بەرێوەبەری کەناڵێکی ئاسمانی یەکێتی بۆ بەرپرسانی پارتی: ئاگامان لێتانەو چیتر دەمدرێژیتان قبوڵ ناکەین
نوچەنێت
لاوەند نەوزاد بەڕێوەبەری کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان. لە بابەتێکدا کەلەسەر پەیجی خۆی بڵاو کردۆتە هۆشداری دەداتە راگەیاندنی یەکگرتوو داوا دەکات کە لەهێرشەکانیان بۆسەر پارتی باسی یەکێتی نەکەن، هەروەها هەرەشە لەبەرپرسانی پارتی دەکات و دەشنوسێت، کە ماوەیەکە ئاگامان لە کۆمەڵێک لێپرسراوی پارتییە هێرش دەکەنە سەر د.بەرهەم ساڵح و مام جەلال و یەکێتی چیدی ئەو دەمدرێژیتان قبوڵ نەکەین.
دەقی نوسینەکەی لاوەند نەوزاد
شەڕ لەبادینان.. تۆز لەبەر دەرگای ئێمە!
لاوەند نەوزاد
لەوەتەی رووداوە نەخوازراوەکانی بادینان روویان داوە، گرژییەکی بەرچاو لەنێوان راگەیاندنی پارتی و راگەیاندنی یەکگرتوودا لەئارادایە. لەو نێوەندەدا، راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەگیانی ھەستکردن بەلێپرسراوێتییەوە مامەڵەی کردووەو نەبۆتە بەشێک لەگرژییەکان، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە، ئەو ھەوڵەیە کە زۆر جار لەناو راگەیاندنی برایانی یەکگرتوودا… دەبینرێت بۆ ئەوەی لەپاڵ ھێرشەکانیان بۆ سەر پارتی، ناڕاستەوخۆ راگەیاندنی یەکێتیش بکوتنەوە!.
کاتێ راگەیاندنی پارتی قسە لەسەر راگەیاندنی یەکگرتوو دەکات، دەڵێ “راگەیاندنی یەکگرتوو”، بەڵام لەیەکەم رۆژەوە تاکو ئێستا، راگەیاندنی یەکگرتوو کە قسە دەکەن دەڵێن “راگەیاندنی دەسەڵات”! ئاشکراشە راگەیاندنی دەسەڵات واتە راگەیاندنی یەکێتی و راگەیاندنی پارتی!.
سەیر لەوەدایە، کە مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی زوو بەزوو لەبارەی رووداوەکانی بادینانەوە، راگەیاندنێکی بڵاو کردەوەو سووتاندنی موڵک و ماڵی خەڵک و بارەگاکانی یەکگرتووشی مەحکوم کرد، بەڵام دوای ئەوە، وێبسایتی برایانی یەکگرتوو، راگەیاندنی یەکێتیشیان بە بێ ھەڵوێست دایە قەڵەم!.
وەنەبێ ئێمە کە لەراگەیاندنی یەکێتیدا کار دەکەین، ھەست بەھەستیاریی بارودۆخەکە نەکەین، بەڵام ئێمەو ھەڤاڵانی تریشمان ھەست بەو ناھەقییەش دەکەین کە بەرامبەر بەراگەیاندنی یەکێتی دەکرێت لەلایەن راگەیاندنی یەکگرتووەوە، تاکو ئێستاش کە قسەی خۆمان لەو بارەیەوە نەکردووە، تەنھا رەچاوکردنی بارودۆخی ماڵ سووتاوەکانە!.
ھیوادارم پێش ھەموو شتێک تەنگژەکە زوو کۆتایی پێبێت و برینەکان ساڕێژ ببنەوە، پاشان برایانی یەکگرتوو دەست لەو پەلامارە ناراستەوخۆیە بۆ سەرراگەیاندنی یەکێتی ھەڵبگرن، خۆ ئەگەر مەبەستیشیان لەھێرشەکانیان راگەیاندنی یەکێتی و پارتییە، ئەوا ئاساییەو دەتوانن ناوی ھەردوو لا بێنن!.
ھەر بەو بۆنەیەشەوە، لێرەوە ئیدانەی سوووتاندنی بارەگا حزبییەکان و کەناڵەکانی راگەیاندنی یەکگرتووی ئیسلامی دەکەم و ھیوادارام بەزووترین کات، سەبەبکارو ئەنجامدەرانی ھەموو کارە نایاساییەکانی بادینان بدرێنە دەست ئەو یاسایەی، کە یەکێتی و پارتی و کۆمەڵ و یەکگرتوو و گۆڕان و حزبی شیوعی و سوسیالیست و بزووتنەوەی ئیسلامی داوای ئەکەن و باسی ئەکەن، بەڵام کەمجار ئەیبینین.
خاڵێکی تر کە جێی خۆیەتی لێرەدا جەختی لەسەر بکەینەوە، ئەو تۆمەت و نوقرچ و پەلامارانەی ھەندێ رۆژنامەنووس و کەناڵ و لپێرسراوی دیاری ناو پارتییە، کە ناو بەناو، چ لەکەناڵەکانی خۆیانەوە، چ لە کەناڵەکانی میدیای ئەھلییەوە دەیکەنە سەر یەکێتی و بەڕێزان مام جەلال و د.بەرھەم ساڵح.
ئەوان بەحسابی خۆیان، لەرێی تۆمەت بەخشینەوەو عەزەڵات دەرپەڕاندنەوە، یەکێتی تەنگەتاو دەکەن!.
ئێمە لێرەشەوە، بەروونی ئاگاداریان دەکەینەوە، کە ئاگامان لێیانەو چیتر دەمدرێژییەکانیان قبوڵ ناکەین، ھیواداریشین ئەو ئاگادار کردنەوەیە تاقی نەکەنەوە.
خوای گەورەش ھیدایەتی ھەموومان بدات!.