“گومانی تێدا نییە ڕۆناڵدۆ دەتوانێت ژمارەکەی ڕائوول تێپەڕێنێت”
دوای تەواو بوونی یارییەکەی بەرامبەر یانەی لێڤەرپۆل کە تێیدا یانەی ڕیال مەدرید توانی بە سێ گۆڵی ماوەی یەکەمی یارییەکە سەرکەوتنێکی مێژووی تۆمار کرد،ڕۆناڵدۆی ئەستێرەی یەکەمی یانەکە خۆشحاڵی خۆی بەو سەرکەوتنە گەورەیە دەربڕی.
“کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ” لەو یارییەدا توانی گۆڵێك تۆمار بکات و ژمارەی گۆڵەکانی لە خوولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا بگەیەنێتە 70 گۆڵ و نزیک ببێتەوە لە “ڕائوول گۆنزالێس” کە خاوەنی 71 گۆڵە و گۆڵکاری مێژوویی ئەو خولەیە.
لە دوای تەواو بوونی یارییەکە “ڕۆناڵدۆ” خۆشحاڵی خۆی نەو سەرکەوتنە گەورەیە دەربڕی و وتی ” جێگەی خۆشحاڵییە توانیمان یاریگا قورسەکە تێپەڕێنین و ژمارەی خاڵەکانی یانەکەمان لەم وەرزە لە کۆی سێ یاری بگەیەنینە نۆ خاڵی یەک لە دوای یەك،ئێمە ئەوەی ویستمان بەدەستمان هێنا ژامرەی تایبەتی پێوانەیی ئەم خوولە زۆر گرنگ نییە،چونکە پێش دەستکەوتی تایبەتی پێویستە بیر لە دەستکەوتی گشتی یانەکەمان بکەینەوە،ئێستا من و یاریزان لیۆنێل میسی لەو ژمارەیە نزیکین و دیار نییە کێمان دەبێتە گۆڵکاری مێژووی خوولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا،بەڵام ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە ئێمە توانیمان لە 45 خوولەکدا یارییەکە تەواو بکەین لە سوودی خۆمان”.
دەربارەی بەدەست هێنانەوەی خوولی یانە پاڵەوانەکان بۆ دووەم ساڵی لەسەر یەک ڕۆناڵدۆ وتی”ئەوە کارێکی سەختە بەڵام ئەوەی لەسەرمان پێویست بێت دەیکەین بۆ ئەو کارە و بۆ ئەوەش یاری دەکەین کە نازناوەکە بە دەست بهێنینەوە هەرچەند ئەو کارە زۆر زەحمەتە’.
شەوی ڕابردوو یانەی ڕیال مەدرید لە میانەی یاری سێیەمی قۆناغی کۆمەڵەکانی خوولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا توانی لە نێو یاریگای “ئەنفێڵد”سەرکەوتنێکی مێژووی تۆمار بکات بە سێ گۆڵی یاریزانان “ڕۆناڵدۆ گۆڵێك،بن زیما دوو گۆڵ”.
