13 كۆنترین شار لە جیهاندا

0

city13 كۆنترین شار لە جیهاندا

نوچەنێت

هەر لە سەرەتاوە شارستانیەت و مێژووی دوور و درێژ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بونیان هەبوە، بەپێی ئەم پۆلێن كردنە مێژووییەی بۆ كۆنترین شارەكانی سەر ڕووی زەوی كراوە دەبینین زۆربەیان دەكەونە ناوچەی دەریای ناوەڕاستەوە.
هەروەها شوێنی دابەزینی ئاینە ئاسمانیەكان و گەشەكردنی فەلسەفە و دەستپێكردنی مێژووی شارستانیەتی مرۆڤ بوە لە چاخە زۆر كۆنەكانەوە، لێرەدا لیستێكی كۆنترین شارەكانی جیهانتان پێ‌ ئاشنا دەكەین.
• هەولێر- هەرێمی كوردستان (6000) ساڵ پێش زایین
ئەم شارە جگە لەوەی پێگەیەكی گرنگە دەسەڵاتە كوردییە دێرینەكانی وەك مێدییەكان بووە، لە سەردەمە جیاوازەكاندا لە لایەن ئاشوریەكان و بابلییەكان و فارسەكان و ساسانیەكان و عەرەب و عوسمانیەكان فەرمانڕەوایی كراوە و وێستگەیەكی سەرەكی سەر ڕێگای دێرینی بازرگانی ئاوریشم بوە، تا ئێستاش قەڵاكەی كە بەرزیەكەی 26 مەترە لە جێگەی خۆی ماوە و خۆی ڕاگرتوە.

• صور-لوبنان (2750) ساڵ پێش زایین
ئەم شارە 2750 ساڵ پێش زایین بنیات نراوە بەپێی سەرچاوەكانی هیرۆدۆت، دوای ئابڵوقەیەكی حەوت مانگی ساڵی 332ی پێش زایین ئەسكەندەری گەورە داگیری كردوە ، هەروەها ساڵی 64ی پێش زایین بوەتە كەرتێكی رۆمانی، ئەمڕۆ كەرتی گەشتیاری بە سەرچاوەیەكی سەرەكی داهاتی شارەكەیە كە مەیدانی پێشبڕكێی ئەسپی سەردەمی رۆمانەكانی تێدا ماوە كە یەكێكە لە شوێنە كەلتوریە جیهانیەكانی یونسكۆ.
• قودس(ئۆرشەلیم) (2800) ساڵ پێش زایین
قودس ئەو شارە كۆنەی كە شوێنی پیرۆزی هەرسێ‌ ئاینە ئاسمانیەكەی تێدایە، هەر لە دێر زەمانەوە ژیانی تێدا بوە، دەوترێت 23 جار ئابڵوقە دراوە و 52 جار هێرشی كراوەتە سەر و 44 جار داگیر كراوە و دوو جاریش بە تەواوی خاپوور كراوە.
• بەیروت- لوبنان (3000) ساڵ پێش زایین
لەم شارەدا لە هەڵكۆڵینەكاندا شوێنەواری فینیقی و ئەغریقی و رۆمانیەكان دۆزراوەتەوە، هەروەك چۆن شوێنەواری عەرەبی و عوسمانیش هەن، هروەها لەو نامانەدا كە بۆ فیرعەون نێرراون لە سەدەی هەشتی پێش زایین باسی كراوە، لە سەردەمی نوێشدا شەڕی ناوخۆی بەخۆوە بینی لەگەڵ ئەوەشدا بە روویەكی گەشتوگوزاری جیهانی دادەنرێت.

• غازی عەنتاب-توركیا (3650) ساڵ پێش زایین
دەكەوێتە باكوری كوردستانەوە لە نزیك سنوری رۆژئاوای كوردستان، مێژووی غازی عەنتاب زۆر كۆنە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی هیتیەكان، قەڵای راڤەندا دووبارە نۆژەن كرایەوە لەلایەن بیزەنتیەكانەوە لە سەدەی شەشەمدا كە دەكەوێتە ناوەڕاستی شارەكەوە، هەروەها مۆزایكی سەردەمی رۆمانەكانیشی تێدا نوسراوەتەوە.
• بلۆڤدیف- بولگاریا (4000) ساڵ پێش زایین
دووەم گەورە شاری بولگاریایە، لە پێشوودا كەوتوەتە دەستی بیزەنتی و عوسمانیەكان پێش ئەوەی ببێتە بەشێك لە بولگاریا،شارەكە سەنتەرێكی رۆشنبیری گەورەیە و ژمارەیەكی زۆری شوێنەواری تێدایە لەوانە سێركی رۆمانی و كەناڵ و گەرماوی عوسمانی.

• صەیدا-لوبنان (4000) ساڵ پێش زایین
دەكەوێتە 25 میلی باشووری بەیرووتەوە، یەكێكە لە گرنگترین و لەوانەیە كۆنترین شاری فینیقی، وەكو بنكەی دەریای سپی ناوەڕاستی ئیمپراتۆریەتی فینیقی دادەنرێت، دەوترێت هەریەك لە حەزرەتی عیسا و قەشە پۆڵس سەردانی ئەو شارەیان كردوە، هەروەها ئەسكەندەری گەورەش كە لە ساڵی 333ی پێش زایین داگیری كردوە.

• فەیوم – میسر (4000) ساڵ پێش زایین
مێژووی فەیوم شارستانیەتێكی تایبەت بە ناوچەكەی تۆمار كردوە كە لەسەر كەناری دەریاچەیەك گەشەی كردوە و ناوی شارستانیەتی فەیومی یەكەم و دووەمی لێنراوە.
هەروەها لە هەڵكۆڵینەكاندا گیانەوەری زۆری وەك فیل و مەیموون و نەهەنگ و بڕبڕەدارە لەناوچووەكانی وەك داینەسوری “بارالیتیتان” لە چیای قەترانی باكوری دەریاچەی قاروون دۆزراونەوە،هەروەها خواوەندی ئەو سەردەمەی فەیوم تیمساح بوە بۆیە ناونراوە “برسوبك” واتە ماڵی تیمساح بەهۆی بوونی تیمساح لە دەریاچەكەدا.

• سوسە – ئێران (4200) ساڵ پێش زایین
سوسە پایتەختی ئیمپراتۆریەتی ئیلامیەكان بوە پێش ئەوەی لەلایەن ئاشوریەكانەوە داگیر بكرێت، پاشان لەلایەن ئیخمینیە فارسەكانەوە بە سەركردایەتی سیروسی گەورە داگیر كراوە ، هەر لەوێ‌ “تراژیدیای ئەسینا” كە شانۆگەریەكە ئەسخیلۆس نوسیویەتی دەرهێنراوە، كە كۆنترین شانۆگەری مێژووی شانۆیە.شارەكە ئێستا پێی دەگوترێت شوش و دانیشتوانەكەی نزیكەی 65000 كەسە

• دیمەشق- سوریا (4300) ساڵ پێش زایین
هەندێك لە سەرچاوەكان وەك كۆنترین شاری جیهان باسی دەكەن، كە لەوانەیە دە هەزار ساڵی پێش زایین ژیانی تێدا بوبێت بوەتە جێگایەكی گرنگی ئارامیەكان كە تیایدا تۆڕی كەناڵی ئاویان دروست كردوە كە تائێستاش وەك بنچینەی تۆڕی ئاوی نوێ‌ بەكاردێت دوای ئەسكەندەری گەورە كەوتوەتە دەست رۆمەكان و عەرەبەكان و عوسمانیەكان، ئەو هەموو شوێنەوارە مێژووییەی كە هەیەتی وای لێكردوە ڕوویەكی گەشتیاری میللی گرنگ بێت تا ئەو كاتەی ئەم گرژیانەی ئەم دواییە ڕوویدا.

• حەلەب- سوریا (4300) ساڵ پێش زایین
قەرەباڵغترین شاری سوریایە كە 4.4 ملیۆن كەسی تێدا دەژی، شارە كۆنەكە دەكەوێتە ناو گەڕەكەكانی شارە نوێكە، شارەكە تا ساڵی 800 پێش زایین لەژێر دەستی هیتیەكاندا بوە هەروەها سەردەمی ئاشوری و یۆنانی و فارسەكانی بینیوە، لە دواییشدا لەلایەن رۆمەكان و بیزەنتی و عەرەبەكانەوە داگیر كراوە ، هەروەها لەلایەن خاچپەرستەكانەوە ئابڵووقە درا و لەلایەن مەغۆل و عوسمانیەكانەوە داگیر كراوە.

• جوبەیل- لوبنان (5000) ساڵ پێش زایین
لەلایەن فینیقیەكانەوە بنیات نراوە و لەلایەن یۆنانیەكانەوە ناوی بایبلۆسی لێنرا، شوێنە گەشتیاریە سەرەكیەكانی ئەم شارە بریتین لە پەرستگا كۆنەكانی فینیقیەكان و قەڵای جوبەیل و كڵێسای قەشە یوحەنا و دیوارە گەورەكەی ناوەڕاستی شارەكە.
• ئەریحا- فەلەستین (9000) ساڵ پێش زایین
كۆنترین شاری دنیایە كە ژیانی تێدا بەردەوامە زانایانی شوێنەوار پاشماوەی 20 كۆمەڵگەی نیشتەجێ بوونیان دۆزیوەتەوە كە مێژوەكەیان بۆ 11000 ساڵ دەگەڕێتەوە، شارەكە دەكەوێتە نزیك رووباری ئەردەن لە كەناری خۆرئاوا و ئێستا نزیكەی 20000 كەسی تێدا دەژی.

سود لە ئەنسكلۆپیدیای ویكیپیدیا و ماڵپەڕی ئەلئان وەرگیراوە

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com