دۆزینەوەی كۆپیەكی قورئانی پیرۆز لە ئەڵمانیا كە پێدەچێت چل ساڵ دوای كۆچی دوایی پێغەمبەر (د.خ) نوسرابێتەوە
زانایان لە ئەڵمانیا كۆپییەكی قورئانی پیرۆزیان دۆزیوەتەوە كە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی حەوتەمی میلادی ، ساڵی 1864 گەیشتوەتە زانكۆی (توبینگن) ، كە پێیان وایە بە 20-40 ساڵ دوای كۆچی دوایی پێغەمبەر (د.خ) نوسراوەتەوە.
ڕۆژی دووشەممە بەرواری 10 ی نۆڤەمبەر زانكۆی (توبینگن)ی ئەڵمانی ڕوونی كردەوە ئەو كۆپیە لە كتێبخانەی زانكۆكەیاندایە و كۆنترە لەوەی كە زانایان بۆی دەچوون كە لە سەرەتاوە پێیان وابوو لە سەدەی هەشت یان نۆی زایینی دا نوسراوەتەوە ، بەڵام ئێستا پێیان وایە بۆ سەردەمی دابەزینی ئیسلام دەگەڕێتەوە.
بەپێی قسەی لێكۆڵەرانی ئەو زانكۆیە ، ئەو كۆپیە تەنها 20-40 ساڵ دوای كۆچی دوایی پێغەمبەر (د.خ) نوسراوەتەوە .
لە ڕێگەی پرۆژەیەكی لێكۆلینەوەی جیهانییەوە چەند پارچەیەك لە دەستنوسەكە وەرگیراوە بۆ پشكنین كە تیایدا توێژەران هەوڵ دەدەن میژووی وردی ئەو قورئانە بدۆزنەوە.
وتەبێژی زانكۆكە ڕوونی كردەوە كە ئەو قورئانە دەستنوسەی كە دۆزراوەتەوە بە خەتی كوفی نوسراوە كە یەكێكە لە كۆنترین خەتەكانی زمانی عەرەبی . هەروەها وتی كە لە ڕێگەی تایبەتمەندی دەستنوسەكەوە و لە هەمان كاتدا بە یارمەتی ڕێگەی فیزیاوی دەتوانرێت تەمەنی قورئانەكە بزانرێت.
وتەبێژی زانكۆكە وتی ” پێمان وایە كە ئەوە كۆنترین دەستنوسە لامانە”
ئەم كۆپیە ساڵی 1864 گەیشتوەتە كتێبخانەی زانكۆكە كاتێك زانكۆكە بەشێك لە كتێبەكانی قونسوڵی بروسی (یۆهان گۆتفرید فیتس شتاین) كڕی .
نوچەنێت- ڕووسیا تودەی
