کەمال چۆمانی: لە پەراوێزی گرتە ڤیدیۆکەدا…با خەم لە سیستەمی عەسکەرتارییانەی پەروەردە بخۆین

0

لە پەراوێزی گرتە ڤیدیۆکەدا…

با خەم لە سیستەمی عەسکەرتارییانەی پەروەردە بخۆین

کەمال چۆمانی

Chomani_85@yahoo.com

گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوبۆتەوە کە تێیدا مامۆستایەکی بنەڕەتی تا ئەوپەڕی دڵڕەقی، سوکایەتی بە خوێندکارێک دەکات. زۆربەی رۆژنامەنوس و نوسەر و مامۆستایان زۆر نیگەران بونە بەم گرتە ڤیدیۆییە. هەندێکیان راچڵەکیون. ئەندام پارلەمانەکان و وەزارەت بڕیاریان داوە بەدواداچون و لێكۆڵینەوە بۆ ئەم گرتەیە بکەن. بەڵام من رانەچڵەکیوم چونکە ئەوەی دەمێکە منی راچڵەکاندووە، کۆی ئیفلیجیی سیستەمی پەروەردەیە نەک گرتەیەکی ڤیدیۆیی.

تا ئێستا لێكۆڵینەوەیەکی ورد لە سیستەمی پەروەردەی هەرێمی کوردستان نەکراوە. هیچ لێتوێژینەوەیەکیشمان نییە دەربارەی ئەو سوکایەتی و پێشێلکارییە، ئینسانی، پەروەردەیی، کۆمەڵایەتی، سیاسی، جەستەیی و سێکسییانەی لە بەرامبەر هەندێک لە خوێندکاران لەلایەن مامۆستایانەوە ئەنجامدراوە. لە لاکەی ترەوە، پەیوەندیی نێوان مامۆستا- بەرپرسانی پەروەردەیی، بەڕێوەبەرەکان-مامۆستا، خوێندکار-مامۆستا، و مامۆستا خوێندکار، گشتیان جێگەی نیگەرانیی گەورەن و لە شوێن خۆیان نین.

قسەکردن لەسەر ئەو گرتە ڤیدیۆییە بێ گەڕانەوە بۆ خوێندنەوەیەکی قوڵ بۆ کۆی سیستەمی پەروەردە و سیستەمی سیاسیی لەو وڵاتەدا، هیچ نییە جگە لە خۆنماییشکردن و نیشاندانی خەمخۆریی بۆ سیستەمی پەروەردە. زۆرێک لە دەزگا راگەیاندنەکانی کوردستان و ئەندام پارلەمانەکان و وەزارەتیش، خۆیان وا نیشاندەدەن کە لە خەمی ئەو منداڵە دان، بێئەوەی تا ئێستا هەوڵێکی جدییان دابێت بۆ کۆتاییهێنان بەو سیستەمە شێوە عەسکەرتارییەی بەشێک لە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەکان و سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی بەرامبەر مامۆستایان ئەنجامیدەدەن لەلایەک، ئەو مامەڵە خراپەی بەشێك لە مامۆستایانیش لە شێوەی کاپتنێکی عەسکەری و سەرباز، لە لایەکەی تر.

گرتە ڤیدیۆکە گەیشتۆتە ئەوپەڕی دڵڕەقی. توندوتیژییەک کە لە شێوەی ئەنفالێکی رۆحی دایە. بەڵام هەر ئەو مامۆستایە بەشدار نییە لەو ئەنفالەدا. کۆمەڵگە، زانکۆ، وەزارەت و تەواوی مامۆستایان بەشدارن. بۆ کۆتاییهێنان بەو ئەنفالەی کە رۆژانە لە زۆرێک لە خوێندنگاکان دوبارەدەبێتەوە، پێویستمان بە گەڕان تەنها بە دوای یەک تاوانبار نییە، دەبێت تەواوی تاوانبارەکان بدۆزینەوە. تاوانباری هەرە گەورە دو حیزبی حوکمڕانن کە لەبری هەنگاونان بەرەو دەوڵەتێکی دامەزراوەیی دیموکراسیی، هەنگاو بەرەو دەوڵەتێکی پۆلیسیی بارگاویکراو بە دڵڕەقی دەنێن. ناکرێت چاوەڕوانی گواستنەوەی ئەو دڵڕەقییە نەکەین بۆ ناو سیستەمی پەروەردە.

پێویستە لێکۆڵینەوە لەو مامۆستایە بکرێت و بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، بەڵام ئەوە چارەسەریی دەردەکە نییە. ئەو منداڵەی سوکایەتی پێکراوە (دەبێت خۆشحاڵ بێت کە وێنەی گیراوە)، چونکە تاوانباراکەی دەدۆزرێتەوە. بەڵام کێ دەتوانێت ئەو هەمو تاوانبارانە بدۆزێتەوە کە رۆژانە سوکایەتی گەلێك گەورەتری لەو جۆرە دەکەن؟

ئەوەی لە گرتە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، بەشێكی کەمە لەو سیستەمە عەسکەرتارییەی پەروەردە لە هەرێمی کوردستاندا. ئەوانەی لە خەمی پەروەردەدان، با تەنها لەسەر گرتەیەکی ڤیدیۆیی دەنگهەڵنەبڕن، بەڵکو لەسەر کۆی سیستەمەکە بێنە قسە و کەمپین دروستبکەن. ئەوەی ئێمە رۆژانە دەیبیستین لە بەشێک لە ناوەندەکانی خوێندن و پەروەردە و خوێندنی باڵاشدا رودەدەن، هیچیان لەوە بچوکتر نین. بەڵام ئەمجارەیان، دۆخەکە جیاوازە، بەو پێیەی وێنە گیراوە. سەیر لەوە دایە، ئەم گرتە ڤیدیۆیە، هی ئەم چەند رۆژەی رابردو نییە، دوای ئەوەی لە فەیسبوک و یوتیوب بڵاوکرایەوە، ئینجا پارلەمان و وەزارەت خەبەریان بووەوە، ئەمە لەکاتێکدا، گرتە ڤیدیۆکە کۆنە و ئێمە چەند دەمێکە لە هەوڵی دۆزینەوەی ئەو مامۆستایە داین، بەڵام نەماندۆزیوەتەوە. خۆ دەکرێ وەزارەت لەڕێی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەکانەوە لە ماوەی کەمتر لە رۆژێک ئەو مامۆستایە و خوێندکار و خوێندنگەیە بدۆزێتەوە. ساتی ئەوەیە، خەمێک لە سیستەمی عەسکەرتارییانەی پەروەردە و عەقڵی عەسکەرتارییانەی بەشێک لە بەرپرسانی پەروەردە و مامۆستایانیش بخۆین.

نوچەنێت بۆ بینینی ئەو گرتە ڤیدۆیەی، کە مامۆستاکەی ئەشکەنجەی دەرونی مناڵە قوتابیەکە دەدات، کلیک لەسەر وێنەی مناڵەکەو کەمال چۆمانی نوسەری ئەم بابەتە بکە.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com