ئەوە چوچانی یە پروپاگەندەی شەڕ دەکات؟ یان هەڵەدنی لەکاری رۆژنامەوانی تێناگات؟
رزگار رەزا چوچانی / سوید
سەرەتا بە هەڵەدنی دەڵێم تەنها لەسەر مانشێتەکەت ئەتوانم بتبەمە دادگا کە منت کردۆتەوە ئیتڵاعات و میت، پاراستن و زانیاری، بەڵام با بزانین چی ترمان دەخەیتە پەنا…
برادەرێکی کوردستان پۆست ئەم وەڵامەی ئێمەی لەخواری سایتەکەیان داناوە و مانشیتەکەشمانی دەسکاری کردووە.
راپۆرتێکم ئامادەکرد لەسەر خۆپیشاندانەکانی سوید، ئەوەی کە نەوترا بوو من خستمە روو، تەنها رای خەڵکم گواستەوەو هەموو راپۆرتەکە یەک دێڕ لە سەرەنجی منی تیا نیە، بەڵام ئیتر ئەوانەی کە گەشتونەتە موتڵەق لەوەی کە دنیا یان رەشە یان سپی و خۆیان لە نیعمەتی بینینی هەموو رەنگەکانی تر بێبەشکردووە، دەبێت خوێندنەوەی تریان بۆ راستیەکان هەبێت، نەک راستییەکان ببینن وەک خۆی، بۆیە قسەی من لێرەدا بۆ قسەکەران نییە بەڵکو بۆ خوێنەرە.
ئەگەرچی بەندە وەک رۆژنامەوانێک لەوەڵامی رونکردنەوەیەکی کۆمەڵەی کوردی مالمۆ، وەڵامی هەموو ئەم شتانەم داوەتەوە، بەڵام دیسان کاک تەها هەڵەدنی هاتووە هەمان شتەکانی ئەوان دووبارە دەکاتەوە، تەنها لەپێناو ئەوەی نوسینێکی تری زیاد بکات لەناو نوسینەکانی، یان دڵسۆزییەکی خۆی بۆ برادەرانی پارتی کرێکاران پێشان بدات، یان دیسان ئاڵای سەربەخۆ بونی خۆی بەرز بکاتەوە، ئەویش لەسەر ئەساسی لێدان لە خەڵکی تر نەک مەنتق، دیسان لەوەش ڕێی پێدەدەم چونکە زەحمەتە ئیسان بەڕێگای راست دڵسۆزی خۆی یان راستی خۆی پێشان بدات و هەوڵی زۆری گەرەکە.
من کەس بەوە نازانم بۆی روونبکەمەوە سەربەخۆم یان نا، چونکە دەزانم کارەکانم دەڵێن بەرەو کام ئاراستە کار دەکەم و ئەرشفێکی دەوڵەمەندی کاریشمان هەیە کەشانازیمان پێدەبەخشێت و جیامان دەکاتەوە لەوانەی کە خۆیان بە نوسەر دەزانن نەک شاعیرو رۆمان نوس، بەڵام نوسینەکانیان تەنها بەرهەمی خەیاڵی خۆیانەو دوای دانیشتن و ماندووبونیان لەسەر کۆمپیوتەرەکانیان بێ بەدواداچوون. بەڵام ئەو ئەرشیفەی من رەنگە ناسنامەی جیا جیا بەمن بدات، لای ئەوانەی کە تێناگەن، لەگەڵ ئەوەش من ئەوەندەی مەبەستمە راستییەکان بگەیەنم ئەوەندە مەبەستم ناسنامەی ئەوان نیە چی دەدەن بە من و بگرە ئەسڵەن پیویستیشم نیە، من کاری رۆژنامەوانیم ناسنامەو سانازییمە، کە ئەو کارەشم رێگربووە لە سامانداربونم و بە خاوەن پۆست بونم و هۆکاریش بووە بۆ جێهێشتنی وڵات، من ئەوەتەی دەنوسم رێگام بەخۆم ناداوە لەقسەکردن لەسەر واقییعی رۆژ، خەیاڵ بنوسم و حەکایەت بگێڕمەوە بەدوای خەڵکدا چووم و ئەوانەی کە دەبوو بڵێن ڕێم بەوان داوە بیڵێن.
بۆیە لێرەوە دەچمە سەر ئەسڵی راستکردنەوەکە بۆ خوێنەر، لەسەر نوسینێکی تەها هەڵەدنی کە بەپێویستی دەزانم.
ڕێزدار هەڵەدنی دیارە تۆ مانشێتی راپۆرتێکی منت خوێندۆتەوەم تاقەتی ئەوەت نەبووە راپۆرتەکە بخوێنیتەوەو بزانی ئەو مانشێتە لەکام پەڕەگراف وەرگیراوە و کێ گوتویەتی شەڕە و بۆچێ شەڕ بەکار هاتووە، بۆیە نوسیوتە گوایە لەبارەی خۆپیشاندانەکەی مالمۆ””ڕزگار چووچانی” پڕوپاگهندی دروست بوونی شهڕ دهکات”. ئەگەرنا یەک دوو پەڕەگرافی ترت لەخوار مانشێتەکە بخوێندایەتەوە، ئەتزانی رزگار چوچانی رای خەڵکی گواستۆتەوە و سەرەنجڕاکێشترین دێڕی کردۆتە مانشێت، هاوڕێ ئەگەر چاوەکانت ماندوو بوون بەسەر کۆمپیوتەرەکەتەوە بۆیە نەتخوێندۆتەوە، بەندە هاوکاری کردبوون بەدەنگیش ئەو راپۆرتەی دانابوو ئەتتوانی گوێ بگریت، بزانی ئەوە زانیارییە رزگار دەیگوازێتەوە؟ یان پروپاگەندەی شەڕی کردووە؟ ئێمە پڕوپاگەندەی شەڕ دەکەین یان تۆ لەکاری رۆژنامەوانی تێناگەیت، بەڵام دەرفەت بووە بنوسی، خۆ نەدەکرا لەدەستی بدەیت بۆیە لەو دۆخەی کە وتارەکەت تێدا نوسیوە، تێدەگەم و زۆر لۆمەت ناکەم، چونکە لەو راپۆرتە دەرفەتت پێ دەدات لەسەر پارتی بڵێیت و لەسەر یەکێتی و لەسەر گۆڕان و لەسەر پەکەکەش بنوسی، بەڵام دەبوو بۆ یەکجاریش بێت، بزانیت خەڵک دەچێتەوە سەر ئەسڵی راپۆرتەکەو دەزانێت هەڵەی لەوەی کە من پروپاگەندەم کردووە، ئەوکات گومان لەهەرچی قسەشتە دروست دەبێت کەلەرابردوو نوسیوتانە.
دواتر ناوی سڤیلت بردووە، بۆیە من وەک ئامادەکاری ئەو راپۆرتە رێگا بەخۆم دەدەم وەڵامت بدەمەوە.
هەڵەدنی بەڕێز، ئەوەی سڤیل نوسیویەتی درۆ نیە، ئەوە گواستنەوەی راکانە و دەکرا تۆ رای خۆت لەسەر دروست یان دروست بونی راکان بدەیت، بەڵام دیارە بە قسەو سەرچاوەی دروستکراو تێگەشتووی کە بە سڤیلی وتبێت، لەکاتێکدا ناوی ئەوانەشمان نوسیوە کەوا دەڵێن، دەڵێن هەڕەشەمان لێکراوە، لێمان دراوە، بەڵام دیسان پەلەتکردووە دەرەفەت بووەو پێت گوناح بووە لەدەستی بدەیت و نەنوسیت، بێ بیرکرنەوە لەوەی چی پرسیارێک لەدوای ئەو نوسینە لەسەرتان دروست دەبێت و چۆن ئەم نوسینە دەبێتە پرسیار لەسەر کۆی هەموو ئەو نوسینانەی تر کە نوسیوتن.
ئێمە لێرەوە خوێنەر دەکەینە حەکەم، لەنێوان ئێمەو هەڵەدنی، بزانن چوچانی یە پروپاگەندەی شەڕ دەکات، یان هەڵەدنییە پەلەپروزەی نوسینی بووە، نەیتوانیوە بخوێنێتەوە تا بزانێت کێیە وتویەتی شەڕە، بۆچی نوسیومانە شەڕە.
هەڵەدنی لەو نوسینەدا یارییەکی سەیر دەکات، پێی وایە خەڵک توانای ئەو خوێندنەوەی نییە، کە ببینێت ئێمە باسی ناو خۆپیشاندانمان نەکردووە، نەمانگووتووە لەناو خۆپیشاندانەکان شەڕ بووە، تا بڵێ لەوانی ناو خۆپیشاندانەکە بپرسن بزانن شەڕ بووە؟، ئێمەش دەڵێن هاوڕێ تەها هەڵەدنی، ئەرک بکێشە سەردانی ماڵی ئەو کوڕە بکە کە لێی دراوەو لە دراوسێکانی پرسیار بکە، نەک لەناو خۆپیشاندەر، چونکە نوسیومانە لەبەردەرگای خۆی لێی دراوە نەک لەناو خۆپیشاندانەکە، کەوایە ئەرک بکێشەو بنوسە خەڵکینە بابچین لەدراوسێکانی هێرشکراوە سەر پرسیار بکەین بزانین شەڕ بووە؟.
بەڕێز هەڵەدنی، ئەی ئەگەر پێت وایە یاری پاراستن و زانیارییە ئەوەی ئێمە نوسیومانە، یان ئەوەی ئەوان وتویانە، بۆچی سەرپەرشتیارانی ئەو خۆپیشاندانە نەچوون شکات بکەن لەوەی کە برادەرانی یەکێتی دەیانەوێ لە سەروەورییەکەیان کەم بکەنەوە، خۆ ئێرە وڵاتی یاسایە، چونکە ئەوە رزگار چوچانی نیە وتبێتی لەخەڵک دراوەو هەڕەشەکراوە، بەڵکو ئەوە تەها هەڵەدنیە راپۆرتەکەی نەخوێندۆتەوە تا بزانێت کێ گوتویەتی لێی دراوە؟ کێ گوتویەتی هەڕەشەی لێکراوە؟، کێ گوتویەتی هەموو ئەو لێدان و هەڕەشانە لەسەر رای جیاواز بووە لەسەر خۆپیشاندانەکان؟، بەڵام دیسان پێم وایە دەرفەتبووەو دەبوو هەڵەدنی بنوسێت، بۆیە ئەمجاریش لۆمەی ناکەم.
ڕێزدار کاک تەها هەڵەدنی، من دوا قسەم ئەوەیە، تۆ ئازادی بەهەرکام و بەکام دەزگام دەبەستیتەوە، دلنیابە رونکاریت پێنادەم و حاشاش ناکەم لەهیچ ناسنامەیەک لەوانە، چونکە ئەتوانم بزانم هۆکار رەش و سپی بینینە لای تۆ، کە ئەوەی زانیاری دروست بڵاو بکاتەوە دەبێت موخابەرات بێت، بیر لەوە ناکەیتەوە، کە ئەرکی ئێمەش وەک رۆژنامەوان وەک ئەو دەزگایانە کۆکردنەوەی زانیاری و بڵاوکردنەوەیانە، ئەوان بۆ حزب و ئێمە بۆ خەڵک، بۆیە بە رەچاوکردنی ئەوەی کە نەتتوانیوە ئەو جیاوازییە بکەیت، دیسان لۆمەت ناکەم، تەنها دەڵێم ئەرک بکێشەو چاوێک بەرابردوی کارمانا بخشێنە بۆ ئەوەی موەفەق بیت لەبەخشینەوەی ناسنامەکانت، دڵنیام دوای ئەوە ئەگەر ویژدان بونی مابێت، لێبوردنمان لێ دەخوازیت گەرنەشمابوو ئەوە من ئازادت دەکەم و هەرچی تریشمان پێ بڵێی ئاساییە.
بەڵام کاک تەها بیرت نەچیت ئەو وێنەی تۆ دات ناوەو ئەو مانشێتەی لەسەر ئەو وێنە نوسراوە وەڵامی رونکارییەکی کۆمەڵەی کوردی مالمۆیە، نەک راپۆرتەکە، بەڵام ئەوەش دەرفەت بووە بۆت کە بیکەیتە مانشێتی بابەتەکەت، هاوڕێ دڵنیابە موەفەق نەبویت لەو تێکەڵکردنەش، چونکە ئێمە هەردوو لینکەکە دادەنێین، بۆ ئەوەی خوێنەر بزانێت دیسان چی بێویژدانییەکت کردووە، کە بەهۆی نەخوێندنەوەت بووە تا تێبگەیت ئەو دێڕەی سەر ئەو وێنە وەڵامی چییە و دیسان رەش و سپییەکە نەتخاتە سەر ئەوەی کە مادام لەپێناوی خۆتان نیە، لەپێناوی دوژمنتانە.
لینکی راپۆرتەکەی ئێمە
لینکی وەڵامەکەمان بۆ کۆمەڵی کوردی ئەوەی کاک تەها وێنەکەی لێوەرگرتووە، بێ ئەوەی بزانێت بۆ ئەوە لەسەر ئەو وێنەیە نوسراوە؟!!!
بۆ خوێندنەوەی بابەتەکەی هەڵەدنی لەم لینکە کلیک بکە…
