ئیبراهیم مەلازادە: فەتوا پێویستی بەلیژنەیەكی پسپۆر هەیە، بۆ ئەوەی سنوورێك بۆ ئەوگەڕەلاوژێیە دابنرێت

0

malazadaتەوەر : فرەفتوایی و لیژنەی فتوا لەکوردستان

ئیبراهیم مەلا زادە ، بۆ تەوەری نوچەنێت:

فەتوا پێویستی بە لیژنەیەكی پسپۆر بەمانا زانستییەکەی هەیە، بۆ ئەوەی سنوورێك بۆ ئەو گەڕەلاوژێیە دابنرێت

بۆ ڕێگرتن لەو پاشاگەردانییەی فەتوادان و ئەو هەژموونەی کە حیزبە ئیسلامییە ئایدیۆلۆژیستەکان پێڕەوی لێ دەکەن، دەزگای تایبەت بە فەتوا لە کوردستان  پێوستییەکی هەنووکەیی و گرنگە

هەندێك ناوەندی ئیسلامی سیاسی و خەڵكێکی نابەرپرس، بوونەتە دەمڕاستی خودا و بە ئارەزووی خۆیان هەندێك خەڵك ڕەوانەی بەهەشت و هەندێکیش ڕەوانەی دۆزەخ دەکەن

هەژموونی فیکری داعش لە کوردستاندا بەشێوەیەکی رێژەیی لەناو حیزبە ئیسلامییەکان، لەناو کۆمەڵێك مەلا و وتارخوێن و لەناو خەڵکیش هەستی پێ دەکرێت

لە ئامادەنەبوونی هیچ هێزێکی نیشتمانی، هێزە ئیسلامییەکان ئامادەن و دەیانەوێت بە پێچەوانەی لیژنەی فەتواش هەژموونی خۆیان بسەپێنن

خەڵكم بینیوە باری دەروونی و بژێوی زۆر خراپ بووە و لە خانووی کرێدا بووە، بەڵام ئامادە نەبووە سولفەی عەقار وەربگرێت، چونکە مەلایەك پێی گوتووە نا نەکەیت حەڕامە

لەم هەرێمەی ئێمەدا هەموو شتەکان بە میزاجی هەندێك کەس بەڕێوە دەچن، دوای ماوەیەكیش هەر میزاج کۆتایی پێ دێنن

تەوەری نوچەنێت : فرەفتوایی و لیژنەی فتوا لەکوردستان

ئیبراهیم مەلازادە، چاودێری سیاسی، نوسەرو روناکبیر، شارەزا لەکاروباری ئیسلامی، لەوەڵامی پرسیارەکانی تەوەری نوچەنێت، دەڵێت لەو وڵاتانی پێشکەتوو، پەڕلەمان جێی لیژنەی فتوا دەگرێتەوەو لیژنەی فتوا کارەکانی بچوکتر دەبنەوە، بەڵام لەوڵاتێکی وەکو کوردستان دامەزراندنی لیژنەیەکی نیشتیمانی بۆ فتوا گرنگەو دەبێ پەلە لەدروستکردنی بکرێت، ئەو پێی وایە، لەنەبوونی دەزگایەکی کاریگەر لەو بوارە، بۆشایی بۆ گەرەلاوژێی فتوا دروست بووە، دەبێ حکومەت پشت بەخەڵکی شارەزاو پسپۆڕ ببەستێ بۆ چارەسەرکردنی ئەو رەوشە، بەڵام مەلازادە، چەند مەرجێک بۆ ئەندامانی دەزگایەکی لەو شێوەیە دەخاتەڕوو، کە رەنگە لەکوردستاندا دەستخستنیان ئاسان نەبێت.

رزگار رەزا چوچانی / سوید

نوچەنێت: موفتی کێیە ؟ بەکێ ئەوترێ موفتی ؟ چۆن دەبێت بەموفتی ؟

ئیبراهیم مەلا زادە: بۆ ئەوەی بچینە بنجوبناوانی موفتی کێیە و بەکێ دەوترێ موفتی، درێژدادڕیەکی زۆر لەم ڕووەدا هەیە. کۆمەڵێك مەرج و سیفاتییان بۆ دیاری کردوون، هەندێکیان ئەستەمە لەکەسدا بێنە دی. بەڵام ئەوەی بەلای منەوە گرنگە لێرەدا ئاماژەی پێ بکەم چەند خاڵێکن، کە هەندێکیان وەڵامن بۆ پرسیارەکان.

لەو کۆمەڵگایانەی کە فۆرمێکی سەقامگیریان وەرگرتووە، خاوەنی کۆمەڵێك دامەزراوەی مەدەنی سەقامگیرن، ئەو ڕۆڵە کەم دەبێتەوە. چەند بەرەو کۆمەڵگایەكەکی سادە و بێ دامەزراوە بڕۆین، ئەو ڕۆڵە زیاتر دەبێت. ئەمڕۆ لەزۆربەی وڵاتانی دونیادا پەرلەمان ڕۆڵی موفتی بە دیوە گشتییەکەی دەبینێت. پەرلەمان مشووری لایەنی تەشریعی  وڵات و وردەکارییەکانی تەواوی دامەزراوەکان  دخوات. تەنانەت ئەو قانونانەش کە پەیوەندییان بەلایەنی باری کەسێتییەوە هەیە. بۆیە پانتاییەکانی ڕۆڵی موفتی لەو کۆمەڵگایانەدا کە زیاتر کۆمەڵگای سەکولارن، بەتەواوەتی بەرتەسك و بچووك دەبێتەوە بۆ بواری پرسە دینییە تایبەتییەکان، هەندێك پرسی تایبەت بە حەڵاڵ و حەرامی وەکو هەندێك جۆر خواردن و ئەو پرسانەی کە پەیوەندییان بە خواپەرستییەوە هەیە و هەندێك پرسی تایبەت بە پەیوەندییەکانی نێوان مرۆڤەکان خۆیان و تاد.

موفتی بەو مانایە دێت، کە شارەزای تەواوی وردەکارییەکانی دۆخی کۆمەڵگایە، لەسەر هەموو ئاستەکانی تاك و گروپ و دەوڵەت. ئینجا لەو زەمەندا کەس نییە لە هەموو دیزەیەکدا خۆی بکات بە ئەسکۆ. بەو مانایەی تایبەتمەندێتی یەکێکە لە دیاردە هەرە باو و گرنگەکانی کۆمەڵگا سەکولار و مۆدێرنەکان. بۆیە کەسێك کە بیەوێت ببێت بە موفتی، پێویستە پسپۆر بێت لە یەکێك لە تایبەتمەندییەکانی دین، ئینجا لە تەواوی بوارەکانی دیکە جۆرێك لە شارەزایی هەبێت. ئەم پسپۆربوونە بەخوێندنەوە و تەنها بە ئەزموون نابێت. کەسی موفتی بەلای کەمەوە دەبێت بڕوانامەی دکتۆرای لە یەکێك لە بوارەکاندا هێنابێت، بۆنموونە یەکێك لە بوارەکانی باری کەسێتی لەجۆری میرات. کەسی پسپۆر لەو بوارە دەبێ شارەزاییەکی تەواوی لە بوارە جیاجیاکانی فیقە و شەریعەت هەبێت، بەڵام تایبەتمەندی ئەو تەنها و تەنها میراتە و تەنها لە پرسەکانی میرات دەتوانێت قسە بکات. وێڕای ئەوەش مرۆڤی پسپۆر دەبێ ئاگاداری هەندێك لە زانستە کۆمەلایەتییەکان بێت، بەتایبەتیش سۆسیۆلۆژیا و سایکۆلۆژیا، بۆ ئەوەی لەسەر هەردوو ئاستەکانی کۆمەڵ و مرۆڤ بتوانێت هەڵسەنگاندن و لێکدانەوە بکات. بەداخەوە هەردوو ڕەوتە دینییە تەقلیدی و سیاسی ئیسلامی دژایەتی ئەو زانستە کۆمەلایەتیانە دەکەن و بەبەشێك لە زەندەقەی دادەنێن. ئەمەش وادەکات ئەوانە لەوە تێنەگەن کە کۆمەڵگاکان گۆڕاون و ئەو بنەما دینییە فیقهییە کۆنانەی مەزهەبەکانی پێشوو بەکەڵکی کۆمەڵگایەکی ئاڵۆزی قەڵەباڵغی شار و تەکنۆلۆژیا و مۆدێرنە نایەن.

نوچەنێت : بەڕێزت وتت لەهەندێ وڵات پەڕلەمان جێی لیژنەی فتوا دەگرێتەوە، بەڵام تۆ ئەبینی لەکوردستان پەڕلەمانیش هەیە، و لەهەموو مزگەوتێکیشەوە فتوا ئەدرێ، هۆی ئەمە چییە؟

ئیبراهیم مەلا زادە: کێشەکە لە ناوی قەبە و بێ ناوەرۆکە. نەك هەر کوردستان، بەڵکو زۆرێك لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نابن بە پێوەر بۆ گەێك پرسی سیاسی و کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی جیاواز. لێرە زۆربەی شتەکان لە دروشم تێپەڕ ناکەن، هەروەکو پرسی دەوڵەتی کوردی. بەر لەوەی ناوماڵی کوردی بەهێز و تۆکمە بکرێت. بەر لەوەی دامەزراوەکان یەک بخرێنەوە، بەر لەوەی هێزێکی نیشتمانی تۆکمە دروست بکرێت، یا هەر هیچ نەبێت ئەوەی هەمانە بە کردار یەکبگرێتەوە و وەزارەتی پێشمەرگە ببێتە وەزارەتێکی عەقائیدی نیشتمانی. بەر لەوەی ئانفراستراکچەری وڵات دابەمزرێنرێت و بونیادێکی بەهێز بۆ تەواوی ناوچەکانی کوردستان دروست بکرێت. بەر لەوەی پرۆسەیەکی پەروەردەیی بەهێز بگیرێتە بەر. بەر لەوەی دامەزراوەی دینی بە ئاراستەیەکی نیشتمانی هەڵبنرێت و بەشدار بن لەو پرۆسەیە، بە دروشم دەوڵەتمان دروست کرد و هەموو لایەك قسەی دەکرد، بەڵام هەمووی بێ ناوەرۆك و بێ ئاگا لەو پرسانەی کە لەسەرەوە باسم کرد. ئەوە چش لە لایەنی دیموگرافی و هەڵوێستی دراوسێکان.

هۆکاریش زۆرن، یەکێك لەو هۆکارانە نابێت لەبیرمان بچێت کە کورد ساڵەهایە ژێرەستە بووە و بەهەموو جۆرێك، لەوڕووی کولتوری، دینی، ئابووری، پەروەردەیی و ڕاگەیاندنەوە، کاری خراپی لەسەر کراوە، ئەمەش وردەکاری زۆری هەیە لێرە بواری ئەوەنییە بچینە ناو وردەکارییەکان. ئەمە و زۆر هۆکاری دی هەن کە پەرلەمانیش ناتوانێت وەکو پێویست ڕۆڵی خۆی ببینێت. ئەگەر لیژنەیەکی نیشتمانیش بۆ فەتوا دروست بکرێت، بەرای من نە ئەو کەسانەمان وەکو پێویست هەن بتوانن سەرپەرشتی وەها لیژنەیەك بکەن، نە گوێشیان لێ دەگیرێت، لەبەر ئەو هۆکارانەی کە لە پێشەوە باسم لێ کرد. لە ئێستادا هەموو لایەنێك خۆی بە شت دەزانێت. سروشتی کورد و زۆربەی جاران ڕۆژەهەڵاتی ناوەڕاستیش ئەوهایە ، کەس دان بەکەسدا نانێت. کەس توانای لێبووردەیی لەسەر ئاستی پراکتیك نییە. کە ئەمەش هۆکاری سایکۆلۆژی لە پشتەوەن یەکێکیش لەو هۆکارانە، کوردستان کۆمەڵگای جەنگ بووە. تەنها لە هاژۆتنی ئۆتۆمبێل لەسەر شەقام لەوە تێ دەگەین کە خەڵك چەند بێ ئارام و بێ لێبووردەییە. هۆڕن لێدان یەکێکە لەو دیاردە ناشیرینیانە. هەر ئەمەشە وا دەکات کە لە کوردستان پەرلەمانیش هەبێت و نەك هەر لە هەموو مزگەوتێك بەڵکو لە بنکە حیزبییەکان و هەندێك جار لە ناو ماڵەکان و تۆرە کۆمەڵایەتییەکانیش فەتوا دەدرێت و خەڵك بەسەر کوفر و ئیسلامدا دابەش دەکرێت. هەر ئەوانە، مەبەستم هەندێك لە وتار خوێنەکان و هەندێك ناوەندی ئیسلامی سیاسی و خەڵكێکی نابەرپرس، بوونەتە دەمڕاستی خودا و بە ئارەزووی خۆیان هەندێك خەڵك ڕەوانەی بەهەشت و هەندێکیش ڕەوانەی دۆزەخ دەکەن. ئەمانە بەبێ ئەوەی بەخۆیان بزانن، هەموویان بەشدارن لە وێران کردن و تێکدانی سایکۆلۆژیای جەماوەر. بەشدارن لە ڕووخاندنی ئەو دیوارانەی کە لە بنەڕەتدا ڕاژیلە و بێ هێزن.

نوچەنێت: باشە ئەرک و رۆڵی موفتی چییە تاچەند هەبوونی گرنگە ؟

ئیبراهیم مەلازادە: بەو مەرجانەی باسمانکرد، ئەرك و ڕۆڵی موفتی لە کۆمەڵگا ئیسلامییەکاندا بەپێی ئاستی پێشکەوتنی کۆمەڵگا دەگۆڕێت. کۆمەڵگا چەند پێشکەوتوو بێت، ئەو ڕۆڵە زیاتر سنووردار دەبێت لە بوارە خواپەرستی و عەقیدەییەکان. گرنگیشی پەیوەستە بە پێشکەوتن و سەقامگیری کۆمەڵگاوە. کۆمەڵگا لە بوارە کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسییەکانەوە چەند سەقامگیر بێت ڕۆڵی موفتی کەمتر دەبێتەوە و پەرلەمان زیاتر ئەو ڕۆڵە دەبینێت. چەند ڕۆڵی ئەو دامەزراوانەش پاشەکشە بکات رۆڵی موفتی گرنگ تر و پێویست تر دەبێت.

تەماشای ئەو سایکۆلۆژیایە بکە کە ئەمڕۆ لە زۆرێك لە کۆمەڵگا ئیسلامییەکاندا هەیمەنەی هەیە، بەتایبەتیش لە کوردستان. بەهۆی تەکنۆلۆژیای ڕاگەیاندنەوە گەڕەلاوژێیەك لەو ڕووەوە دەبینرێت. هەزاران کۆلکە وتارخوێن لە بوارە جیاجیاکانەوە، کەوتوونەتە وێزەی خەڵك و بەچەندین شێوازی جیاجیاوە لەژێر ناوی ئامۆژگاری و دەعوە و تاد، خەڵك بەرەو هەندێك ئاڕاستەی نەخوازراو هەڵدەنێن و ڕۆژانە سایکۆلۆژیای خەڵك بریندار دەکەن. ئەمانە ڕۆڵ و ئەرکی موفتییان تێکداوە و جیاکردنەوەی ئەو خەڵکانە لە خەڵکی پسپۆر بەتەواوەتی سەخت بووە. هەر بۆ نموونە؛ ئێستا کوردستان لەشەڕێکی سەخت و دژواردایە، لەدژی تیرۆر و گروپی مرڤۆکوژی داعش. بەو هۆیەشەوە سەدان هەزار ئاوارە لە هەرێمدا کەڵەکەبوون. ئەوەچش لەو جەنگە دژوارەی کە لەناوچەیەکی کوردی وەکو کوبانێ لەبڕەو دایە. لەسەر هەردوو ئاستەکانی سەربازی و مرۆیی، کوردستان پێویستی بە پارە و هاوکاری هەمەجۆرە، لەو کاتە نەخوازراوانەدا، بەهەزاران کەس ڕوویان لە شانشینی سعودی کردووە و دەکەن بۆ عومرە و حەجکردن. ئەگەر دەزگایەکی نیشتمانی تایبەت بە فەتوا هەبوایە، بەرژەوەندییە گشتییەکانی هاوڵاتییان لەبەرچاو بگرن، چەند ڕێوشوێنێکییان لەو ڕوووە ڕادەگەیاندن، بۆ ئەوەی ئەم سەفەرە بۆ عەمرەکاران بە تەواوی ڕابگرن، حەجیش بە ڕێژەیەکی بەرچاو سنووردار بکەن. زۆر نموونەی دی هەن کە لێرەدا دەرفەتی باسکردنییان نییە.

نوچەنێت: ئێستا ئێمە لیژنەی فتوامان هەیە، بەڕای تۆ ئەوان لەجێی نەبوونن، وا خەڵک لەم کاتەدا کەپێویست نییە و شتی گرنگتر هەیە، ئەچیتە عومەرە لەسعودییە؟

ئیبراهیم مەلازادە: وابزانم ئەمەم لە پێشەوە وەڵامی ئەم پرسەم داوەتەوە، ڕاستە لیژنەی فەتوا هەیە، بەڵام لیژنەی فەتواش دوورگەیەکی جیاواز نییە لەو هەموو دامەزراوانەی کە ناتوانن ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن. شتی زۆر لینگاوقوچ لە هەرێمی ئێمەدا بەڕێوە دەچن، بەڵام کەس نییە ئاوڕی لێ بداتەوە. کەس نییە ستراتیژیەتێك بۆ هەموو بوارە جیاوازەکان دابنێت و هەموو لایەنەکان بەیەك جەستە و خواست و توانا بە ئاراستەی کۆمەڵگایەکی تەندروست کار بکەن.

بۆیە چوون بۆ عومرە، بۆتە چاولێکەری، چونکە خەڵك چاوکراوە نییە، نازانێت چۆن و لەکوێ و لەچی پارەکانییان سەرف بکەن، بێجگە لە عومرە. بەتایبەتیش لەو ڕووەوە چەندین کۆمەپانیا بەو ئاراستەیە ڕێکلام دەکەن، خەڵك هەڵدەنێن و پارەیان پێ سەرف دەکەن، چونکە ئەو کۆمپانیایانە سوودمەندی سەرەکین. ئەوان پێیان وایە هەم خێر دەکەن، هەمیش بازرگانی. هەر لەم ڕووەشەوە خەڵك هێندە لەژێر کارایی دین دایە و ناوشیارە، ئامادەیە پارە لە بێنرخ ترین شت لەژێر دروشمی دینیدا سەرف بکات، بەڵام ئامادە نییە لە بەها ترین خواستی نیشتمانی سەرف بکات.

نوچەنێت: لەهەندێ وڵات موفتی تایبەت بەوڵات هەیە، لەهەندێ وڵات وەکو کاری دەستەجەمعی لیژنەی فتوا هەیە، کامیان بەپەسەندتر دەبینی بۆ وڵات ؟

ئیبراهیم مەلا زادە: لەو بارەیەشەوە، کە لە پێشەوە ئاماژەم پێکرد، پرسی فەتوا پێویستی بە لیژنەیەكی پسپۆر بەمانا زانستییەکەی هەیە، بۆ ئەوەی سنوورێك بۆ ئەو گەڕەلاوژێیە دابنرێت. ئینجا وەها لیژنەیەك لەسەر کۆمەڵێك پرینسیپی ورد و نیشتمانی دروست ببێت، بۆ ئەوەی لەسەر هەموو کورت و درێژییەك تێی هەڵنەچن جێگای پەرلەمانی وڵات نەگرێتەوە. لە بەرامبەریشدا قانونێك لە پەرلەماندا دەربچێت بۆ ڕێكخستنی هەموو جۆرە فەتوا و ڕێنوێنی خەڵك لە بوارە جیاجیاکانی دینداریدا. بەتایبەتیش لەڕووی باری کەسێتی و دارایی و تاد. ئەوکەسانەی کە لە دەرەوەی لیژنەی فەتوا هەر فەتوایەك بدەن، پێویستە سزا بدرێن. هیچ وڵاتێك بەبێ ڕێکخستنی پرسە نیشتمانییەکان، واتە هەر پرسێك کە پەیوەندی بە بەرژەوەندی گشتییەوە هەیە، ناچێتە سەر.

بۆ نموونە تا ئێستاش پاشاگەردانییەك لەمەڕ پرسە داراییەکان، بەتایبەتیش مامەڵەکردن لەگەڵ بانك و وەرگرتنی سولفەی عەقار و هەندێك شتی لەو جۆرە. خەڵك لەنێوان بە حەرام زانین و بە حەڵاڵ زانیندا دابەشبوون. خەڵكم بینیوە باری دەروونی و بژێوی زۆر خراپ بووە و لە خانووی کرێدا بووە، بەڵام ئامادە نەبووە سولفەی عەقار وەربگرێت، چونکە مەلایەك پێی گوتووە نا نەکەیت حەڕامە. ئەو مەلایە بۆخۆی جێ و ڕێگای گەرم و بێ کێشەیە. بێجگە لە مەعاشەکەی خەڵکیش پارەی بۆ دەبات، بەبێ ئەوەی ئاگای لە لایەنی سایکۆلۆژی و باری کۆمەڵایەتی ئەو خەڵکانە بێت، لوتبەرزانە لەسەر مینبەر فەتوای حەرام و حەڵاڵ کردن دەدات و نازانێت چ کارەساتێك لەناو ماڵی هەندێك خەلكی هاو دینی ئەو دروست دەکات!

نوچەنێت: بەبڕوای تۆ بۆچی لەکوردستان کەس بەفتواکانی لیژنەی فتوا کار ناکات ؟ بۆ نمونە فتوایان دا کە ئەی رەقیب ناشەرعی نییە، بەڵام نزیک بە ٣٠٠ زانای ئاینی دژی ئەو فتوا وەستانەوە ؟ هۆکاری ئەم گوێ نەگرتنە چییە لەلیژنەی فەتیوای کوردستان؟

ئبراهیم مەلا زادە: متمانە نەبوون بە دەزگا نیشتمانییەکان، لەوانەش دەزگای نیشتمانی تایبەت بە فەتوا، کۆمەڵێك هۆکاری هەن. لە تیۆری ستراکتۆری کۆمەڵایەتیدا، ئەوە دەرکەوتووە، ئەگەر لە یەك ستراکتۆردا کەموکوڕییەك دروست بوو، کاریگەری لەسەر تەواوی ستراکتۆرەکانی دیکەی کۆمەڵگادا دەبێت. بەو مانایەی کە هەندێك لە سۆسیۆلۆگەکان کۆمەڵگایان بە لەشی مرۆڤ وێنا کردووە. کاتێك یەکێك لە ئەندامەکانی لەش نەخۆش دەبێت یا بریندار دەبێت، ئەوا کەریگەری بۆ هەموو ئەندامەکانی دیکەی لەش هەیە. لەکۆمەڵگای کوردستانیدا، پاشاگەردانییەك لەسەر هەموو ئاستەکاندا هەیە.

لەلایەکی دیکەدا، بزووتنەوە ئیسلامییەکان، چونکە دینییان لەپێناو پرسە سیاسییەکان مۆبیلیزە کردووە، دین چیدی موڵکی خەڵك نییە، بەڵکو ڕفێنراوە و جڵەوی کێ موسوڵمانە و کێ ناموسوڵمان، یا کێ باشە و کێ خراپ، کەوتۆتە ژێر موزایەداتی سیاسی و بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی گروپ و دەزگا دینییەکان. بۆیە لەوە تێدەگەین کە خەڵكێك بۆ متمانە بەو دەزگایە ناکەن، چونکە ئیسلامییەکان لە ئێستادا جۆریك لە هەژموونی ویسایەتی سیاسی بەسەر پەرلەمان و هەموو دامەزراوەکاندا پیادە دەکەن. ئەو هەژموونە لینگاوقوچە شۆڕبۆتەوە بۆ سەر خەڵك و شەقامەکانی وڵات. ئەگەر پەرلەمان بچێتە ژێر باری ئەو هەژموونە، بێگومان لە ئایندەدا مەترسییەکی گەورە تریش چاوەڕێی هەمووان دەکات. پەرلەمان لەسەریەتی لەوەها پرسێکدا بگەڕێتەوە بۆ لیژنەی فەتوا. مادام ئەو لیژنەیە دەزگایەکی نیشتمانییە و چەند کەسێكی موسوڵمان و نیشتمان پەروەر مشووری ئەو بوارە دەخۆن، نابێ ڕێ بە ئیسلامییە سیاسییەکان بدرێت هەژموونی خۆیان دابنێن. لێرەدا خەتا لە ئیسلامییەکان نییە، بەڵکو لە پەرلەمان و دامەزراوە نیشتمانییەکان دایە، کە شەرعیەتی خۆیان داوەتە دەست ململانێی سیاسی و خواستی حیزبە ئیسلامییەکان کە دوور لە پرینسیپە دیموکراسییەکان دەجوڵێنەوە. سروودی ئەی ڕەقیبیش بەداخەوە کێشراوەتە نێو ئەو فەزا سیاسییە و ئیسلامییەکان بە هەموو توانایانەوە دەیانەوێت هەژموونی خۆیان بەسەر هەموو زۆرینەی پەرلەمان و جەماوەردا پیادە بکەن. ئەگینا ئەوان باش دەزانن لەو ڕووەوە کەمینەن و خواستی ئەوان نە لە پەرلەمان و نە لە دەرەوەشدا سەدایەکی ئەوتۆی نابێت. ئەم کێشەیەش وەکو تەواوی کێشەکانی دی لە ئامادەنەبوونی هیچ هێزێکی نیشتمانی، هێزە ئیسلامییەکان ئامادەن و دەیانەوێت بە پێچەوانەی لیژنەی فەتواش هەژموونی خۆیان بسەپێنن.

لێرەدا بەگشتی، وەکو وەڵامێك بۆ تەواوی پرسیارەکان، دەڵێم؛ ئەمڕۆ بە حوکمی جیاوازییەکانی نێوان کۆمەڵگاکان و ئاڵۆزی و تایبەتمەندییە کولتورییەکانی ئەو کۆمەڵگایانە و جیاوازی لە بەرژەوەدنییەکانیاندا، هەژموونی یەك جۆر ئیسلام تا هەتایە پێچراوەتەوە. ئێستا هەر لە ئەندۆنیزیاوە بگرە تا دەگاتە شانشینی مەغریب، قسە لە ئیسلامی ئەندۆنیزی و مالیزی و ئێرانی و تورکی و عەرەبی دەکرێت. هەر یەکێك لەو وڵاتانە ئەزموونێکی تایبەت بەخۆیان هەیە، بێجگە لە کورد. ئەوانە، بەپێی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی خۆیان تەماشای پرسە دینییەکان دەکەن. لەسەر هەمان بنەماش دامەزراوەکان دادەڕێژنەوە. ڕاستە لە زۆرێك لەو وڵاتانە بزووتنەوە ئیسلامییەکان هەوڵی سەپاندنی جۆرە هەژموونێکی تایبەت دەدەن، بەڵام جیاوازییەکانی زۆر لەناو خودی ئەو ئیسلامیانەشدا هەیە. بەرهەمهێنانی فیکری دینی و فیقە و پرسە شەرعییەکان پیویستییان بە دەزگای نیشتمانی هەیە، بۆ دەسنیشانکردنی بەرژەوەندیەکانی وڵات و ئاسایشی نیشتمانی.

یەکێك لەو پاشاگەردانیانەی کە ئەمڕۆ کوردستان توشی هاتووە، فۆرمی ئیسلامی توندڕەوی دەوڵەتی ئیسلامی داعشە، کە ئاشکرایە لە هەندێك ناوەندی جیاوازی ناوچەکەوە دەجوڵێندرێن. هەژموونی ئەم فیکرە لە ناوخۆی کوردستانیشدا بە ئاشکرا دیارە. لەوانەیە فۆرمێکی دیاریکراوی سەد لە سەدی داعشییانە نەبێت، بەڵام بەشێوەیەکی ڕێژەیی لەناو حیزبە ئیسلامییەکان، لەناو کۆمەڵێك مەلا و وتارخوێن و لەناو خەڵکیش هەستی پێ دەکرێت. ئەمەش کێشەیەکی نیشتمانییە. بەداخەوە کە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان هێندە لاواز و ناتەبا و دابەشن، ئەستەمە بتوانن سنوورێك بۆ ئەو گەڕەلاوژێ و مەترسییە دابنێن. کۆمەڵگای کوردی و بەرژەوەندییەکانی خەڵكی کوردستان بە تەواوی پێچەوانەی ئەو تەفسیر و لێکدانەوە دینیانەن کە ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕەواجیان هەیە. سنووردانان بۆ ئەو تەفیسیر و فیکرانە ئەرکێکی نیشتمانی و میللییە. بە نیشتمانی کردنی دەزگایەکی تایبەت بە فەتوا و دروستکردنی متمانەش لەنێوان جەماوەر و دامەزراوەکاندا ئەرکی حکومەت و دامەزراوەکانی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و خەڵكە. لەپێناو ئارامی و ئاسایشی وڵات، هەموو لایەك لەبەردەم بەرپرسیاریەتێکی مێژوویی دان، بەتایبەتیش دامەزراوە نیشتمانییەکان.

بەکورتی لە پێناو کۆمەڵگایەکی سەقامگیر و سەروەری دەزگا نیشتمانییەکان، پێویستە لەلایەك هەژموونی سیاسی و ئایدیۆلۆژی حیزبەکان، لەوپەڕی چەپەوە تا ئەوپەڕی ڕاست، بەسەر دامەزراوەکاندا نەك کەم بێتەوە بەڵکو پێویستە هەر نەهێڵرێت. لەکۆمەڵگایەکی سەکولاردا دەزگای تایبەت بە فەتوا لەوانەیە پرسێکی ئەوەندە گرنگ نەبێت، بەڵام لە کۆمەڵگای کوردستانیدا، بۆ ڕێگرتن لەو پاشاگەردانییەی فەتوادان و زێدەڕۆیی وتارخوێنەکان و ئەو هەژموونەی کە حیزبە ئیسلامییە ئایدیۆلۆژیستەکان پێڕەوی لێ دەکەن، پێوستییەکی هەنووکەیی و گرنگە. لەو پێناوەشدا دەبوایە حکومەت پشتیوانی لە خەڵكێکی نیشتمان پەروەر بکردبایە و ئامادەی بکردبان بۆ ئەوەی ئەو ڕۆڵە گرنگە بگرنە ئەستۆ.

نوچەنێت : پێتوایە، ئەرکی حکومەتە پەلەبکات لەدروستکردنی دەزگایەکی نیشتیمانی بۆ فتوا و ئەرکی نیشتیمانپەوەرانە هاوکاری سەرخستنی ئەو ئەرکەی حکومەت بکەن؟ ئەرکی خەڵک چی دەبێ لەوکاتەدا؟ چۆن بەرپرسان و ئەندامانی ئەو دەزگایە دابنرێت، تەعین کردن یان چۆن؟

ئیبراهیم مەلا زادە: کۆمەڵێك ئەرکی زۆر هەن، بەڵام کێشەکە لە دروست کردنیاندا نییە، کێشەکە لەو بێ سەروبەرییە دایە کەهەموو خەڵك هەستی پێ دەکات. بێگومان دروست کردنی هەر دەزگایەکی نیشتمانی سەرەتا پێویستی بە ڕاوێژ و پرسی خەڵکی شارەزایە. ئەگەر ئەو خەڵكە نەبوو دەبێت لایەنی پەیوەندی دار ستراتیژیەتی بۆ دابنێ. ئەو کەسانە، بەلانی کەمەوە، دەبێ لە زانستە دینیەکان شارەزا بن، ئینجا دەبێ لە زانستی تیۆلۆژیا، واتە زانستی لاهوتی، سۆسیۆلۆژیا و سایکۆلۆژیا شارەزا بن. ئینجا دەبێت ببنە پسپۆر لە یەکێك لە بوارە تایبەتەکانی دین، وێڕای زمانی و کوردی و عەرەبیش، دەبێ زمانی ئینگلیزیش بە قوڵی بزانن. ئەمە پڕۆسەیەکی درێژخایەنە، مەرج نییە بە شەو وڕۆژێك جێبەجێ ببێت، بەڵام گرنگە لە ئێستاوە لایەنە پەیوەندیدارە فەرمییەکان کاری بۆ بکەن و میکانیزمەکانی دیاری بکەن.

ئینجا خەڵك لەو جۆرە کارانە نازانن. دروست کردنی دامەزراوەکان کاری دەوڵەتە. چۆن ئەو دەزگایە دەبێتە دەزگایەکی نیشتمانی، وەها ئەندامەکانی دەبنە فەرمانبەری دەوڵەت و پابەند دەبن بە هەمان ئەو پرەنسیپانەی کە دەوڵەت لەسەری دامەزراوە. هەر لێرەشدا دەمەوێت ئەوە بڵیم، کە وەها دەزگایەك گرنگە بۆ ئەوەی کە چیدی بەلاڕێدا بردنی خەڵك نەبێتە بازاڕی حیزبە سیاسییەکان و موزایەدە کردن و مۆبیلیزەکردنی دین بەئامانجی سیاسی. هەرکەسێکیش پابەندی ئەو پرینسیپانە نەبێت، دەبێ دەوڵەت قسەی دیکەی لەگەڵیدا هەبێت و بەپێی قانون بەرپرسیار ببن.

نوچەنێت: گەرەنتی چییە ئەگەر حکومەت ئەو دەزگایەش دروست بکات، وەک هەمان ئەو لیژنەی فەتوای ئێستای لێ نایەت، کەکەس گوێی بۆ ناگرێ ؟

ئیبراهیم مەلا زادە: هیچ شتێك گرەنتی نییە، تا ئەو پاشاگەردانییەی قەیرانی گەندەڵی، پەیوەندییەکانی نێوان دامەزراوەکان و ئاستی پشت بەیەك بەستنیان و کارکردن لەگەڵ یەکدی چارەسەر نەبێت. تا پڕۆسەی دیموکراسی نەکەوێتە سەر سیککەیەکی ڕاستەقینە. تا هەموو دامەزراوەکانی هەرێم لە دابەشبوون و ماڵ ماڵۆکێنێ ڕزگاریان نەبێت. تا هەموو حیزبەکان بە هەڵگری هەموو ئایدیۆلۆژیاکانیانەوە، دەستیان لە دامەزراوەکانی حکومەت و چارەنوسی جەماوەر نەکێشنەوە. تا هەموو دامەزراوەکانی حکومەت، گروپەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و تاکەکان هەموو بەیەکەوە بەیەك ئاڕاستەی دروست و نیشتمانی کار نەکەن. کە ئەمانە بوون، ئەوسا هەموو شتێك بۆخۆی دەکوێتە سەر سیککەیەکی دروست و وەکو سەعات کار دەکەن.

نوچەنێت : دروستنەکردنی ئەو دەزگایەک چ زیانێک لەکوردستان دەدات، تا ئێستا چ زیانێکمان کردووە لەنەبوونی دەزگایەکی لەو شێوەیەی باستانکرد ؟

ئیبراهیم مەلازادە: مەسەلەکە زیان و قازانج نییە، بەقەد ئەوەی ئەو دەزگایە تا چەند پێویستە. ئەم دەسنیشانکردنەش پیویستی بە شارەزا هەیە بۆ لێکۆڵینەوەی. ئینجا بۆ وەها لێکۆڵینەوەیەکیش دەکرێت چەندین توێژینەوەی کۆمەڵایەتی ئەنجام بدرێن. حکومەت یا وەزارەی تایبەتمەند دەکرێت بانگی ناوەندەکانی توێژینەوە بکات و چوارچێوەیەک بۆ وەها پڕۆژەیەك دابنێن، داخۆ دروستکردنی دەزگایەکی لەو جۆرە پیویستە یان نا. زیان بەخشە یا سودبەخش. ئەم پرۆسێسە بۆ زۆربەی دەزگا نیشتمانییەکان ڕاستە. بەڵام بەداخەوە لەم هەرێمەی ئێمەدا هەموو شتەکان بە میزاجی هەندێك کەس بەڕێوە دەچن. دوای ماوەیەكیش هەر میزاج کۆتایی پێ دێنن. ئەمەش نابێت. هەر بۆیەشە تا ئێستا دەزگاکانی توێژینەوە لە هەرێم دا، نە وەکو پیویست هەن، بەتایبەتی لەڕووی تایبەتمەندییەوە، ئەوانەش کەهەن کارا نین، چونکە هەم لەڕووی تایبەتمەندێتی و پسپۆری، هەمیش لەڕووی مۆتیڤەوە کەموکوڕیان هەیە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com