مەسرور بارزانی : بۆچی دوای هەر ڕووداوێک هەڵمەتێک بۆ ناشرینکردنی ئەزموونی کورردستان دەست پێدەکات؟

0

مەسرور بارزانی : بۆچی دوای هەر ڕووداوێک هەڵمەتێک بۆ ناشرینکردنی ئەزموونی کورردستان دەست پێدەکات؟
نوچەنێت
مەسرور بارزانی سەرۆکی ئاژانسی پاراستن، لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، پەیامێکی راگەیاند. لەپەیامەکەدا نیگەرانی خۆی رادەگەیەنێت و دەڵێت” ئەوەی جێگەی نیگەرانیمە و دەخوازم باسی بکەم ئەوەیە کە، هەر زوو کردارێکی قیزەوەن دەکرێتە بیانوو بۆ نانەوەی کەشێک کە بە زیانی گشت لایەک تەواو دەبیت و تێکرای پرۆسەی سیاسیی کوردستان دوچاری ئالۆزی دەکات و کەلتوری پێکەوە ژیان و رێزگرتن لە یەکتری و هەموو ئەزموونەکەمان دەخاتە ژێر مەترسیەوە”.
سەرۆکی ئاژانسی پاراستن لەپەیامەکەیدا دەپرسێت”بۆچی وازوو دوای هەر ڕووداوێک هەڵمەتێک بۆ ناشرینکردنی ئەزموونی کورردستان دەست پێدەکات ؟ بۆچی بانگەواز بۆ بەهاری عەرەبی دەکرێت؟ ئەشێ ئەم پرسیارە زۆر وەڵامی هەبێت، بەڵام دەبێ لامان سەیر نەبێت کە، هەولی تێکدانی رەوشی کوردستان و نانەوەی فیتنە ودووبەرەکی لە لایەکو هەولدان بۆ کۆپی کردنی دەقاودەقی بەهاری عەرەبی لە لایەکی ترەوە،بە واتای وشککردنی بەهارێکی کوردستانییە هەر لە سەرەتای چەکەرە کردنیدا”.
هەر لەپەیامەکەیدا مەسرور بارزانی خوازیارە”هەموو لایەک بە هەستکردن بە بەرپرسیاری مێژووییەوە گرژییەکان بەلاوە بنێین و بە گیانی دانبەخۆداگرتن و یەکتر قبولکردن و تەبایی و برایەتی، هێزی گەل و وڵاتمان بخەینە یەک ئاراستە بەرەو ئاسۆیەکی پرشنگدار. با هەموومان بانگەشە بۆ بەدیهێنانی ئاوات و مافەرەواکانی گەلەکەمان و هاتنە کایەوەی بەهارێکی کوردستانی بکەین. بەهارێک کە تیایداسەرجەم پێکهاتەکانی کوردستان ئومێد و ئاواتەکانیان تێیدا بەدی بهێت و سەربەرزانە لەو تاقیکردنەوە مێژووییە دەربچین و ئەرکمان بەرامبەر بە نەوەکانی داهاتووی وڵاتمان بەجێبگەیەنین”.
دەقی پەیامەکەی مەسرور بارزانی
با بە تەبایی و یەکریزی بەرەو بەهارێکی کوردستانی هەنگاو بنێین
مەسرور بارزانی
پێش چەند رۆژیک کارێکی تێکدەرانەی نەخوازراو لە شاری زاخۆ ڕوویدا و ئەنجامی خراپی لێکەوتەوە. دیارکردنی هۆکار و چۆنیەتی ڕووداوەکە و تاوانبارکردنی ئەوانەی بەم کارە هەستاون بۆ لێژنەی لێکۆلینەوە بەجێدێڵم. ئەوەی جێگەی نیگەرانیمە و دەخوازم باسی بکەم ئەوەیە کە، هەر زوو کردارێکی قیزەوەن دەکرێتە بیانوو بۆ نانەوەی کەشێک کە بە زیانی گشت لایەک تەواو دەبیت و تێکرای پرۆسەی سیاسیی کوردستان دوچاری ئالۆزی دەکات و کەلتوری پێکەوە ژیان و رێزگرتن لە یەکتری و هەموو ئەزموونەکەمان دەخاتە ژێر مەترسیەوە.
بینیمان کە، بەبێ ئەوەی چاوەروانی ئەنجامی لێکۆلینەوە بکرێت، شالاوی تۆمەتهەڵبەستن دەستی پێکرد. نەدەبوایە بۆ رەخنە گرتن لە رکابەر و لە پێناو بەهێزکردنی پێگەی سیاسی، هەوڵی پەلاماردانی بەرژەوەندییەکانی نەتەوە و ئایین و لایەنەکانی تر بدرێت. نەدەبوایە بۆ دەربڕینی هەستێکی هەڵچوو و بیروباوەری جیاواز، مێژوویەکی پڕ سەروەریی پێکەوە ژیان ببردرێتە ژێر پرسیارەوە. نەدەبوایە هەوڵی تێکدانی موزائیکی جوانی پێکهاتەکانی کوردستان بدرێت. نەدەبوایە هەر کارێکی تێکدەرانە ببێتە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانێکی سیاسی ودواتر ئەم قەیرانە بەکاربخرێت بۆ تاودانی ململانێیەکی تەسکبینانەی حیزبایەتی.
دەبوایە کێشەکە لە ئاست قەوارەی خۆیەوە سەیربکرێت و هەڵە و رەفتاری نەخوازراوی تاکەکەسی لە سنوورێکی دیاریکراودا نەکرێتە گشتاندنێک بۆ تاوانبارکردنی سەرجەم پێکهاتەی لایەنێکی سیاسی و فراوانکردنی کێشەکە. درێژ کردنی پەنجەی تۆمەتی بێ بنەما، بەقەد کرداری ئاژاوەکە ناشرینەو لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێکشدا نیە کە پشێوی لە ناو مالەکەی خۆیدا دروست ببێت.
لەم کەشەدا ئەم پرسیارە سەرهەڵدەدات کە بۆچی وازوو دوای هەر ڕووداوێک هەڵمەتێک بۆ ناشرینکردنی ئەزموونی کورردستان دەست پێدەکات ؟ بۆچی بانگەواز بۆ بەهاری عەرەبی دەکرێت؟ ئەشێ ئەم پرسیارە زۆر وەڵامی هەبێت، بەڵام دەبێ لامان سەیر نەبێت کە، هەولی تێکدانی رەوشی کوردستان و نانەوەی فیتنە ودووبەرەکی لە لایەکو هەولدان بۆ کۆپی کردنی دەقاودەقی بەهاری عەرەبی لە لایەکی ترەوە،بە واتای وشککردنی بەهارێکی کوردستانییە هەر لە سەرەتای چەکەرە کردنیدا.
ئەو گۆڕانکاریانەی بەسەر ناوچەکەدا هاتوون جۆرەها دەرهاوێشتەی هەیە و هەم دەرفەت و هەم پشێویشی لەگەڵدایە. بەڵام مسۆگەر یەکێتیی ریزەکانی کوردستان، بە هەموو لایەنە سیاسی و ئیتنی و ئایین و ئایینزا و چین و توێژەکانەوە، دەتوانێت کەشێک دەستەبەر بکات کە، سوود لەو گۆڕانکاریانەی باڵیان بەسەر ناوچەکەدا کێشاوە وەربگیرێت و بەهارێکی کوردستانی بۆ چەسپانی زیاتری ماف وبەرژەوەندییەکانی گەلەکەمان لە دەڤەرەکەدا بێنێتە کایەوە. بەڵام بەداخەوە ئەم ڕووداوانەی ئێستا لە واقعی شەقامی هەرێمدا دەبینرێن، لە ئاست ئامادەکاری بۆ ئەو بەهارە و ڕووبەڕوو بوونەوەی پێشهاتەکانی دەڤەرەکە نین.
ئەم رەوشە ئالۆزەی دروست کراوە گەر بەر لە تەشەنەکردنی نەگیرێت، درز دەخاتە نێوان ریزەکانمان وتواناکانمان پەرتەوازە دەکات و بارودۆخێک دروست دەبێت کەئایندەی پرۆسەی سیاسیی هەرێم و بەرژەوەندییە باڵاکانی تێکرای پێکهاتەکانی کوردستان دەخاتە مەترسیەوە.
کەسانێک لە وەها گێژاوێکدا دەخوازن بەهاری ئاواتەکانی خەلکی کوردستان بکەنە قوربانیی دیدگایەکی نامۆ بە سروشتی سیاسی و کەلتوریی کوردستان. بانگەشە بۆ راکێشانی بەهاری عەرەبی بۆ ناو کوردستان دیدێکی ناواقعیانە و نەگونجاوە لە گەل رابردوو و ئێستای مەیدانی سیاسی وئایینی و دیموگرافیا و تەنانەت پێگەی جیۆپۆلیتیکیی هەرێم.
بەهاری عەرەبی کە ژمارەیەک وڵاتی گرتەوە، وەرزی گونجاوی کۆمەلگاکانیان بووە و ئەنجامەکانیشی چی دەبن قسە زۆر هەڵدەگرێت. بەڵام دەبیت ئەو راستیە لە بەرچاو بگیرێت کە،هەر کۆمەلگەیەک تایبەتمەندیی خۆی هەیە و ناکرێت ئەزموونەکان لە زەمینە و ژینگە کۆمەلایەتیە جیاجیاکاندا وەک یەک دووبارە بکرێنەوە، بۆیە جەخت لە راکێشانی ئەزموونی بەهاری عەرەبی نیشانەی ئەوەیە کە بانگەشەکەرانی لە ئاست راستیی سروشتی کێشەکانی کوردستان و خواستە مێژوویەکانی پێکهاتەکانی وڵاتمان نین.
کێشەی ئێمە کێشەی زەوتکرانی مافە نەتەوەییەکان و داگیرکران و دابڕاندنی خاک و جینۆساید و سڕینەوەی سیما نەتەوەییەکانمان بووە، بۆیە بەهارێکی کوردستانی بۆ گەلەکەمان وەرزی گەیشتن بە ئاواتە زەوتکراوەکانە، وەرزی لادانی پێناسەی خەونە لە سەر ویستی راستەقینەی گەلێکی بێبەشکراو و دابەشکراو.
دەڤەرەکە هەڵاوساوی ڕووداو و پێشهاتی جۆراوجۆرە و پێویستە تەیار وئامادە بەرە ڕووبەڕووی ئەو پێشهاتانە ببینەوە، تاکو گەلەکەمان بە زیادترین دەسکەوت وکەمترین زیان بە کەناری ئارام بگات، بۆیە خوازیارم هەموو لایەک بە هەستکردن بە بەرپرسیاری مێژووییەوە گرژییەکان بەلاوە بنێین و بە گیانی دانبەخۆداگرتن و یەکتر قبولکردن و تەبایی و برایەتی، هێزی گەل و وڵاتمان بخەینە یەک ئاراستە بەرەو ئاسۆیەکی پرشنگدار. با هەموومان بانگەشە بۆ بەدیهێنانی ئاوات و مافەرەواکانی گەلەکەمان و هاتنە کایەوەی بەهارێکی کوردستانی بکەین. بەهارێک کە تیایداسەرجەم پێکهاتەکانی کوردستان ئومێد و ئاواتەکانیان تێیدا بەدی بهێت و سەربەرزانە لەو تاقیکردنەوە مێژووییە دەربچین و ئەرکمان بەرامبەر بە نەوەکانی داهاتووی وڵاتمان بەجێبگەیەنین.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com