ژنێك لە سویدەوە: با براكانم لە كوردستان ژیانی من بخوێننەوە تا ویژدانیان كرم لێی بدات

0

ژنێك لە سویدەوە: با براكانم لە كوردستان ژیانی من بخوێننەوە تا ویژدانیان كرم لێی بدات

رزگار رەزا چوچانی- سوید

نوچەنێت.گۆڤاری سڤیل

ژنێكی كورد لەسوید باس لەوە دەكات، كە توانجی ماڵی باوكی چەندین جار فكری خۆستاندنی لا دروستكردووە و لەكوردستان براكانی نەیانتوانیوە وەك برا مامەڵەی لەگەڵدا بكەن. بەو هۆیەشەوە روودەكاتە سوید و دەڵێت “لێرەش لەدۆزەخدا دەژیم”.
خانمە چالاكوانێكی كورد لەسەر پرسەكانی ژنان لەسوید باسی بارودۆخی ناهەمواری ژنە كوردێكی بۆ كردم، بەڵام وەك ئەو گوتی “ئەو بەدۆخی خۆی رازییە”، گوتیشی “خۆ من ناتوانم بچم پەلی بگرم و بیبەمە پۆلیس، چەندین جار پێمگوتووە وا دەكەم، دەڵێت وابكەی دەڵێم راست ناكات و من مێردەكەم خۆش دەوێت، چونکە ئەو ترسی ئیقامەکەی و ناردنەوەی هەیە ترسێکەی راستیەکی چاوەڕوانکراوە بەڵام ژیانیشی ناخۆشە، لەهەموو حاڵەتەکانیش بڕیار لای خۆیەتی قبوڵیەتی یان نا من ئەتوانم پشتیوانی بکەم ئەویش ئەگەر خۆی بیەوێت، بەڵام پشتیوانی من گرەنتی کێشەی ئیقامەکەی پێنادا”. ئەو ژنە چالاكوانە لەدوای ماوەیەك لەباسكردنی كێشەكانی ئەو ژنە بانگهێشتی دانیشتنێكی خۆی و ئەو ژنە كێشەدارەی كردم بۆ ستۆكهۆڵم، كە پێشتر لەسەر داوای من ئامادەكاری بۆ كردبوو.
لەم رۆژانەدا خانمە چالاكوانەکە ئەو دانیشتنەی لەنێوان ئێمە و ئەو ژنەدا رەخساند، بەیەكتری ناساندین، ژنێكی گەنج و ماندوو و روخساری شەكەتی پێوە دیاربوو، بەجوڵەی دەستەكانی و لەیەك گیركردنی پەنجەكانی، لەگەڵ گەمەكردن بەمۆبایلەكەی كە لەنێوان هەردوو دەستی دەیهێنا و دەیبرد، هەستت بەنائارامی ئەو دەكرد. ژنە چالاكوانەكەی هاوڕێمان بێ ئەملا و ئەولا خۆی كرد بەناو باسەكەدا، هەندێ گاڵتە و نوكتەی تایبەت بەخۆیانی باسكرد و ئینجا گوتی ئەم برادەرەش خۆمانەیە، بۆم باسكردی رۆژنامەوانە و كوردە، “جا ئەگەر كوردبێت و رۆژنامەوانیش بێت، ئەوە فزوڵییەكەی دووقاتە”، ژنە ماندووەكەش پێش تەواوكردنی قسەكانی ئەو گوتی “تكایە ئەم باسەی من ئەگەر نوسیشت، بەشێوەیەك بڵاوی بكەرەوە خەڵكی ئێرە نەزانن منم، (بەپێكەنینكی دروستكراوەوە) با نەگاتەوە گوێی پیاوەكەم و نیازی منی لائاشكرا نەبێت”، دڵنیام كردەوە. هەندێك ئارام بۆوە، دواتر باسی ژیانی غوربەت و ‌غەریبی دەستپێكرد، بەڵام لەقسەكانیدا ئیرادەیەك بەدی دەكرا كە هێزی بەرەنگاربوونەوەی كێشەكانی پێدەدا، دوای ماوەیەك لەقسەكردن، گوتی “خۆ ئەگەر ناوی من نەبەیت و نەڵێی خەڵكی كوێیە؟ رەنگە ئاسایی بێت بەشێوەیەك باسی كێشەكان بكەیت و بینوسیتەوە كە بگاتە براكانیشم”.
دواجار بڵاوكردنەوەی كێشەكەی بەبێ ناوهێنانی بووە داوای خۆی، لەكاتی قسەكردن و باسكردنی رابردووی، دڵی تەنگبوو و هەندێك وەستا، هاتەوە سەرخۆ و پێكەنینێكی دروستكراوی كرد و گوتی “ئێوە بێتاقەت مەبەن هیچ نییە، من راهاتووم، ساتێك گریان و ساتێكیش پێكەنین”.
دەستی بەگێڕانەوەی كێشەكەی كرد “تەمەنم ٣٦ ساڵە، دایكی كچ و كوڕێكم، ئەوان دوو باوكیان هەیە، لەكوردستان بەخۆشەویستی مێردی یەكەمم كرد، رەنگە ئێوە زۆرتان خوێندبێتەوە و بزانن، بەڵام من نازانم بۆ؟ بەئەمری خوا ئەوەی بەخۆشەویستی شووی كرد، دەبێت لەئەنجام جیابێتەوە، كێشەم لەگەڵ هاوسەرەكەم بۆ دروستبوو، كچێكم لەو هەبوو، جیابووینەوە و كچەكەی دا بەمن، دوای ئەو ئامۆزایەكم هاتە خوازبێنیم، شووم پێنەكرد، هەڕەشەم زۆر لێكرا، براكەم بەلێدان دەستێكی لەجێ بردم، لەتاو ئازاردانی ئەوان، گوتم رازی دەبم، دواتر قسەم لەگەڵ ئامۆزاكەم كرد، پێمگوت ناكرێت بەمن رازی بیت، كە هیچ هەستێكم بۆت نییە، من تۆم خۆش ناوێت. تكام كرد كارێك بكات ماڵەوە وابزانن ئەو منی ناوێت، پێكەنی و گوتی ئاخر ئێرە كوردستانە دواتر لەسەرت دەكەوێت، بڵێن كوڕێك بەو رازی نەبوو، گوتم قەیدی نییە، بەس ئەم هاوسەرگیرییە دروست نەبێت، دیسان پێكەنی، پێیگوتم پێم بڵێ ئەوەندە خراپم وا رازیت بەناوزڕانت نەك من؟ وتم نا، بەڵام حەز ناكەم بتخەڵەتێنم كە خۆشم نەوێیت، حەزناكەم ژیانی تۆش تێكبدەم، گوتی بۆ من خۆش نییە، بەڵام بەڵێن بێت لەبەر تۆ ئەوە دەكەم، دواتر تانزیكی مارەكردن چووین، ئامۆزاكەم خۆی نەخۆش خست و ماوەیەك دوای خست، دواتر خۆی لەو مەسەلە شاردەوە و سەری نەگرت”.
وەك ئەو ژنە دەیگێڕێتەوە و دەڵێت “ژیانم زۆر سەختبوو، لەماڵی باوكم هەموویان تەعلیقیان لێدەدام كە نە مێردەكەم ویستمی، نە ئامۆزاكەم، ئەوەندە بێزاریان كردم، چەندینجار نزیكی خۆسووتاندنیان كردمەوە، بەڵام شكبردنی كچەكەم رێگای نەدەدام، بەشێوەیەك بێزار بووم، نەك پەشیمان بووم بۆ ئامۆزاكەم، ئەوجارە شێتێك بهاتایەتە داوام رازی دەبووم”.
ئەو ژنە كوردە ئێستا لەوڵاتی سوید دەژی، كێشەكانی تەنها بەخەمی جیابوونەوە و ئازاری توانج لێدانی ماڵە باوكی كۆتایی نایەت، بەڵكو دەكەوێتە ناو كێشەیەكی دیكە، كە خۆی بەدۆڕاندنی خۆی و دیلبوون ناوی دەبات. لەگێڕانەوەی كێشەكەیدا، دەڵێت “ژنی ماڵبووم كارم نەبوو، مناڵێكم هەبوو و مێردەكەی پێشووم گەرچی قانون لەسەری دانابوو، خەرجی منداڵەكەی نەدەدا، دەبوو چاوم لەدەستی براكانم بێت پارەی پلیتی نەخۆشخانەیەكم پێبدەن بۆ كچەكەم، مناڵەکەم جلوبەرگی دڕاوو جلی کۆنەی مناڵی خەڵکی لەبەردەکرد، ئاخر من دەیان هاوڕێم هەیە تەمەنیان زۆر لەمن زیاترە لەماڵی باوكیان دەژین، بەڵام وەك من هەست بەكێشە ناكەن، چونكە براكانیان هەست بەمەسئولیەت دەكەن بەرانبەریان، بەڵام من ئەگەر یەك دیناریان پێبدامایە هەزار تەعلیقیان لێدەدام. توشی قەلەقی ببووم، دەموت ئەوجارە شێتیش بێت شووی پێدەكەم. دیارە چارەنووسیش دەوری هەیە، بەراستی بەكولەمەرگی دەژیام، رۆژێك خزمێكم هاتە ماڵمان، لەكاتی دەستشۆردنی بەدزی براكانم پێیگوتم، ئەگەر توانیت وەرە ماڵی ئێمە، كارێكی زەرورم پێتە، چوومە ماڵیان. گوتی من ئاگام لەدۆخی تۆیە بەكچێكەوە دانیشوی و رێزت ناگرن، هاوڕێی هاوڕێیەكم لەخاریج دەژی، دەیەوێت بێتەوە ژن بهێنێت، بۆ مێردی پێناكەیت؟، گوتم ئەگەر شیاو بێت بۆ نا، ئەم پیاوەی ئێستام بوو، تەمەنی زۆر لەمن زۆرترە، بەڵام كاتێك قسەمان كرد، هەم لەبەر هاتنە خاریج و نەجات بوونم لەو وڵاتە، هەمیش بۆ باشبوونی ژیانی خۆم رازی بووم، كە هاتەوە بەهەشتی لەگەڵ خۆی خستبووە گیرفانی، بەڵێنی هەموو شتی پێدام، گوتم كچێكم هەیە، وتی كچەكەت چاوی منە، كچی منە، بەڵێن بێت باوكێكی میهرەبان دەبم بۆی. من رازی بووم و ماڵی باوكم رازی نەبوون، بەڵام داخی ئەوان منی ناچاركردبوو یاخی بم، گوتم نەمدەن بە ئەو، خۆم دەسوتێنم و شووی پێدەكەم و دەچمە مەحكەمە”.
ئەو ژنە كوردە ئێستا لەسوید و لەو ئەوروپایە كە كورد وەك بەهەشت لێی دەڕوانن و پێیان وایە بەگەشتنە ئێرە گرێی بەختیان دەكرێتەوە، بەڵام ئەو، گەیشتنە ئێرەی بەگرێدانێكی دیكەی بەختی ناو دەبات و دەڵێت “ساڵێك دۆخمان زۆر باشبوو، كوڕێكم لەو پیاوەبوو، دوای ئەوە كێشەكانی ئێمە دەستیپێكرد، دڵی لەدراوسێ سویدییەكانیشم پیسكردووە. لەکاتێکدا لێرە کەس کەس نابینێت هەموو لەکارەو دوای کار ماڵەوە، ژیانی لێكردوومەتە دۆزەخ، هەموو رۆژ پێمدەڵێت ئەگەر زۆر مەمنون نیت چۆن تۆ بەهەڵپەڕكێ هاتی، دەچم لەكوردستان ١٤ ساڵییەك بەهەڵپەڕكێ دەهێنم و تۆش دەنێرمەوە كوردستان”، بۆ رازیبوون بەو ژیانەشی، ژنەكە هۆكارەكەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە “ئێستا لەم وڵاتە، ناتوانی جیابیتەوە لەمێردەكەت، چونكە ئەگەر ئیقامەكەت نەبووبێتە جنسییە، دەتگەڕێننەوە وڵاتی خۆت”.
وەك هێماشی بۆ دەكات، سەرباری خۆی، پیاوەكەی وای لەكچەكەشی كرد تاوەكو لێیان جیاكردەوە، گوتی “من كچەكەم ١٦ ساڵە، مناڵ نییە، ئەو هەموو ئازاردانەی پیاوەكەم بۆ من ئازاری ناخۆشبوو بۆ ئەویش، جیا لەوەش بەكچەكەمی دەوت، تۆ باوكی خۆت دەناسیت؟ كێ دەڵێ منداڵی لاكۆڵان نیت؟ خوا دەزانی كێ باوكتە؟ مەگەر دایكە واو و واكەت بزانێت، ئەسڵی تۆ كێیە؟، كچەكەم دەچووە مەكتەب مامۆستاكانی ئێرە وەك مامۆستاكانی كوردستان نین، ئەگەر مناڵ بێتاقەت بێت لێی دەپرسنەوە و دەبێت بزانن كێشەی چییە؟ لەوێ كچەكەم بۆ مامۆستاكەی باسكردبوو، داوای كردبوو یارمەتی بدات تاوەكو لەو پیاوە رزگار بێت، مامۆستاكەش قسەی لەگەڵ سۆسیال كردبوو، ئێستا ئەویان لەمن جیا كردۆتەوە و لەگەڵ ماڵێكی سویدی دەژی، واتە هاتمە سوید، كێشەكانم گەورەتر بوون، كچەكەشم ئێستا لەپەنای خەڵكدا دەژی”.
لەوەڵامی ئەوەی كە بۆچی لەو پیاوە جیا نابێتەوە، دەڵێت “من نامەوێ بگەڕێمەوە وڵات، چونكە بەزۆری خۆم و یاخی بوونم لەبراكانم شووم بەم پیاوە كرد، یاسای ئێرەش دەبێت نزیكەی پێنچ بۆ شەش ساڵ لەگەڵ ئەو كەسە بژیت ئەوكات جنسییەت پێدەدەن، ئەگەر ئێستا جیابمەوە، ئەوە دەبێت بگەڕێمەوە كوردستان و ئیقامەكەشم رەفزدەبێت، ئەوكات دیسان بۆ لای براكانم، ئەمجارەیان نەك هەر تەڵاق، بەڵكو یاخی بوونەكەم ئەوانیشی لەسەرە، دەبێت دۆخم چۆن بێت؟ من لەتاو نائینسانی براكانم پەنام هێنایە بەر ئەم بەهەشتی ئینسانەی كە باسی دەكەن، لێرەش پیاوەكەم دەڵێی دیلی جەنگی گرتووە، بووم بەدیلی جەنگ، ئەگەر براكانم وەك ئینسان ڕێزیان لەمن بگرتایە، هەرگیز نەدەهاتمە ئێرە. ئاخر بۆچی رازی بم كە من رۆژ تائێوارە لەناو پیرەكانی ئەم وڵاتە كاردەكەم و خزمەتدەكەم؟ كە چوومەوە ماڵەوەش هەزار و یەك قسەم پێ بگوترێت و سوكایەتیم پێبكات، ئێستا من وەك زیندانیم، هەفتەی رۆژێك كچەكەم دەبینم، بەشەویش ئازاری نەفسی، خەڵك ئێرە بەگرەوی بەخت دەزانن و وادەزانن گرێی بەختیان لێرە دەكرێتەوە، بۆ من گرێیەكی دیكەبوو لەبەختمدا، بەڵام ئەوەش تێدەپەڕێ”.

ئەم بابەتە لەگۆڤاری سڤیل چاپکراوە

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com