پەڕلەمانی کوردستان: ئەگەر زانیمان هێزەكانی پێشمەرگە ناتوانن لەکاتی خۆیدا یەكبگرنەوە، ماوەكەیان بۆ درێژ دەكەینەوە

0

ariپەڕلەمانی کوردستان: ئەگەر زانیمان هێزەكانی پێشمەرگە ناتوانن لەکاتی خۆیدا یەكبگرنەوە، ماوەكەیان بۆ درێژ دەكەینەوە

دڵشاد هەرتەلی- نوچەنێت

ئاری هەرسین، سەرۆكی لیژنه‌ی كاروباری پێشمه‌رگه‌ ‌و شه‌هیدان ‌و قوربانیانی جینۆساید ‌و زیندانیانی سیاسی، له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، لە دیمانەیەكی تایبەت بە(نوچەنێت) باسی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دەکات، و دەڵێت، هیچ لایەنێک رێگری ناکات لەیەکگرتنەوەی پێشمەرگە، بەڵام ئەگەر بەهۆی ئەو بارودۆخەی هاتۆتە پێش یەکگرتنەوەی پێشمەرگە دوا بکەوێت، ئەوە پەڕلەمان ئامادەیە ئەو ماوەی بۆ یەکگرتنەوەکە دانراوە درێژی بکاتەوە، راشیدەگەیەنێت، ئەو چەكانەی چوە بۆ كۆبانێ هاوكاری حكومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ خوشك و برا پێشمەرگەكانمان لەكۆبانێ و پشكی هیچ حیزبێكی سیاسی بەتەنیا تێدانییە.

نوچەنێت: لەم رۆژانە لەگەڵ وەزیری پێشمەرگە کۆبونەوە، چیتان باسکرد بۆ رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، ئەو ماوەی داتانناوە بۆ رێکخستنی هێزی پێشمەرگەیە تەئکیدی لێکرایەوە؟

ئاری هەرسین: لەكۆبونەوەمان لەگەڵ وەزیری پێشمەرگە باسی یەكگرتنەوەی هێزەكانی 70 و 80 مان نەكرد، بەحوكمی ئەوەی كات كەم بوو، ئەو بڕیارەی لە 22/7 دەرچووە لە پەرلەمانی كوردستان بۆ یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، ئێمە كاتمان دا بەبەڕێز وەزیری پێشمەرگە بۆ ئەوەی كە لەماوەی 15 رۆژدا وەڵامی خاڵەكانمان بداتەوە، یەكێك لەو خاڵانە بریتییە لەیەكگرتنەوەی هێزەكانی 70 و 80.

نوچەنێت : پێت وایە ئاسان بێ، چونکە ئەگەر لە کابینەی پێشوو، پارتی و یەکێتی بەشەرمەوە دەیانوت پێشمەرگەکانی حزب، ئێستا بەدەنگی زوڵاڵ باسی پێشمەرگەی حزب، دەستکەوتی حزب، شەهیدی حزب دەكەن.

ئاری هەرسین:كەس بەدەنگی زووڵەڵاوە باسی پێشمەرگەی حیزبی نەكردووە، ئەوە هەندێك راگەیاندنن واباسی دەكەن، من وەكو سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە، هەر لەجەلەولا تا شەنگال سەردانی میحوەرەكانم كردوە، بۆ نموونە ئەگەر سەیری میحوەری كەركوك بكەین، كاك شێخ جەعفەر مستەفا ئەو سەرپەرشتی دەكات، لە پێشچاوی هەموو ئەفسەرەكان وتویەتی، ئەو پێشمەرگانەی كە لێرەن هەمووی پێشمەرگەی كوردستانن، پێشمەرگەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان نین، لە مەنتیقەی دوبزەوە هەتاوەكو فیشخابور لەگەڵ فەرماندەكان قسەمان كردوە، كەسیان خۆی بە پێشمەرگەی حیزب نەزانیوە.

نوچەنێت : پێت وانییە شەڕی داعش رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی زەحمەتترکردوە؟

ئاری هەرسین: كە دەڵێین داعش یەكگرتنەوەی هێزەكانی 70 و 80 قورستركردوە ،مەبەست ئەوەنیە كە داعش بتوانێت ریگە لەئێمە بگرێت، بەڵام ئێستا لەحاڵەتی شەرین و دەبێت حسابی ئەوە بكەین، پێشمەرگەكان لە شەرن و پێویستمان بەفەرماندەیەكە كە فەرماندەی هێزەكان بكات، بۆیە لە ئێستادا ئەگەر ئەو پڕۆسەیە جیهەتێكیشی پێوە یار بێت شتێكی مەنتقیە، بەڵام ئیرادەكە هەیە و هەموو لایەنە سیاسییەكان بەتایبەتی ئەمە بەقسەی بەرێز وەزیری پێشمەرگەیە، مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی زۆر زۆر ئیرادەیان هەیە و حەزدەكەن و پشتیوانی لەوەزیری پێشمەرگە دەكەن بۆ یەكگرتنەوەی ئەو دوو هێزە.

نوچەنێت :تۆ بەرپرسی لیژنەی پێشمەرگەی، ئەگەر لەماوەی دیاریکراو هەریەک لەو دوو لایەنە نەهاتنە سەر خەت بۆ رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، هەڵوێستان چی دەبێ، ئامادەی بۆ خەڵکی کوردستانی ئاشکرا بکەی کام لایەنە ئاستەنگ دروست دەکات، ئەگەر لایەنەکەی خۆشت بێ؟

ئاری هەرسین: هیچ لایەنێك ئاستەنگ نییە، بەڵام ئەگەر لەماوەی 6 مانگ ئەو هێزانەیەكیان نەگرتەوە خۆ بڕیاری پەرلەمان ئایەتی قورئانی نییە و لەهەموو دونیا شتی وادەبێت، ئێمە سەیری حاڵەتەكە دەكەین ئەگەر لایەنێكی سیاسی لە پێشدا پارتی بوە رێگری یەكگرتنەوەی هێزەكانی 70 و 80 ، من خۆم دێمە سەر میمبەر و باسی دەكەم، ئەگەر زانیمان دۆخە سیاسی و سەربازییەكە وایكردوە هێزەكانی 70 و 80 نەتوانن یەكبگرنەوە، زۆر زۆر ئاسایە ئێمە ماوەكەیان بۆ درێژ دەكەینەوە خۆ دونیا خراپ نابێت، 23 ساڵە كورد تەحەمولی كردوە باشەش مانگی تریش چاوەڕی بكات.

نوچەنێت :هاوکاری سەربازی کوردستان بۆ کۆبانێ نێردرا، حزبێک وتی هاوکاری حزبە، بۆچی ئێوە لە لیژنەی پێشمەرگە هیچ هەڵوێستێکتان نەبوو، کە بڵێن هاوکارییە سەربازییەکان بەناوی پێشمەرگەوە دێت بۆ کوردستان، ناکرێ بکرێ بەناوی حزبەوە ؟

ئاری هەرسین: هیچ حیزبێك نەی وتوە ئەمە هاوكاری حیزبە، من دەزانم مەبەستت چییە، مەكتەبی سیاسی یەكێتی نەیوتوە ئەو چەكەی چوە بۆ كۆبانێ ئێمە ناردومانە و شتی وانەبووە، ئێمە رەئی خۆمان وتوە لە دەزگاكانی راگەیاندن، ئێمە لەگەڵ هەردوو لایەنە سەرەكییەكە پارتی و یەكێتی لەسەر خەتین و ئەو چەكانەی چوە بۆ كۆبانێ هاوكاری حكومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ خوشك و برا پێشمەرگەكانمان لەكۆبانێ و پشكی هیچ حیزبێكی سیاسی بەتەنیا تێدانییە.

نوچەنێت : بەڵام لەگەڵ گەشتنی هاوکارییەکان بۆ كۆبانێ، مەکتەبی سیاسی یەکێتی رایگەیاند، ئەو هاوکارییەی بەکۆبانێ گەشتووە، لەلایەن ئەو حزبەوە دابینکراوە كە 24 تەن چەك و تەقەمەنی بووە لە پاشەكەوتی خۆی، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانیش ئەو راگەیەنراوەی یەکێتی رەتکردەوە و بەناڕاست و موزایدە لەقەڵەمی دا.

ئاری هەرسین:پشكی خۆمان چییە، ئێمە وەكو پەرلەمانی كوردستان تەعامول لەگەڵ حكومەت دەكەین، وەزیری پێشمەرگە و سەرۆكایەتی هەرێم و ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ئەمانە لایەنی فەرمین، بۆ ئێمە كە قسەیان لەگەڵ بكەین، بۆ نمونە مەسول لقێكی پارتی یان مەسول مەڵبەندێكی یەكێتی، یان حیزبەكان شتێك دەڵێن ئەوە دەكەوێتە دەرەوەی سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم كە سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمان و حكومەتە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com