کۆمەڵەی کوردی لەو شارە، مالمۆ بەتەکساس ناو دەبات و زانیاریەکان پشتراست دەکەنەوە
وەڵامێک بۆ کۆمەڵەی کوردی لەمالمۆ
لە وەڵامێک بۆ راپۆرتەکەی ئێمە، لەبارەی کێشەی خۆپیشاندانەکان، کۆمەڵەی کوردی لەمالمۆ بەناوی راگەیاندنەکەیان رونکارییەکیان بڵاو کردۆتەوە کە پێویستی بە وەڵامە.
بەڕێزان ئەگەر مانشێتی رونکاریەکەتان روو لەئێمە بێت وەک راگەیاندنکارو نوێنەری گۆڤاری سڤیل لەسوید، و سەرنوسەری ماڵپەڕی نوچەنێت، ئەوە من پێتان دەڵێم شاردنەوەی راستییەکان چەواشەکارییە، نەک باسکردنی و و گواستنەوەی وەک خۆی، ئەگەر مەبەستتان برادەرانی یەکێتی بێت لەو شارە، ئەوەیان پەیوەندی بەنێوانی خۆتانەوە هەیە.
بەڵام من وەک رۆژنامەوانێک و ئامادەکاری ئەو راپۆرتە بەچەند خاڵێک وەڵامی خۆمتان دەخەمە خزمەت، یەکەم لەو راپۆرتەدا من تەنها رای خەڵکم گواستۆتەوە، ئامادەکاری ئەو وەڵامەی کۆمەڵی کوردی مالمۆ، کە بەڕێز کاک شێرزاد بووە، بەر لەهەموو کەس پەیوەندیمان پێوە کردووە قسە لەسەر خۆپیشاندان و کێشەکان بکات، خۆی رایگەیاند کە نایەوێ تێکەڵ بە کێشەو حەساسیەت بێت، ئەو بێ لایەنەو قسە لەسەر ئەو مەسەلە ناکات، ئێمە ئاگامان هەیە کاک شێرزاد کەسێکی هەڵوسڕاوەو چالاکە هاوکاری کاری راگەیاندنی ئێمەو زۆر کەسێکی کردووە، بۆیە ئەو پەڕی هەوڵ دەدەین بە هێمنی وەڵامی رونکارییەکەی بدەین، کەنازانین و دیار نییە رەخنەکانی رووبەڕووی کێ کردۆتەوە، من وەک رۆژنامەوان، سڤیل وەک گۆڤار، یان یەکێتی وەک حزب؟، ئەوەیان بۆخۆی جێدەهێڵین.
بەڵام ئێمە بەکوردانی مالمۆ دەڵێین ئەگەر ئێمە قسەی ناو کۆبونەوە حزبیەکەمان بگواستایەتەوە، شتی زۆر سەیرتر هەبوو باس بکرێت، بەڵام قەڵەمەکەمان لەبەر خاترانەی کوردو ئەو کوردە بەڕێزانە پاراست کە بەشداری کێشەکان نەبوون و وەک کورد خۆیان پیشانداوە.
دوووەم. ئێمە لەو راپۆرتە لەم سەر بۆ ئەو سەری راپۆرتەکە، تەنها قسەو رایەکی خۆمانی تێدا نییە، هەموو رای خەڵکە گواستومانەتەوە بە ئەمانەتەوە، لە مالمۆ بەتەنها رای برادەرانی پەکەکەمان دەست نەکەوت، ئەویش داوامان لەخودی کاک شێرزاد و زۆر بەڕێزیكی تر کرد هاوکاریمان بکەن، بۆ ژمارە تەلەفۆن یان ئەدەرەسێکی ئەوان، بەڵام بەداخەوە دەستمان نەکەوت و لەوبارەوە هاوکاری نەکراین، هەرکاتیش دەستمان کەوت وەک ئەرکی رۆژنامەوانی خۆمان، راکانی ئەوان بە دیدارێکی تایبەتی رۆژنامەوانی دەگوازینەوە.
سێیەم. ئێمە کارو کێشەی شەخسیمان نەکردووە بەکێشەی حزب، بەڵام کاتێک ئەو کەسەی هێرشەکەی کراوەتە سەرو بەرپرسی حزبێک زیاتر لە چەند جار قسەو راکانی خۆیان بۆ ئێمە تەئکید بکەنەوە، کە لایەنگرانی فڵانە حزب هێرشی کردونەتە سەر، کاری ئێمە نیە دەسکاری رای ئەوان بکەین و پیاوەتی بە رەخنەکانی ئەوانەوە بکەین و وەک خەڵک و وەک کورد دەڵێ پیاوەتی بە ئاوی حەمامەوە ناکەین.
چوارەم . ئێمە مالمۆمان نەکردووە بە تەکساس، بەڵام لە ئێوە دەپرسم، هەڕەشە لە بەرپرسێکی کورد لەو شارە بکرێت، کەسێک خوێناوی بکرێت، چاودێری ماڵی بەرپرسی یەکێتی لەو شارە بکرێت لەدرەنگانێکی شەودا، ئەمە ناو دەنێن چی؟؟؟، ئەوە کاری ئێمە نیە ناوی شارێک بنێین، بۆخۆتانی جێ دەهێڵین و ئەوە رای خۆتانە کە مالمۆتان ناو ناوە تەکساس، ئێوە پەیوەندی بە بەرپرسی یەکێتی بکەن، وردەکاری تەواوی ناسنامەی ئەوانەشی هەیە کە چاودێری ماڵەکەیان کردووە و بەڵگەشی لایە.
پێنجەم. ئێمە بەهیچ شێوەیەک نەمانوتووە کە سوکایەتیتان بەئاڵای کوردستان کردووە، لەزاری خەڵکی شارەکەوە گواستومانەتەوە کە دەڵێن خۆپیشاندانەکە بەحزبی کراوە لە جێی ئاڵای کوردستان ئاڵاکان ئاڵاو دروشمی حزب بوون، خۆشبەختانە ئەو ڤیدیۆ وێنەی کە کۆمەڵەی کوردی مالمۆ دروستیان کردووە، پشتراستی دەکاتەوە زۆربەی دیمەنەکان ٣ تا ٤ ئاڵای کوردستان لەبەرانەنبەر زیاتر لە ١٥ ئاڵاو دروشمی حزب دەبینرێت، ئەو ڤیدیۆی خۆیان پشت راستکرنەوەی زانیاریەکانە ئێمە سوپاسیان دەکەین.
رزگار رەزا چوچانی
سەرنوسەری نوچەنێت و نێردراوی گۆڤاری سڤیل/ سوید
تێبینی ئەمە لینیکی راپۆرتەکەی ئێمەیە کە خوێنەرو بیسەر حوکم بدات یەک دێڕ ڕای ئیمەی تیا نیە…
ئەمە لینکی وەڵامەکەی کۆمەڵەی کوردییە لەمالمۆ. خوێنەر بخوێنتەوەو حوکم بدات، بزانن دەزانن وەڵامەکە روو لەکوێیە؟ ڤیدیۆکە ببینن ئاڵاکانی کوردستان و دروشمەکانی حزب بژمێرن، بزانن زانیاریەکان پشت راست نین؟