نوچەنێت-ئیندیپێندنت
ڕۆژنامەی ئیندیپێندنتى بريتانى كە تا ئێستا گرنگی بەو فراوانبوونانە دەدات كە دەسەڵاتدارانی سعودیە ئەنجامی دەدەن لە كەعبەدا ،ڕاپۆرتێكی ئەندرو جۆنسنی بڵاویكردەوە بە ناونیشانی ( مەككە لەژێر هەڕەشەدایە : پلانێك بۆ لەناوبردنی شوێنی لەدایك بوونی پێغەمبەر (د.خ) و گۆڕینی بە كۆشك و باڵەخانە و مەڵبەندی بازرگانی و بازاڕ)
جۆنسن دەڵێت : ئەو ناوچەیەی كە بەوە ناسراوە پێغەمبەر (د.خ) لەوێ لەدایك بووە بۆ هەتا هەتایە دادەپۆشرێت و دەكرێت بەژێر پایە گەورە و بڵندەكانی پرۆژەیەكەوە كە نرخەكەی چەندین ملیار دۆلارە و لە چوارچێوەی فراوانكردنەكانی كەعبەدایە كە چەند ساڵێكە دەستی پێكردوە و بەهۆیەوە چەندین ناوچەی شوێنەواری لەناوچوون.
ماڵپەڕی بی بی سیش هەر لەسەر زاری ئەو نوسەرەوە گواستویەتییەوە كە 95% ئەو بینا و ناوچە شوێنەوارییانە كە مێژووەكەیان دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ وێران كراون و لە جێگەیان هۆتێل و سەنتەری بازاڕ كردن دروست كراوە. ئاماژەشی بەوە داوە كە پرۆسەی فراوانكردنەكە لەم دواییانەدا ئەو پایانەشی لەناوبردوە كە پێش 500 ساڵ بۆ بەرز ڕاگرتنی یادی ئیسرا و میعراج دروست كران.
جۆنسن وتیشی : قۆناغی نوێی فراوانكردنەكە دروستكردنی كۆشكێكی نوێی پاشای سعودیە دەگرێتەوە كە وا چاوەڕوان دەكرێت لە هەمان ئەو جێگەیە دروست بكرێت كە پێغەمبەری (د.خ) تێدا لەدایك بووە ، كە لە ساڵی 1951 دا كتێبخانەیەكی گەورەی بە چوار دەوردا دروستكرا وەك هەوڵێك بۆ پاراستنی پاشماوەی ئەو حوجرانەی كە ماون. لە لایەكی ترەوە دەسەڵاتدارانی سعودیە ڕێگری دەكەن لە لەوەی كە سەردانیكەران لەو جێگایەدا نوێژ بكەن بە بیانووی ئەوەی بەڵگەی یەكلا كەرە نیە لەسەر ئەوەی كە پێغەمبەر (د.خ) لەو شوێنەدا لەدایك بووە.
ئەو نوسەرە ئاماژەی بەوە دا سەرەڕای ئەوەی لە سەرەتای پرۆسەی فراوانكردنەكەدا لە هەموو لایەكەوە دەنگ بەرز بۆوە كە نابێت دەست لەو شتانە بدرێت كە شوێنەوارن لەو شارە پیرۆزەدا ، بەڵام دەسەڵاتدارانی سعودیە بەرگرییان لەو هەنگاوانە كرد و لە گرنگییان زیاد كرد بە بیانووی ئەوەی كە ژمارەیەكی زیاتری سەردانیكەران لەخۆ دەگرێت و هۆكارەكانی حەوانەوە و سەلامەتی باشتر فەراهەم دەكرێت.
