نوچە.نیت
لە باشووری كوردستان سێكس بووەتە سەرچاوەیەكی سەرەكی تووشكردنی خەڵكیی بە بالووكەی ئەندامانی زاوزێ و رێگاخۆشكردن بۆ تووشبوونی ژنان بە شیرپەنجەی ملی مناڵدان.
سەرچاوەی ئەوانەش ڤایرۆسی پاپیلۆمایە كە بڵاوترین ڤایرۆسی گوازراوەیە لە رێگەی پەیوەندییە سێكسییەكانەوە، بەتایبەت سێكسكردنی كەسێك لەگەڵ چەندین كەس.
لە وڵاتانی رۆژئاوا دوابەدوای داهاتنی حەبی رێگری لە منداڵبوون و سەرەنجام زۆربوونی دیاردەی پەیوەندی سێكسی لەگەڵ زیاتر لە كەسێك، بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە و سەرەنجامە خراپەكانی زیادیان كرد و ئێستاش لە كوردستان حاڵەتی زیاتر و زیاتری لێ تۆماردەكرێت.
ڤایرۆسێك و چەند روخسارێك
پاپیلۆما بڵاوترین ڤایرۆسی گوازراوەیە لە رێگەی سێكسەوە. گرفتەكە ئەوەیە هەندێك جار هیچ نیشانەیەكی نییە بەڵام لە پرۆسەی سێكسدا بۆ لایەنی بەرامبەر دەگوازرێتەوە و لە یەكێك لە قۆناغەكانی ژیاندا نیشانەكان دەردەكەون.
دیارترین نیشانەكانیش بالووكەی چووك و زێ و كۆمە. هەندێك جۆری ڤایرۆسی پاپیلۆما رێگا بۆ چەند جۆرێكی شیرپەنجەی ئەو ئەندامانە خۆشدەكەن، كە بڵاوترینیان شێرپەنجەی ملی مناڵدانە كە وا بڕوا دەكرێت لە 90%ی حاڵەتەكاندا سەرچاوەكەی چەند جۆرێكی ئەو ڤایرۆسە بێت.
بالووكەكە بەربڵاوە
پزیشكێكی پێست كە لەبەر هەستیاری بابەتەكە نەیویست لەم راپۆرتەدا ناوی ئاشكرا بكرێت، دەڵێت ئێستا بالووكەی ئەندامانی زاوزێ بەشێوەیەكی بەرچاو دەبینرێت بەتایبەت لەنێو گەنجاندا. “ئەوان دێن و تەنیا داوای چارەسەر دەكەن، بەهۆی دۆخی كۆمەڵایەتی و نزمیی ئاستی هوشیاریشەوە بە ئاستەم لە نەخۆشییەكە و مەترسییەكانی تێدەگەن”.
ئەو پزیشكە دەڵێت بەهۆی نەبوونی رێنمایی فەرمیی رووبەرووبوونەوەی ڤایرۆسی پاپیلۆماوە، ئەوەی بۆ نەخۆشەكان ئەنجامدەدرێت لەلایەن پزیشكانی پێستەوە تەنها لابردنی بالووكەكانە.
لەكاتێكدا بەشە گرنگەكە ئەوەیە كە نەخۆش وریا بكرێتەوە لەوەی سێكسكردنی لەگەڵ هەركەسێك وادەكات ڤایرۆسەكە بۆ كەسی بەرامبەر بگوازیتەوە، هەروەك هەبوونی ئەو ڤایرۆسە و ماكەكانی لە كەسێكدا دەبێت وریامان بكاتەوە بۆ لێكۆڵینەوە لە هەبوونی ئەو نەخۆشییانەی دیكە كە لە رێگای سێكسەوە دەگوازرێنەوە. ” لەڕووی زانستییەوە دەبێت هاوسەرەكەشی پشكنینی بۆ بكرێت، بەتایبەت ئەگەر رەگەزی مێینە بێت چونكە بەرەنجامەكانی ڤایرۆسەكە لە خانماندا مەترسیدارترە و رێگا بۆ توشبوون بە شیرپەنجە خۆشدەكات”.
بەپێی سەرچاوە زانستییەكان، لابردنی بالووكەكە، مەرج نییە ڤایرۆسەكە لەنێو ببات و ئەگەری زۆرە دوای چەند مانگێك لە لابردنی بالووكەكان، دووبارە سەرهەڵبدەنەوە. بەتایبەت لەوكاتانەی كۆئەندامی بەرگری توانای سەركوتكردنی ڤایرۆسە نووستووەكانی جەستەی نامێنێ.
گەنجێك بەناوی (ك) كە قسەی بۆ رووداو كرد سكاڵای لەدەست چەند بارە سەرهەڵدانەوەی بالووكەكان دەكرد دوای چەندین هەوڵی لابردنیان لەلایەن پزیشكی پێستەوە. ئەو ددانی پێدا دەنێت كە بێئەوەی ژیانی هاوسەری پێكهێنابێت، لەگەڵ چەندین ئافرەت سێكسی ئەنجامداوە.
لە منداڵانیش دەبینرێت
پزیشكەكەی پێست دەڵێت ئەوان لە نەخۆشخانە و سەنتەرەكانی پێست چەندین منداڵی خوار تەمەنی 12 ساڵ دەبینن كە بالووكەی كۆم یان زێیان هەیە. هەرچەندە منداڵان بەرگرییان لاوازترە و لەوانەیە بە رێگای جیاواز تووش ببن، بەڵام روودانی دەستدرێژی سێكسیش دوور نییە. “بەڵام ئەم بابەتە جگە لە لایەنی زانستیی، لایەنی دادوەری و تەنانەت كۆمەڵایەتیشی هەیە، بۆیە سەختە بتوانیت ئەوە بە دایك و باوكی منداڵەكە بڵێیت”.
سەبارەت بەوەی كلیلەكانی گەیشتن بەڕاستی چین لە منداڵێك كە بالووكەی كۆم و زێی هەیە. ئەو پزیشكەی پێست دەڵێت “بۆ نموونە ئەگەر لە پێستی شوێنەكانی دیكەی هیچ بالووكەیەك نەبوو بالووكەكان تەنیا لەسەر كۆم یان زێ بون، ئەوە ئەگەرەكە زۆرترە كە دەستدرێژی بێت.
هەروەها لێكدانەوەی لایەنی كۆمەڵایەتی و سرووشتی ئەو شوێنەی منداڵەی تێدا دەژی یامەتیدەر دەبن بۆ گەیشتن بە راستیی هۆكارەكە”.
خەڵكی شەرمدەكەن سەردانی خۆپاراستن بكەن
بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی دەڵێن ژمارەیەكی زۆركەم نەخۆش بۆ چارەسەری ڤایرۆسی پاپیلۆما سەردانیان دەكەن.
“بەهۆی شەرمكردن لە نەخۆشییە سێكسییەكانەوە، ئەوانەی تووشی بالووكەی ئەندامانی زاوزێ دەبن، روو ناكەنە سەنتەرەكان تا نەخۆشییەكەیان لەگەڵ باس بكرێ، بەڵكو دەچنە كلینیكێكی تایبەتی پزیشكی پێست تا چارەیەكی خێرایان بۆ ببیننەوە و خانەوادەكانیشیان نەزانن حاڵەتەكە چییە و چۆن دەگوازرێتەوە و مەترسی چییە”. د.فەرهاد مەجید عەلی بەرپرسی هۆبەی نەخۆشییە گوازراوەكان لە رێگەی سێكسەوە لە بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستیی سلێمانی وای بە (رووداو) گوت.
پزیشكەكە دەڵێت باری رۆشنبیری تەندروستی خەڵك یارمەتیدەر نییە بۆ پزیشكانی خۆپاراستن تا وەك پێویست لەم نەخۆشییە تێیان بگەیەنن و رێوشوێنەكانی خۆپاراستنیان پێ بڵێن. “تا ئێستاش باسكردنی بەكارهێنانی كۆندۆم و رێوشوێنەكانی سێكسی سەلامەت و تەندروست لای كۆمەڵگەی ئێمە نامۆن”.
ئەو پزیشكە دەڵێت پزیشكەكانی پێست نەخۆش بۆ بەڕێوەبەرایەتییەكەیان رەوانە ناكەن و تەنیا چارەیەكی خێرا و سادەیان بۆ دەكەن. بەڵام پزیشكەكەی پێست دەڵێت تووشبووەكان هەم ئارەزووی رۆتینە دورودرێژەكانی سەردانی سەنتەرەكان ناكەن، هەم شەرمدەكەن حاڵەتەكەیان بەدواداچوونی دورودرێژی بۆ بكرێ و لەگەڵیان باس بكرێت، بۆیە ئەگەر كاغەزی رەوانەكردنیش بە نەخۆشەكان بدەن، ئەوان ناچن.
پرۆگرامی نیشتیمانیی دەوێت
پزیشكێكی پسپۆڕ دەڵێت دەبێت پرۆگرامێكی نیشتیمانیمان هەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی پاپیلۆما و بەرەنجامەكانی چونكە ئێستا جگە لە بالووكە كە ئێجگار بڵاوە، شیرپەنجەی ملی مناڵدانیش خەریكە دەبێتە دووەم جۆری بەربڵاوی شێرپەنجە لەسەر ئاستی جیهاندا.
د. عەبدولفەتاح هەورامیی هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرا لە پزیشكیی كۆمەڵ لە لێدوانێكدا بۆ (تۆڕی میدیایی رووداو)باس لە وردەكارییەكانی پلانێكی نیشتیمانیی دەكات كە پێویستە بۆ كەمكردنەوەی مەترسییەكانی ئەم نەخۆشییە بەرپابكرێت:
وەك ئەو دەڵێت ئەم پرۆگرامە چەند لایەنێكی گرنگ لەخۆ بگرێت:
یەكەم:هۆشیاركردنەوەی كچان و كوران لەسەر گرنگی پشكنینی پێشوەخت، سێكس كردن لەگەڵ تەنها یەك كەسدا(هاوسەرگیری)،گرنگی بەكارهێنانی كۆندۆم و خەتەنەكردنی كوڕان.
دووەم: دابینكردن و ئەنجامدانی كوتانی كچان لەتەمەنەكانی 9-13 ساڵ چونكە ئەم كوتانە سەلمێنراوە كە سەلامەت و كاریگەرە بۆ رێگەگرتن لەتوشبوون بە ڤایرۆسی پاپیلۆما. كوتانەكە بە سێ جار و لەماوەی شەش مانگدا دەكرێت.
سێیەم:ئەنجامدانی پشكنینی پێشوەخت بۆ زوو ناسینەوە و زوو چارەسەركردنی نەخۆشییەكە چونكە دەبێتەهۆكارێكی گرنگ بۆ چارەسەركردنی حاڵەتە توشبووەكان. ئەمەش لەرێگای:
1.پشكنینی ناسراو بە پاپ سمیر لەتەمەنی 30 ساڵی و بەرەو دوا بەپێی پێویست بۆ ئافرەتان، ئەوانەی كە هاوسەرگیریانكردووە.
2.پشكنینی دامێن لە رێگای سەیركردنەوە لەلایەن پزیشكی پسپۆرەوە.
3. چاندنی شانەی وەرگیراو لەهەندێكی حاڵەتی گوماناوی بۆ ناسینەوەی ڤایرۆسەكە
ڤاكسین لە كوردستان بوونی نییە
رووداو پەیوەندی بە بەشی كوتان لە بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی كرد بۆ زانینی ئەوەی كوتان بەم ڤاكسینە لە كوردستان ئەنجامدەدرێت یاخود نا. وەڵامەكە ئەوە بوو “ڤاكسینی دژی پاپیلۆما، نەك لە سلێمانی بەڵكو لە سەرتاسەری كوردستان و عێراقیش بوونی نییە”.
شیرپەنجەی ملی مناڵدان لە كوردستانیش تۆمار دەكرێت
ڤایرۆسی پاپیلۆما دەكرێت رێگا خۆشبكات بۆ شیرپەنجەی مناڵدان و ملی مناڵدان، چووك، زێ، كۆم و گەروو (لەوانەی سێكسی دەم و كۆم ئەنجام دەدەن). بەڵام لە هەموویان بڵاوتر شیرپەنجەی ملی مناڵدانە كە بەپێی زانیارییەكانی سەنتەری كۆنترۆڵكردن و پێشگیری لە نەخۆشییەكان (CDC) كە دامەزراوەیەكی فەرمیی ئەمریكییە 90%ی حاڵەتەكانی شیرپەنجەی ملی مناڵدان بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی پاپیلۆمایە.
بۆ زانینی ژمارەی تووشبووان بە شیرپەنجەی ملی مناڵدان لە هەرێمی كوردستان لە ساڵی رابردوودا، رووداو پەوەندی بە هەر سێ نەخۆشخانە و بەشە سەرەكییەكەی شیرپەنجە لە هەرێمی كوردستان كرد كە ئامارەكانیان بەمجۆرە بوو:
*نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی 11 حاڵەتی شیرپەنجەی ملی مناڵدانی تۆمار كردووە
*نەخۆشخانەی نانەكەلی لە هەولێر 8 حاڵەتی شیرپەنجەی ملی مناڵدانی تۆمار كردووە.
*بەشی شیرپەنجە لە نەخۆشخانەی ئازادی لە دهۆك 19 حاڵەتی شیرپەنجەی مناڵدان و ملی مناڵدانی تۆمار كردوە.
هاوسەرگیری رێگای راستە
سەنتەری كۆنترۆڵكردن و پێشگیری لە نەخۆشییەكان-ئەمریكا داوا لە خەڵكی دەكات سێكس كردن كورت بكەنەوە بۆ تەنیا یەك كەس كە سێكسی لەگەڵ كەسی دیكە ئەنجامنەدابێت.
خەتەنەكردنی پیاوان نەخۆشییەكە كەمتر دەكاتەوە
ماڵپەڕی فەرمیی كۆمەڵەی پزیشكانی خێزان لە ئەمریكا بە پشتبەستن بە توێژینەوە زانستییەكان، دەڵێت خەتەنەكردنی نێرینە ئەگەری تووشبوون بە ڤایرۆسی پاپیلۆما و گواستنەوەی بۆ رەگەزی بەرامبەر بەبڕی 35% كەمدەكاتەوە.