ئەو كچەی بێزاربوونی لە پیاو عاشقی دەكات بە ژن، چیرۆكی ژیانی دەگێڕێتەوە

0

ئەو کچەی بێزاربونی لەپیاو عاشقی دەکات بە ژن، چیرۆکی ژیانی دەگێڕێتەوە

نوچەنێت/ گۆڤاری سڤیل

رزگار رەزا چوچانی / سوید

ماوەیەک دەبوو بەهۆی خێزانەکەیەوە کچێکی کوردم دەناسی، ئەو کچێکی گەنج و رووخۆشە، زۆر کات قسەمان کردووە، کەسێکی ئاگاو هۆشیارە، ئەوەی لەوکچەدا زۆر جێی سەرەنجم بوو هاوڕێیەتی بوو لەگەڵ دوو کچی تر، کە یەکیان ئەوروپیەو ئەوی تریش ئەفریقی، ئەوان بەردەوام لەدوای دەوامی خۆیان ئێواران پێکەوە بوون، بۆ دیسکۆ و پیاسەی ناو بازاڕو دانیشتن لە کافی و لەناو پارکەکان، خۆشەویستی و تامەزرۆیی ئەو سێ هاوڕێ بۆ یەکتر بەئاشکرا لە هەڵسوکەوتیان بەدی دەکرێت، تا ئێرە ئاسایی، تەنها گەرموگوڕی هاوڕێیەتیان جێی سەرەنجم بوو.

سوید وڵاتی تاریکی و بەفراوییە، لەهاوینیشدا زۆرکاتێک باران رۆژە گەرمەکانی تێک دەدات، بۆیە ئەو رۆژانەی کە خۆر دەبێت و دنیا گەرم دەکات، زۆرکەس لەخۆشەویستی تیشکی خۆر خۆیان دەدەن بەخۆر، رۆژێکی پشوو لەیەکێک لەپارکەکان دانیشتبووم لە سوچێکدا کە رێگای هاتوو چۆ نەبوو، منیش وەک ئەوان لەوەتەی لەم وڵاتەم خۆرم خۆش دەوێ، بۆیە لەبەر تیشکی خۆرەکەدا دانیشتبووم، سێ هاوڕێ کچەکە دەرکەوتن و لەدوورەوە دەنگی پێکەنیان دەهات، ئەوان مەستی خۆشویستنی یەک بوون، لەیەکێک لە کورسیەکانی پێش منەوە کە نزیک بە سەد مەترێک لێم دوور بوو دانیشتن، دیار بوو قسەو باسێکی گرنگ هەبوو لەنێوانیان، بۆیە ئاوڕیان لەوە نەدایەوە کە من لە سوچێکی تەریکی پارکەکە دانیشتووم، زۆری نەبرد لە دانیشتنەکەیان ماچێکی نێوانیان بووە کلیلی گەشتن بەوەڵامی ئەو پرسیارەی، کە ئەم گەرموگوڕییە لە هاوڕێیەتی، چی لەپشتە؟.

ئەو ماچەی نهێنی نێوان کچەکانی ئاشکرا کرد

دوای ئەوەی کچەکان لەکورسیەکانی بەشی پێشەوەی پارکەکە، دانیشتن دوای ماوەیەک پێکەنین، بینم کچە ئەفریقیە رەش پێستەکە، هێدی هێدی دەستی بە پرچی کچە کوردەکەدا دەهێنا زۆری نەبرد، وەک دوو عاشقی زۆر تامەزرۆ دەمیان خستە ناو دەمی یەکتر و تێر تێر یەکیان ماچ کرد، ئاخر لێرە لە سوید بەیاساو بەنەریت و بەدینیش هیچ ڕێگرییەک نییە بۆ ئەوەی دوو هاو رەگەز پێکەوە بژین، بۆیە ئەگەر لەوێوە لەو باسە بڕوانی ئەوەی رویدا جێی باس نیە، بەڵام ئەوەی جێی سەرەنج بوو لام، کچێکی کورد کە زۆریش ئاگایە لە نەریتی نەتەوەو وڵات و خانەوادەی خۆی، هەمان ڕێگا بگرێت، لەوێوە گەشتم بەوەڵامی ئەوەی کە بۆچی ئەوەندە پێکەوە دڵخۆشن، بەڵام پرسیارێکی تر دروست بوو، کە ئاخۆ چۆن کچێکی کورد بەو شێوە دەژی و چۆن ئەو حەزەی بۆ دروست بووە؟.

ئەوەش وەک فزولی کاری رۆژنامەوانی نەوەک وەک تەدەخول لەژیانی خەڵک، چونکە لێرە نەک هەر جوان نیە، بەڵکو بەپێی یاساش بۆت نیە، ئەو تەدەخولە بکەی، رۆژێک لەگەڵ ئەو کچە کوردە کاتم دانا، پێکەوە دانیشتین و وردە وردە لەباری ئازادی تاک لێرەو لەکوردستان قسەمان کرد، رەخنەی توندی لەکورد هەبوو، سێ جار یەکترمان بینی لەسەر هەمان باس، ئەویش پێی خۆش بوو قسە لەسەر ئەو پرسانە بکات، بۆیە لە سێ هەفتەدا، سێ جار یەکمان بینی، لەدواین دانیشتن، دوای ماوەیەک قسەکردن، چومە سەر ئەسڵی باسەکە، سەرەتا نەیویست لەو بارەوە قسە بکات، لای سەیر بوو کەمن گومانێکم لە ئەو هەبێ، پرسی کێ باسی ئەوی کردووە؟ هێمنم کردەوە دڵنیام کرد کەمەسەلە باسکردن نیە، بەڵکو مەبەستمە چیرۆکی ژیانی بۆ کورد بگێڕیتەوە، دواتر کە دڵنیا بوو لەوەی ناوی نانوسرێت و هاوڕێکانیشی ئەم باسە نابیسنەوە، ڕازی بوو بە قسەکردن، وەک خۆی بەپێکەنینەوە وتی”باشە با کچانی کوردستانیش بیر لەم شێوە ژیانە بکەنەوە”. ئەو کچە هۆکاری هەڵبژاردنی ئەو شێوە ژیانکردنەوەی بۆ ئەوە گێڕایەوە کە”بێهیوابووم لەپیاو، سێ پیاوم ناسی و زۆر زۆریشم خۆش ویستن، بەڵام بێ وەفا بوون تێگەشتم پیاو ژنی بۆ ساتێک دەوێ، تێگەشتم ئەگەر پیاو تۆی خۆش بوێت بۆ ساتێک خۆشی،، تۆی دەوێ، بیر ناکەتەوە لەوەی کە چەند خۆی دروستکردووە لەدڵی ژنێکدا، چەند خۆی خۆشەوسیت کردووە، چەند بووە بەپێویستی ژیانی ژنێک، کە ژنێکی تری بینی یان حەزێکی تری بۆ دروستبوو، هەموو شت لەیاد دەکات، گرنگ ئەوەیە خۆی خۆشی ببینی گرنگ نییە، ژنێک چەند ئازار دەدات بەو ئاکارەی ببورە کە بڵێم نەفرەت لەپیاو”.

بێهیوا بوون لەپیاو

ئەو کچە کوردە هۆکاری بێزاربوونی لەپیاو بۆ سڤیل ئاشکرا دەکات و دەڵێت”من سەرەتا کوڕێکی کوردم خۆشویست، ناسراوی باوکم بوو، چەند جار لەگەڵ باوکم کە دەر دەچوین سودفەم دەکرد لەگەڵ باوکم زۆر گەرم بوو، بەڵام کە قسەی لەگەڵ باوکم دەکرد چاو پانیشی دەکرد، لەژێرەوە سەیری منی دەکرد، دواتر زانیم لە ڕێستۆرانگێک کار دەکات، دوای ماوەیەک قسەمان کرد، ئەویش زۆر جێی سەرەنجی من بوو”، بەپێکەنین و نەرمە شەرمێکەوە” دەی کوڕێکی جوان بوو بۆیە ناهەقم نەبوو. داوای خۆشەویستی کرد، منیش رازی بووم وتم بەڵام کاتێک هاتینە بڕوا پێکەوە بژین، دەبێ دەست بەخوێندن بکەیتەوە، رازی بوو، منیش بەخۆشویستنی ئەو رازی بووم، دوای ماوەیەک هاوڕێیەکم بۆی گێڕامەوە کە زۆر سەرەنجی ئەو دەدات و داوای ژمارە تەلەفۆنی لێکردووە، پێم سەیر بوو ئاخر ئێمە بەڵێن و خۆشەویستیەکی زۆر زۆر لەنێوانمان هەبوو، هەرچەند ژنێکی ناسراوم زۆری وت، من کورد داخی کردووم، زۆر نزیکی کورد مەکەوە، بەڵام من بەقسەی ئەووم نەکرد، منیش بەڵێنم دا تاقی بکەمەوە، بەو کچەی هاوڕێم وت وەرە با تاقی بکەینەوە، ئەمجارە بچۆ بۆ نان خواردن و ژمارەی مۆبیلەکەتی پێبدە، ئەو کچێکی بەغدادیە، چوو بەقسەی کردم ژمارەکەی دا بەخۆشەویستەکەی من، شەو هات بۆ لای من و ئیزنی لەماڵەوە وەرگرت، لای من قسەی لەگەڵ کرد تکای لە کچەکە دەکرد، بچێتە لای، وتی بەتەنیام وەرە ئەمشەو باشەوێکی جوانمان هەبێت، ئەویش وتی من ئیسلامم خۆت دەزانی ماڵەوە ڕێنادەن، زۆر قسەی کرد کە كچەکەی هاوڕێم بچێت، راستی منیش یەکەم عاشقم بوو ئەو کوڕە، هیچم نەوت، بەڵام دوو هەفتە لەماڵەوە کەوتم، ئەوەندە نەخۆش بووم نەم ئەتوانی هەستمەوە، ئاخر بۆ من وەک کەئابە وابوو ئەو قسانە هەمان ئەو قسە خۆشانەی بوو کە بۆ منی دەکرد، بۆ ئەویشی دەکرد، لەکاتێکدا یەکەم جار بوو بەتەلەفۆن قسەبکات لەگەڵ ئەو کچە، دوای ئەوە چومەوە ناو هاوڕێکانم، ویستم ئەو لەیاد بکەم ژمارەی تەلەفۆنەکەشم گۆڕی، هەستم دەکرد کچەکەی هاوڕێشم لەمنی نە ئەپرسی، پێم سەیر بوو، رۆژێک هاوڕێیەکی ترم پێی وتم، ئەزانی عیلاقەی لەگەڵ کوڕەکەی تۆ هەیە، وتم وانیە، وتی دڵنیا وایە، کە بەدوایا چووم بینیم وابوو”، بەپێکەنینەوە”. ئاخر مەسەلەیەک هەیە ئەڵێ خۆم بەخۆمم کرد، من بۆ تاقی کردنەوەم نارد، کەچی عاشق بوو، زۆر ناخۆش بوو بۆ من، بەڵام باسم نەکردن و وازم هێنا لەو کوڕەو لەو کچەش”.

بەردەوام بوو لەگێرانەوەی هۆکارەکانی بێزابوونی لەپیاو”ئەو ماوە زۆر بێتاقەت بووم ژنێکی ناسراوم ئەوەی کەسەرەتا پێی وتم مەکە زۆر قسەی بۆ کردم، وتی هەموو پیاو وایە، پێی وتم پیاوێک بگرە بۆ رابواردن و خۆشی کردنی خۆت و دواتر بەڕێی بکە، ئاخر ئەوەم پێ نەدەکرا من دایکم و باوکم دەبینم، ئەوەتەی بیرم دێ یەکیان خۆش دەوێت، ویستم لەگەڵ پیاوێک بم وابکەم”، تۆزێک بێ دەنگی و پێکەنی”ئەو ژنەی هاوڕێم بەردەوام بوو وتی دایک و باوکت لەمرۆڤە کۆنەکانن، لەو نەوعە نەماوە بەخوا، مەگەر لە لادێکانی کوردستان، دەی منیش ناگەمە لادێکان، بەهەر حاڵ کوڕێکی تری کوردم لەخوێندنەوە ناسی، بەڵام بەداخەوە زۆر ناڵێم ئەوەنەبێ کە دەڵێم سەد خۆزگە بەخیانەت، ئەو خیانەتیشی کرد و دواتر ئەم خیانەتی لەپیاوبونی خۆی و لەخودی خۆشی دەکرد، ئەوەنەی تر پیاوی کوردم لەبەرچاو کەوت”.

دوای ئەوەی وەک خۆی وتی بێ هیوا دەبێت لەپیاوی کورد، ئەو کچە پیاوێکی سویدی دەناسێ. بەکورتی باسی ئەو پیاوە سویدیە دەکات و دیسان پێ دەکەنێت بەرابردوی خۆی و دەڵێت”ئەم جارەیان بڕیاری گرنگم دا، پێم وابوو کوردی داماو دواکەوتووە، بۆیە کەژنی جوان دەبینێ لەوەی خۆی بێزار دەبێت، بۆیە ئەمجارە بڕیارم دا پیاوێکی سویدی بناسم و تۆڵەی ئەو هەموو ئازارە بۆخۆم بکەمەوە، کە پیاوی کورد کردبوی بەدڵما، بەڵام هەموو ئەمانە وەک ڕێز بۆ باوکم کە کوردە، زۆر بەحەزرەوە دەمکرد، تەنها کەسی یەکەم نەبێ بۆ باوکم باسکرد، ئەو بۆیە وام کرد، لەمیش کێشەی گەورەترم هەبوو، راستی زۆر ساردو سڕبوو، کەنزیکی دەکەوتم هەستم نە ئەکرد لەگەڵ پیاوم، زۆر گرنگی بە مەشروب و ئەو شتانە دەدا، بێ تاقەت بووم، رەنگە زۆر جدیەتی منیش بوو بێت وا ئەوم بینی بێت، بەڵام راستی نەم ئەزانی درۆ بکەم، نەم ئەتوانی لەگەڵی بم، کەسێکی بەڕێزیش بوو. بەدەست خۆم نەبوو دوای ئەوەش تەواو بێزار بووم لەپیاو، بڕیارم دا هەتا مردن دوور بم لەپیاو وو دوور کەوتمەوە بەیەکجاری”.

عاشق بوون بەکچ و هاورەگەز بازی

ئەو كچە كوردە دوای باسكردن لەهۆكارەكانی دووركەوتنەوەی لەپیاو، باسی چۆنیەتی عاشقبوونی بەكچ و راهاتنی لەسەر هاوڕەگەزبازی دەگێڕێتەوە و دەڵێت “زۆر بێزار بووم، رۆژێك یەكێك لەهاوڕێ ژنەكانم كە ئەویش خەڵكی وڵاتێكی دیكەی ئەوروپییە، وتی حەز دەكەم شەو لەلای من بیت، ئیزنم وەرگرت لەماڵەوە، چوومە لای، شەو زۆر قسەی بۆ كردم، زۆر باسی پیاوی كرد، قسەیەكی كرد كە زۆر جێی سەرنجم بوو. پێی گوتم پیاو بۆ خۆشی لەژندا دەگەڕێت، ژن دەتوانێ هەمان ئەو خۆشییەی بەپیاوی دەدات بەژنیشی بدا، بگرە زیاتریش، چونكە هەرچی شوێنی حەساسی ژنە دەناسێت، هەستمكرد بەشێوەیەك قسە دەكات كە خەریكە داگیرم دەكا. راستی قسەكانی هەموو خۆش بوون”، لێرەدا هەوڵمدا باسی وردەكاری ئەو لایەنانە بكات کە سەرەنجی ئەوی گرتووە، بەڵام باسەكەی بڕی و وتی راستی ناتوانم، ئاوا بۆت باس بكەم، دوای ماوەیەك بێ دەنگی گوتی “باشە بەڵام بەتەلەفۆن بۆت باس دەكەم”. رازی بووین كە شەو بەتەلەفۆن باسەكەی تەواو بكات.
شەو درەنگ، تێلی كرد، داوای لێبوردنی كرد كە بۆ ئەو سەخت بووە بەرانبەر پیاوێكی كورد هەندێ قسە بكات، بەڵام بەتەلەفۆن باسی دەكات، “راستی ئەوە شەوی یەكەمم بوو، ئەو هاوڕێیەم وا قسەم لەگەڵ بكات، پێشتریش لەلای مابوومەوە، بەڵام دیاربوو ئەم جارەیان دەیزانی زۆر لەپیاو بێهیوام. دەیگوت، پیاو قیمەتی جەستەی ژن نازانێ، لەناكاو بەگوێما چرپاندی، وتی من رقم لەپیاوە، ئێستا دەمەوێ من و تۆ بۆ یەك ژن بین و پیاوبین.. شەوی دواتر چوومەوە لای، وتی بەڵێن بدە ئەمشەو هیچ پێت سەیر نەبێت و ئەمشەوت بدەی بەمن. منیش بەكردە پێت دەڵێم چۆن، وتم باشە بزانم چۆن؟، راستییەكەی زۆر دڵخۆش بووم لەگەڵی.
شەوی دواتر كە چوومەوە ماڵی، منیش شەرمم كەمتربوو، پەلەم بوو زوو بچمە باوەشی، پێكەوە هەرچی شتی جوانە كردمان، من داوام كرد كە بەردەوامی پێبدەین، وتی ئاخر من هاوڕێیەكی دیكەشم هەیە، ، دەبێ رازی بكەم، منیش هاوڕێکەی ترم دەناسی ئەفریقییە، تۆ بینیوتە دەزانی، باسی كردبوو ئەویش رازی بوو، ئەوە دوو ساڵە ئێمە هەموو هەفتەیەك دوو شەو كۆ دەبینەوە، هەرسێكمان وازمان لەپیاو هێناوە، هەموو جوانییەك بۆ یەك و لەگەڵ یەك دەكەین”.

کێشەی نەفسی لەگەڵ پیاو

دواتر لەبارەی دروست بونی ئەو حەزەوە، لای ژنان پرسیارم کرد، ئەویش وتی”دەزانم باسی چی ئەکەی، من نازانم چۆنە، بەڵام ئەو هاوڕێیەم بۆی باس کردم، کە دکتۆر پێی وتووە نازانم هۆرمۆنی چی زیاترە، منیش هەوڵم دا ئەوە بزانم، کچێکی خزمم دکتۆرەیە، لەگەڵ ئەو قسەم کرد و سەردانم کرد، وتم زۆر بێزم لەپیاو دێتەوە، ئەڵێن هەندێ ژن هەن وا دروست بوون، ئەو بەڕێگای خۆی و پشکنین دڵنیای کردم کە من کێشەی نەفسیم لەگەڵ پیاو هەیە، نەک کێشەیەکی تر، پێشی وتم دەبێت چارەی بکەم، ئەگەرنا ئەنجامی ئەو کێشە نەفسیە ئەیکاتە نەخۆشی لێم، بەڵام من نامەوێ چار بم و لەگەڵ هاوڕێکانم مورتاحم”.

ناچێتەوە کوردستان

دوای هەموو قسەکان لێم پرسی کە لەکوردستان رەنگە ئاسان نەبێ وا بژی، ئایا ئەگەر بچێتەوە ئەوێ چی ئەکات؟ ئەویش پێی وانەبوو کە هەرگیز بچێتەوە کوردستان چونکە”لەوێ نەک هەر عەیب و حەیا چونە، خەڵک ئاوا ئازاد بژی، وەک بیستوومە نایاساییشە، بۆیە نامەوێ بچمەوە، لەژیانم ناشچمەوە بەسەردان”.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com