شادییە حەیدەری ئەندامی پەڕلەمانی سوید: پەیامی سەرۆکی هەرێم لەو پەڕی دیموکراسی و باوەڕبەخۆبون و پشت قایم بوونە بەخەڵک

0

شادییە حەیدەری ئەندامی پەڕلەمانی سوید بۆ سڤیل:

رەخنە لەپارتە کوردییەکانی رۆژهەڵات دەگرێت هیوا خوازە سود لە ئەزمونی باشور وەربگرن

پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکە لەو پەڕی دیموکراسی و باوەڕ بەخۆبون و پشت قایم بوون بە خەڵک

نابێت پارتە ئیسلامییەکان لەبیریان بچێت لەم سەردەمەدا زۆر زەحمەتە خەڵک بچنە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەو بیروبۆچونانە

رزگار رەزا چوچانی / سوید

نوچەنێت / گۆڤاری سڤیل

شادییە حەیدەری ژنە کوردی ئەندامی پەڕلەمانی سوید لە پارتی سۆسیال دیموکراتەکان بۆ گۆڤاری سڤیل لە گۆڕانکارییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرسی کورد لەو نێوەندەدا ئەدوێت و بارودۆخی ئەمڕۆی کوردستان دەخاتە بەرباس، پەیامەکەی سەرۆکی هەرێم، گرنگ هەڵدەسەنگنگێنێت و رەخنە لەپارتە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەگرێت.

حەیدەری تێگەشتن لە دیموکراسی لە رۆژهەڵاتی کوردستان واباس کرد کە”دیموکراسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تائێستاش لە حاڵەتی تیۆریدابووە، لەباری عەمەلیدا مێژوویەکی نییە، هەر وەک دەزانین لە دونیادا زۆربەی دیکتاتۆرەکانیش وەک سەدام وشەی دیموکراتیان زۆر بە ئاسانی بەکار دەهێنا و هەر لە حاڵەتی تیۆریدا خۆیان بە دیموکراتیترین کەس دەزانی و بەدەوام وتویانە کە بڕوایان بە دیموکراسی هەیە، بۆیە دەبێت بزانئن کە پرۆسەی دیموکراسی کات و زەمەنی دەوێت، کۆمەڵگەیەک کە ماوەیەکی زۆر لە ژێر زەبرو زەنگ و کوشت و بڕیندا پەروەردە بوبێت، بەتەنها چەند ساڵێک بە ئامانج ناگات لەوانەیە زۆریش بە هەڵە لە دیموکراسی تێ بگات، ئەوەش شتێکی سروشتییە، بەڵام دەبێت کاری بۆ بکرێت و مەیدانی بۆ خۆش بکرێت”.

ئەو ژنە کوردە پەڕلەمانتارە لەسوید لەباری پرسی خۆپیشاندان لەباشوری کوردستان دەڵێت”خۆپیشاندان مافێکی سروشتی هەر تاکێکە، لە کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکدا بۆ دەربڕینی نەرەزایی خۆی”. بەڵام هۆشداری دەدات کە”نەیارانی کوردیش کەم نین بۆیان بگونجێت کەڵک لەهەموو دەرفەتێک وەردەگرن” بۆیە دەبێت بەوریای مامەڵەبکرێ لەگەڵ ئەو مافەدا.

دوا بەدوای خۆپیشاندانەکانی کوردستان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی ئاراستەی خەڵکی کوردستان کرد لەپەیامەکەیدا وێڕای باسکردن لە پرۆسەی چاکسازی، داوای لەپەڕلەمان کوردستانیش کرد، کار بکات بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت و تەئکیدی کردوە کە دەبێت بڕیار بدرێتەوە دەست میللەت و میللەت خۆی بڕیار بدات.

شادییە حەیدەری ئەندامی پەڕلەمانی سوید بەگرنگی ئەو پەیامەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەڵدەسەنگێنێت و دەڵێت”پەیامی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکە لەو پەڕی دیموکراسی و باوەڕ بەخۆبون و پشت قایم بوون بە خەڵک، هەر بۆیە لەو سەردەمەشدا چاواڕوانی زیاتر بۆ بەرەو پێشبردنی کۆمەڵگای کوردستان لە سەرۆکی هەرێم دەکرێت”.

حەیدەری لەباری چالاکبونی بزوتنەوە ئیسلامییەکان و ئەگەری سەرکەوتنی ئەو رەوتانە لەئایندەی کوردستان و ناوچەکە پێی وایە ” ئاین بیروباوەڕێکی پیرۆزە، دەبێت رێزی تایبەتی خۆی هەر بمێنێت” و نەکرێتە پرسی سیاسی، وتیشی”نکۆڵی لەوە ناکرێت ئیسلامییەکان (ئیسلامی سیاسی) هەوڵ ئەدەن دەسەڵات بخانە ژێر کۆنترۆڵی خۆیان، بەڵام نابێت لەبیریان بچێت، کە لەم سەردەمەدا زۆر زەحمەتە کە خەڵک بچنە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەو بیروبۆچونانە. چونکە خەڵک هەوڵ دەدات دین و حکومەت لەیەک جیابکاتەوە. هیوادارم کە ئەو رێکخراوانەش دین لەحکومەت جیا بکەنەوە”.

شادیە حەیدەری لە قسەکانیدا بۆ سڤیل لەبارو دۆخی ناوچەکەو گۆڕانکاریەکان دواو بڕوای خۆ نەشاردەوە کە”ئاڵوگۆڕەکان ئێرانیش دەگرێتەوە” بەڵام رەخنەی لە پارتەکوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هەبوو وتی” گۆڕانکارییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر بەرچاوە، ئەو ئاڵوگۆڕە ئێرانیش دەگرێتەوە، هەموومان ئاگادارین کە خەڵکی ئێران لەو پەڕی ناڕەزایدان و زەختی زۆریان لەسەرە، رۆژ نیە لەوان بەند نەکرێن و لە سێدارە نەدرێن، بەڵام بەداخەوە وەک هەموومان ئاگادارین هێزە سیاسیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان تاکو ئێستاش پلاتفۆرمێکی یەکگرتوویان بۆ ئەو ئاڵوگۆڕەی کە لەئێراندا پێک دێت نەداوەتە دەر، هیوادارم ئەو هێزە سیاسیانە کات بەفیڕۆ نەدەن بۆ بە ئامانجگەیاندنی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و دەرگای دیالۆگ بۆ پلاتفۆرمێکی یەکگرتوو لە یەک بکەنەوە خەڵک دڵخۆش بکەن و بەرنامەیەکی هاوبەش دابڕێژن کە لە داهاتوودا چۆن وڵاتەکەیان بەوەرگرتنی ئەزمون لە باشوری کوردستان، بۆ ئاوەدان کردنەوە بەرەو پیش دەبەن”.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com