محەمەد رەئوف: یەکگرتوو تازە ناچێتە دواوە ناشتوانین لەم زوڵمە بێدەنگ بین بەڵام بەشێوەیەک کە ئارامی کوردستان تێک نەدات
نوچەنێت
محەمەد رەئوف سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، سەرسوڕمانی خۆی لەرووداوەکانی زاخۆو بادینان راگەیاند و وتی تا ئیستا نازانین فەلسەفەی ئەم کارە چییە، ئەو سەرکردەی یەکگرتوو وتیشی ئێمە وەک سەرکردایەتی یەکگرتوو سەرقاڵی ئەوەبوین وەڵامی دەستپێشخەرییەکەی حکومەت بدەینەوە بۆ بەشداریکردن یان نەکردن لە تەشکیلی حکومەتی نوێی کوردستان بەڵام ئەوەنەمانزانی ئەمرووداوە رویدا.
سەرکردەکەی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، رەتی دەکاتەوە گرژییەکانی بادینان وەک راگەیاندنەکانی نزیک لەدەسەڵات دەڵێن، پەیوەندی بە کێشەی نێوان ئیسلامی و مەسیحی و ئێزیدیەوە هەبێت و وتی”پەیوەندیمان کردووە بە کەنیسەکان و بە هەموو حزب و کەسایەتیەکانی مەسیحی، ئەوان بەریئی خۆیان لەو مەسەلە رادەگەیەنن و ئێمەش بەریئی خۆمان، لەهەموو کردستان مەسیحی وئێزیدیەک دەستناکەوێت دان بەو باسەدا بنێت و لەیەکگرتوویەکیش نابیسترێت، شتی واباسبکرێت” هۆکاری باسکردنی ئەوکێشەشی بە کێشەی ئیسلامی و مەسیحی واباسکرد کە “بەعورفی کۆن وا هاتووە مەیخانەکان یان مەسیحین یان ئێزیدین، ئەگەر ئەوان لەوان بن، ئەی ئەبێ کێ سوتانبێتی؟ ئیسلامییەکانن، ئسلامی لەو ناوچە کێیە؟ یەکگرتووە، ئەمە خستنە سەریەکەش پینە پەڕپۆیە، بەڵام کەسێک نییە باوەڕ بەمە بکات نەیەکێتی، نە ئۆپۆزیسۆن، نە عەشایەر بە عەقڵیاندا ناچێت یەکگرتوو شتی وا بکات، کە لەرابردووی یەکگرتوو شتێکی وانەبوبێت ئەوە دەچێتە جانەی موستەحیلات لەماوەی ٢٤ سەعات ئەوە بکات”.
ئەو سەرکردەی یەکگرتوو ئەوەشی راگەیاند “قسەمان لەگەڵ هەموو قونسڵخانەکان و هەموو رێکخراوەکانی مەدەنی و جیهانیەکان و هەموو رێکخراوە مەسیحییەکان کردووەو بەردەوام لەسەر خەتین، ئدانەی ئەو کارەی زاخۆمان کردووە دەشی کەین، تەنانەت ئەگەر شتێکی نابەجێی و ناشەرعیش ببینین، ئەوە کاری ئێمە نیە وابکەین بەڵکو ئێمە داوا لەحکومەت و یاسا دەکەین بەپێی یاسا مامەڵەلەگەڵ ئەو لایەنە بکات، نەک خۆمان ئەوە بکەین”. هەربۆیە وتیشی”لەهەموو شوێنێکی دنیا ئەوە بووە کە حکومەت وەڵامی خەڵک ناداتەوە خەڵک خۆی فشار دەکات، بەڵام ئەگەر خەڵکی زاخۆش ئەوەی کردبێت، پەیوەندی بەیەکگرتووەوە نییە، ئێمە هەموو خەڵک و مەسیحییەکان و ئێزیدییەکان دڵنیا دەکەینەوە، ئەوە یەکگرتوو نییە، بەڵکو لە عەقیدەی ئێمەدا خەڵک ئازادە، ئەوە بروای ئێمەیە و خەڵکیش بروای پێمان هەیە، ئێمە خەڵک دڵنیا دەکەین کە لە میانڕەوی و لەمەوقیفی خۆمان لا نادەین”.
سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی وتیشی”تەنها سەروەری کوردستان بریتی بوو لەو ئەمن و ئاسایشەی هەیەتی و لە پێکەوەژیانی پێکهاتەکانی کە چەندەها ساڵەپێکەوە دەژین، ئەو پێکەوە ژیانەش وای کردووە کوردستان ناوی نراوە ناوچەی ئارام لە عێراق. بەڵام ئاسایش تەنها سەروەرییەکەی ناگەڕێتەوە بۆ حکومەت، بەڵکو بۆ حکومەت و حزبەکانی کوردستان و خەڵک دەگەڕێتەوە، کە بڕوایان بە تیرۆر نییە، ئەگەر خەڵک هەمووی باوەڕی بە ئارامی نەبوایە، ئەگەر هەموو بروای بەوە نەبوایە ئەم فرسەتەی ناوچەکە بقۆزینەوە بۆ قازانجی کوردستان، بێگومان شتی تر روویدەدا، راستە حکومەت بۆ پاراستنی ئاسایش شتی کردووە، بەڵام ئەگەر خەڵک ئەوەی نەویستایە شتێکی تر دەبوو، بۆیە ئەم ئارامیە و ئەو پێکەوە ژیانەی کە شانازیمان پێوە دەکرد، لەماوەی ١٢ سەعاتدا بگۆڕێت، کەس لەم فەلسەفە تێناگات”.
هەروەها سەرسوڕمانی خۆی راگەیاند بەروودانی ئەو رووداوەو بەهێرشکردنە سەر بارەگاکانی یەکگرتوو وتی”ئەگەر یەکگرتوو بیوتایە با سوریایەکی تر دروست بکەین، رەنگە بوترایە وەڵامی ئەوەیە، بەڵام کەس لە فەلسەفەی ئەم شتە حاڵی نابێت ئەم مەوقیفە بۆچی بەرانبەر ئێمە، ئێمە لەسەرکردایەتی بڕیاری ئەوەمان هەبوو کۆبونەوە بکەین، حیوار لەگەڵ حکومەت بکەین چونکە حکومەت دەستپێشخەری کردووە، بۆ بەشداری ئۆپۆزسیۆن لەحکومەت، دەبێت ئیمەش وەڵاممان هەبێت ئایا بەشداری دەکەین یان نا؟ بۆ ئەو مەبەستە پەیوەندیمان کردوە بە کۆمەڵی ئیسلامی و بزوتنەوەی گۆڕانەوە، کە ئایا بەشداری بکەین یان نەیکەین، بڕیاری ئێمە بوو ئەم هەفتە قسە لەسەر ئەوە بکەین ئەوەمان بکردایە، بەڵام ئەم دۆخە دروستکرا چاوەڕوان نەکراوو بوو لێی تێناگەین”.
محەمەد رەئوف سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، بەپێویستی زانی لەم کاتەدا کە دۆخی ناوچەکە ئاڵۆزە. کورد خۆی بۆ گۆڕانکارییەکان ئامادە بکات، وتی”دەبێت ناو ماڵی کوردی ئاسایی بکرێتەوە، پرۆسەی چاکسازی ئەکتڤ بکرێت، دەسەڵات جدی تر بهاتایە بەدەم ئۆپۆزسیۆنەوە و کە مادام کوردستان ناوچەی ئارامە لەعێراق فەرموو چی بکەین؟، چۆن لەناو ئەم ئاگرە ئەم کوردستانە بە ئارامی بمێنێتەوە ئەوە کاری دەسەڵات بوو ئەوە بکات”.
سەرکردەکەی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان وتیشی لەمکاتەدا”خەڵک خەو بەدەوڵەت بونەوە دەبینێت، ئێمە دامانناوە بۆ کۆنگرە باسی بکەین، ئەم خەونە لەکوێ و ئەوە لەکوێ بێی لەم کاتەدا ئەم هەنگاوەی کە لە چوونە پێش لە دیموکراسیدا لەکوردستان باس دەکرێت، تەڵخی بکەیت بەم کارەی کەکراوە، پرسیاری لەسەر دروست بکەیت، ئەوەی کرا ئێمە نەمانکردووە ئیمە مەزوڵمەکەین، بۆیە خەڵک لێمان دەپرسێت سڕو سەبەبەکەی چییە؟ بەڵام ئێمەش نازانین چییە، یەکگرتوو راستە موعارەزەیە و بەردەوامە لە داواکردنی چاکسازی، داوای پاکێجەکانی ئۆپۆزسیۆن دەکات، داوا دەکات حکومەت بە دامەزرەوەیی بکرێت، داواکانمان رەوان و لەسەر ئەو داواکاریانەش بەردەوام دەبین، یەکگرتوو تازە ناچێتە دواوەو ناشتوانێ بچێتە دواوە، خەباتی میانڕەوانەی تێک نادات و لە ئیسلاحیش نایەتە دواوە،. کەس نەماوە ئیعتراف بەگەندەڵی نەکات، لەمودێرێکەوە تا وەزیرێک، لە دەسەڵاتە و تا موعارەزە، لە دەسەڵات و بی دەسەڵاتەوە، هەموو ئەوە دەڵێن، ئێمە غەیری ئەمە چیمان وتووە؟، ئێمە حزبین دەسەڵات نین، وەک یەکگرتوو پرۆژەی چاکسازیمان هەیە، لەوەتەتی دەستمان پێکردووە ئەمانە دەڵێینمەوە کە دەبێت چاکسازی بکرێت، دواجاریش هەموو هاتە سەر ئەو ڕاو بروایە کە دەبێت چاکسازی بکرێت، لەبەرانبەر ئەوەش کەکراوە لەگەڵمان و لەم زوڵمە بێ دەنگ نابین و ناشتوانین بێدەنگ بین، بەڵام بەشیوازی خۆمان. بەشێوەیەک کە ئارامی کوردستان تێک نەدات و بە ئسلوبی یەکگرتووانە رەخنەی خۆمان دەگرین، داوا دەکەین لە هەمو حزبەکان و قونسوڵیەکان لەڕێکخراوەکانی مەدەنی و بیانی لە رۆشنبیران، داوا دەکەین بێدەنگ نەبن، قسە بکەن، بنوسن، بەیاننامەیان هەبێت، تا ئەوە قەزیەی بەسەر ئیمە هاتووە ئەنجامەکەی ببێت بەخێر بەسەر کوردستان برڕژێت، با ناڕەحەتیەکە بۆ جاری دوەمیش بۆ سەر ئێمە بێت، بەڵام با خێری خەڵکی کوردستانی تیا بێت، با تەسحیەکە ئێمە بیدەین، بەڵام خێری گشتی ئەم وەڵاتەی تیا بێت، با تەسحیەکە ئێمە دابێتمان بەڵام نابێت بێ ئەنجام بێت”.
سەرکردایەتی یەکگرتوو: یەکگرتوو تازە ناچێتە دواوە ناشتوانین لەم زوڵمە بێدەنگ بین بەڵام بەشێوەیەک کە ئارامی کوردستان تێک نەدات
0
Share.