م. محەممەد ئێنەیی: لیژنەی فتوا كاتێك فتوا دەدات، کەلەلایەن هاوڵاتیان پرسیاری لێكرا، كە ئایە ئەو كارە رەوایە یان نا رەوایە؟ حەڵاڵە یان حەرامە؟

0

m.muahamadتەوەر : فرەفتوایی و لیژنەی فتوا لەکوردستان

م. محەممەد ئێنەیی:  لیژنەی فتوا كاتێك فتوا دەدات كە لەلایەن هاوڵاتیان پرسیاری لێكرا، ئایە ئەو كارە رەوایە یان نا رەوایە؟ حەڵاڵە یان حەرامە؟

تەوەری نوچەنێت : فرەفتوایی و لیژنەی فتوا لەکوردستان

مامۆستا مەلا محەممەد ئێنەیی،ئەندام و بڕیاردەری لیژنەی باڵای فتوای كوردستان، لەوەڵامی پرسیارەکانی تەوەری نوچەنێت، پێی وایە، دەڵێت، لیژنەی فتوا لایەنێک نییە خەڵک ناچار بکات بەوەی گوێ لەفتواکانی بگرێت، ئەوەش بە ئاسایی دەبینێت، کە لەدەرەوەی لیژنەی فتوا خەڵکانێک فتوا دەدەن، نایشارێتەوە کە لیژنەی فتوای کوردستان تەنها کاتێک فتوا دەدات کە خەڵک داوای لێ دەکات، بەگەنجانی کوردستانیش دەڵێت، لەپرسە دینییەکاندا بگەڕێنەوە بۆ زانایانی کوردستان، لەجێی زانایانی دەرەوە.

دڵشاد هەرتەلی – نوچەنێت

نوچەنێت : لیژنەی فتوا لەسەر چ بنەمایەک دانراوە؟ پشت بەشارەزایی، یان بەچی بەستراوە؟ چۆن ئەندامەکانی دیاری دەکرێت؟

م. محەممەد ئێنەیی : مێژوی دامەزراندنی لیژنەی فتوا لە كوردستان، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەكانی حەفتا، لەوكاتەدا كەمەلا مستەفای بارزانی یەكێتی زانایانى دامەزراند، لە هەمانكاتیش لەناو ئەو یەكێتییە، لیژنەی فتوا دامەزرا، كە لە كۆمەڵەزانایەكی زۆر بەناوبانگی ئەوكات پێكهاتبوو، دیارە ئەوكاتە كوردستان لە ژێر هەڕەشەی حكومەتی بەعس دابوو، بەردەوام تۆپبارانی لەسەر بوو، زۆرجار لیژنەی فتوا كاری خۆی لەناو ئەشكەوتەكان و باخچەكان ئەنجام دەدا، هەتاوەكو ساڵی 1991 ئەوكاتە راپەڕینی كوردستان روویداو سەرلەنوێ لیژنەی فتوا دامەزرایەوە، كە بریتیە لەچەند مامۆستایەكی بەئەزموونی ناوداری كوردستان، كە هەریەكەیان شارەزایەكی تەواویان هەیە، لە هەر 12 زانستی مەلایەتی و لەهەمانكاتیش ئەزموونی كرداریان هەیە، كە بەدەیان كێشە هاتوەتە لایان و چارەسەریان كردووە، زۆربەی زۆری ئەندامانی لێژنەی فتوا، مامۆستایانی موجیزن واتە ئەو مامۆستایانەی، بەدرێژای 50 ساڵ وانەیان بەفەقێیان وتوەتەوە لەئەنجام دا گەیشتونەتە ئەو ئەندازەیەی ببنە مامۆستای ئیجازە دور بەقێیان.

نوچەنێت : بۆچی کاتێک لیژنەی فتوای کوردستان بوونی هەیە، هێشتاش بەشێک لەخەڵک گوێ لەفتوای زانایانی خلیج دەگرن؟ مەسەلە غیابی لیژنەی فتوایە یان چی؟

م . محەممەد ئێنەیی : بەحوكمی ئەوەی ئێستا هۆكارەكانی راگەیاندن یاخود تەكنەلۆژیای سەردەم بوونیان هەیە، كە دنیای بچوك كردوەتەوە،گەنجێك لەسەر ئەنتەرنێت دادەنیشێت و پەیوەندی دەكات بەچەندەها دەزگای فتوا لەوڵاتەكانی خەلیج، كە ئەوەش كارێكی هەڵەیە، ئێمەی كورد وەكو پێویست رێزی مامۆستایانی خۆمانمان نەگرتووە، بەبەڵگەی ئەوەی كاتی خۆی زۆر زانا لە كوردستان دا رۆشتون بەرەو میسر، لەوێش بونەتە زانای ناودارو بەدرێژای چەندەها ساڵ بونەتە موفتی لەوێ، لەهەمانكاتیش هەندێك لە و زانا كوردانە رویان لەمەككە كردوەو بونەتە موفتی، هەروەها لەبەغداش كەپایتەختی دەوڵەتی ئیسلامی بووە، لەسەردەمی عەباسییەكان، زەهاوییەكان بۆ ماوەی یەك سەدە زانای گەورە بوون لە عێراق، هەروەها لە پێشریش لەناو عێراقدا مامۆستا عبدالكریمی مودریس هەبوو، دەورێكی گرنگی هەبوو كەكارگیشتە ئەوەی بوو بەسەرۆكی یەكێتی زانایانی هەموو عێراق، یان موفتی هەموو عێراق، هەتا لەوڵاتەكانی خەلیجیش فتوایان لێوەردەگرت، ئەمە جێگەی داخە كە كۆمەڵێك لەگەنجەكانمان كاریگەرن بەهەندێك فتوای كۆمەڵێك لەزانایان كە ئێمە رێزمان هەیە بۆ هەموو زانایانی جیهانی، بەڵام لە حەقیقەت ئەگەر بەوردی لێبكۆڵینەوە ئەمن سەدا سەد دەزانم ئەوانەی ئەوان فتوای لێوەردەگرن، لەدەرەوەی وڵات بەقەد مامۆستا و زانایانی كورد زانانین،حەق وایە گەنجەكانمان بگەڕێنەوە بۆ لای زاناكانی خۆمان و هەر پرسیارێكیان هەبێت بچن لەوانی بكەن، وەڵامی راستەقینە لە زانا كوردەكان وەربگرن، كە زانای گەورەو باشن، نەك لەكەسێكی دەرەوەی وڵاتی وەربگرن، مرۆڤ زانیاری لەسەر تەقواو زانست و بیروباوەڕەكەی نییە، بۆیە ئەوە خەتەری تێدایە.

نوچەنێت : ئەی هۆی چییە هەندێ لایەن پابەندی فتوای ئێوە نابن،کاریگەری حزبە ئیسلامییەکانە؟ یان چی؟ یان حزبی بوونی لیژنەی فتوایە؟

م. محەممەد ئێنەیی : ئێمە وەكو لیژنەی فتوا جیهەتێك نین كە زەختمان پێ لەكەس بكرێت، دەرگامان ئاواڵایە بۆ موسوڵمانانی كوردو غەیری كوردیش، كەسێك ئەگەر سەردانی ئێمەی كرد و داوای رونكردنەوەی كرد، لەرووی شەرعیيەوە یاخود پرسیارێكی لێكردین، پێی دەڵێن وەڵامەكەی لە چوارچێوەی قورئان و فەرمودەكانی پێغەمبەر، یاخود روانگەی زانایان بەو شێوەیە، جا ئەگەر لێیوەرگرتین دەڵێن باشە، گەر نا پێ دەڵێین بۆخۆت سەر پشكبە، ئەو لیژنە فتوایانەی ناو یەكێتی زانایانیش لەلایەن حكومەتەوە باوەڕپێكراون و قسەشیان دەڕوات، لەبەر ئەوەی بەحوكمی دیموكراسیش لە هەرێمی كوردستان كەس رێگەی لێنەگیراوە لەكێ فتوا وەردەگرێت، لەهەمانكاتیش یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی ئایینی ئیسلام ئەوەیە، كەفراوانە و كەس ناچارناكەین تەنها لەسەر رێبازی شافیعی، یان حەنەفی، یا مالیكی بێت، گرنگ ئەوەیە كە پێی بوترێت موسوڵمان ئازادە چی هەڵدەبژێرێت، بەنسبەت بوونی كۆمەڵێك لیژنی فتوا، ئەوانیش زانان و رێزیان هەیە و مەلای باشیشیان هەیە، ئێمە بەخەڵك دەڵێن كەیفی خۆتانە دەچنە هەر شوێنێك.

نوچەنێت : ئێوە وەک راتان گەیاندووە، رۆژانە ١٥٠٠ پرسیار ئاراستەی لیژنەی فتوا دەکرێت، ئایا بەچ میکانزمێک وەڵام دەدەنەوە؟ ستافی تایبەتتان بەوەڵامدانەوە هەیە؟ چەند کەسن و شارەزاییان لەچ ئاستێکدایە، ئەوانەی کە وەڵام دەدەنەوە؟

م. محەممەد ئێنەیی : هەر چەند لەكوردستاندا زۆربەی هەرە زۆری خەڵكی لە سەر رێبازی ئیمامی شافیعییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە وەكو لیژنەی فتوا خۆمان پابەند نەكردوە بەمەزهەبی شافعی، ئەگەر پرسیارێك هەبوو تاكرا كار بەمەزهەبی شافیعی دەكەین، ئەگەر نا لەدەرگاكانی مالیكی و حەنەفی و ئەحمدی دەدەین، هەروەها سود لە كۆمەڵەی فیقهی ئیسلامیش كە لەدەرەوەیە وەردەگرین، ئێمە لە چوارچێوەی ئەو چوار مەزهەبە، بەشێوەی گشتی وەڵامی پرسیاری هاوڵاتیان دەدەینەوە، ستافی تایبەتیشمان هەیە بۆ وەڵامدانەوە كە لیژنەی فتوا حەوت كەسن و بە جەماعیش وەڵام دەدەینەوە و هەندێك جاریش پرسیارەكان لەسەر ئاستی حكومەت و وەزارەتەكان بۆمان دێت و ئێمەش وەڵامیان دەدەینەوە.

نوچەنێت : ئێوە فتواتاندا،کە سرودی ئەی رەقیب ناشەرعی نییە؟ بۆچی سەدان مامۆستایی ئايینی دژ بەم فتوایە بوون؟ بۆچی حزبە ئیسلامییەکان بەشێکیان رەتیانکردەوە؟ هۆکار چییە؟ گوێ لەفتواکانی ئێوە نەگیرا لەو بارەیەوە؟

م. مەلا محەممەد ئێنەیی : مەسەلەی ئەی رەقیب بۆچونی لەسەر هەبوو، ئەی رەقیب مەسەلەیەكی وێژەیە و ئەگەر كەسێك شارەزای ئەدەبی كوردی نەبێت، لە شیعر تێناگات،كە ئێمە تەماشامان كرد سرودی ئەی رەقیب لەلایەنی فیقهیەوە هیچ گومانی تێدانیە. دیارە بڵاویش كرایەوە بەناوی لیژنەی فتوای كوردستان كەگومانی تێدانییە و شەرعیە، سەبارەت بەوەی هەندێ مامۆستاش فتواكەیان رەتكردەوە، بوونی ئیختیلافیش لای مامۆستایانی ئاینی كەیفی خۆیانە، هەر لە كۆندا ئەو ئیختیلافە هەبووە، یەكێك دەڵێت رەمەزان و یەكێك دەڵێت هەونییە، یەكێك دەڵێت جەژن و یەكێك دەڵێت هەونیە، ئەوەش ئیشكال نییە.

نوچەنێت : ئێوە هەست بە فرە فتوایی ناکەن لەکوردستان؟ ئەی ئەگەر ئەم فرە فتواییە هەبێ و هەرکەس هەستێ فتوایەک بدات، کاری لیژنەی فتوا چییە؟

م. محەممەد ئێنەیی : ئەو شتە زیاتر عایدی حكومەتە و دەردەكە هەر رووی لە مامۆستایانی ئایینی  و لیژنەی فتوا نەكردوە، راگەیاندنەكانیش هەروەهایە، یەكێك دەڵێ بەوشێوەیە و یەكێکی تر پێچەوانەیەتی، لەسەر ئاستی حیزبەكان و هەتا سەركردایەتی و مەكتەب سیاسی هەردولا دوو بەیاننامەی دژ بەیەكتر دەردەكرێن، لەناو حیزبێكیش چەندان بۆ چوون هەیە، ئەوەش دەردێكە و توشمان بووە.

نوچەنێت : ئەی تاچەند ئەو فرە فتواییە زیانی هەبووە؟ زیانەکانی چی بوون؟ پێت وایە بەلارێدا بردنی گەنجانی کوردیش بۆ ئەو فرە فتواییە بگەڕێتەوە؟

م. محەممەد ئێنەیی : دیارە ئەگەر كەسێك سەر لەخۆی نەشێوێنێت، رێگای روون دیارە، ئەگەر هاتوو ئیختیلاف كەوتە نێوان زانایان، بامرۆڤ پرسیار لەلیژنەی فتوا بكات. كە زۆربەی هەرەزۆری زانایان لەگەڵ یەكێتی زانایانن، داوا لەگەنجەكانیش دەكەین، بگەڕێنەوە بۆ لای زاناكانی خۆمان و پرسیارەكانیان رووبەروو بكەنەوە.

نوچەنێت : ئەی ئێوە چیتان کردووە بۆ رێگری لەو فرە فتواییە. بۆ کاریگەرترکردنی لیژنەی فتوا؟

م. محەممەد ئێنەیی : تەلەفزیۆنی زانایانمان هەیە و لەوێ زیاتر شتەكان بڵاودەكەینەوە و خەڵكیشمان وشیار كردوەتەوە، لیژنەی فتوای ئێستاش وەكو پێشوو نییە، جاران دوو ئیدارەیی بوو كە بەشێكی سەر بەپارتی و بەشێكیان سەر بەیەكێتی بوون، بەڵام لیژنە فتوای ئێستا یەكگرتوو و كۆمەڵ و بزوتنەوەو یەكێتی و پارتی تێدایە.

نوچەنێت : چی بکرێ بۆ ئەوەی لیژنەی فتوا فتواکانی کاریگەرتر بچنە ناوخەڵک، بۆ ئەوەی خەڵک گوێ لەفتوای زانایانی ئەمرۆی عەرەب نەگرێ و بگەڕێتەوە بۆ زانایانی کورد؟ بۆ ئەوەی هەموو لایەنەکان پابەند بن بە فتواکانتان.

م. مەلا محەممەد ئێنەیی : دەبێت زۆر كاری بۆ بكرێت، چونكە هەموو خەڵك فتوا لە ئێمە وەرناگرێت و  هەیە كاریگەرە بەفتواكانی سعودیە و میسر و ئێران و شیعە، داوا لەهاوڵاتیان و گەنجەكان دەكەین، تا دەكرێت فتوایەكتانیان لە مامۆستا بەڕێزەكانی خۆمان وەربگرن، چونكە زانایانی كورد ئەگەر لەوان شارەزاتر نەبن كەمتر نین.

نوچەنێت : بەرپرسی مەكتەبی زانایانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، رەخنە لە لیژنەی فتوا دەگرێت، بەوەی تەنها گرنگی بەپرسی زەكات و سەرفترە دەدات و تا ئێستا نەیتوانیوە لەسەر زۆر پرسی گرنگی وەک فرۆشتنی نەوت و شتی تر فتوا بدات. هۆكاری ئەمە چیە؟

م. محەممەد ئێنەیی : لیژنەی فتوا كاتێك فتوا دەدات كە لەلایەن هاوڵاتیان و لەسەر ئاستی حكومەت و وەزارەتە كان پرسیاری لێكرا، كە ئایە ئەو كارە رەوایە یان نا رەوایە؟ حەڵاڵە یان حەرامە؟دروستە یا نادروستە؟

نوچەنێت : كەواتە بۆچی گۆڕانكاری لە لیژنەی فتوا ناكەن، وەكو پەرلەمانتاران خۆتان بەدواداچون بۆ كێشە و پرسەگرنگەكان بكەن؟

م. محەممەد ئێنەیی : ئەگەر ئەوە بكرێت كارێكی چاكە، بەڵام تا ئێسیتا نەكراوە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com