هه‌رێمی كوردستان له ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی داگیركارییه‌كی له‌سه‌رخۆدایه
راپۆرتی: رێبوار ره‌زا چوچانی
“فه‌تحوڵڵا گولله‌ن فه‌توای جینۆسایدی كوردی داوه”
گولله‌نییه‌كان به‌رنامه‌یان داناوه بۆ زاڵكردنی كه‌لتووری توركی له‌سه‌ر كورد و وته‌بێژی كه‌جه‌كه‌ش رایده‌گه‌یه‌نێت، كه فه‌تحوڵڵا گولله‌ن كاراكته‌ری سه‌ره‌كی پشته‌وه‌ی سیاسه‌ته‌كانی حكومه‌تی ئێستای توركیایه و “فه‌توای جینۆساید كردنی كوردی داوه”، چاودێرانی سیاسیش له‌و باره‌وه رای جیاوازییان هه‌یه.
له‌دوای شكستی عه‌لمانییه‌كانی توركیا له‌به‌رانبه‌ر حیزبی داد و گه‌شه‌پێدانی به ئایدیۆلۆژیا ئیسلامی، كاریگه‌رییه‌كانی فه‌تحوڵڵا گولله‌ن وه‌ك كاراكته‌رێكی سه‌ره‌كی گه‌شه‌پێدانی فیكری ئیسلامی سیاسی له‌و وڵاته به‌دیار كه‌وت، گولله‌ن ئه‌گه‌رچی كوردێكی شاری ئه‌رزه‌رۆمه، به‌ڵام زیاتر بۆ گه‌شه‌ی فیكری ئیسلامی سیاسی له‌و وڵاته كارده‌كات و له‌وێشه‌وه پشتی ئیسلامییه توركه‌كانی گرتووه، تا به‌رنامه سیاسییه‌كه‌ی خۆی، كه دروستكردنه‌وه‌ی ئیمپراتۆریای عوسمانلییه نوێیه‌كانه، جێبه‌جێ بكات، به‌ڵام به‌وته‌ی رۆژ وڵات وته‌بێژی كۆما جڤاكێن كوردستان (كه‌جه‌كه) گولله‌ن “فه‌توای جینۆساید كردنی كوردی داوه”.
فه‌تحوڵڵا گولله‌ن كێیه؟
فه‌تحوڵڵا گولله‌ن كاراكته‌ری سه‌ره‌كی پشته‌وه‌ی سیاسه‌ته‌كانی ده‌وڵه‌تی ئێستای توركیایه، ئه‌و كوردێكی خه‌ڵكی شاری ئه‌رزه‌رۆمه، له‌ساڵی (1930) له‌و شاره له‌دایك بووه، به یه‌كێك له‌قوتابییه گوێڕایه‌ڵه‌كانی سه‌عید نه‌وره‌سی دامه‌زرێنه‌ری فیكری ئیسلامی میانڕه‌و داده‌نرێت، كه ناسراو بوو به (به‌دیعولزه‌مان)، كه له‌پاش مردنی نه‌وره‌سی له‌ساڵی (1960)، فه‌تحوڵڵا گولله‌ن و قوتابییه‌كانی تر، ده‌ست به‌بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و فیكره ده‌كه‌ن و له‌رێگه‌ی قوتابخانه و زانكۆكان له‌وڵاته ئیسلامییه‌كانه‌وه هه‌ڵده‌ستن به جێبه‌جێ كردنی به‌رنامه‌كه‌یان. جگه له‌وه گولله‌ن ئێستا هه‌وڵ ده‌دات، بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی كه‌له‌پوره عوسمانلیه‌كه‌ی توركیا و كار ده‌كات، كه تورك وه‌ك هه‌ویه‌تێكی ئیسلامی بوون بناسێنێت، به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان ئێستا له‌جیهاندا، گرووپه‌كه‌ی گولله‌ن، خاوه‌نی (300) قوتابخانه و (7) كۆلێژن، كه ژماره‌یه‌ك له‌و قوتابخانه و كولێژانه، له‌ناو شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستاندان، وه‌ك شاری هه‌ولێر و سلێمانی و كه‌ركوك. به گوێره‌ی ئه‌و زانیاریانه‌ی له میدیاكانی نزیك له (پ.ك.ك)ه‌وه بڵاوكراونه‌ته‌وه له‌ساڵی (1994)ه‌وه گوله‌نییه‌كان ده‌ستییان كردووه به‌كردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌كانیان، له‌هه‌ولێر شه‌ش خوێندنگه (رێكخراوی په‌روه‌رده‌ی فه‌زاله‌ر، ناوه‌ندی زمانی رووناكی، خوێندنگه‌ی رووناكی سه‌ره‌تایی، كۆلێژی نیلوفه‌ری كچان، كۆلیژی رووناكی كوڕان، زانكۆی رووناكی كوڕان) له‌سلێمانی سێ خوێندنگه (كۆلیژی سلێمانی كچان، كۆلیژی سه‌ڵاحه‌دینی ئه‌یوبی كوڕان، ناوه‌ندی زمانزانی سه‌ڵاحه‌دینی ئه‌یوبی).
كاریگه‌ری فه‌تحوڵڵا گولله‌ن وایكردووه، له‌ناو ئه‌و (70) ته‌ییاره ئیسلامییه‌ی له‌ژێر كاریگه‌ری گولله‌ندان، گولله‌نییه‌كان وه‌ك مه‌رجه‌عێكی سه‌ره‌كی سه‌یر بكرێن.
فه‌تحوڵڵا گولله‌ن خاوه‌نی سه‌رمایه‌یه‌كی گه‌وره‌ی جیهانییه و زۆربه‌ی كاته‌كانی له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا به‌سه‌ر ده‌بات، گولله‌ن له‌رێگه‌ی كاریگه‌ری میدیا و پرۆژه فێركارییه‌كانه‌وه كاریگه‌ری له‌سه‌ر كه‌لتور و فه‌رهه‌نگی ئه‌و وڵاتانه داده‌نێت، كه ده‌ستی پێیان ده‌گات، به تایبه‌ت وڵاته ئیسلامییه‌كان، ئه‌مه‌ش به كوده‌تایه‌كی هێمن داده‌نرێت، له‌سه‌ر لایه‌نه فه‌رهه‌نگی و كه‌لتووری و جڤاكییه‌كان.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان گولله‌نییه‌كان له‌كوردستانیش جگه له‌پڕۆژه فێركارییه‌كانییان، له‌رێگه‌ی میدیا و دراما توركییه‌كانه‌وه، كه هه‌ندێكیان بۆ دژایه‌تیكردنی راسته‌وخۆی كورده، كارده‌كه‌ن بۆ سڕینه‌وه و ناشیرینكردنی كه‌لتووری كوردی، چونكه به‌شێك له‌په‌خشكردنی دراما توركییه‌كان، له‌نه‌خشه و به‌رنامه‌ی گولله‌نییه‌كانه، بۆ ئه‌وه‌ی به تورككردنێكی ئاسان ده‌ستپێبكه‌ن و كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌و به تورككردنه‌ش، له‌داهاتوویه‌كی دووردا خۆی به دیار بخات، ئه‌مه‌ش به كوده‌تایه‌كی له‌سه‌رخۆ داده‌نرێت، به‌سه‌ر هونه‌ر و فه‌رهه‌نگ و كه‌له‌پووری كوردیدا. له‌به‌رانبه‌ریشدا فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد سه‌رۆكی سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی ستراتیژی، پێیوایه كورده‌كان له‌هه‌رێمی كوردستان زیاتر باسی كاریگه‌رییه‌كانی فه‌تحوڵڵا گولله‌ن ده‌كه‌ن، چونكه وه‌ك ئه‌و ده‌ڵێت “له‌توركیا فه‌تحوڵڵا گولله‌ن ئه‌و كاریگه‌رییه‌ی نیه وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌هه‌رێمی كوردستان باسی ده‌كه‌ن، راسته هه‌موو حیزبه میانڕه‌وه‌كانی ئه‌و وڵاته كاریگه‌ریی گولله‌نییان به‌سه‌ره‌وه‌یه، به‌ڵام هیچیان گولله‌ن به‌مه‌رجه‌عی خۆیان نازانن، به‌ڵكو سیاسه‌تی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه”.
پێشیوایه كردنه‌وه‌ی قوتابخانه و دراما توركییه‌كان، هیچ كاریگه‌رییه‌كی به‌سه‌ر كورده‌وه نابێت و ده‌ڵێت “من وشه‌ی سوریال به‌كارده‌هێنم بۆ دراماكان، ئه‌و هه‌موو سوریاله توركیانه‌ی دۆبلاژی كوردی كراون، هه‌موویان ئه‌و سوریالانه‌ن كه له‌گه‌ڵ ئه‌واندا ناگونجێت و پێیانوایه له‌گه‌ڵ ئیسلامدا یه‌كناگرنه‌وه، له‌باره‌ی خوێندنگه و كۆلێژه‌كانیشه‌وه، پێویسته ئه‌وه بوترێت، كه پێش توركه‌كان وڵاته‌كانی سعودییه و خه‌لیج و میسر به‌ریتانیا و ئه‌مریكا و فه‌ره‌نساش ده‌گرێته‌وه، چونكه به‌رله‌وه‌ی ئه‌وان ئه‌و كاره بكه‌ن، ئه‌و وڵاتانه كردوویانه له‌هه‌ندێك وڵاتی ئیسلامی، چونكه زۆربه‌ی وڵاتان ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت كه‌لتووری خۆیان بڵاو بكه‌نه‌وه، هانا بۆ كردنه‌وه‌ی خوێندنگه و كۆلێژ ده‌بن”.
گولله‌ن له‌گه‌ڵ جینۆسایدی كورددایه
حكومه‌تی ئێستای توركیا كه له‌لایه‌ن (ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان)ی یه‌كێك له قوتابییه‌كانی گولله‌نه‌وه سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرێت، له ئێستادا به‌وه تۆمه‌تبار ده‌كرێت، كه چه‌كی قه‌ده‌غه‌كراوه‌ی دژی شه‌ڕوانه‌كانی په‌كه‌كه به‌كارهێناوه، وته‌بێژی كه‌جه‌كه‌ش ده‌ڵێت “گولله‌ن فه‌توای جینۆسایدكردنی كوردی داوه”.
له‌دوای شكستی پارتی ره‌فاهی توركیا به سه‌رۆكایه‌تی نه‌جمه‌دین ئه‌ربه‌كان و هه‌روه‌ها ئه‌و كۆسپانه‌ی تر كه بۆ پارتی فه‌زیله‌ی ئیسلامی له‌لایه‌ن عه‌لمانی و كه‌مالیسته‌كانی توركیاوه دروست ده‌كرا، سه‌ره‌نجام نه‌وه‌یه‌كی نوێ له‌ئیسلامی سیاسی هاتنه پێشه‌وه و جڵه‌وی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و وڵاته‌یان گرته‌ده‌ست، ئه‌وانیش ئه‌ردۆگان و هاوڕێكانی بوون، كه به ئیسلامییه كاریگه‌رییه‌كان ناوده‌برێن و خه‌ونی دروستكردنه‌وه‌ی خه‌لافه‌تی عوسمانییان هه‌یه، له‌به‌رگێكی تری سه‌رده‌مییانه‌دا، ئه‌ردۆگان و هاورێكانی كه قوتابی فه‌تحوڵڵا گولله‌نن، وه‌ك باس ده‌كرێت ده‌ركه‌وته‌ی كاریگه‌ری خه‌یاڵه سیاسییه‌كانی گولله‌نن، كه به‌درێژایی زیاتر له (50) ساڵه، گولله‌ن كاری بۆ ده‌كات، به‌ڵام قوتابییه‌كانی گولله‌ن، له‌ئێستادا به توندترین شێوه رووبه‌ڕووی هێزه شۆڕشگێڕه‌كانی كوردستانی باكوور (توركیا) ده‌بنه‌وه، به‌مه‌ش گومان ده‌كرێت، كه گولله‌ن به‌داڕێژه‌ری ئه‌و سیاسه‌ته دابنرێت، وه‌ك سدیق حه‌سه‌ن شاره‌زا له‌كاروباری توكریا ده‌ڵێت “گولله‌ن ده‌توانێت به فه‌توایه‌ك ئه‌ردۆگان له‌پۆسته‌كه‌ی دوور بخاته‌وه، وه‌ك چۆن ئه‌ردۆگان له‌سه‌ركه‌وتنه‌كانیدا پشتی به‌نزیكی خۆی و گولله‌ن به‌ستبوو”.
رۆژ وڵات وته‌بێژی كۆما جڤاكێن كوردستان (كه‌جه‌كه)، گولله‌ن به ئه‌ندازیاری سیاسه‌ته‌كانی ده‌وڵه‌تی تورك ده‌زانێت، چونكه وه‌ك ئه‌و ئاماژه‌ی پێده‌دات، ئه‌ردۆگان نزیكترین كه‌سه له فه‌تحوڵڵا گولله‌ن و له‌ژێر كاریگه‌ری بیركردنه‌وه‌كانی ئه‌ودایه، رۆژ وڵات ده‌ڵێت “ده‌وڵه‌تی توركیا ده‌یه‌وێت كورد سه‌رقاڵی شه‌ڕی یه‌كتر بكات، ئه‌مه‌ش نه‌خشه‌ی بۆ داڕێژراوه، ئه‌كه‌په و توركیا ده‌یانه‌وێت كورد غوڵامیان بێت و ئه‌وان هه‌رچییان وت وا بكه‌ن”، رۆژ وڵات چاره‌سه‌رنه‌كردنی كێشه‌ی كورد له‌توركیا، ده‌گێڕێته‌وه بۆ سیاسه‌ته‌كانی ئه‌ورپا و ئه‌مریكا، پێشیوایه ئه‌وانیش به‌رپرسیارێتییان به‌رده‌كه‌وێت، له‌و كێشه‌یه‌دا، چونكه تائێستا ئه‌وان كورد به “تیرۆریست” له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن. له‌باره‌ی فه‌تحوڵڵا گولله‌نیشه‌وه ده‌ڵێت “ئه‌و كه‌سێكی نزیك له‌ئه‌ردۆگانه و ئه‌ردۆگان له‌ژێر كاریگه‌ری بیركردنه‌وه‌ی ئه‌ودایه، ئه‌و له‌ئه‌مریكا ده‌ژی و ئه‌مریكاش هاوكاری ده‌كات و پارێزگاریشی لێده‌كات، فه‌تحوڵڵا گولله‌ن چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك به‌ر له‌ئێستا، وتی پێویسته ئێمه كورد جینۆساید بكه‌ین، ئه‌و له‌ئه‌مریكا فه‌توای جینۆسایدكردنی كوردی داوه، ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا دیموكراسی بوایه و یاسای تێدا بوایه، رێگه‌ی ده‌دا له‌وڵاته‌كه‌ی ئه‌وانه‌وه فه‌تحوڵڵا گولله‌ن فه‌توای جینۆسایدی كورد بدات؟!
سدیق حه‌سه‌ن (مامه‌ند) شاره‌زا له‌كاروباری توركیا، ئاماژه به‌وه ده‌دات، كه فه‌تحوڵڵا گولله‌ن رۆحی ئیسلامی سیاسییه له‌وڵاتی توركیادا و هه‌موو سه‌ركرده سیاسییه ئیسلامییه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ش، به‌قوتابی گولله‌ن ده‌یانناسێنێت، وه‌ك ئه‌و ده‌ڵێت “ئیسلامییه‌كان هه‌موویان له‌ژێر كاریگه‌ری فه‌تحوڵڵا گولله‌ندان، له‌ئێستاشدا ئه‌وان زاڵن به‌سه‌ر هه‌موو لایه‌نه سیكۆلار و چه‌په‌كاندا”. له‌باره‌ی دژایه‌تییه‌كانی گولله‌نیشه‌وه ده‌ڵێت “منیش له راگه‌یاندنه‌كانه‌وه بیستومه كه فه‌توای كوشتنی كوردی داوه، ئه‌مه‌ش بۆ ئینتیمای ئایدۆلۆژی ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه هێزه كورده‌كان و گولله‌نییه‌كان دژ ده‌كاته‌وه به‌یه‌ك، ئه‌وانه ماوه‌یه‌ك كوردی‌یان به‌ئه‌رمه‌نی داده‌نا، دوای ئه‌وه به كۆمۆنیسیان ده‌زانین، ئه‌وانه كار له‌سه‌ر بنه‌ماكانی عوسمانلی ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێت ده‌سه‌ڵاتی عوسمانلییه‌كان بهێننه‌وه سه‌ر حكوم، چونكه ئه‌وان پێیانوایه له‌ئیسلامدا كێشه‌ی كورد چاره‌سه‌ر ده‌بێت، ئه‌وان پێیانوایه ئه‌گه‌ر كورده‌كان بڵێن ئێمه برای موسوڵمانین و له‌ژێر ئاڵای ئیسلامدا ده‌مێنینه‌وه، ئه‌وا شتێك به‌ناوی كێشه‌ی كورده‌وه نامێنێت، كه ئه‌م تێگه‌شتنه نه‌ك هه‌ر له‌توركیا، به‌ڵكو له‌باشووری كوردستانیش هه‌یه”. به‌ڵام پێچه‌وانه‌ی ئه‌م بۆچوونانه، ئه‌بو به‌كر عه‌لی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان، پێیوایه شێوه‌ی كاركردن و پێگه‌ی فه‌تحوڵڵا گولله‌ن له‌و ئاسته‌دا نیه، كه به‌و زمانه قسه‌ی له‌سه‌ر بكرێت، ده‌ڵێت “من پێموایه فه‌تحوڵڵا گولله‌ن ئێستا كه‌سایه‌تییه‌كی جیهانییه و واقیعێكی گه‌وره‌شه له‌ناو توركیادا، شێوازی قسه‌كردن و كاركردنیشی فه‌توادان و كوشتن و قڕكردنی ئه‌م میلله‌ت و ئه‌و میلله‌ت نیه، به‌پێچه‌وانه‌وه زمانێكیش به‌كارده‌هێنێت، به شێوه‌یه‌كه له‌ناو هه‌موو میلله‌تان و كوردیش شێون پێی خۆی بكاته‌وه و په‌یامه‌كه‌ی كاریگه‌ر بێت له‌ناو ئه‌واندا، بۆیه به‌بڕوای من خراپ تێگه‌شتنێك له‌م وه‌سفه‌دا هه‌یه”. ئه‌بو به‌كر عه‌لی ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو، كه له‌توركیادا جگه له‌ئیسلامییه‌كان، كورد هیچ هاوپه‌یمانێكی باشتری ده‌ستناكه‌وێت، ده‌ڵێت “ئه‌گه‌ر له‌توركیا كورده‌كان ده‌توانن سه‌ربه‌خۆی خۆیان به‌ده‌ست بهێنن، با ئێمه‌ش پێشوازییان لێ بكه‌ین و شانازییان پێوه بكه‌ین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌وان خه‌باتی خۆیان له‌ناو توركیا درێژه پێده‌ده‌ن، رابردوو سه‌لماندویه‌تی، كه له‌ئیسلامییه‌كانی وڵاته‌كه‌یان كراوه‌تر بۆ ئه‌وان نیه و هاوپه‌یمانێكی له‌وان باشرییان ده‌ست ناكه‌وێت، ئێمه هیوادارین هه‌بێت، با سیكۆلاری كوڕی سیكۆلاره‌كانیش بێت، بۆیه بڕوای من، ئه‌م زمانه ئه‌وه‌نده‌ی دڕدۆنگی و تۆمه‌تباركردنه و به‌ربه‌ست دروست ده‌كات، ئه‌وه‌نده زمانێك نیه له‌بیری به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی سیاسی كراوه‌دا بۆ واقیعی توركیا و دیموكراسی و فه‌تحوڵڵا گولله‌ن و سه‌رچاوه‌ی گرتبێت.
له‌شه‌ڕی نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌وه به‌ره‌و شه‌ڕی ئایدیۆلۆژیا
ئه‌گه‌رچی پرسی كورد له‌توركیا پرسی نه‌ته‌وه‌یه‌كی ژێرده‌سته‌یه، كه نیشتیمانه‌كه‌ی له‌لایه‌ن توركه‌كانه‌وه داگیركراوه، به‌ڵام له‌ئێستادا ئه‌كه‌په و گولله‌نییه‌كان ده‌یانه‌وێت ملمه‌لانێی نێوان هێزه كورده شۆڕشگێڕه‌كان و ده‌وڵه‌ت وه‌ك ململانێیه‌كی ئایدیۆلۆژی رووت به‌دیار بخه‌ن.
به‌بڕوای سدیق حه‌سه‌ن (مامه‌ند) لێدوانه‌كانی ئێستای ئه‌ردۆگان و ناوهێنانی (به‌ده‌په) به‌زه‌رده‌شتی، ده‌رخه‌ری ئه‌و شه‌ڕه ئایدیۆلۆژییه‌یه، كه له‌مێژه له‌توركیا هه‌یه و ده‌وڵه‌ت كار ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی ئێستاش كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ لایه‌نه كوردییه‌كان، ئه‌و روخساره وه‌ربگرێت، ده‌ڵێت “ئه‌و شه‌ڕه‌ی ئێستا له‌نێوان ئه‌ردۆگان و په‌كه‌كه دایه، رێك ئه‌و شه‌ڕانه‌یه، كه له‌ناوه‌راستی حه‌فتاكانه‌وه سه‌رییان هه‌ڵداوه له‌نێوان پاشڕه‌وی ئیسلامی سیاسی و هێزی پێشه‌ڕۆی چه‌پی شۆڕشگێڕ، كه ئه‌م ناوانه خۆیان دایانناوه و كاریگه‌ریشی ده‌بێت، بۆیه ده‌بینین ئێستا ئه‌ردۆگان هێرش ده‌كاته سه‌ر به‌ده‌په و تۆمه‌تبارییان ده‌كات به‌وه‌ی دینییان زه‌رده‌شتیه، چونكه ئێستا ئه‌و سه‌رده‌مه به‌سه‌رچووه و مۆدێلی نه‌ماوه و ناتوانێت ئه‌وانه به‌كۆمۆنیست و ده‌سه‌تی سۆڤیه‌تی تۆمه‌تبار بكات، بۆیه ئێستا به‌زه‌رده‌شتی ناوییان ده‌بات، كه گوایه دینی ئیسلامی‌یان قبوڵ نیه، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێت، كه ئه‌و شه‌ڕه‌ی ئێستا هه‌یه، شه‌ڕێكی ئایدیۆلۆژییه”، وتیشی “من ناڵێم په‌كه‌كه و به‌ده‌په كێشه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانییان كورت كردۆته‌وه بۆ شه‌ڕی ئایدیۆلۆژی، به‌ڵام ئه‌و هێزه‌ی له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وان كارده‌كات، كه هێزی پارتی داد و گه‌شه‌پێدانه و به‌ئایدۆلۆژیایه‌كی ئیسلامی سیاسی سرف چه‌كدار كراوه”.
له‌به‌رامبه‌ریشدا ئه‌بوبه‌كر عه‌لی، پێیوایه ئه‌و شه‌ڕه ئایدیۆلۆژییه زۆرتر له‌لایه‌ن كورده‌كانه‌وه دروست ده‌كرێت، بۆ سه‌لماندنی بۆچوونه‌كه‌شی، ده‌ڵێت “به‌داخه‌وه من له‌ناو ماڵی كوردیدا زۆرتر ئه‌و هه‌ناسه‌یه ده‌بینم، كه زۆرجار شه‌ڕی ئایدیۆلۆژیا تێكه‌ڵ به‌شه‌ڕی كورد ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌كه‌په بۆچوونێكی وه‌های هه‌بێت، به دڵنیاییه‌وه بۆچوونێكی شكستخواردووه و رێبازێكی هه‌ڵه‌یه، چونكه كێشه‌ی كورد كێشه‌یه‌كی حه‌قیقی و عادیلانه و راستگۆیانه‌یه له‌توركیادا، ئه‌كه‌په ئه‌گه‌ر بیه‌وێت به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م توركیای نوێ و توركیایه‌كی گه‌وره‌تر و پێشكه‌وتووتر لابه‌رێت، ده‌بێت كێشه‌ی كورد چاره‌سه‌ر بكات، به‌ڵام به‌بڕوای من خوێندنه‌وه‌كان له‌ماڵی كورددا له‌هه‌ندێك رووه‌وه خوێندنه‌وه‌یه‌كی ئایدیۆلۆژیی و ناسیۆنالیزمییه، ئه‌وه‌ش وه‌ك ئه‌م حوكمه‌ی به‌سه‌ر فه‌تحوڵڵا گولله‌ندا ده‌یده‌ن، كه ئه‌وه‌نده‌ی حوكمێكی ئایدیۆلۆژیین، ئه‌وه‌نده ره‌نگدانه‌وه‌ی واقیعی سیاسی و سه‌رده‌میانه و ناسیۆنالیزمی هاوچه‌خ نین”.
له گۆڤاری سڤیله‌وه