ژماره‌ی‌ پیاوه‌ زیاده‌كان له‌ چین

0

نوچە.نیت.knn

 

ئەژماری پیاوان لە چین ٣٣ ملیۆن لە ئەژماری ئافرەتانی ئەم وڵاتە زیاترە و چین لە نێوان پێنج وڵاتی یەکەمی جیهان، خراپترین رێژەی دانیشتوانی ژن و پیاوی بۆ خۆی تۆمار کردووە و ئەمە بووەتە هۆی نیگەرانی بەرپرسانی پەیوەندیداری ئەم وڵاتە. لە کاتێکدا کە رێژەی ئاسایی لەدایکبوانی کوڕ بەرامبەر کچ لە جیهان ١٠٥ بە ١٠٠ە، دە ساڵ پێش ئێستا لە چین لە بەرامبەر هەر ١٢١ منداڵی کوڕ ١٠٠ کچ لەدایک دەبوون و ئەمە وشیارییەکی مەترسیدار بوو بۆ ئەم وڵاتە. داهاتووی پڕنیگەرانی ئەم کۆمەڵگە قەیراناوییە کە خاوەنی ملیۆنەها کوڕی سەڵتە، بووە هۆی ئەوەی کە دەوڵەت یاساگەلێک بۆ تاقیکردنەوەی رەگەزی منداڵ پێش لەدایکبوونی، لەباربردنی منداڵ و هەروەها تاک منداڵی دابنێت. لە کاتێکدا ئەم درزە لە ساڵانی دواییدا روو لە کەم بوونەوەیە و ئامارەکە گەیشتووەتە هەر ١٠٠ کچ به‌رامبه‌ر ١١٦ کوڕ، بەڵام هێشتا کردەوەی تر بۆ گەیشتن بەستاندارد پێویستە. لە وڵاتێکدا کە پاشناو لەلایەن کوڕەوە دەگوازرێتەوە و منداڵی کوڕ تەناهی کۆمەڵایەتی و ئابووری زیاتر بۆ ماڵبات دێنێت، زۆر هەوڵ لە ئارادایە کە ئەو تاک منداڵە کوڕ بێت. خاتوو “ژیا” کە مامۆستایەکی زمانی ئینگلیزییە و تەمەنی ٣٤ ساڵە دەڵێت: “ماڵە خەزوورانم داوایان لێ کردم کوڕم هەبێت بۆ ئەوەی سەرپەرەشتی بازرگانییەکەی ماڵباتەکەیان وەئەستۆ بگرێت”. ناوبراو لە درێژەدا دەڵیت: “من بووکی ماڵباتێکی سەرمایەدارم و خەسووم حەزی لە نەوەی کوڕە و دەمویست ئەگەر کچم بوایە لەبارم بردایە بۆیە بەپێشنیاری هاوڕێیەکم سەردانی کلینێکێکم کرد کە رەگەزی منداڵەکەت پێ دەڵێن. دیارە تاقیکردنەوەکە ئازاری نەبوو و هەر ١٥ خولەکی پێ چوو، بەڵام چونکە لە چین دیاریکردنی رەگەزی ئاولەمە واتە جنین قەدەغەیە بۆیە بێجگە ماڵباتی خۆم بەکەسم نەگوت”. بەپێی دوائاماری سەرژمێری گشتیی چین، ئەمە یەکەمجارە لە درێژایی ٥ ساڵی رابردوودا رێژەی منداڵی لەدایکبووی کوڕ لە شاری شەنگهای بەرامبەر بە منداڵی لەدایکبووی کچ بەرز دەبێتەوە. شەنگهای کە ١٥ ملیۆن دانیشتووی هەیە و گەورەترین شاری چینە لەم ساڵانەی دواییدا رێژەی کوڕ بەرامبەر کچ ١١٢ بە ١٠٠ بووە، بەڵام ئەم رێژەیە لە ساڵانی پێشوودا ١٠٩.٦ بە ١٠٠ بووە. دیارە پسپۆڕان رایان وایە ئەم گۆڕانکارییە بۆ هاتنی کۆچبەریش دەگەڕێتەوە.   بەرپرسانی چینی لەم ساڵانەی دواییدا هەوڵیان داوە بەقەدەغەکردنی تاقیکردنەوەی رەگەزی ئاولەمە واتە جنین و هەروەها لەباربردنی ئاولەمەی کچ، رەوشەکە ئاسایی بکەنەوە بەڵام سەرنەکەوتن. چونکە دایکێکی چینی بەئاسانی دەتوانێ بەدانی ٤٠ یان ٥٠ دۆلار بۆ سۆنۆگرافی بزانێ کوڕی دەبێت یان کچ و هەروەها بەدانی پارەی زیاتریش دەتوانێت لەباری ببات. پسپۆڕانی ئەم بوارە رایان وایە سیاسەتی داسەپاندنی تاک منداڵی لەلایەن وڵاتی چینەوە سرووشتی کۆمەڵگەی تێکداوە و بەزیانی ئەم وڵاتەیە و پێویستە هەنگاوی چاکسازی لەم بوارە گرنگەی کۆمەڵگەوە بێتەئاراوە. – See more at: http://www.knnc.net/Drejey-hawal.aspx?id=42948&LinkID=3&video=False#sthash.QVUBpKxV.dpuf

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com