ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی، ره‌خنه له یه‌كگرتووی ئیسلامی ده‌گرێت
نوچه‌نێت: تایبه‌ت
دكتۆر ئه‌رسه‌لان بایز ئه‌ندامی مه‌كته‌بی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، له وتارێكدا كه له رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ، ئۆرگانی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان بڵاو كراوه‌ته‌وه، ره‌خنه له سیاسه‌ته‌كانی ئێستای یه‌كگرتووی ئیسلامی ده‌گرێت.
دكتۆر ئه‌رسه‌لان بایز ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، كه هاوكات جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستانیشه، له وتارێكدا به‌ناوی “ئاژاوه‌كه‌ی زاخۆ”، ره‌خنه له سوتاندنی شوێنه‌كانی مه‌یفرۆشتن و مه‌ساج و باره‌گاكانی یه‌كگرتووی ئیسلامی ده‌گرێت، هاوكات سیاسه‌ته‌كانی ئێستای یه‌كگرتووی ئیسلامی، ده‌خاته به‌ر ره‌خنه و پێیوایه یه‌كگرتوو له‌سه‌ر ئاراسته‌ی سیاسه‌ته‌كانی پێشوییان لایانداوه، دكتۆر ئه‌رسه‌لان بایز ده‌نوسێت “سیاسه‌تی سالانی رابردووی یه‌كگرتووی ئیسلامی زرنگ و حه‌كیمانه بوو، سیاسه‌تێكی واقیع بینانه، پشوو درێژ‌و دوور له‌توندوتیژی. كه‌چی به‌داخه‌وه له‌و چه‌ند مانگه‌ی رابردوودا گۆڕانكارییه‌كی به‌رچاو به‌سیاسه‌تی یه‌كگرتوو ئه‌بینرێت كه تاڕاده‌یه‌ك نامۆیه به‌سیاسه‌تی رابردوو و ناسراوی ئه‌و حیزبه. من وه‌كو بینه‌رێكی گۆڕه‌پانی سیاسیی كوردستان، سه‌رم له‌و سیاسه‌ته‌ی ئه‌مڕۆیان ده‌رناچێت. تۆ بڵێی حیزبه ئیسلامییه‌كانی دنیای عه‌ره‌ب هێنده كاریان تێ كردبن و واقیعی كوردستانیان له‌بیرچووبێته‌وه”.
ده‌قی وتاره‌كه‌ی دكتۆر ئه‌رسه‌لان بایز
ئـــاژاوه‌كــه‌ی زاخـۆ
د.ئه‌رسه‌لان بایز14/12/2011
پاراستنی ئاسایش و سه‌رو سامانی هاووڵاتیان هه‌ر به ته‌نیا له‌ئه‌ستۆی حكومه‌ت و حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار نییه، به‌ڵكو ئه‌ركی سه‌رشانی سه‌رجه‌م حیزب و گروپه سیاسییه نیشتمان په‌روه‌ره‌كانه به‌ئۆپۆزسیۆنیشه‌وه. له‌مه‌ش زیاتر ئه‌ركی هه‌موو تاكێكی كۆمه‌ڵگایه. راسته ئه‌ركی راسته‌وخۆی ئه‌و كاره ده‌كه‌وێته سه‌رشانی ده‌زگاكانی پۆلیس و ئاسایش، به‌لام له‌هیچ ولاتێكدا بێ هاوكاری جه‌ماوه‌ر ئه‌و ئه‌ركه وه‌كو پێویست جێبه‌جێ ناكرێت.
بگره نائارامی و ئاژاوه دروست ئه‌بێت و سه‌ره‌نجام زیانی گه‌وره به‌تێكڕای پێكهاته‌كان ئه‌گات.من به‌ش به‌حاڵی خۆم بڕوا ناكه‌م هیچ حیزبێكی ئیسلامی راسته‌وخۆ ده‌ستی له‌ئاژاوه‌كه‌ی زاخۆدا هه‌بێت، به‌لام دوور نییه دوور به دوور‌و رۆژانه هانی گه‌نجه موسڵمانه‌كانیان دابێت دژی دوكانه‌كانی مه‌ی فرۆشی و شوێنی مه‌ساج و هه‌ندێ له‌هۆتێله‌كان.
خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و دوور به دوورییه‌ش بوو بێت هه‌ر كارێكی خراپه، چونكه خه‌ڵك بۆخۆی ئازاده له‌كارو كاسبی، به‌تایبه‌تی برا مه‌سیحی و یه‌زیدییه‌كان. ئینجا له‌ولاتێكی موسڵمانی وه‌كو توركیا، پاشماوه‌ی كولتوری خه‌لافه‌تی ده‌وڵه‌تی عوسمانی، نه‌ك هه‌ر دیسكۆو دوكانه‌كانی مه‌ی فرۆشی قه‌ده‌غه نییه، به‌ڵكو له‌مانگی ره‌مه‌زانی پیرۆزیشدا خه‌ڵك ئازاده به‌نوێژی نیوه‌ڕۆش مه‌ی بخۆنه‌وه. غه‌نووشی، رابه‌ری حیزبی نه‌هزه‌ی ئیسلامی تونس راشكاوانه ئه‌ڵێت:( ئێمه رێگای كه‌س ناگرین له‌مه‌ی خواردنه‌وه)، چونكه مه‌سه‌له‌یه‌كی شه‌خسییه. (محمد یتیم)ی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی گشتیی حزبی داد‌و گه‌شه‌پێدانی ئیسلامی (مه‌غریب)یش كه له دوا هه‌ڵبژاردن زۆرینه‌ی ده‌نگیان هێناو حكومه‌ت پێك ئه‌هێنن ئه‌ڵێت:( ئێمه گوێ به ژیانی تایبه‌تی خه‌ڵك ناده‌ین. ئه‌ركی ئێمه ده‌ست خستنه ناو بیروباوه‌ڕو ره‌فتاری شه‌خسی كه‌س نییه. لای ئێمه پۆلیسی ئه‌خلاق نییه) چونكه هه‌موو ئه‌مانه ئه‌بنه هۆی لاوازكردنی كه‌رتی گه‌شتیاری.
ئه‌ی عه‌جه‌ب له كوردستاندا ئه‌م ره‌فتارانه ئه‌كرێت..؟ به تایبه‌تی ده‌رهه‌ق به غه‌یره ئاینه‌كان..؟!! خۆ ئه‌گه‌ر بڕوا‌و نیازیش بۆ كارێكی له‌و بابه‌ته هه‌بێت ئه‌بێ له‌ڕێگای یاسا رێك بخرێن. هه‌ر وه‌كو چۆن سوتاندنی ئه‌و دوكان و هوتێل و شوێنه گه‌شتیارییانه هه‌ڵه‌بوون و نه‌ئه‌بوو بسوتانایه، چونكه ده‌بنه هۆی له‌كه‌داركردنی ناو‌و ناوبانگی هه‌رێمی كوردستان و كاریگه‌ری سلبی گه‌وره‌ش له‌سه‌ر كه‌رتی گه‌شتیاری ئه‌كات.
به‌هه‌مان شێوه‌ش نه ئه‌بوو باره‌گاكانی یه‌كگرتووی ئیسلامیش بسوتانایه. خۆ ئه‌گه‌ر سوتاندنی ئه‌و باره‌گایانه له‌ئه‌نجامی كاردانه‌وه بووبێت، ئه‌وا هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌تره. چونكه به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌لی كورد له لێبورده‌یی دایه.
نه‌ك كاروكاردانه‌وه.رێگای چاره‌سه‌ری هه‌موو گیروگرفت و كێشه‌كانیش ته‌نیا دان به‌خۆ داگرتن و كردنه‌وه‌ی هه‌موو ده‌رگاكانه به‌ڕووی دیالۆگه‌وه.
كێشه‌كان چه‌ند گه‌وره‌و درێژ خایه‌نیش بن. سه‌ره‌نجام هه‌ر ئه‌بێ دیواری دڕدۆنگی و (دووشك) له‌گه‌ڵ یه‌كتر بڕووخێنرێت و لێبورده‌یی و به‌یه‌كه‌وه دانیشتن و كاركردن سه‌روه‌ر بێت.سیاسه‌تی سالانی رابردووی یه‌كگرتووی ئیسلامی زرنگ و حه‌كیمانه بوو، سیاسه‌تێكی واقیع بینانه، پشوو درێژ‌و دوور له‌توندوتیژی. كه‌چی به‌داخه‌وه له‌و چه‌ند مانگه‌ی رابردوودا گۆڕانكارییه‌كی به‌رچاو به‌سیاسه‌تی یه‌كگرتوو ئه‌بینرێت كه تاڕاده‌یه‌ك نامۆیه به‌سیاسه‌تی رابردوو و ناسراوی ئه‌و حیزبه.
من وه‌كو بینه‌رێكی گۆڕه‌پانی سیاسیی كوردستان، سه‌رم له‌و سیاسه‌ته‌ی ئه‌مڕۆیان ده‌رناچێت. تۆ بڵێی حیزبه ئیسلامییه‌كانی دنیای عه‌ره‌ب هێنده كاریان تێ كردبن و واقیعی كوردستانیان له‌بیرچووبێته‌وه. ئه‌گینا ئه‌و هه‌ڵچونه ئیعلامی و به‌دینه‌هێنانی وه‌عدی خۆیان له‌ئاماده‌بوون له‌كۆبوونه‌وه چی ئه‌گه‌یه‌نێ..؟ ئه‌ی بۆچی پێش وه‌عدی ئاماده‌بوونی كۆبوونه‌وه‌كه داوای ئازادكردنی گیراوه‌كانیان نه‌كرد. بۆچی نه‌یانكرد به‌مه‌رجی ئاماده‌بوون..؟ چونكه ئه‌و ئاماده‌نه‌بوونه‌یان ئه‌گه‌ر پێشتر هه‌قیشیان بووبێت به هه‌ده‌ریاندا.باشه ئه‌و هه‌ڵچوون و له‌یه‌كتر دڕ دۆنگ و دابڕانه تاكه‌ی..؟ به‌چی ئه‌گات..؟ له دیالۆگ به‌ولاوه رێگای تر هه‌یه..؟!!