گواردیۆلا تووڕەیی خۆی نیشاندا.
نوچە.نێت:وەرزشی
بەڕێوەبەری هونەری یانەی بایرەن میونخی ئەڵمانی “پیپ گواردیۆلا”بێزار بوونی خۆی لە شێوازی یاری کردنی یانەکەی لە یارییەکەی بەرامبەر “هێرتا بەرلین”نیشاندا.
سەرەرای ئەوەی یانەی بایرەن میونخی ئەڵمانی بە تاکە گۆڵێکی یاریزان “ئاریان ڕۆبین”سەرکەوتنی تۆمار کرد لە دوای یاری خۆی لە خولی ئەڵمانی بەرامبەر یانەی “هێرتا بەرلینی”هاونیشتیمانی خۆی،بەڵام گواردیۆلای ڕاهێنەر تووڕەبوونی خۆی لە شێوازی یاری کردنی یانەکەی لە گێـمی دووەمی یارییەکە ڕاگەیاند.
گواردیۆلا دوای تەواو بوونی یارییەکەی بەرامبەر یانەکەی پایتەخت،وتی”یانەکەمان تەنها یەك گێم یاری کرد،ئەوەی لە گێمی دووەم یاری دەکرد “هێرتا بەرلین”بوو نەوەک ئێمە،چونکە ئەوان لە گێمی دووەمی یارییەکە لە تۆمار کردنی گۆڵ زۆر نزیکتر بوون لە ئێمە،بۆیە پێم وایە خراپترین شێوازی یاری کردنمان ئەنجام دا”.
دەربارەی هۆکاری ئەو لاوازییەی یانەی بایرەن گواردیۆلا وتی”هۆکار زۆرن بۆ خراپ بوونی ئاستی هەر یانەیەك،بەڵام یەکێك لەو هۆکارانە پێم وابێت شکستەکەی بەرامبەر یانەی مان سیتییە،هەر یانەیەك شکستێکی لەو جۆرەی توشهات بە دڵنییاییەوە کاریگەری پێوە دیار دەبێت”.