ئه‌بو به‌كر عه‌لی: له‌مه‌ودوا هاوڵاتیان و نه‌وه‌ی نوێ‌، ده‌بنه‌ فشار به‌سه‌ر سیاسه‌تی ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه‌

0

ئه‌بو به‌كر عه‌لی: له‌مه‌ودوا هاوڵاتیان و نه‌وه‌ی نوێ‌، ده‌بنه‌ فشار به‌سه‌ر سیاسه‌تی ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه‌

پرسیاری هه‌فته‌، گۆشه‌یه‌كی هه‌فتانه‌ی نوچه‌نێته‌، له‌م گۆشه‌یه‌دا ئه‌بوبه‌كر عه‌لی هه‌فتانه‌ وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی نوچه‌نێت ده‌داته‌وه‌.

نوچه‌نێت: ئاینده‌ی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنیت، پێویسته‌ چۆن مامه‌ڵه‌ بكرێت له‌گه‌ڵ پێشهاته‌كاندا؟

ئه‌بو به‌كر عه‌لی: بۆهه‌موو قسه‌كردنێك ده‌رباره‌ی ئاینده‌ی ناڕه‌زایه‌تییه‌ جه‌ماوه‌ریه‌كان و ئاڕاسته‌  و جۆری مامه‌ڵه‌ كردن له‌گه‌ڵیدا، پێش هه‌موو شتێك ده‌بێت هۆشیار بین به‌و هۆشیاری و ئاسه‌واره‌ ده‌رونی و فكریانه‌ی، دوو مانگ خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌رو ڕاگه‌یاندنی ئازادو ئۆپۆزسیۆن به‌سه‌ر تاك و كۆمه‌ڵگای كوردستانی و به‌تایبه‌تیش نه‌وه‌ی نوێوه‌ به‌جێیان هێشتووه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ كاریگه‌ری به‌رده‌وام بوونی شۆڕشه‌ دیموكراسیه‌كانی ناوچه‌كه‌و بانگه‌شه‌كردن بۆ فۆرمێكی تری حكومڕانی و په‌یوه‌ندیه‌كی نوێی نێوان هاوڵاتی و كۆمه‌ڵگاو ده‌سته‌ڵاتی به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگاوه‌.
به‌ حوكمی ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ش، به‌شێكی مێژویی و ژیاری و جوگرافی دانه‌بڕاوی ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌، لێره‌شه‌وه‌ ده‌توانین باس له‌وه‌ بكه‌ین كه‌ ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ خه‌ڵك به‌ماف و ئازادییه‌كانی خۆی هوشیار تر ده‌بێت و چاوه‌ڕوانیه‌كانی به‌رزتر ده‌بێته‌وه‌و دیدێكی ڕه‌خنه‌ گرانه‌ترو گیانێكی به‌رپرسیارنه‌ی به‌هێزتر و داكۆكیكار تری بۆ دروست دبێت، هه‌موو ئه‌مه‌ش یه‌كسانه‌ به‌ بڵاو بوونه‌وه‌ی هوشیاری و فه‌رهه‌نگی به‌خود هوشیار بوونی تاك وه‌ك هاوڵاتی، هه‌موو به‌خود هوشیار بونێكیش وه‌كو هاوڵاتی هه‌ست به‌ لێپسراوێتی نیشتمانی و ئه‌خلاقی زیاترو به‌شداریه‌كی سیاسی گه‌رم وگوڕتر و هۆشمه‌ندانه‌ تری به‌شوێنه‌وه‌یه‌.
پێموایه‌ لێره‌ به‌دواوه‌ به‌شداری هاوڵاتیان له‌ژیانی سیاسی و هه‌ڵوێست ده‌ربڕینیان ده‌رباره‌ی پرس و ڕوداوو سیاسه‌ت و بكه‌ره‌ سیاسیه‌كان زۆرتر ده‌بێت، جۆره‌ها شێواز و فۆڕمی هاوچه‌رخیش له‌ ئارادان بۆ ئه‌وه‌ی په‌نای پێ ببه‌ن و گوزارشت له‌ ویست و خواست و مه‌یل وداواكاریه‌كانیان بكه‌ن، خۆپیشاندانیش له‌م نێوه‌نده‌ دا ته‌نها شێوازێكی هه‌ڵوێست ده‌ربڕین و به‌شداری سیاسی و په‌یامی ناڕه‌زایه‌تی گه‌یاندنه‌ به‌ ناوه‌نده‌كانی هێزو ده‌سه‌ڵات، بۆیه‌ واچاكه‌ چالاكی و ناڕه‌زایه‌تی هاوڵاتیان ته‌نها له‌خۆپیشانداندا كورت نه‌كه‌ینه‌وه‌، چونكه‌ ده‌شێت خۆپیشاندانه‌كان له‌و فۆرمه‌ی ڕابوردوودا له‌ئێستادا دروست نه‌بنه‌وه‌، ئه‌مه‌ ئه‌گه‌رێكه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ نابێت به‌كۆتایی هاتنی ڕۆڵی ڕاسته‌وخۆی هاوڵاتیان له‌سیاسه‌تی كوردیدا لێكبدرێته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موو لێكدانه‌وه‌و به‌ره‌نجامگیریه‌كی له‌و جۆره‌ ناوه‌نده‌ بڕیار به‌ده‌ست و حیزبه‌ ده‌سته‌ڵاتداره‌كان دوچاری هه‌ڵه‌ی كوشنده‌ ده‌كات، له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ هاووڵاتیان لانی كه‌م به‌شێكی گرنگ له‌هاوڵاتیان و نه‌وه‌ی نوێ له‌مڕۆ به‌دواوه‌ به‌شێواز و فۆڕمی جۆراو جۆر ده‌بنه‌ فشارێكی نیمچه‌ یاخود به‌رده‌وام به‌سه‌ر سیاسه‌تی ده‌سته‌ڵاتدارانه‌وه‌، هه‌موو فه‌رامۆشكردنێكی ئه‌و گیان و به‌شداری و ڕۆڵه‌ نوێیه‌ش، به‌ به‌هێز تر بوونی ئه‌وو كه‌وتنه‌ قه‌یرانی زیاتری سیاسه‌تی فه‌ڕمی و هێزه‌ حكومڕانیه‌كانی لێده‌كه‌وێته‌وه‌، درێژه‌دان به‌م گیانه‌ش له‌به‌ر ڕوناكی جۆری مامه‌ڵه‌ی هێزه‌ حكومڕانه‌كانی دونیای ئێمه‌، له‌گه‌ڵ ناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ر و شه‌قام و ده‌نگی هه‌ڵبڕدراوی هاونیشتمانیاندا وامان لێده‌كات، به‌كارهینانی توندو تیژی دژ به‌وان و توندتركردنیشی له‌هه‌ندی دۆخی گریمانه‌ كراودا، به‌ دوور نه‌زانین وه‌ك ئه‌گه‌رێكی جدی لێ ی بڕوانین، له‌ دۆخێكی له‌و جۆره‌شدا له‌ حاڵه‌تی دوپات بونه‌وه‌ و زۆربوون و به‌هێزبونیشدا، سه‌ری له‌ لاواز بوونی ڕه‌وایه‌تی سیاسی و به‌ قه‌یرانكردنی كێشه‌كان و گه‌یشتنه‌ بنبه‌ستی سیاسی و داواكردنی چوارچێوه‌یه‌كی سیاسی و دامه‌زراوه‌یی نوێ بۆچاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌كانه‌وه‌ ده‌رده‌چێت.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com