دكتۆر سه‌لاحه‌دین بابه‌بكر: پاشكۆیی هیچ لایەنێك قبوڵ ناكەین

0

دكتۆر سه‌لاحه‌دین بابه‌بكر وتەبێژ و ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی: بەشداری هیچ حكومەتێك ناكەین كە درێژكراوەی ئەم حكومەتەی ئێستا بێت

پاشكۆیی هیچ لایەنێك قبوڵ ناكەین


دیداری: رێبوار ره‌زا چوچانی

لەم دیمانیەدا دكتۆر سەلاحەدین بابەكر وتەبێژ و ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، تیشك دەخاتە سەر بارودۆخی ئێستای كوردستان، ئەو دەستپێشخەری سەرۆكی هەرێم بۆ دانوستاندنی نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی هەرێم، بە هەنگاوێكی ئیجابی وەسف دەكات، بەڵام رەتیشی دەكاتەوە، كە بەشداری حكومەتێك بكەن، كە درێژكراوەی حكومەتی ئێستا بێت.

رێبوار: لەدۆخێكی وەك ئێستادا كە هێزە سیاسییەكان لەكوردستان، گرژی كەوتۆتە پەیوەندییەكانیانەوە، بوونی ئیئتیلافی فراكسیۆنە كوردییەكان چ مانایەكی هەیە؟

د.سەلاحەدین بابەكر: ئێمە وەك یەكگرتووی ئیسلامی هەر لەسەرەتاوە، لەگفتوگۆی پێكهێنانی ئەو ئیئتیلافەوە بەشدار بووین، رۆڵێكی بەرچاویشمان هەبووە لەسەركەوتنی پێكهێنانی، چونكە پێمانوابوو پێویستییە كە هەر چوار لیستە براوەكەی كوردستان، لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەچوارچێوەی كاری هاوبەشدا خۆیان ببیننەوە، یەك هەڵوێست و یەك دەنگ، سوربن لەسەر داواكردنی مافی رەوای گەلی كورد، لەو چوارچێوەیە ئێمە بەردەوام بووین و تا ئێستاش هەر بەردەوامین لەبەشداری ئەو ئیئتیلافەدا.

رێبوار: بەڵام مانەوەی ئەو ئیئتیلافە تاچەند گرنگە؟

د.سەلاحەدین بابەكر: تا ئێستا بوونی خۆمان لەناو ئەو ئیئتیلافەدا، بەباشی دەزانین، تا ئێستاش لەسەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی یەكگرتوو، باس لەكشانەوەمان لەو ئیئتیلافە نەكراوە، بەڵام ئێمە ناتوانین بڵێین كشانەوە و مانەوەمان لەناو ئەو ئیتیلافەدا، بەدەر بێت لەكۆی رووداو و پێشهاتەكانی هەرێمی كوردستان، واتە ئەو رووداو و پێشهاتانەی ئێستا لەكوردستان هەن، ئەگەر زوو چارەسەری بۆ نەدۆزرێتەوە، نێوانی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات فراوان دەبێت، ئەمەش كاریگەری دەبێت لەسەر هەڵوێستی یەكگرتوو لەسەر كشانەوەمان لەو ئیئتیلافەدا، بۆیە ئەگەر كاتی خۆی بێت، ئەوە حەتمەن سەركردایەتی یەكگرتوو تاوتوێی ئەو بابەتە دەكات و هەڵوێستی پێویستیشی لەسەر وەردەگرێت.

رێبوار: دەگوترێت ئێوە كەوتنە ژێر كاریگەری سیاسەتەكانی بزووتنەوەی گۆڕان، چونكە پێشتر ئەوان باسی هەڵوەشاندنەوەی حكومەتیان دەكرد، ئێوە لەگەڵی نەبوون، بەڵام ئێستا ئەو داوایە بۆتە داواكاری ئێوەش، بۆچی لەم دوواییانەدا ئەو گۆڕانكارییانە لەهەڵوێستی ئێوە دەبینرێت؟

د.سەلاحەدین بابەكر: نەخێر ئەوە راست نیە و نەچوینەتە ژێر كاریگەری سیاسەتی هیچ لایەنێك، چونكە یەكگرتوو بە ئەدەبیات و میكانیزم و تێڕوانین و ستراتیژییەتی خۆمان سیاسەت دەكەین لەكوردستاندا، خەڵكی كوردستان و حیزب و لایەنە سیاسییەكانیش ئەم راستییە دەزانن، بەڵام ئێمە و گۆڕان و كۆمەڵ لەكوردستان لەبەرەی ئۆپۆزسیۆنین، هەر بوونمان لەبەرەی ئۆپۆزسیۆن لەپەرلەمان، واتە هەماهەنگی و هاوهەڵوێستی لەهەڵوێستە سیاسییەكاندا.بەڵام لەڕاستیدا پێویستە ئەو پرسیارە لەپارتی و یەكێتی بكرێت، كە بۆچی لەسەرەتاوە ئەوەندە خەمساردانە مامەڵەیان كرد لەگەڵ داوا و خواستی ئۆپۆزسیۆن، پاشانیش داوا و خواستی جەماوەر و خۆپیشاندەران، هەموو ئەوانە وایان كرد، كە هەم شەقام و هەم ئۆپۆزسیۆن رۆژ بە رۆژ هەڵوێستەكانیان لێك نزیك بێتەوە، چونكە پارتی و یەكێتی و دەسەڵات، هەموو جۆرە داوایەكیان پشتگوێ خست، ئەمە هۆكار بوو كە رۆژ بە رۆژ ئێمە هەڵوێستمان لێك نزیك بێت، بۆ نموونە مانگێك كە بە ئاشكرا گۆڕان داوای ئەوەی دەكرد، كە لەپرۆژە 22 خاڵییەكە، خاڵی كۆتایی ببێتە خاڵی یەكەم، كە لەهەڵوەشاندنەوەی حكومەتەوە دەست پێ بكەیت، ئێمە وتمان وا باشە ماوەیەك بدەینە دەسەڵات، بۆ ئەوەی بیر بكاتەوە و هەڵوێستی ببینین، لەپرۆژەكەش ماوەی مانگێكمان دانا، ئەگەر دوای مانگێكیش وەڵام نەدەن، بێگومان ئەو جیاوازییانەش كە لە روئیای ئێمەدا هەیە، هەموومان كۆك دەبین لەسەری، لەدوای مانگەكەش پارتی و یەكێتی هیچ وەڵامێكیان نەدا و خەمساردییان نواند، ئەمەش وایكرد كە ئێمە هەر سێ لامان كۆك بین و خاڵی 22 بكەینە خاڵی یەكەم.

رێبوار: زۆرجار ئێوە بەپاشكۆ لە قەڵەم دەدرێن، چونكە رایەك هەیە پێیوایە ئێستا ئێوە و كۆمەڵ پاشكۆی گۆڕانن و پێشتریش پاشكۆی دەسەڵات بوون، ئایا بەراستی ئێوە دەتانەوێت پاشكۆ بن؟

د.سەلاحەدین بابەكر: ئەوە روونە كە یەكێكە لەو چەواشەكارییانەی دەسەڵات پێی هەڵدەستێت، رەنگە لەهەندێك شوێن بڵێن بە گۆڕان، ئێوە بۆچی دوای دوو هێزی ئیسلامی كەوتوون، لەكاتێكدا ئێوە عەلمانین، دێنە لای ئێمەش دەڵێن ئێوە ئیسلامین بۆچی دوای گۆڕان كەوتوون، كەواتە ئەمە گەمەیەكە، دەسەڵات بە كاری دێنێت، بۆ ئەوەی درز بخاتە نێوان بەرەی ئۆپۆزسیۆن، ئەوە گەمەیەكی ئاشكرایە و پێشموایە ئەم گەمەیە، سەركەوتنی بە دەست نەهێناوە، چونكە ئەگەر بەو مەنتقە بیر بكەینەوە، دەبێت بڵێین پارتی و یەكێتی یەكێكیان پاشكۆی ئەویتریان بێت.

رێبوار: ئێوە پاشكۆییتان قبوڵە؟

د.سەلاحەدین بابەكر: ئێمە پاشكۆیی هیچ كەسمان قبوڵ نییە، مێژووی 17 ساڵی كاری یەكگرتوو شاهیدە، كە یەكگرتوو هەموو كات لەبڕیاری سیاسی سەربەخۆ بووە، بەڵام ئێستا ئێمە لەپرۆژەی ئۆپۆزسیۆن پێكەوەین، وەك چۆن پارتی و یەكێـتی لەدەسەڵات پێكەوەن، ئێمەش لەپرۆژەی ئۆپۆزسیۆن پێكەوەین.

رێبوار: بۆچی ئێوە وەك ئۆپۆزسیۆن خۆپیشاندانەكان ناهێننە هەولێر؟

د.سەلاحەدین بابەكر: ئەو پرسیارە دەبێت رووبەڕووی وەزارەتی ناوخۆ و پارێزگاری هەولێر بكرێتەوە.

رێبوار: بەڵام زۆر خۆپیشاندانەكانی پارێزگای سلێمانی بەبێ مۆڵەت دەكرێت، بۆ لێرە ئێوەش بەبێ مۆڵەت نایكەن؟

د.سەلاحەدین بابەكر: وەك وتم ئەو پرسیارە دەبێت رووبەڕووی وەزارەتی ناوخۆ و پارێزگاری هەولێر بكرێتەوە.

رێبوار: ئایندەی بارودۆخی هەرێم چۆن دەبینن، ئایا پێتانوایە بەرەو توندوتیژی سەر بكێشێت؟

د.سەلاحەدین بابەكر: ئەو وەڵامەی هەردوو مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی، ئێمە بە وەڵام حسابی ناكەین، چونكە پەلە پەلی پێوە دیار بوو و زمانی گفتوگۆی تێدا نەبوو، دوای ئەوە سەرۆكی هەرێم پەیامێكی راگەیاند، ئێمە پەیامەكەیمان بە ئیجابی وەسف كرد و بە هەنگاوێكی دروستمان دانا، لەسەر رێگەیەكی دروست بۆ چارەسەر كردنی كێشە و قەیرانەكان.

رێبوار: ئەگەر حكومەتێكی بنكەفراوان بخرێتە بەردەمتان، ئێوە وەك یەكگرتوو بەشداری تێدا دەكەن، چونكە فازل میرانیش گوتی، كۆمەڵ و یەكگرتوو رەتیان نەكردۆتەوە كە بەشداری حكومەت بكەن؟

د.سەلاحەدین بابەكر: هیچ لایەنێكمان لەئۆپۆزسیۆن بەشداری لەحكومەتێك ناكەین، كە درێژكراوەی ئەم حكومەتەی ئێستا بێت، پارتی و یەكێتی دەیانەوێت تەعدیلاتێكی وەزاری بەرفراوان بكەن، داوایان لەئۆپۆزسیۆنیش كردووە، كە بەشدار بێت، ئێمە هەر سێ لامان رەتمان كردۆتەوە، وتمان ئەگەر ئێمە بەشدار بووینایە ئەو دەعوەتەی ئێستا كە دەیكەن، پێشتریش كردبووتان، بۆیە ئێمە بەشدار نابین لەو كابینەیە، داوای ئۆپۆزسیۆن روون و ئاشكرایە، دەمانەوێت ئەم حكومەتەی ئێستا هەڵوەشێتەوە و حكومەتێكی دیكە بە تەوافقی سیاسی پێكبهێنرێت، لەنێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆندا.

رێبوار: بەڵام گۆڕان دەڵێت، مەبەستمان لە تەوافوق بەشداری كردن نییە، ئەی رای ئێوە چیە؟

د.سەلاحەدین بابەكر: بەشداریكردن و بەشدارینەكردن بەجێدەهێڵین بۆ سەر مێزی گفتوگۆ، ئێمە سەیری گفتوگۆكان و كارنامەكە و ئیرادەی چاكسازی دەكەین و دوای ئەوانە ئێمە بڕیار دەدەین، بە بەشداریكردن یان بەشداری نەكردنمان لەو حكومەتە.

رێبوار: بە خوێندنەوەی ئێوە، بۆچی خۆپیشاندانەكان لەلایەن وڵاتانی خۆرئاوا، نەخراوەتە ئەولەویەتی كاركردنی خۆیانەوە؟

د.سەلاحەدین بابەكر: تا ئێستا خۆپیشاندانەكان هەر لەسنوری پارێزگای سلێمانییە و نەبوونەتە خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە هەموو هەرێمی كوردستان، رەنگە ئەمە یەكێك بێت لە هۆكارەكان.

له‌ گۆڤاری (سڤیل)ه‌وه‌…..

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com