایان هەبووە، كە دژی توندوتیژین، دژی ئەوەن لایەنێك بێت ئیرادەی خۆی فەرز بكات بەسەر هاوڵاتیانی كریستیان و ئێزیدی، هەڵوێستی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانیش زۆر دوور نیە لەهەڵوێستی پارتیەوە.

له‌ سڤیله‌وه‌

بۆ كۆنتاكت كلیك بكه‌

 

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com