حکومەتی کوردستان لەسەفەرە… حەمە رەشید هەرەس: با جەنابی وتەبێژیش لە ئیجازە بێت خۆ ئیجازە خەڵک لاڵ ناکات

0

حکومەتی کوردستان لەسەفەرە.

حکومەت لە ئیجازەیە

حەمەرەشید هەرەس

هەتا چەند بەرەکی چنگی لە هەناوی کوردستان گیر کردبێت، هەرگیز چاوەڕوانی ئەوە مەبە دەسەڵاتێکی نێوەندیی پتەوت هەبێت، چجای وتەبێژێك بە ناوی دەسەڵاتەوە.

چونکە هەر لە سەرەتاوە فرە کوێخایی وای کرد کەس لە بازنەی لێپرسینەوەدا خۆی نەبینێتەوە، ئەوەی دانراوە بە ناوی دەسەڵاتەوە قسە بکات، مەودای قسەکردنەکەشی سنووردارکراوە نازانێت تا چەند بۆی هەیە لەمەڕ باسێکەوە بدوێت و سبەی نەبێتە هۆی بە درۆخستنەوەی و بگرە دوورخستنەوەیشی. لەبەر ئەوە ئەبینین ئەگەر لە کەناری باسەکەشەوە لێدوان بکات ئەوا لێوە لەرزەی پێدەکەوێت و شتگەلێکی وا نادات بە دەستەوە کە خەڵکەکە لێی حاڵیی بێت و مەبەست و ناوەرۆکی باسەکەی لا روونبێتەوە، ئەمەش بۆ ئەوە ئەگەڕێتەوە، لایەنی جۆراوجۆر لە دەسەڵاتدان و هەر لایەنە و وتەبێژی خۆی هەیە و بەرامبەرەکەی خۆی بۆ هەڵەیەکی مەڵاس داوە، ئا لێرەدا بوێری لە لێدواندا نیە و بایەخی وتەبێژیی زۆر لە کورتی دەدات.

جا ئەگەر وتەبێژانیش لە ئیجازە بن، یان هەموو کات ئامادەبن، هەر وەکو یەکە.

مەبەستم ئەوەیە خۆ ئەگەر ئامادەش بن، وەڵامێکی وا ئەدەن بە دەستەوە کەس دڵی پێ خۆش بکات و بە وەڵامی فەڕمیی دەسەڵاتی بزانێت؟!!

ئەی ئەگەر وا نیە با جەنابی وتەبێژیش لە ئیجازە بێت، خۆ ئیجازە خەڵک لاڵ ناکات و ئەبێت لە روانگەی بوونی لەناو دەسەڵاتا خاوەنی راوبۆچوونی دەسەڵات بێت، لەمەڕ بابەتە هەنووکەییەکانەوە. یان لانی کەم وەك راوبۆچوونی خۆی شتێك بدات بە دەستەوە. چونکە من گومانم نیە کە کەسیان لە ئیجازە نین و بەناوی ئیشەوە چوونەتە دەرەوە و هەر یەکەو سەفتەیەك دۆلار مەسرەفی ئیفادەکەیان ئەنووسن.

وتەبێژ ئەبێت پڕکێشی ئەوە بکات لە سەرچاوەی دەسەڵاتەوە هەمیشە نزیك بێت، دە من ئەڵێم لە باشترین حاڵەتدا بۆی نیە بە مانگیش سەرچاوەی دەسەڵات ببینێت و بتوانێت راوبۆچوونیان دەربارەی هەر مەبەستێك وەرگرێت.

وتەبێژ لە ناو دەسەڵاتی فرە کوێخادا شوێنی گومانە و خۆشی چاک هەستی بەوە کردووە، لەبەر ئەوە ناچارە هەر کات بەڕێ بکات و خۆی لە قەرەی بابەتە هەستیارەکان نەدات، ئەگینا کێ لە ئێمە بیستی لە ساڵان و لە مانگان وتەبێژێکی ئەم هەرێمە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسی بەستبێت و راشکاوانە دیدی دەسەڵاتەکەی بگەیەنێت؟.

کەواتە چار چیە؟.

چار سەقامگیربوونی ئەم دەسەڵاتەیە، لە رێگای پەڕلەمانێکی خەمخۆر و نەتەوەپارێز لایەنی نەتەوەکەی بێت ئینجا لایەنی حیزبەکەی. چار سەرۆکایەتی کردنی هەرێمە لەلایەن کەسێکەوە روون و ئاشکرا هەر خۆی بێت و ترسی ئەوەی نەبێت لە خزمەتی کۆمەڵانی خەڵکا ئاژاوەی بۆ بنێنەوە و هەر لایەنە و لە داخی ئەوی تر بەرەڵایی لە دیاردەوە بکەنە کەلتوور.

چار نەمانی چەند بەرەکییە، بە ناوی ئۆپۆزسیۆن و حیزبایەتی و ملشکاندنی یەکتری و هەرکەسە و ئەم دەسەڵاتە بە مۆڵکی ویژدانی بزانێت، نەك موڵکی ئارەزووەکانی.

……………………

ئەم وتارەی مامۆستا حەمە رەشید هەرەس، لەوەڵامی پرسێکی نوچەنێتە، لەمەر ئەوەی کە نوچەنێت بۆ وەرگرتنی لێدوانی رەسمی حکومەت لەمەڕ پرسێک لەنێوان حکومەتی کوردستان و پەڕلەمانی سوید، دوای دوو رۆژ پەیوەندی کردن نەیتوانی هیچ لێدوانێکی رەسمی حکومەت وەربگرێت، دوای چەند هەوڵێک نوچەنێت پەیوەندی”بە فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوەکرد، لەوەڵام دا وتی”من لەدەرەوەی کوردستانم دەبێت پەیوەندی بە وتەبێژی حکومەتەوە بکەن”، دوای چەند هەوڵێک پەیوەندیمان بە کاوە مەحمود وتەبێژی رەسمی حکومەتەوە کرد، لەوەڵامی پرسیارەکەی نوچەنێت وتی”من لەسەفەرم پەیوەندی بە راویژکاری راگەیاندنی سەرۆکی حکومەتەوە بکەن”، دوای پەیوەندی کردنی نوچەنێت بە توانا ئەحمەد راویژکاری راگەیاندنی سەرۆکی حکومەت، راویژکاریش وتی”بەداخەوە منیش لەدەرەوەی وڵاتم و بۆ کاتی گەڕانەوە لە خزمەتانم”.

ئەنجام بەهۆی ئەوەی حکومەتی کوردستان قسەکەرێکی لەکوردستان نەبوو، هەموو قسەکەرەکانی لە سەفەربوون و حکومەتی کوردستان لەسەفەردا بوو، نوچەنێت نەیتوانی رای رەسمی حکومەت وەربگرێت.

بۆخوێندنەوەی هەواڵی سەفەری حکومەتی کوردستان کلیک بکە….

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com