نوچەنێت- عالەم غەریب
دوو دیزاینەری ئیتاڵی كەبسولێكیان بۆ ناشتنی مردوەكان دروست كرد كە تۆوی درەختێكی تێدا دەڕوێنرێت كە پێشتر خۆیان هەڵیدەبژێرن، بە جۆرێك جەستەیان دەبێتە پەین بۆ ئەو درەختە ، بەمشێوەیە گۆڕستانەكان دەبنە باخچەی پڕ لە درەخت لە باتی گۆڕ.
ئەم بیرۆكەیەی كە هەردوو دیزاینەر ئانا چیتلی و رائول بریزیل دایانهێناوە هێشتا نەچوەتە بواری جێبەجێ كردنەوە چونكە لە یاسای ئیتالیادا ئەم جۆرە ناشتنە قەدەغەیە بەڵام ئەگەر بێت و رەزامەندی لەسەر بدرێت ئەوا تەرمەكە لە باری دانیشتن لەسەر چیچكان یان باری كۆرپەلە لە سكی دایكیدا دەخرێتە ناو كەبسولێكی قوماشەوە پاشان دەنێژرێت.
ئەم كەپسولە لە مادەیەك دروستكراوە كە توانای شیبوونەوەی ئەندامی هەیە، دەتوانێت جەستەی مردوەكە بگۆڕێت بۆ پەین بۆ خۆراكی درەختەكە كە لەسەر ئەو تەرمە گەشە دەكات و ناوی مردوەكە هەڵدەگرێت.
دیزاینەرەكان ئاماژەیان بەوە كرد كە ئەم پرۆژەیە ئامانجی دروست كردنی باخچەی یادگاریەكانە كە پڕە لە درەخت لە جیاتی كێلی گۆڕەكان ناشتنی تابووتە تەختەكان، هەروەها دەڵێن ” بیرۆكەی ئەوەی كە خۆشەویستەكانمان سەردانی درەختەكەمان بكەن و گرنگی پێبدەن و لەژێر سێبەرەكەیدا بحەوێنەوە زۆر جوانترە لە سەردانی گۆڕێكی ترسناك.