عەبدولوەهاب عەلی بۆ بەرپرسانی یەکگرتوو: دەبێت داوای لێبووردن لەپارتی و لەوخەڵكە بكەن كەشوێنەكانتان وێران و فەرهوود كرد

0

عەبدولوەهاب عەلی بۆ بەرپرسانی یەکگرتوو: دەبێت داوای لێبووردن لەپارتی و لەوخەڵكە بكەن كەشوێنەكانتان سوتان و وێران و فەرهوود كرد
تایبەت بەنوچەنێت
عەبدولوەهاب عەلی ئەندام و وتەبێژی فەرمی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لەپارێزگای سلێمانی. بۆ نوچەنێت وەڵامی لێدوانی بەرپرسانی یەکگرتوو دەداتەوەو رایدەگەیەنێت پارتی هەست بە پیلان و مەترسی بۆ سەر هەرێم دەگرێت و دان بەخۆیدا دەگرێت و لەڕێی یاساوە وەڵام دەداتەوە.
لەلێدوانەکەیدا بۆ نوچەنێت، ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی پارتی لەسلێمانی لەوەڵامی لێدوانی بەرپرسانی یەکگرتوودا وتی”پێش هەرشت یەكگرتوو خۆی لەدروستكردنی گێژەن و قەیرانەكەو سەرهەڵدانی ئه و كێشەیه دەدزێتەوه و یه كسەر دەچێته سەر بەرچەكردارو ئاكامەكانی ئەو مەسەلەیە، ئیتر هیچ باس ناكات چۆن و بوو و هۆكارەكانی ئەو رووداوە گێرەشێوێنی و ئاژاوەیە کێ بوو؟ بۆچی ئامانج و مەرامێك بوو؟ و كێ لەپشتییەوه بوو؟ و بۆ نوێژی هەینی و مزگەوت بەكار هێنرا بۆ ئەنجامدانی ئەم پیلانە نەخشه بۆ دارێژراوە؟ و بۆ چەند مەلایەک بوونە پێشڕه و پێشەنگی ئەو كەسە گێرە شێوێنانە؟ ئەمانە هەمووی دەریدەخات كەچۆن پیلانەكە، كارێكی ناڕەوای دژ بەهەموو یاساو رێسایەكە، كە لەهەرێم و عێراق و جیهان كاری پێدەكرێت”.
عەبدولوەهاب عەلی، وتەبێژی سەرکردایەتی پارتی لەسلێمانی زیاتر باس لەو کارەگێرەشوێنییە دەکات و دەڵێت”نابێت خۆپیشاندان و گردبوونەوە، بێ مۆڵەتی پێش وەختە ئەنجام بدرێت، كەچی ئەم پیلانگێڕانە نەك هەر بێ مۆڵەت بەڵكو دەستیان كرد بەهەڵكووتانە سەرشوێنی گەشتوگوزاری و ماركێتەكانی مەیفرۆشی و شوێنەكانی حەوانەوەو مەساج و موڵكی گشتی وخەڵك، دەستیان كرد بەوێرانكاری و سووتاندن و فەرهوودو ڕاوڕووت لە ژێر دروشم و هوتافی ئیسلامی و خواو پێغەمبەردا، دروودی خوای لەسەربێت”.
عەلی ئەندامی سەرکردایەتی پارتی لەسلێمانی، وەڵامی ئەو لێدوانەی هیوا میرزا سابیر ئەندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان دەداتەوە کە بۆ نوچەنێت وتبوی “ده‌سه‌ڵات بۆ په‌رده‌پۆشكردنی تاوانه‌كه‌ی، ده‌یه‌وێت كێشه‌ی ئاینی و مه‌زهه‌بی درووست بكات”، و دەڵێت”ئەوەی کەدەڵێت پارتی دەیەوێت بەبیانووی ئەوەی خۆی لەوكێشەیه دەركات و بیكاتە شەڕوهێرشی ئیسلامی سیاسی بۆ ئایین و مەزهەبەكانی تر، ئەمە سەر لەبەر راست نییەو دوورە لەهەموو راست و دروستییەكەوە، پارتی هەوڵی دروستکردنی کێشەی مەزهەبی نادات بەڵام دەپرسین، دوكان و بازاڕو ماركێت و شوێنی حەوانەی كێ بوون كەسوتێنران و وێرانكران، هی ئیسلام بوو؟ نەخێر. سەر جەمی هی خوشك و برایانی مەسیحی و ئیزیدی بوون، باشە خۆ خەڵكی كوردستان باش دەزانێت و شاهیده كەكێ مێژووی رەشی هەیە، لەجۆرە رەفتارو كارانەدا، كێ تێزابی دەكرد بەقاچ و پلوپوزی كچان و ئافرەتانی سفووری كوردستاندا و له بازاڕو گوزەراكاندا بەفیكەو هوێها دواییان دەكەوت؟، كێ بوون لەڕاپەرینەوە صالۆنی ئافرەتانیان ئەتقاندەوەو خاوەنی هەندێكیشیان كوشت و برینداركرد؟، كێ بوو شوێنی مەیفرۆشەكانی دەسووتاند و باڕ و نادی و گازینۆكانی شەوییان سووتاند لەشارەكانی كوردستاندا؟ كێ دژی هەموو كرانەوەی كۆمەڵگاو دەستبەركردنی ئازادییەكانی تاكەس بوو؟. كەواتە خەڵكی كوردستان با خۆیان حاكم بن”.
عەبدولوەهاب عەلی لەلێدوانەکەیدا بۆ نوچەنێت تەئکید لەوە دەکاتەوە کە دەبێت یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان داوای لێبوردن بکات و داواکارییەکانیان لەیەکگرتوی ئیسلامی بەچەند خاڵێک دەخاتەڕوو دەڵێت”ئێمە وەك پارتی ئەم داواییانەمان هەیە لە یەكگرتوو.
١- داوای لێبووردن لەپارتی بكات، چونكە راستەخۆ دەستی تاوان و تۆمەتباری بۆ راكێشاوین، بێ هیچ بەڵگەو دیكۆمێنتێك و بێ ئەوەی بوەستن لەسەر ئاكامەكانی لیژنەی تایبەت بۆ بەدواچوون و لێكۆڵینەوە لەرووداوەكانی دەڤەری بادینان و بێ ئەوەی هیچ بڕیارێكی یاسایی و دەسەڵاتی دادوەری دەرچووبێت یەكسەر دەستی تاوان و تۆمەتیان بۆ پارتی راكیشا.
٢- دەبێت داوای لێبووردن لەو خەڵكە بكەن كەشوێنەكانیان وێران كردو سووتاندیان و فەرهوودییان كرد.
٣- دەبێت ئەو شاڵاوی راگەیاندنە توندوو چەواشەكاریەییان بەزووترین كات رابگرن.
٤-دەبێت واز لەمزگەوتەكان بهێنن كەتەنیا بۆ شوێنی خوا پەرستی بێت نەك بۆ مەرامی سیاسی و پیلانگێری”.
لەوەڵامی لێدوانی ئەو بەرپرسانەی یەکگرتوو ئیسلامی کوردستان کە رایدەگەیەنن ئەو مەلای هەراکەی ناوەتەوە پارتی بوو، وتەبێژەکەی پارتی دەڵێت”خۆ یەك مەلا نەبوو و كارەكەش هی ئەو رۆژە نیە، ئەمانە دەمێكە خەریكی خولقاندنی فیتنەو ئاژاوەن، مەلاش پارتی نیەو هەتا وێنەی بارزانی نەمرییان هێنابوو بۆ ئەوەی شكیان پێنەكەن و كەس رێگرییان لێ نەكات و زور بەشیان پیك و پاچ و كەرەسەی قفل و قابی شكاندن و دەڕابەییان پێ بوو، وێنەكانی تی ڤی یەكان شاهیدی باشی رووداوەكانن”.
عەبدولوەهاب عەلی ئەندامی سەرکردایەتی سلێمانی پارتی لەکۆتایی لێدوانەکەیدا بۆ نوچەنێت دوای هێورکردنەوەی رەوشەکە دەکات و دەڵێت”ئێمە داواكارین كە رەوشەكە بەزووترین كات ئارام و هێوور بكرێتەوەو هەموومان واتە هەموو لاو لایەنه كوردی و كوردستانیەكان بەو پەڕی هەستكردن بە بەرپرسیاریتیەوە رەفتار لەگەڵ ئەم قەیرانەدا بكەین و هەموو ئەو شوێنانە رێكبخرێنەوەو خاوەنەكانیان قەرەبوو بكرێنەوە، هەموو لایەكمان دەست بكەینەوه بەدیدارو گفتۆگو دیالۆگ چونكە تەنیا رێگایە بۆ چارەسەری هەمووكێشەكان چونكەكوردستان لەژێر هەرەشەیەكی راستەقینەو پیلانی رەشی ناحەزان و ئەوانەدایە كە چاوییان بەم ئەزموونەدا هەڵنایه بۆیە دەبێت هەموو هێزوو تواناكان بە پەلە یەكبخرێن و بۆ رووبەڕوو بوونەوەی ئەم پیلانانەی وەك تەونی جاڵجاڵۆكەیه”.
ئەو وتەبێژەی پارتی راشیدەگەیەنێت کە وەك پارتی بەرانبەر بە هێرشەکانی راگەیاندنی یەکگرتووی ئیسلامی”زۆر سەبرو ئاراممان گرتووەو ئەشیگرین لەبەر دوو هۆ، یەکەم بۆ داواكارییەكانمان ئەگەر جێبەجێ نەبوو رێگای یاسابی دەگرینە بەر، دووەم رەوشی كوردستان زۆر ناسك و هەستیاره و دەزانین كەلەژێر هەڕەشەی جدی و مەترسیدار دایە بۆیە دەبێت ئەم قەیرانە بەكۆتابێت و نێوماڵی خۆمان زۆر بەپەلە تۆكمەو پتەو بكەین و سازو ئامادەبین بۆ هەرئەگەرێكی نەخوازراو”.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com