نوچه.نێت | ڕیال مەدریدی لە تۆڵەی مێژوویەکی پڕ شکست دەگەڕێت
نووچەنێت:وەرزشی
ئەم شەو یاریگای ئەنفێڵد دەبێتە شوێنگای ڕووبەڕووبونەوەی دوو پاڵەوان لە خوولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا،ئەنفێڵد هەڕەشەی ڕوخان بەسەر ڕیال مەدرید دەکات و ڕیال مەدریدیش لە دوای تۆڵەیەکی مێژووی دەگەڕێت.
ئەمشەو لە بەهێزترین یاری خوولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا لەم وەرزەدا هەردوو یانەی ڕیال مەدریدی خاوەنی نازناوی ساڵی ڕابردوو وە یانەی لێڤەرپۆلی ئینگلیزی ڕووبەڕووی یەك دەبنەوە،یارییەکە لە نێو یاریگای ئەنفێڵدی تایبەت بە یانەی لێڤەرپۆل ئەنجام دەدرێت.
یاری ئەم دوو یانەیە شتێکی نوێ نییە،ئەم دوو یانەیە ڕابردوویەکی گەورەیان هەیە و سەرجەم گەورەییەکانی ڕابردووی نێوان ئەم دوو یانەیە بۆ یانەی لێڤەرپۆل دەگەڕێتەوە، لە ڕابردوودا هەردوو یانەکە چەند جارێک ڕوبببەڕووی یەک بوونەتەوەو لە تەنها یەک یاریدا یانەی ڕیال مەدرید سەرکەوتنی بەدەست هێناوە ئەویش لە جامی دۆپستانەی بیرنابیۆ بووە لە ساڵی 2002 کاتێک ڕیال مەدرید یارییەکەی بە دوو گۆڵی بێ بەرامبەر بردووەتەوە.
بەڵام لە ڕوبەڕووبوونەوە ئەوروپییەکاندا سەرجەمیان لە بەرژەوەندی لێڤەرپۆل کۆتایی هاتووە،یەکەم ڕووبەڕووبوونەوەی نێوانیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1981 لە یاری کۆتایی جامی ئەوروپا کاتێك یارییەکە لە شاری پاریسی فەرەنسا ئەنجام درا و یانەی لێڤەرپۆل یارییەکەی بە گۆڵێكی بێ وەڵام بردەوە و بە سەرکردایەتی ڕاهێنەری بە
ناوبانگ”بۆب بێزلی” لێڤەرپۆل نازناوەکەی بەدەست هێنا.
هەردوو یانە ساڵانێك چاوەڕوان بوون تا دوا جار لە وەرزی 2008/2009 بۆ جارێکی تر ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە لە خوولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا،یانەی لێڤەرپۆل لە هەردوو یاری چوون و هاتن یارییەکەی بردەوە،سەرەتا لە یاری چوندا لە نێو یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ بە گۆڵێکی “یوسی بن عیۆن” لێڤەرپۆل سەرکەوتنی بەدەست هێنا و دواتر لە نێو یاریگای “ئەنفێڵد” دیسان لێڤەرپۆل سەرکەوتنی بەدەست هێنا، بەڵام ئەم سەرکەوتنەی لێڤەر پۆل بە سەختی لەسەر یانەی ڕیال مەدرید کەوت لەبەر ئەوەی یارییەکەی بە چوار گۆڵی بێ وەڵام بە یانە ئینگلیزییەکە دۆڕاند و چوارگۆڵەکەی لێڤەرۆل لە لایەن یاریزانان : “جێرارد دوو گۆڵ،تۆررێس گۆڵێك،ئەندریا دۆسێنا گۆڵێک” تۆماریان کرد و یارییەکەش بەو ئەنجامە کۆتایی هات.
جێگەی باسە ئەمشەو لە نیو یاریگای ئەنفێڵد لێڤەرپۆل میوانداری ڕیال مەدرید دەکات لە کاتژمێر 9:45 خوولەک بە کاتی هەولێر لە میانەی یاریی سێەمی قۆناغی کۆمەڵەکانی خوولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا.
