تەها بەرواری: با ڕێ لە لۆزانێکی تر بگرین!، ئەرکی کوردستانیانی بەرپرسیار لەم کاتەدا

0

با ڕێ لە لۆزانێکی تر بگرین!

تەها بەرواری

ڕووداوەکانی جیهان خێرا تێپەڕدەبن، ئەوشتانەی چەند ساڵ لە مەوبەر نامومکین بوون ئێستا دەبن بەڕاستی. پرەنسیپی نابێت دەستێوەردانی کاری ناوخۆی ووڵاتێک بکرێت، بە بڕیاری ٦٨٨ی ئەنجومەنی ئاسایش لە ساڵی ١٩٩١ گۆڕانکاری لەو دیسکۆرسە(گۆتارە) کلاسیکەی سیاسەتی نێودەولەتی کرا. ئێستا کاتی رێکەوتنی شومی لۆزان نیە کە(٨٨ کە ساڵ لەمەوبەر خەونەکانی کوردستانی ژێرگڵ کرد)، ئەمڕۆ بە ئاشکرا دەربارەی گۆڕانکاریەکانی باشوری ئەفریقا و رۆژهەلاتی ناوەراست هەڵوێست وەردەگیردرێت. کۆمەڵگای نێونەتەوەیی دان بە ئۆپۆزیسیۆنی لیبیا وەک نوێنەری شەرعی دەنێت، سەرەڕای ئەوەی لیبیا هێشتا ئەندامی رەسمی نەتەوە یەکگرتووەکانە!. ئەو شتانەی کە جاران لە خانەی دیپلۆماسی (بێدەنگ) دەژمێردران، ئێستا تەکنۆلۆژیای ڕاگەیاندن بە هەموو جۆرەکانەوە دەرگای لە سانسۆری دیپلۆماسی و ڕاگەیاندنی ئاراستەکراوو و سیاسی گرتووە. ئەگەر نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەرەتادا ٥٠ ووڵات ئەندامی بوبن لە ٩/٧/٢٠١١ بە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی باشوری سودان، ئەندامانی دەبن بە ١٩٣ ووڵات!، واتە دەکرێت ئەمرۆ بەسەردەمی مومکینی نامومکینەکانی دوێنێ ناوببەین.

ئەرکی کوردستانیانی بەرپرسیار لەم کاتەدا

لەم نوسینەدا هەوڵ دەدەم، بە شێوەی پرسیار ئەو راستیانە بیربهێنمەوە کە زۆرکات لەیادکردنی گەیاندوینیەتە ئەمرۆژە، دەکرێت لەگەڕان بەدوای وەڵامەکاندا، بگەینە رێگای دەربازکردنی وڵات لەو کێشەو گرفتانەی کە ئەمڕۆ دوچاری بووین.

ئەوەی لێرەدا مەبەستمە قسەی لەسەر بکەم، ئەوەیە کە ئایا لە هزری هەریەکمان بۆ گرفتەکانی نەگەیشتنە جێمان لەڕابردوو، چی پاساوێکمان داناوە؟، ئەی بۆ ئەمرۆ کە هەموو شتێک مومکینە، تاچەند نزیک لە ئەرکی خۆمان بەرپرسانە مامەڵە دەکەین؟، یان دەبێت چی بکەین لەم کاتە چارەنوس سازەدا؟ یان….

بێگومانم لەوەی زۆرمان پرسیومانە، بۆچی لەرابردوو ئیمە نەبوین بەوەی دەبوو بین. یان نەگەیشتین بەو مافانەی دەبوو هەمان بێت؟. لەوەڵامیش چۆن زۆرێکمان خۆمان بە قوربانی سیاسەتە نێودەوڵەتیەکان زانیوەو زۆرێکمان بەستومانەتەوە بەوەی کە سەردەم بەنسبەت کوردەوە سەردەمی نامومکین بووە، نەک شایەن نەبوون و هەوڵ نەدانی خۆمان، بەداخەوەم زۆرێکیشمان نەوەکانی رابردوو تاوانبار دەکەین بەوەی، کەمیان لەسیاسەت زانیوە بۆیە ئێمە نەبووین بەهیچ!. خێڵەکی بوون و ئاگایان لە دونیا نەبووە!، ئایین بەر لەنەتەوە لە ئەجێندایاندا بووە!. ناوچەیی بیریان کردووەتەوە نەک نەتەوەیی!. حزبی بوون بەرلەوەی کورد بووبن! و زۆر پێشناو پاشناومان نووساندووە بە کۆمەڵێک بزاڤی کوردستانی کە لەسەردەمانێکی زۆر سەخت و دژواردا بەرگریان لە ناسنامەو هەبوون و کەرامەتی کورد کردووە.

لەشیکاری هەموو ئەو وەڵامانەشدا کە لەپرسیاری بۆچی دوێنێ نەگەیشتین بەوەی دەبوو پێی بگەین؟، ئەوەی لامان دروست دەبێت، ئەو پرسیارەیە، کە ئەگەر دوێنێ هۆکارەکان ئەوانەبوون ئاخۆ ئێستا خەریکی چین؟!. لەم چەرخەی مومکینی ناموکینەکاندا. ئایا لە خۆ ئامادەکردنین بۆ ئەوەی بگەینە ئەو پایەی وڵات و میللەتەکەمان شایەنیەتی یان نە؟.

بەخوێندنەوەی ئەو دۆخەی ئێستا لەوڵات دەگوزەرێت، ئەتوانم بڵێم بەداخەوە لەجێی ئامادەکاری بۆ لەدەستنەدانی دەرفەتەکان، خەریکی کارێکی خۆکۆژین! لە لایەک دانوستاندن ڕادەگرین و گۆفتۆگۆ ناکەین، بۆچارەکردنی کێشەناوخۆییەکان!. لە لایەکی تر هەر لایەکمان لایەکی تر تۆمەتبار دەکات!، وڵات تۆپباران دەکرێت لەلایەن درواسێ(باشەکانمانەوە)! ماددەی ١٤٠ بە (( بەگ دەسۆڕێتەوە))! هەموومان پشتگوێخستووەو چاومان لەوەیە خەڵکی تر دەستخۆشیمان لێبکات!. سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەنگێکی گەورەی هەیە، لە هاوکێشە ناوخۆی عێراقی و کوردستانییەکان، و خودی ئەو پۆستەکەش سیمبولێکی جێی هیوایە بۆ وڵات، بەڵام بەشێک لەخەڵکی خۆمان کاری ڕۆژانەیان لە جێی بەهێزکردنی ئەو سیمبولە، لەهەوڵدان کە چۆن لە پایەی کەم بکەنەوە!.

بەشیک بۆنەتە کۆمۆنیستی عەییار ٢٤و نەتەوەیی بوون بە گرفت دەزانن و بەشێکی تریش بە نیازن ئەی رەقیبی نەتەوەییمان بە ناوی ئایینی پیرۆزی ئیسلامەوە زیندەبەچاڵ بکەن!. بەشێکی ترمان خەریکین هەرچی کاری ڕابردووە دەخەینە ژێر پرسیار و سیاسەتێکی پۆپۆلیستی حزبی و گروپی ئاشکرا بە کار دەهێنین!، بە بێ بیرکردنەوە لە ئەنجامەکانی ئەم کارە لە ناو میللەتێکی وەکو کورددا، کەتائێستاش برینی شەڕو و ناکۆکیەکانی ساڕێژ نەبوون! لە جیاتی بەهێزکردنی فەرهەنگێکی شارستانی و هاوچەرخی دامەزراوەیی، خەریکی کۆکردنەوەی خاڵین بۆ خۆدی خۆمان!.

بەڵام ئایا ئەمانە هەمووی دادی ئێمە دەدەن؟. گەلۆ مێژوو چۆن تۆماری ئێستای ئێمە دەکات؟.

بەڕاست گەر بیر لەڕابردوو بکەینەوە هەموومان پەشیمان نابین کە بۆ کارێکی باشترمان نەکرد؟. بەشێک لە جاشەکان لە دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلول کە ئەمساڵ ٥٠ ساڵ یۆبیلی زێڕینی خۆی پڕدەکات. دەیان گووت “بریا هەر شۆڕش هەبوایە چونکە بە خێری ئەوە شۆڕشە حساب بۆئێمەدەکرا”. ئەرێ بەڕاست ڕۆژانی سەختی پەنابەرێتی و پارتیزانی و نەگبەتیمان لە بیرچوو؟. لە بیرمان چوو چۆن ئەتک دەکراین، تا کو ڕەزامەندی پەڕینەوەمان لە لایەن هاوسێ (دیموکراتەکانمان) بۆ دەدرا بۆ ناوخاکی نیشتمانی دایک؟. لە بیرمان چوو ئەم کوردستانە بەبێ شومار بە فرمێسک وگریان و خوێن و خۆڕاگری گەیشتۆتە رۆژی ئەمڕۆ؟. لە بیرمان چوو دوای ٣٦ ساڵیش پەنابەری لە ووڵاتێکی وەک ئێران ناتوانیت تەنانەت خانوویەکیش لە سەر ناوت هەبێت وەک پەنابەری کورد؟. لە بیرمان چوو کە کەم ووڵات دەیوێرا لە تەلارەکانی وەزارەتی دەرەوەیان بە فەرمی لە گەڵ نوێنەرانی کوردستان دابنیشن؟ نابینین ئێستاش بە خۆشحاڵیەوە دێن بۆ کوردستان و چۆن پێشوازی لە سەرۆکی هەڵبژێرراومان دەکرێت لە پایتەختە گرنگەکانی جیهان؟، نابینین یان هەست پی ناکەین کە ڕۆڵەکانی پارچەکانی تری کوردستان زیاتر نرخی ئەم دەستکەوتە میللیەمان دەزانن؟، لە بەر ئەوەی ئەوان ڕۆژانە ئازاری نەبوونی ئەوە ئازادیە دەچێژن کە ئێمە بە گەرانتیمان وەرگرتووە! بیرمان چوو چۆن کارەساتی ئەنفال و هەڵەبجەو بارزانیەکان و فەیلیەکان و بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراوی نێونەتەوەیی کیمیاوی دژی خەڵکی سڤیلی کوردستان بە کار دەهات و لە نێوەندە نێونەتەوەییەکان دانیان پێ نەدەناو دەیانگووت لەسەرچاوە کوردییەکان کە تەئکید نەکراوون ئەوە هەواڵە بڵاوبووەتەوە؟!. بیرمان چوو لەزیندانەکانی وەک (قەسری نیهایەو نوگرە سەلمان و ئەبوغرێب و ئەمنە سورەکەی سلێمانی و…) چەندین تاوانی دژ بە تێکۆشەرانی کوردستان، کە لە مێژووی مرۆڤایەتیداکەم وێنەن تۆمار کراون؟ هەر چەند رۆژ لەمەوپێش نەبوو کە بەرێز “مەولود باوەموراد” وەک نوێنەری حزبێکی ئۆپۆزیسیۆن لە دێباتێکدا لە سەر شۆناسی ئۆپۆزیسیۆن، لە کەناڵی KNN بە جوامێری دانی بەوەدا نا کە لە بەغدای ئێستادا و لە (عێراقی تازەدا) وەکو کورد تەماشامان دەکەن و جیاوازی ناخەنە نێوان ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵات؟!، بە واتا کورد هەرکوردە و هەر لە دیدگا کلاسیکیەکەی جێی پرسیاری نەتەوەیی رەفتاری لە گەڵ دەکرێت، لە لایەن زۆربەی زۆری هێزە عەرەبیەکانی عێراقەوە.

گەر وەڵامی هەموو ئەم پرسیارانە دەزانین، ئەی بۆ کارێکی واناکەین کە کوردستان بکەین بە بەهەشت و دوورگەیەکی دیموکراسی کە هەموو تێیدا بە ئارامی و ئاسودەیی بژین و بەرامبەر بە ئێستاو داهاتوومان و ئەو هەموو فرمێسک و گریان و ڕووبارە خوێنە و گۆڕی بە کۆمەڵ و خۆراگری میللەتەکەمان لەرابردوو سەربەرز بین؟.

چی بکەین باشە؟

کاتێک دەست دەخەیتە سەر گرفتێک یان گرفت و هەڵەیەک دیاری دەکەیت و دەرەنجامەکانی دەست نیشان دەکەیت، گەرەکە باس لەو وێنا یا خۆد شائامانج و رێچارەش بکەیت کەلات پەسەندە، بۆیە من پێم وایە دەبێت لەوەڵامی هەموو ئەو گرفتانەو هەوڵی چارەسەرکردنیان، پێش هەموو شتێک کاربکەین لەسەر شتە هاوبەشەکان و هەوڵ بدەین شتە ناکۆکەکان دوابخەین. ئیرادەیەکی سیاسی هاوبەشمان هەبێت و ڕۆئیایەکی ڕون و ئاشکرامان هەبێت و ویستێکی هاوبەشمان هەبێت، ڕێککەوین لەسەر ئامڕازی سەردەمیانە بۆ کارکردن لە سەر نەخشەڕێگایەک کەبمان گەیێنێتە ئەو شائامانجانەی کە ڕێککەوتووین لەسەری. سیستەمێکی خوێندن دابنێین کوردستان بە ئاراستەیەک ببات کە تاکێکی بە بڕوا دروست بکات، سیستەمیکی خوێندن کە مێژوویەکی هابەش دروست بکات، سیستەمێک کە ئەرزشی میللی هاوبەش دروست بکات، سیستەمێک کە ئامڕاز بداتە دەست تاکەکانی متمانەیان بەخۆیان هەبێت، سیستەمێکی خوێندن کە ئامراز بداتە دەست تاکەکان کە ئەجێندای میللی هاوبەش دروستبکات، سیستەمێک کە داهێنانی زانستی دروستبکات لەکوردستان، سیستەمێک کە بنەماکانی ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ بکاتە کۆڵەکەیەکی سەرەکی تێگەیشتنی کۆمەڵگا، سیستەمێکی خوێندن کە ژینگەپارێزی بکات بە بەشێک لە ئەرکی سەرەکی خۆی، سیستەمێکی فێرکاری دروست بکەین کە تواناسازی بەردەوام و ئامانجدار بە بەرهەم بهێنێت.

دەبێت کار بکەین بۆ چۆنیەتی نەهێشتنی بێکاری و هەژاری و کزی دادپەروەری، کار بکەین ئاسایشی خۆراک دروست بکەین لە ناو کوردستانە دەوڵەمەندەکەمان بە سەرچاوە سروشتیەکان. ئیرادەیەکی سیاسی و ئابوری دروست ببێت، کە ئەو پۆتانسێلە گەورەی ناو کوردستانیەکانی دەرەوە بخرێتە خزمەت گەشەکردنی ووڵات، پەبلیک دیۆپلۆماسیەکی چالاک دروست بکەین کە جێی شانازی هەموو لایەکمان بێت، کاربکەین بۆ گەڕاندنەوەی ئەو ناوچانەی کە کوردستانن و تائیستا لە ژێر دەسەڵاتی کوردستان نین، واتە سنورەکانی فیدڕالیزمی کوردستان دیاری بکەین، دەبێت کار لە سەر چەسپاندنی فیدڕالیزم بکەین کە متمانە بەم سیستەمە لە ناو دەسەڵاتدارانی غەیرە کورد زۆر لاوازە. کار لەسەر شۆڕشێکی چاکسازی دامەزراوەیی دەست پی بکەین، کە ڕێکەوتنێکی میللی لە سەر بێت. ڤاکسینێک لە خۆمان بدەین بەرامبەر بە دیاردەی تەوەزەلی و ئێپێدیمیای رق و کینەو حەسادەت کە بە داخەوە رەگێکی قوڵی لە ناو کۆمەڵگای ئێمە داکۆتاوە. کە پێم وایە لە کۆمەڵگاکانی دوای شەڕ، بێ ئەزموونی دەوڵەتی و دامەزراوەیی هۆکارێکی سەرەکی ئەم دیاردە (فێنۆمێن) ماڵوێرانەیە.

میدیای کوردستانی ببنە سەرچاوەی عیلم و مەعریفەت و کەناڵی گواستنەوەی شتی باشتر و چاودێری کردنی بە سەلامەتی پیادەکردنی کۆمەڵگای گوزەرای(ئینتقالی) ئێمە بن. کۆمەڵگایەکی مەدەنی دروستبکەین کە پیادەکەری سیاسەتی حکومەتی هاووڵاتی بوون بێت لە ناوەڕۆکدا. پردێکی بەهێز درۆست بکەین لە نێوان توانا میللیەکانمان لە دەرەوەو ناوەوەی کوردستان بۆ تواناسازی بەردوامی کوردستان، بە هەموو کایەو دامەزراوەکانیەوە، فەرهەنگێکی گەش و بەرزەفڕو فرەڕەهەند و فرەلایەنە لە گشت بوارەکاندا بەبەرهەم بهێنین، ئیشوئاکاری باش ببیێتە ڕێنیشاندەری هەموو لایەکمان و ڕۆژانە پراکتیزەی بکەین.

بە دیتنی من ئەم کارانە مومکینن و زادەی خەیاڵ نین، تەنها بڕیارێکی بە جۆرئەتی دەوێت و پەیمانێکی میللی گەرەکە، بەم هەنگاوانە هەموومان سەرفەراز دەبین و کەشتی لە مێژە بەڕێوەی کوردستان بە سەلامەتی دەگەیێنینە لەنگەر! ئێمە دەبێت شەڕی مافەکانمان لە ناو کورستاندا بگوێزینەوە بۆ ساحەی لایەنەکانی دژ، بۆ بەدەستهێنانی داوا رەواکانمان. ئەو هەنگاوە بوێرەش ویست و ئیرادەیەکی ڕاستەقینەی سیاسی و بەشداریەکی هەمە لایەنەی پێویستە.

کاتی هاتووە هەموو پشت لەرق و کینەی نێوانمان بکەین بۆ کوردستانێکی ئارام و ئایندەیەکی مسۆگەر سرودی “ئەی کوردینە، ئەی مەردینە با دەست لەناو دەست کەین هەموو” بکەین بە کردار و تەبایی و یەکریزی کۆمەڵگای کوردستان، بەهیچ شێوەیەک ناکرێ ئەم ساتە مێژوو کردە بکەینە قوربانی هیچ ئەجێندایەکی تر!. با چۆن ٥٠ ساڵ لەمەوبەر بە یەکڕێزی مەشخەڵی شۆڕشی پیرۆزی ئەیلولمان بەرز کرد و پێکەوە گوتمان یان کوردستان یان نەمان، لەگەڵ پیرۆزکردنی یادی یۆبیلی زێڕینی ئەم شۆڕشە گەورەیە، وەکوو میللەتانی تر بکەینە خاڵێکی هاوبەش و خاڵی دەستپێکی ستایلێکی تازەی ژیان و کارکردن لە کوردستان دا و لە گشت بوارەکانداپەیمانێکی میللی ڕابگەیێنین و ئەجێندایەکی میللی هاوبەش دروستبکەین. زۆر دڵنیام بە کارێکی بە جورئەتی لەوچەشنە شانازیەکی زۆر گەورە بۆ خۆمان و شەهیدەکانمان و نەوەکانی داهاتوو بە زێڕینی تۆمار دەکەین.

وەزیری پێشووی وەرزش و لاوان، لەکابینەی پێنجەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

تێبینی:

ئەم بابەتە لە ژمارە ١٧٢ ی رۆژنامەی رووداو بڵاو کراوەتەوە.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com