شارستانێتى مایا چۆن لەنێوچووە؟
نوچەنێت-روسیاتودەى
بەپێى بۆچوونى زانا جیۆلۆجیەکان ، وشکە ساڵییەک کە سەد ساڵى خایاندوە بوەتە هۆى لەناوچوونى شارستانیەتى مایا لە ئەمریکاى لاتین.
زانایان لە ئەنجامى چەند پشکنینێک بۆ نموونەى چەند بەردێکى نیشتەنى و خۆڵى وەرگیراو لە یەکێک لە کونە شینە گەورەکان (کونى گەورە و دەروازەى ئەشکەوتى گەورەى ژێر دەریایە کە بە بەردى مەرجانى و فەیروزى دەورە دراوە و لە بۆشایی ئاسماندا بە شێوەى کونى گەورەى شینى تۆخ دەردەکەون) ، بۆیان دەرکەوت وشکەساڵیەکى بەهێز لە ماوەى ساڵانى نێوان 800-900 ى دواى زایین، واى لە دانیشتوانى ئەو شارستانیەتە کردوە کە بەرەو باکور بڕۆن و دواى تێپەڕینى چەند سەدەیەک شارستانیەتەکەیان لەناوچووە.
لێکۆڵەر ئەندریە درۆکسیلەر لە زانکۆى رایس دەڵێت، بۆ یەکەمجار زانایان توانیان ئەوە بسەلمێنن کە کەش و هەوا رۆڵێکى کاریگەرى هەبوە لە لەناوچوونى شارستانیەتى مایا، ئەویش بەهۆى چەند نموونەیەک کە لە چەند شوێنێکى جیاواز وەرگیرابوون.
زانایان ئەو نمونانەى لە کونە شینە گەورەکە و دەریاچە کاناراوییەکانى تەنیشتى کە لە هەموو لایەکەوە بە دیوارى مەرجان دەورە دراون وەریانگرتبوو ، شیتەڵیان کرد، گرنگیان بە بوونى دوو توخم دا لەو نموونانەى وەریان گرتبوو ئەوانیش تیتانیۆم و ئەلەمنیۆمە چونکە کاتێک باران دەبارێت و بەردە گڕکانییەکانى نیمچە دورگەى یۆکاتان دەشواتەوە نزمى ئاستى ئەو دوو توخمە هێماى کەمى باران بارین یان هەر نەبوونى باران بارین دەردەخات.
زانایان پێیان وایە هۆکارى ئەم وشکەساڵیە ئەو لادانە بوە کە لە ناوچە خولگەیەکاندا روویداوە، کە لە دۆخى ئاساییدا باران بەرەو ناوچەکانى هێڵى کەمەرەیی زەوى دەچێت و لە وەرزى هاویندا بارانى بەخوڕ لە نیمچە دورگەى یۆکاتان دەبارێت، لەو کاتەدا ئەمە رووینەداوە و وشکەساڵى دروست بوە و بوەتە هۆى لەناوچوونى شارستانیەتى مایا.