مەهاباد قەرەداغی داوای هەڵوێست لە راگەیاندن و چالاکوانانی مافی مرۆڤ و حکومەت و پەڕلەمان دەکات
نوچەنێت
مەهاباد قەرەداغی لە سکاڵانامەیەکدا ، داوای دەنگ هەڵبڕین بەرانبەر بە بەردەوامی ئەشکەنجەدانی مناڵان لەقوتابخانەکانی کوردستاندا دەکات، بەردەوامی ئەو دیاردەیە بەمەترسی ناو دەبات هۆشداری دەدات کە “نەوەیەکی بەرزەبرکەوتووی کەسایەتی شکێنراو لە داهاتوودا کوردستان بەڕێوەی دەبەن”. هەر لە سکاڵانامەکەدا مەهەباد قەرەداغی بەرپرسیارەتی یەکەم لە چارەسەرکردنی ئەو رەوشە دەخاتە ئەستۆی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی کوردستان و وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی کوردستان، هاوکات بەشێکی ئەو بەپرسیارەتیەش لەئەستۆی چالاکوانانی مافی مرۆڤ و دەزگاکانی راگەیاندن دەبینێت.
قەرەداغی نوسەرو رۆشنبیری کورد و چالاکوان لە مافی مرۆڤ، لە سکاڵا نامەیەکەیدا کە ئاراستەی وەزارەتی پەروەردە و پەڕلەمانی کوردستان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و دەزگاکانی راگەیاندنی کردووە، نیگەرانی خۆی رادەگەیەنێت کە” ماوەیەکی زۆرە، دڵسۆزانی کوردستان و پسپۆرانی پەروەردە کەناڵەکانی راگەیاندنیش ” باسی رێگری لە ئەشکەنجەدانی مناڵان دەکەن لە قوتاخانەکاندا بەڵام”ئەوەی مەترسیدارترە چارەسەرنەکردنی ئەم دۆخەیە”.
هەر لە سکاڵانامەکەیدا قەرەداغی رایدەگەیەنێت”پرسی قەدەغە کردنی لێدانی قوتابی لە لایەن مامۆستاوە ئەگەر نەبێتە یەکێک لە پرنسیپەکانی پەروەردەی سەردەمیی و پەیڕەوی نەکرێت، دەبێ دڵنیابین لەوەی تووندوتیژی و پێشێلکردنی ماف و سوکایەتیکردن، دەبیتە نۆرمە پەیرەویکراوەکانی نەوەکانی داهاتوو کە دەیان دیاردەی نەویستراوی شەرمەزاریهینەر و بێزەوەر لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت”.
مەهاباد قەرەداغی چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ لە سکاڵا نامەکەیدا تیشک دەخاتە سەر نمونەیەکی نزیک لە ئەشکەنجەدانی مناڵ لە قوتابخانەکاندا و دەڵێت”دوێنێ، کە رۆژی جەختکردن بوو لەسەر مافەکانی منداڵ، لە قوتابخانەی “پێشمەرگە”ی سەرەتایی لە دارەتوو، لە شاری هەولێر، مامۆستایەک لە چەندین قوتابی داوە و بە گریانەوە ڕەوانەی مال کراونەتەوە”. هەروەها ئەوەش دەخاتە روو کە “باوکی یەکیک لەو منداڵانە بۆ سکاڵا چووتە لای بەڕێوەبەری ئەو قوتابخانەیە و پێی گووتووە کە لێدان قەدەغەیە، هەڵوێستی بەڕێوەبەر هاوهەڵوێستی مامۆستاکە بووە و وتوویەتی کە ئێمە بۆ تەئدیب لە قوتابی دەدەین و هەقمان نییە بەسەر ئەو قەدەغەکردنی لێدانەی کە وەزارەتی پەروەردە دایناوە و سیستەمیکی سویدییە. بەڕێوەبەر بە باوەڕی تەواوەوە جەختی لەسەر پیویستی لیدان کردۆتەوە”.
ئەو چالاکوانەی مافەکانی مرۆڤ، لەسکاڵانامەکەیەدا بەرپرسیاریتی وروژاندن و دەنگهەڵبڕین لە ئاستی ئەو کێشەیە دەخاتە ئەستۆی “چالاکوانانی مافی مرۆڤ و دەزگاکانی راگەیاندن، بەڵام بەرپرسیارێتی چارەسەرکردنی دەکەوێتە ئەستۆی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی کوردستان و وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی کوردستان. ” بۆیە داوای دەنگ هەڵبڕین دەکات و دەڵێت”تکایە لە ئاستی ئەو بەرپرسیارێتییەدا بن”.
دەقی سکاڵاکەی مەهاباد قەرەداغی
سکاڵانامەیەکی کراوە بۆ:
وەزارەتیی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان
لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی کوردستان
سەرجەم رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ
رای گشتی و دەزگاکانی راگەیاندن
بابەت: لێدانی منداڵ لە قوتابخانەکانی کوردستان
پێویست نییە بە ڕاشکاوی کاریگەری لێدان و سوکایەتی و شکاندنەوەی منداڵ لەسەر دەروون و کەسایەتی شیبکەمەوە و مەترسییە نزیکمەودا و دوورمەوداکانی باس بکەم، چونکە ئەوە ئەلف و بێی دەروونناسی پەروەردەییە و پێویستە پیشەوەرانی بواری پەروەردە و فێرکردن وەک ناوی خۆیان بیزانن و پەیرەوی بکەن. ساڵانێکی زۆریشە لە کوردستان لە هەموو ئاستە فەرمی و نافەرمییەکاندا باس لە دیموکراسی و مافی مرۆڤ دەکرێت و بایەخی سیستەمی پەروەردەش لە پەیوەندی بەم بەهایانەوە بە بنچینەیی دادەنرێت. بەڵام مەخابن، ئەوەی مرۆڤە خەمخۆرەکانی ئەم نیشتیمانە نیگەران دەکات، ئەو پەیوەندییە ناتەندروست و ناپەروەردەییەیە، کە لە نێوان قوتابی و مامۆستا دا لە زۆربەی قوتابخانەکانی کوردستاندا هەیە و بەرچاوترینیشیان لێدان و سوکایەتی پێکردنی منداڵە لە قوتابخانەکان. پرسی قەدەغە کردنی لێدانی قوتابی لە لایەن مامۆستاوە ئەگەر نەبێتە یەکێک لە پرنسیپەکانی پەروەردەی سەردەمیی و پەیڕەوی نەکرێت، دەبێ دڵنیابین لەوەی تووندوتیژی و پێشێلکردنی ماف و سوکایەتیکردن، دەبیتە نۆرمە پەیرەویکراوەکانی نەوەکانی داهاتوو کە دەیان دیاردەی نەویستراوی شەرمەزاریهینەر و بێزەوەر لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.
ماوەیەکی زۆرە، دڵسۆزانی کوردستان و پسپۆرانی پەروەردە باسی دەکەن و کەناڵەکانی راگەیاندنیش چەندین دۆخی مەترسیداریان خستۆتە ڕوو سەبارەت بە لێدانی منداڵ لە قوتابخانەکاندا، بەڵام ئەوەی لەوانەش مەترسیدارترە چارەسەرنەکردنی ئەم دۆخەیە لە لایەن بڕیاربەدەستان و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە. چاودێری ئێمە وەک بەرگریکارانی مافی مرۆڤ بۆ قوتابخانەکان و ئەو پەیوەندییە زەبرئامێزە، زۆر قووڵ نیگەرانمان دەکات لەم پێشێلکارییەی مافی منداڵان لە لایەک و لە دوارۆژی کوردستان لە لایەکی ترەوە کە نەوەیەکی بەرزەبرکەوتووی کەسایەتی شکێنراو لە داهاتوودا بەڕێوەی دەبەن.
هەر دوێنێ، کە رۆژی جەختکردن بوو لەسەر مافەکانی منداڵ، لە قوتابخانەی “پێشمەرگە”ی سەرەتایی لە دارەتوو، لە شاری هەولێر، مامۆستایەک لە چەندین قوتابی داوە و بە گریانەوە ڕەوانەی مال کراونەتەوە. کە ئەمڕۆ باوکی یەکیک لەو منداڵانە بۆ سکاڵا چووتە لای بەڕێوەبەری ئەو قوتابخانەیە و پێی گووتووە کە لێدان قەدەغەیە، هەڵوێستی بەڕێوەبەر هاوهەڵوێستی مامۆستاکە بووە و وتوویەتی کە ئێمە بۆ تەئدیب لە قوتابی دەدەین و هەقمان نییە بەسەر ئەو قەدەغەکردنی لێدانەی کە وەزارەتی پەروەردە دایناوە و سیستەمیکی سویدییە. بەڕێوەبەر بە باوەڕی تەواوەوە جەختی لەسەر پیویستی لیدان کردۆتەوە و پاساوی بۆ هێناوەتەوە.
ئەمە تەنها نموونەیەک نییە و مەخابن بە چاودێریمان بۆ دۆخەکە دەتوانین بڵێین بە دەگمەن قوتابخانە هەیە لە کوردستاندا پەیڕەوی لێدان نەکات و کەسایەتی قوتابی نەشکێنێتەوە. هەموومان بەرپرسیارین لە بەرامبەر ئەم پرسە و نابیت بیدەنگ بین لێیان. تکا لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەم کە بە تەنگ ئەم گرفتە ڕاستەقینە مەترسیدارەوە بێن. ئەمە پرسێک نییە پەیوەندی بە کەسێک یان گروپیک یان توێژێکەوە هەبێت، پەیوەندیدارە بە هەموو کۆمەڵگەوە و ئەگەر چارەسەری نەکەین، هەمووان زیانمان پێدەکەویت. بەرپرسیاریتی وروژاندن و دەنگهەڵبڕین لە ئاستی ئەو کێشەیە دەکەوێتە ئەستۆی چالاکوانانی مافی مرۆڤ و دەزگاکانی راگەیاندنەوە، بەڵام بەرپرسیارێتی چارەسەرکردنی دەکەوێتە ئەستۆی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی کوردستان و وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی کوردستانەوە. تکایە لە ئاستی ئەو بەرپرسیارێتییەدا بن.
مەهاباد قەرەداغی
چالاکوانی مافی مرۆڤ
(پسپۆری پەروەردە)
21/11/2011
هەولێر
مەهاباد قەرەداغی هۆشداری دەدات: نەوەیەکی کەسایەتی شکێنراو لە داهاتوودا کوردستان بەڕێوە دەبەن
0
Share.