سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا “میسی و ڕۆناڵدۆ”ـی دوورخستەوە
نووچەنێت:وەرزشی
“میشیل پلاتینی” سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا هەریەکە لە کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ و لیۆنێل میسی لە کێبڕکێکانی بەدەست هێنانی نازناوی باشترین یاریزانی جیهان دوورخستەوە.
لە میانەی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تۆڕی “بەین سپۆرت” سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا هەر یەکە لە یاریزانان “ڕۆناڵدۆ “و “میسی” لە ململانێی بەدەست هێنانی خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهان بێ بەش دەکات و پێی وایە نابێت هەمان هەڵەی ساڵی 2010 دووبارە بکرێتەوە کاتێك لیۆنێل میسی بە باشترین یاریزانی جیهان دەست نیشان کرا لە کاتێکدا “لیۆنێل میسی” نەیتوانی هیچ شتێك بۆ هەڵبژاردەکەی بکات.
پلاتینی لەو چاوپێکەوتنەدا وتی” من وەك خۆم بەشداری لە دەنگداندا ناکەم و دەنگ بە دیاری کردن و بەخشینی تۆپی زێڕین بە باشترین یاریزان ناکەم،بەڵام لە ئێستاوە ئەگەر بۆچوونی تایبەتی من وەربگیرێت ئەوا من داوا دەکەم هیچ کام لە میسی و ڕۆناڵدۆ دەست نیشان نەکرێت بۆ ئەو خەڵاتە،گومانم لە توانا و هێزی ئەو دوو یاریزانە نییە و پێم وایە ئەوانیش لە باشترینەکانی جیهانن،بەڵام ناکرێت ئێمە مۆندیال بەڕازیل پشت گوێ بخەین ،من داوا دەکەم یاریزانێك دەست نیشان بکرێت کە لە مۆندیالی بەڕازیلدا جێ دەستی هەبووبێت”.
ئەو وتانەی “پلاتینی” مانای ئەوە دەبەخشن کە نا ڕاستەوخۆ “پلاتینی”داوای ئەوە دەکات یاریزانێكی هەڵبژاردەی ئەلمانیا دەست نیشان بکریت بۆ بەدەسی هێنانی تۆپی زێڕین و خاوەنی خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهان.