حکومەتی کوردستان لە سەفەرە… ئەرسەلان مەحمود: حكومەت لەسەفەر نییە، وتەبێژەكەی پارێزیەتی!.

0

حکومەتی کوردستان لە سەفەرە…

حكومەت لەسەفەر نییە، وتەبێژەكەی پارێزیەتی!.

ئەرسەلان مەحمود

خۆبەزۆرو زلزانی لای مرۆگەلێكی خۆرهەڵاتی، تایبەتیش لای حوكمەتلی و سیاسیەكان، وەك هەمیشە دیاردەیەكی باوە، ئەمەیش وێڕای ئەوەی بەشێكی دانەبڕاوە لەبەخودنامۆیی، لادانیشە لەخۆ بەبەرپرسیارگری، بێگومان وەها نامۆیی و، لاڕێبوونێكیش بۆ بەدەسهێنانی هەرچی زیاتری خۆشنودی تایبەتییەو، هیچیش سەرسوڕهێنەر نییە، یانی لەبنەمادا دیاردەیەكی نوێ‌ و، نامۆ بەمرڤگەلی ئەو ناوە نییە.

ئەو بەرپرس و، خاوەن پلەو پایە سیاسی و، كارگێڕیانەی خۆیان لەسەروی تاكی هاونیشتیمانیانەوە دەبینن، لەڕوی فكرینەوە دوچار بەگەندەڵی ئاكاری پڕ لەناكۆكی ناوەكی خودیان بوون، بۆ ئەوەی ئەم ڕاستینەیەیش بشارنەوە، دێن لەپرەنسیپە جێگرەكان هێندەی بۆیان بلوێ‌ خۆیان دەدزنەوەو، دەڵێن ئەوەی بووە بەپێشهات تەنها شتێكی كاتییەو، پێیوایە دەبێ‌ مرۆ چاوەڕیی ئەو بكات تا لەدەرفەتێكی تردا، سەرلەنوێ‌ مرۆڤ بینابكاتە!..

لای ئێمە، لەهەرێمی كوردستان، ئەوەندەی بۆ ئێمەومانێك تێبینی و، ئەزموونكراوە، هیچ شتێك هێندەی هێشتنەوەی میدیا لەچاوەڕوانیدا، چێژی بەحوكمڕان و، سیاسیەكان نەبەخشیووە، بەشێكی ئەم پاڵنەرە دەرونییە، سەرچاوەكەی بێزمانی و، بەشەكەی تریش لەدەسگرتن بەكڵاوی خۆتەوە فڕچكی گرتووە، ئەگەر نا، حكومەت لەهەر كوێبێ‌، دەبێ‌ قسە بكات، چۆن قسە دەكات، ئەمە مەسەلەیەكی ترە،” باوكێكی نەخوێنەوار نامەیەكی بۆ دێ‌، بانگی كوڕەكەی دەكاو، دەڵێ‌ ئەم نامەیەم بۆ بخوێنەوە، كوڕەش لەبەر بێزمانی، لەوڵامدا ئەڵێ‌ باوكە ناتوانم، باوكە دەپرسێ‌ ئاخر بۆ؟، كورە دەڵێ‌ من لەمەكتەبی شەو دەخوێنم، بەرۆژ ناتواتم هیچ بخوێنمەوە” مەگەر وتەبێژی حكومەتەكەی ئێمە، پارێزییەتی لەدەرەوەی وڵات نەتوانێ‌ لەبەر ئەوەی لەسەفەرە وڵامێك بفەرمووێ‌؟!..

وەها بێوڵامییەك ڕاستییەكەی دنیا خرابوون و، كۆتایی حكومەتیش نییە وەك ئەوەی هەنێ‌ لەڕوانگەیەكی ئایدیۆلۆژییەوە فاڵیان بۆ گرتووەتەوەو، خەونی پێوە دەبینن، هەم ئەم فاڵگرەوانە دەمێكە ساغبووەتەوە لەهەر كەس بێزمانترن و، هەمیش زۆر لەوان بەتیناوتاوی سیاسی و سەربازی تر ئەم خەونانەیان بردوەتە ژێر گڵ، بەڵام ئەمەیش بەو مانایە نییە وەها بێنەزمییەك سادەو سانا مرۆ لێی بێدەنگ بێ‌، حكومەتیش لەسەفەر نییە، وتەبێژەكەی پارێزیەتی، لەپوختیدا، هیوادارم شتێكم خستبێتە سەر وڵامی تەوەرەكەتان.

……………………..

ئەم وتارەی رۆژنامەنوس ئەرسەلان مەحمود، لەوەڵامی پرسێکی نوچەنێتە، لەمەر ئەوەی کە نوچەنێت بۆ وەرگرتنی لێدوانی رەسمی حکومەت لەمەڕ پرسێک لەنێوان حکومەتی کوردستان و پەڕلەمانی سوید، دوای دوو رۆژ پەیوەندی کردن نەیتوانی هیچ لێدوانێکی رەسمی حکومەت وەربگرێت، دوای چەند هەوڵێک نوچەنێت پەیوەندی”بە فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوەکرد، لەوەڵام دا وتی”من لەدەرەوەی کوردستانم دەبێت پەیوەندی بە وتەبێژی حکومەتەوە بکەن”، دوای چەند هەوڵێک پەیوەندیمان بە کاوە مەحمود وتەبێژی رەسمی حکومەتەوە کرد، لەوەڵامی پرسیارەکەی نوچەنێت وتی”من لەسەفەرم پەیوەندی بە راویژکاری راگەیاندنی سەرۆکی حکومەتەوە بکەن”، دوای پەیوەندی کردنی نوچەنێت بە توانا ئەحمەد راویژکاری راگەیاندنی سەرۆکی حکومەت، راویژکاریش وتی”بەداخەوە منیش لەدەرەوەی وڵاتم و بۆ کاتی گەڕانەوە لە خزمەتانم”.

ئەنجام بەهۆی ئەوەی حکومەتی کوردستان قسەکەرێکی لەکوردستان نەبوو، هەموو قسەکەرەکانی لە سەفەربوون و حکومەتی کوردستان لەسەفەردا بوو، نوچەنێت نەیتوانی رای رەسمی حکومەت وەربگرێت.

بۆخوێندنەوەی هەواڵی سەفەری حکومەتی کوردستان کلیک بکە….

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com