دەیەوێت لەبری كچەكەی دووگیان ببێت!
نوچەنێت- دەیلی مەیل
لە حاڵەتێكی دەگمەندا و بۆ یەكەمجار ژنێك كە تەمەنی 59 ساڵ دەبێت داوایەك ئاراستەی دادگای بەریتانیا دەكات بۆ ئەوەی رێگەی پێبدەن هێلكەی كچە مردوەكەی بەكار بهێنێت بۆ هێنانەدی وەسیەتی كچەكەی.
لە وردەكاری ئەو بابەتەدا كە رۆژنامەی “دەیلی مەیل”ی بەریتانی بڵاوی كردوەتەوە، كچی ئەو خێزانە پێش چوار ساڵ گیانی لەدەست داوە بەهۆی شێرپەنجەی گەدەوە، داوای كردوە كە هێلكەكانی بە بەستوویی هەڵبگیرێن بۆ ئەوەی دوای ئەوەی چاكبوەوە بتوانێت دووگیان ببێت، بەڵام دوای ئەوەی كە چاكنەبوەتەوە پێش مردنی بە زارەكی بە دایكی وتوە لەو هێلكانە منداڵ دروست بكات.
دایك و باوكی ئەو كچە پلانیان هەیە دوای قبوڵ كردنی داواكەیان سەفەر بكەن بۆ نیۆرك بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی پیتاندنی هێلكەكە لەگەڵ تۆوی بەخشەرێكی نەناسراو ، لەگەڵ ئەوەی كە ئەم پرۆسەیە نزیكەی 90 هەزار دۆلاری تێدەچێت و رێژەی سەركەوتنیشی زۆر لاوازە بەهۆی زۆری تەمەنی دایكەكەوە.
لە سەرەتاوە دادگا داواكاری ئەو خێزانەی رەتكردەوە بە بیانوی ئەوەی هیچ وەسیەتێكی یاسایی نوسراو نیە لەلایەن كچەكەیانەوە رێگەیان پێبدات ئەو پرۆسەیە ئەنجام بدات ، بەڵام ئەو ژن و پیاوە داوای تێهەڵچوونەوەی بڕیاری دادگایان كرد و ئاماژەیان بەوەدا كە ئەوان سورن لەسەر هێنانەدی ئارەزووی كچەكەیان بە هەر نرخێك بێت.
هەندێك كەس رەخنەیان گرت لە هێنانە دنیای منداڵێك لە دایكێكی بایۆلۆجی مردوو ، بەڵام زۆرێكیش پشتگیری ئەو بیرۆكە سەیرەیان كرد كە ” نەكێك نەوەكەی خۆی بێنێتە دنیاوە” هەندێكیش پێیان وابوو هیچ بیانویەك نیە بۆ ئەنجامدانی ئەم پرۆسەیە بەهۆی زۆری نرخی تێچوونەكەی و كەمی رێژەی سەركەوتنەكەی.
بەپێی یاسای تەندروستی بەریتانی ژن دەتوانێت هێلكەكانی بە بەستوویی بۆ ماوەی دە ساڵ هەڵگرێت ، ئەگەر لەو ماوەیەدا هێلكەكانی بەكار نەهێنا ئەوا لەناودەبرێن.