ئەنچیلۆتی”ڕاهێنەرایەتی ئەو یانەیە وەرناگرم ،ڕامۆس بەیانی لە هێڵی ناوەڕاست یاری دەکات”
نووچەنێت:وەرزشی
“کارلۆ ئەنچیلۆتی”ڕاهێنەری یانەی ڕیال مەدریدی ئیسپانی پێش یارییەکەی سبەی بەرامبەر یانەی بارسیلۆنا کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بەست و تێیدا کۆمەڵێك باسی گرنگی درکاند.
لەو کۆنگرەیەدا کارلۆ ئەنچیلۆتی ڕایگەیاند”من ڕێزم هەیە بۆ یانەی بارسیلۆنا،بەڵام ئامادە نیم پۆستی ڕاهێنەرایەتی ئەو یانەیە وەربگرم،لە ڕیال مەدرید خۆشحاڵم و دەمەوێت کاری وەرزشیم لێرە کۆتایی پێ بهێنم”.
لە وەلامی پرسیاری ڕۆژنامەنوسێکدا دەربارەی دووبارە کردنەوەی تەجرووبەی “ڤێرگسۆن”دا کارلۆ وتی ” ئەمە مەنتق نییە من پێم وابێت 23 ساڵ لێرە بمێنمەوە،من ناتوانم لە ڕیال مەدرید ئەو ماوە دریژە بەردەوام بم بەڵام هیواخوازم بتوانم لێرە واتە لە ریال مەدرید کۆتایی بە کاروانی وەرزشیم بهێنم”.
لە درێژەی قسەکانیدا کارلۆ ئەنچیلۆتی باسی بەشداری “رامۆس”ی کردو وتی” سێرجیۆ ڕامۆس سبەی بەشداری یاری کلاسیکۆ دەبێت،و داوای کردووە لە هێرشبەر یاری بکات،منیش هەلێکی پێ دەبەخشم و لە هێڵی ناوەڕاست یاری پێ دەکەم،بەڵام یاریزان “پیپی” ئازاری هەیە و بەشداری کردنی “پیپی”تا کاتی یارییەکە دیار نییە”.
ئەنچیلۆتی دانی بەوەدا ناوە کە نەیتوانیوە خاڵی لاوازی یانەی بارسیلۆنا بدۆزێتەوە و وتی”من یاری ڕابردووی یانەی بارسیلۆنام لە میانەی یارییەکانی خوولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا بینی بەرامبەر بە یانەی ئەیاکس ئەمستەردام کاتێک بارسیلۆنا یارییەکەی بە ئەنجامی 3-1 بردەوە ،بەڵام نەمتوانی خاڵی لاوازی ئەو یانەیە بدۆزمەوە”.
جێگەی باسە سبەی ئێوارە یاریگای بارسیلۆنا دەبێتە مەنزڵگای ئەنجامدانی یاری کلاسیکۆی نێوان هەردوو یانەی ڕیال مەدرید و بارسیلۆنا لە کاتژمێر حەوتی سەر لە ئێوارە.