جەبار ئەمین: ناکرێ گەندەڵی و ناعەدالەتی هەبێت بڵێی بێدەنگ بن خەتەرمان لەسەرە

0

 

جەبار ئەمین ئەندامی پەڕلەمانی سوید:

ناکرێ گەندەڵی و ناعەدالەتی هەبێت بڵێی بێدەنگ بن خەتەرمان لەسەرە

کوردستان ئۆقیانوسێکە لەگەندەڵی

ئەتوانی بە دابینکردنی داخوازیەکانیان و رازیکردنیان کوڕان و کچانی خۆپیشاندەر ئامادە بکەی دژایەتی هەموو هێرشێک بکەن کە لە سەر وڵاتەکەیان دروست دەبێت

ئێمە وەک ئۆپۆزسیۆن پرۆژە پێشکەشی پەڕلەمان دەکەین لە % ٩٠ ی جارەکان سەرکەوتن بەدەستناهێنین

ئەگەر بوترێت جێبەجێکردنی داواکانمان لە چەند رۆژێک دەوێت ئەوە زیان بە خۆپیشاندەرانیش دەگەیەنێت

رزگار رەزا چو چانی/سوید

نوچەنێت.گۆڤاری سڤیل

جەبار ئەمین ئەندامی پەڕلەمانی سوید، لەپارتی ژینگەی سەوز، وەک سیاسیەکی کورد، لەم دیمانەی گۆڤاری “سڤیل” باسی شێوازی کاری ئۆپۆزسیۆن لەسوید دەکات، خۆپیشاندانەکانی کوردستان دەخاتە بەرباس و هێرشکردنە سەربارەگاکان بەنایاسای دەزانێت، لە تەقەکردن لە خۆپیشاندەران ئەدوێ لەهەردوو وڵاتی سویدو کوردستان.

رزگار رەزا چوچانی/ کارەکانی ئەندام پەڕلەمانی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان لە سوید، تاچەند بە ئاگاداری خودی حزبەکانی خۆیانە ؟

جەبار ئەمین/ هەموو ئەندامێکی پەڕلەمان ئەندامی حزبێکی دیاری کراوە، بڕوای بەبەرنامە و بۆچونی ئەو حزبە هەیە، بۆیە ڕای ئەندام پەڕلەمانەکان زۆربەی جار لەگەڵ ڕای حزبەکەیدا ڕێکە، بەڵام لەهەندێ جاردا ئەبینی ئەندام پەڕلەمانێک بڕوای بە پرسێک هەیە، کە حزبەکە بڕوای پێی نیە، یان حزبەکە بڕوای پێی هەیە ئەو بڕوای پێ نیە، بۆیە لەو کاتەدا ئەندام پەڕلەمانەکە ڕای تایبەتی خۆی دەڵێت، بەڵام بەگشتی هەموو ئەندامێکی پەڕلەمان لەگەڵ سیاسەتی دوربین و نیزک بینی حزبەکەیەتی، ئەوەش مەرج نیە، تۆ وەک ئەندامی پەڕلەمان هەمیشە لەگەڵ بۆچۆنی حزبدا بیت، بۆ نمونە ماوەیەک لەمەو بەر، کێشەیەکی گرنگ لەسوید هەبوو، وەک مانەوەی هێزی چەکداری سوید لە ئەفغانستان، پارتەکان لەوەدا ڕێککەوتنێکیان کرد، کە ئەو هێزە چەکدارە سویدیەی لەئەفغانستان هەیە بمێنێتەوە تاماوەیەکی تر، ئێمە سێ چوار ئەندام لە کتلەی سەوز، لەدژ بووین، بەرلەوەی بچینە ناوکۆبونەوەکەو بچێتە ناو میدیا، بە برادەرانی کتلەی خۆمان وت ئێمە لە دژی مانەوەین، جیا لەوەش کە دژین بەنیازین ڕای خۆمان لەدەرەوە باسبکەین، تەنها ئەوە نیە لە دژ بین و لە پرۆتۆکۆلدا نوسرا بێت، لەدەرەوەش باس دەکەین، بۆیە ئەو رۆژەی کە لەپەڕلەماندا شتەکان باسکرا، لە رۆژنامەکان و لەڕادیۆکان و هەموی باسی ئەوە بوو کە چوار پەڕلەمانتاری پارتی ژینگە، دژی مانەوەی چەکدارەکانی سویدن لە ئەفغانستان، بەڵام نە لێپرسینەوەمان لەگەڵ کرا، نەکەس لێمان توڕەبوو، نەکەس گلەیی لێکردین، ئەوە ڕای خۆمانەو ئێمە بڕوامان بەوە نیە ‌هێزەکانی سوید لە ئەفغانستان بمێنێتەوە، لێرە لێپرسینەوە کەم دەکرێ لەسەر ئەوەی کە تۆ ڕایەکی تایبەت و پێچەوانەت هەبێ هەندێ لە حزبەکەت.

رزگار رەزا چوچانی/ ئەگەر حزبەکانتان لە ئیوە ناڕازی بن وەک ئەندام پەڕلەمان، ئاگادارتان دەکەنەوە وەک ئەندام پەڕلەمان، یان لەڕاگەیاندنەکان قسە لەسەر ناڕازییەکانیان دەکەن لە ئێوە؟

جەبار ئەمین/ نازانم لە چی ئەبێ لە ئێمە ناڕازی بێت حزبەکانمان،  ئێمە کاتێک ئەو ئەرکانەی لەسەرمانە نەیانکەین دەکرێ ناڕازی بێت حزب، ئەوەش پێش وەخت قسە لەگەڵ ئێمە دەکرێت، بۆ نمونە ئەگەر کۆبونەوەکان هەبێ کۆبونەوە لەدوای کۆبونەوە، من نەچم ئەو سیاسەت و کارەی کە دراوە بەمن گوێی نەدەمێ، کارەکان بەگشتی ئیهمال بکەم، ئەوکات بەرپرسی کتلەکە لەگەڵ ئەو کەسە دا ئەنیشێت و دەپرسێتەوە، ئەو گلەییانەش زۆر کەم لە میدیا باس ئەکرێ، بەڵکو لەگەڵ ئەو کەسە باسی دەکەن کەکەمتەرخەمە، بەڵام ئەوە لەسەر هەڵوێستی سیاسی نییە، ئەوە لەسەر ئەوەیە کە یەکێک کەمتەرخەمی بکات، بۆ نمونە نەچێتە پەڕلەمان نەچێتە کۆبونەوەکان و ئیهمالی بکات، ئەوانەش بەگشتی زۆرکەمن.

رزگار رەزا چوچانی/ پەیوەندی نێوان ئۆپۆزسێۆن و دەسەڵات لە چ ئاستێکدایە لە سوید ؟ ئەگەر ئۆپۆزسیۆن لە ئەدای حکومەت ناڕازی بوو چی ڕێوشوێنێک دەگرێتەبەر؟

جەبار ئەمین/ کاتێک حزبێک دێتە سەرحوکم، پرۆژەیەکی سیاسی هەیە و ئەو پرۆژەیە دەبات بەڕێوە، سیاسەتێکی تایبەتی هەیە، هەموو ئەو پرۆژانەی حکومەت کاری لەسەر دەکات، ئێمە وەک ئۆپۆزسیۆن، سیاسەتێکی جیاوازمان هەیە، بەدوو شێوە هەوڵ ئەدەین کاری بۆ بکەین، یەک ئەو پرۆژانەی کە ئێمە بڕوامان پێی هەیە، ئەی هێنینە ناو پەڕلەمان و وەک پرۆژە پێشکەشی ئەکەین، زۆربەی جاریش سەرکەوتن بەدەست ناهێنین، ئەتوانم بڵێم % ٩٠ ی جارەکان سەرکەوتن بەدەستناهێنین، بەڵام پرۆژەکانمان دێنینە ئاراوە بۆ ئەوەی خەڵکی بزانن، ئەوە یەکێک لەکارەکانی ئێمەیە وەک ئۆپۆزسیۆن، کارێکی زۆر گرنگی ئێمە ئەوەیە، کە ئێمە پیشانی هاوڵاتیانی سویدی بدەین، سیاسەتی حکومەتی سوید سیاسەتێکی غەڵەتە و هانیان بدەین، دژی هەڵەی سیاسەتی حکومەت بن، ئەوە کارێکی گرنگی ئۆپۆزسیۆنە، نەک لێرە، بەڵکو لەهەموو وڵاتانی دیموکرات، کە بێجگە لەوەی لەناو پەڕلەماندا کار دەکەی، لەدەرەوەی پەڕلەمانیش کار دەکەیت، گەر ئەدای حکومەتت پێ باش نەبێ، تۆ دژایەتی دەکەیت و هەوڵ دەدەی ئەوپەڕی پشتیوانی بۆخۆت پەیدا بکەیت، و دژایەتی حکومەتی پێ بکەی.

رزگار رەزا چوچانی/ دژایەتیەکان لەسەر چ ئەساسێک و بەچ وەسیلەیەک خەڵک هان دەدەن؟

جەبار ئەمین/ لەڕێگای نوسینەوە، لەڕێگای میدیا، لەهەر ڕێگایەک دەنگت بەخەڵک دەگات و هانیان دەدەی، بەخەڵک دەڵێی هەڵوێستتان هەبێت، نامەی ناڕەزایی بنوسن، خۆپیشاندان بکەن، دەنگی خۆتان بەرز بکەنەوە، بۆنمونە بەنیزکەی مانگێک دوو مانگ پێش هەڵبژاردنی پار ساڵ ، حکومەت سیاسەتێکی هەبوو لە سوید، سیاسەتی قەرەبوی نەخۆشی، کە سیاسەتێکی زۆر سەقەت بوو، ئێمەو سۆسیال دیموکرات و پارتی چەپ و کتلەی سەوزو سور، هەموو هەوڵی خۆماندا بۆ ئەوەی وا لە خەڵکی سوید بکەین، دژی حکومەت بێت، تا بەحکومەتی رابگەیەنین. کە سیاسەتی کۆمەڵایەتی ئێوە، لە ڕوانگەی سیاسەتی قەرەبوی نەخۆشەکانەوە سیاسەتێکی زۆر هەڵەیە، خەڵکێکی زۆر داماوی پێوە ئەتلێتەوە، زیان لەخەڵکی هەژار دەدات، لە فەیسبوک و تۆیتەرو سایت ومیدیاکان، رۆژنامەو رادیۆکان خەڵکمان لە حکومەت هاندا، ئەوەش وایکرد حکومەت دەستیکرد بەکشانەوە لەو سیاسەتە لەوەی کە ڕاستە ڕەنگە کەموكوڕی هەبێت لەم سیاستەمانداو هەوڵ دەدەین چاکی بکەین،  ئێمە چ پارتی سەوز چ سۆسیال دیموکرات چ پارتی چەپ بەئەرکی خۆمانی دەزانین کە سیاسەتی چەوتی حکومەت، لەو ڕوانگەیەوە ئاشکرابکەین بۆ خەڵک و خەڵک والێ بکەین، زیاتر دژی ئەو سیاستە بێت.

ئێمە هەم لەپەڕلەمان کار دەکەین، هەم لەدەروەی پەڕلەمانیش، هەم لەسەر جادەش، خۆپیشاندانێک دەکرێت دەچینە خۆپیشاندانەکە، ئەگەر بڕوامان پێی هەبێ و لەگەڵ سیاسەت و بۆچونی ئێمە گونجاو بێت و دژی حکومەت بێت، ئەچین بەشداری دەکەین، قسە بەحکومەت دەڵێین و رەخنە لە حکومەت دەگرین، بۆ ئەوەی وا بکەین پشتیوانی ئێمە زیاتر بێت و خەڵک هانبدەین دژ بەحکومەت، تا دەنگ نەدەن بە حکومەت لەهەڵبژاردنێکی تردا.

رزگار رەزا چوچانی/ ئەگەر بەراورد بکەین، بە ئۆپۆزسیۆن لەکوردستان، ماوەیەکی زۆر بەر لەئێستا سەرۆکی گۆڕان ناڕەزایی خۆی لە ئەندامانی پەڕلەمانی گۆڕان خستە ڕوو، کە ناڕازیە لە ئەدای کاریان، بەڵام ئەندامێکی فراکسێۆنی گۆڕان دەڵێت، ئێمە بەرلەوەی کاک نەوشیروان ئەو قسانە بکات، لەگەڵی دانیشتوین و دوای ئەوەش دانیشتوین، ناڕەزایی خۆی لە ئەوان باس نەکردووە، بەراوردی بکە بە سوید لایەنێک لە ئەندام پەڕلەمانەکەی ناڕازی بێت، وەک خۆتان وتتان بانگی دەکەن و ئاگاداری دەکەن، نەک لەمیدیا باسبکرێت، چ خوێندنەوەیەکت بۆی هەیە؟

جەبار ئەمین/ من شتێک ئاگام لێی نەبێت، تەعلیقی لەسەر نادەم، من ئاگام لەم باسە نیە، نازانم لەچ زروفێک وتراوە، یان نەوتراوە، بۆیە ناچمە تەفاسیلی شتێک کە نەیزانم و تەعلیقم نیە.

رزگار رەزا چوچانی/ رایەک هەیە لە کوردستان، پێی وایە کە نابێ ئۆپۆزسیۆن لە پەڕلەمانێک بمێنێت، کە بڕوای پێی نەماوەو داوای هەڵوەشاندنەوەی دەکات، لە سوید لەو جۆرە داواکاریە تاچەند بونی هەیە ؟

جەبار ئەمین/ زۆر شتێکی نۆرماڵە لەوڵاتانی دیموکراسی، کاتێک ئۆپۆزسیۆن دەبینێت ئەدای دەسەڵات ئەدایەکی سەقەتەو بەردەوامەو بەردەوامەو بەردەوام، داوای هەڵوەشاندنەوەی حکومەت و پەڕلەمان دەکات، نەکفرەو نەشتێکی سەیرو سەمایە، لەزۆربەی وڵاتان هەیەو لێرە لەسویدیش دەکرێت، ئێمەش جاری وا هەیە ئەو داواکاریەمان هەیە، بۆ نمونە لە ماوەی رابردوو وەزیرێک قسەی کرد لە تەلەفزیۆن، هەندێ ڕای خۆی وت، من وەکو ئەندامی لیژنەی پەروەردەی پەڕلەمانی سوید، شکاتی دەستوری و قانونیم لێکرد، بەمنیش ناڵێ تۆ پیاوی بێگانەیت و خەڵک ئەکەی بەگژی ئێمەدا، من پێم وایە ئەدای ئەو وەزیرە هەڵە بووە، بۆیە شکاتی قانونیم لێکردوە.

ئەو جۆرە داواکاریانە زۆر ئاساییە لەوڵاتانی دیموکراسی و سەیر نیە کاتێک ئۆپۆزسیۆن دەبینێت ئەدای حکومەت باش نییە، داوای هەڵوەشاندنەوەی حکومەت یان پەڕلەمان بکات و ئێمەش لێرە کردوومانە، کە ئێمە چالاکبوین لەڕابردوو چەند جارێک داوامان کردووە، کە حکومەت هەڵبوەشێتەوە و حکومەتێکی تر بێتە ئاراوە، خراوەتە دەنگدان و بەردەم پەڕلەمان لەوێ ئەخرێتە بەرباس، بەڵام شتەکان قابیلی قیاس نیە، بە وڵاتانی ئێمە.

کەوایە زۆر نۆرماڵە دوای هەڵوەشاندنەوە بکرێت، ئەگەر میژوی  ئەم وڵاتانە بخوێنیتەوە و بەدوایدا بچیت، دەبینی دەبینی زۆر جار ئۆپۆزسیۆن داوای کردووە کە پەڕلەمان و حکومەت هەڵبوەشێتەوە، بەڵام دەبێ بزانرێ ئایا هۆی هەیە، یان نا؟ ئایا ئەوەی دەکرێتە پاساو ڕاستە یان لەخۆیانەوە دەڵێن با حکومەت هەڵوەشێتەوە؟. بۆ نمونە ئێستا لە وڵاتێکی وەکو میسر کەداوایان کرد حکومەت هەڵبوەشێتەوە، یان لە تونس یان لەلیبیا یان ئەوەتە لە عێراق و کوردستان، داوا ئەکەن حکومەتەکانیان هەڵوەشێتەوە، هۆی هەیە یان نا ؟ دیارە هۆی هەیە، خەڵکەکە لەخۆوە هار نەبووە، دەبینین خەڵک نەهار بووە و نە لەخۆوە داوا ئەکات، ئەوەتا دەسەڵاتیش خۆی ئیمانی بەوە هێناوە،  و دەڵێت با هەڵبژاردن بکرێتەوە، بۆیە ئێستا کە ئۆپۆسیۆن لەوێ دەڵێ با حکومەت و پەڕلەمان هەڵوەشێتەوە شتێکی سەیر نیەو زۆر زۆر نۆرماڵە، بۆ کێشانەوەی ئەندامەکانی خۆشت وەک ئۆپۆزسیۆن. تۆ هەردوو حاڵەتەکە ئەتوانی بکەی هەم ئەتوانی خۆت بکێشیتەوە، هەم ئەتوانی بمێنیتەوە، ئێمە ئەو جارانەی کەداوامان کردووە حکومەت هەڵبوەشێتەوە خۆمان نەهاتوینەتە دەرەوە. بەڵکو لەناوەوە بوین. هەوڵمان داوە دەنگدانمان کردووە و بەشداربوین، لە دەنگدانی پەڕلەمان بۆ ئەوەی هەڵیبوەشێنینەوە .

رزگار رەزا چوچانی/ ئەی ئەگەر حزبەکەی ئێوە کە ئۆپۆزسیۆنە، داوای هەڵوەشاندنەوەی پەڕلەمان و حکومەت بکات، بێ گەڕانەوە بۆ ڕای ئەندامەکانی پەڕلەمانی، بە بەیاننامەیەک ئەو داوایە بکات؟

جەبار ئەمین/ شتی وا نیە ئەگەر حزبەکەی من ڕایەکی وای هەبێت، پرسوڕای ئێمە دەکات وەک ئەندام پەڕلەمان، بەڵام مەبەستت چی یە یانی چی ؟

رزگار رەزا چوچانی/ ویستم کاری ئێوە بەراورد بکەم بە کاری ئۆپۆزسیۆن لەکوردستان، کە ئەندامێکی پەڕلەمانی ئۆپۆزسیۆن دەڵێ، بێ گەڕانەوە بۆ ئەندامەکانی پەڕلەمانی گۆڕان، داوای هەڵوەشاندەوەی پەڕلەمان و حکومەتی کردووە؟

جەبار ئەمین/ وەک وتم من ئاگاداری ئەو ئیشە ناوخۆیانەی حزبەکانی کوردستان نیم، چ ئۆپۆزسیۆن بێ چ حکومەت، لەناوەوە چی ئەکەن یان چی ناکەن، بەڵام بەگشتی ئەگەر پارتی ئێمە یان پارتەکانی تر داوای هەڵوەشاندنەوەی پەڕلەمان و حکومەت بکەن، دەبێت کتلەی پەڕلەمانی خۆی دابنیشێت لەسەر ئەو باسە.

بۆ نمونە سەرکردایەتی حزبی ئێمە ڕەنگە ڕایەکی وای هەبێت، رەئیەکەی دێنێتە ناو کتلەی خۆمان و دا ئەنیشین و تاوتوێی دەکەین، ئەمە پێشنیازێکە هاتووە لەسەرکردایەتیەوە، ئایا ئێمە پێمان باشە؟ یان نا؟. دەبێت ڕای ئێمەی لەگەڵ بێت، چونکە ئێمە دەنگ دەدەین، سەرکردایەتی هەڵبژاردەی ئەندامەکانیەتی، ئێمە وەکو پەڕلەمانتار هەڵبژاردەی گەلین، ئەوە دوو شتی جیاوازە، بۆیە ئەگەر سەرکردایەتی داوایەکی وا بکات دەبێت بگەڕێتەوە بۆ ئێمە.

رزگار رەزا چوچانی/ ئەگەر سوید کێشەیەکی وەک کوردستانی بۆ دروست بێ،چی ڕێوشوێنێک دەگیرێتە بەر، لەلایەن حکوتەوە یان بەڕای تۆ باشترین ڕێگا چیە؟

جەبار ئەمین/ من پێم وایە باشترین وەڵامدانەوەی خۆپیشاندەر، ئەوەیە کە گوێ لەویستەکانیان بگریت، بزانی ویستەکانیان چیە؟. دواتر شیکردنەوەی ویستەکان بکەیت، ئایا داواکاری رەوان، یان ناڕەوا؟.

یانی ئەگەر خۆپیشاندەران بڵێن با گەندەڵی نەمێنێ، دەبێ بپرسی ئێمە لەگەڵ ئەوەین گەندەڵی نەمێنێ یان نا؟ ئەوکات میکانزمێک دروست دەکەیت، دەڵێی ئێمەش لەگەڵ ئێوەین، گەندەڵی کێشەی گەورەیە لە کوردستان، بەم شێوەیەش کار بۆ چارەکردنی دەکەین و ڕاشیدەگەیەنیت بۆ خەڵک، لەگەڵیانیت لە چارەکردنی ئەو کێشەیە، دەبێت ڕێگاچارە بخەیتە ڕوو، ئەوە کاری وڵاتانی دیموکراسیە.

بەڵام ئەو وڵاتانەی کە دیکتاتۆرن، بۆ ڕبەڕووبونەوەی خۆپیشنادەر، یان تەقە دەکەن، یان ڕێیان دەگرن، یان تۆمەتی جیاواز جیاوازیان بۆ دروست دەکەن، وەک ئەوەی لە میسرو تونس و لیبیا دەوترا، پیاوی بێگانەو ناحەزی وڵاتن، دەستی دەرەوەیە و ئاژاوەچین و ئەو قسانە. لەکوردستانیش خۆپیشاندەر هەیە، نابێ ئێمە وەک وڵاتە دیکتاتۆرەکان بکەین، رەنگە لەناو خۆپیشاندەران چەند کەسێک هەبن، باش بیر نەکەنەوە، بەڵام زۆربەی زۆری خەڵک، کە هاتۆتە سەر شەقام لە ڕانیەوە بیگری هەتا کەلار، لە هەڵەبجەوە بیگری هەتا دەگاتە چەمچەماڵ، دەبینی زۆربەی ئەو خەڵکە لەبەر کێشەکان هاتۆتە سەر جادە، کێشەی ئابوری هەیە، کێشەی کۆمەڵایەتیە، کێشەی سیاسیە، کێشەی خزمەتگوزاریە، گەندەڵییە، نەبونی کارە.

هەژارییە و تادوایی….. دەبێت ئەوانە گوێی لێبگیرێت، گوێگرتن لەو خەڵکە لە خزمەتی دەسەڵاتی کوردستانیشدایە، دەبێت گوێبگرن و پێکەوە میکانزمێک بۆ چارەسەرکردنی دابنرێت.

رزگار رەزا چوچانی/ خۆپیشاندەران لەکوردستان، چەند داوایەکیان خستبووە ڕوو، کە دەبێت لەماوەی سێ رۆژدا داواکانیان جێ بەجێبکرێت، ئایا دەکرێت فەترەی چەند رۆژە بۆ جێبەجێکردنی داواکاری دابنرێت؟

جەبار ئەمین/ بێگومان ئەوە فەترەیەکی کەمە، بەڵام ناشکرێ بڵێی من پرۆژەیەکم هەیە ٢٠٣٥ جێبەجێی دەکەم، وەڵامدانەوە دەکرێ بە فەترەیەکی زەمەنی کورت بکرێت، نەک جێبەجێکردن، چارەکردن و بەجێگەیاندنی داواکان بێگومان بە سێ رۆژ ناکرێ، بەڵام دەسەڵات دەتوانێ وەڵامیان بداتەوە، بڵێ داواکانتان گەشتووە، مانگی داهاتوو وەڵامتان دەدەینەوە، ئەمە دروستەو رەنگە هێمن کەرەوەی دۆخەکەش بێ، بەڵام وەڵام نەدەیتەوە رەنگە کێشە دروستبکات.  من راموایە ئەگەر بوترێت وەڵامی تەواوو جێبەجێکردنی داواکانمان لە چەند رۆژێک دەوێت کە کێشەکان حەلبکات، ئەوە زیان بە داوای خۆپیشاندەرانیش دەگەیەنێت.

رزگار رەزا چوچانی/ تۆ ئەبینی لە کوردستان ناڕەزایی خەڵک خەریکە دەکرێتە چەکی شەڕی سیاسیەکان، بۆ تەسویە حسابی مێژویی، لەو بارەوە ڕات چییە و تاچەند ئەوە بەشیاو دەزانی، بۆ نمونە لە سلێمانی پەلاماری بارەگای پارتێک دەدرێت، کە وەک خۆیان دەڵێن، بەهیچ شێوەیەک دەسەڵاتی لەو شارەدا نییە، تەنها وەک لایەنی مەعنەوی بارەگایەکی هەیە؟

جەبار ئەمین/ دەسەڵات دەزانێ کە گەندەڵی لەکوردستاندا هەیە. شتێکی تازە نیە بڵێ ئێمە دانی پیائەنێین، ئۆپۆزسیۆن بەلایەنە سیاسیەکان و رۆشنبیران و خەڵکی سەرشەقامەوە، دەمێکە باسی ئەوە دەکەن کە گەندەڵی هەیە، لەکوردستان باسی هەژاری هەیەو بودجە بەشێوەیەکی سەقەت دابەش دەکرێت، بۆیە ئەگەر دەسەڵات بڵێ ئێمە لەگەڵتانین، رەنگە بۆ خەڵک قسەیەکی موقنیع نەبێ، چونکە دەسەڵات کە دەیزانی بۆچی چارەی نەکردووە.

هێرشکردنە سەر بارەگای هەر حزبێک بەڕای من هەڵەیە، ئەو کەسانەی هێرش دەکەنە سەر بارەگاکان و هەوڵی سوتاندنیان دەدەن، دەبێت بدرێنە دادگا، چونکە ناکرێ بەڕێگای عونف هەوڵی چارەکردنی کێشەکان بدەیت. بەڵام من بە ڤیدۆ بینومە هەندێ لە گەنجەکانی سلێمانی بەرد ئەهاون، بۆ بارەگای پارتی، ئەم بەرد هاویشتنە هەڵەیە، بەڵام وەڵام دانەوەکە بەکوشتنی ئەو کەسانە هەڵەیەکی گەورەترە و تاوانە، بۆ نمونە رەنگە کوڕی من بێ عەقڵ بوایەو لەوێدا بەردی بهاویشتایە، من لەگەڵ ئەوەدام کوڕی من بکەوێتە بەردەم دادگا، بڵێن کاری نایاساییت کردووە، سێ مانگ سزا دەدرێت، رەنگە ڕێگام نەبوایە قسەبکەم چونکە وایکردوە، بەڵام بۆیان نیە کوڕی من یان کچی من بکوژن، بەس لەبەر ئەوەی بەردی هاویشتووە.

رزگار رەزا چوچانی/ ئەو کەسانەی لەناو ئەو بارەگا بوون، دەڵێن ئێمە بەڵگە دەخەینە ڕوو کە تەقەمان لێکراوە، نەک تەنها بەردمان بۆ هاویژرابێت؟

جەبار ئەمین/ لەوڵاتانی دیموکراتیش خۆپیشاندان زۆر دەکرێت، دەبینی لە فەڕەنسا ئۆتۆمبێل دەسوتێنن، دوکان دەسوتێنن، جاری وا هەیە رەنگە قومبەلەش فڕێ بدەن، بەڵام خۆ پۆلیس نایەن بەر فیشەکیان بدەن، رەنگە پۆلیس هەوڵی خۆ پاراستن بدەن، بە ڤیدیۆ رەسمەکان بگرن دواتر ئەو کەسانە بگرن، ئەگەر پارتیش بەو شێوەیە وەڵامی نەدانایەتەوە و بەشێوەیەکی هێمنتر وەڵامی بدانایەتەوە، بێگومان بەباشتر بۆ پارتی دەگەڕایەوە، ئێستا بە پێچەوانەوە دوای ئەوە دەبینی لە زۆربەی جێگاکانی سلێمانی، هێرش دەبەن و دژایەتی پارتی دەکەن، دەبینی یەکێتی کەس باسی ناکات، یانی زەرەرەکە بەر پارتی کەوت بۆچی؟ لەبەر ئەوەی تەقەیان کرد. دەبوو پارتی تەقەشی لێکرایە، تەقەیان نەکردایە، بە ڤیدیۆ وێنەیان دەگرت و ئەیانخستە، بەردەم دادگا، ئەوکات بەپێی یاسا کارەکە لە خزمەتی خۆت دەبوو.

رزگار رەزا چوچانی/ بەڵام سالێ ٢٠٠١ کاتێک سوید سەرۆکایەتی ئەوروپای دەکرد، کۆبونەوەی وڵاتانی ئەوروپا لە یۆتۆبۆری سازکرا، لە خۆپیشاندانی ناڕەزای خەڵکی ئەم وڵاتە، گەنجێک هێرشی کردە سەرپۆلیس و پۆلیس لەوەڵامدا کوشتیان، دواتریش وترا پۆلیس داکۆکی لەخۆی کردووە و مەترسی لەسەر خۆی بینیوە؟.

جەبار ئەمین/ من چاک لەبیرم نیە، ئەو کوڕەی تەقەی لێکرا بەچی شێوەیەک تەقەی لێکرا، بەڵام ئەگەر خودی حەدەسەکە بەگشتی ببینین، بە زەرەرمەندیەکی زۆر زۆر بۆپۆلیس و حکومەتی سوید گەڕایەوە و زیاتر خەڵکی توڕەکرد، بەڵام رەنگە ئەو کوڕە بۆخۆی شتێکی کردبێت لەبەرانبەر پۆلیس و لەوەڵامدا ئەوەی بەرانبەر کرا بێت، بەڵام ئایا پارتی ئەتوانێ بڵێ ئەوانەی کە کوژراون، بیزات ئەوانە بوون ئەو شتەیان کردووە؟. ئەوەی سوید من خۆم حەدەسەکەم نەبینی، بەڵام داواتر والێک درایەوە کە رەنگە بزات ئەو کەسە خۆی، شتێکی لەبەرانبەر پۆلیسەکە کردبێت و رەنگە خەڵک تێگەشتنێکی بۆ ئەو کەیسە هەبێت، بەڵام لەوەی کوردستان پرسیار هەیە، ئایا ئەو مناڵانە تەقەیان کردووە لە بارەگای پارتی ؟ بۆ نمونە من تەقە ئەکەم بەڵام بۆتۆ بکوژرێیت، کوڕت بۆ بکوژرێت؟.

رزگار رەزا چوچانی/ وەڵامی ئەوەت نەدا، کە بەبڕوای تۆ بۆچی پەلاماری بارەگای حزبێک بدرێت، کە بەرپرس نیە لە خزمەتکردن و نەکردنی سلێمانی؟

جەبار ئەمین/ من بڕوام وایە هۆی ئەوە بێت کە بارەگای پارتی نزیک بووە لەجێی خۆپیشاندانەکە، لای باخی گشتیدایە و لەوێوە ئەو بەریەک کەوتنە دروست بوبێ.

رزگار رەزا چوچانی/ بەڵام خۆپیشاندانەکە لەبەردەرکی سەرای سلێمانی دەستی پێکردووە، نەک باخی گشتی، کە دوورە لەبارەگای پارتی؟

جەبار ئەمین/ بەڵێ لەبەردەرکی سەراوە بۆ باخی گشتی چوبێت، نازانم بەڕاستی ئەگەر شتی تر لەپشتی ئەو ئاراستەکردنەوە بێت، من ئاگام لێ نیە بۆ کراوە دەستی تری لەپشت بووە یان نا؟. کراوە بەکارتی سیاسی یان نا؟ ئاگام لەوانە نیە و هیچ دیکۆمێنتێکیشم نەدیوە، کە رۆژنامەکانیش دەخوێنمەوە. کە بیزات پارتی کراوە بە ئامانج.

رزگار رەزا چوچانی/ لەکوردستان باسی ئەوە هەیە، ئەوەندەی چاولێکەرییە خۆپیشاندانەکان، لەم کاتەدا ئەوەندە تەقینەوەی ناڕەزایەتی نیە، لەوبارەوە بەڕێزت چی دەڵێی؟

جەبار ئەمین/ دیموکراسی، مافی مرۆڤ و زۆر شتی تر چاولێکەری وڵاتانی ترە، هەڵبەتە هەندێ شت هەیە کە لەوڵاتانی تر دێتە ئاراوە، ئەگەر بەباشی بزانی وەری ئەگری لێی، کارەبا ئەدیسۆن هێنایە ئاراوە، ئەبێ بڵێین کارەبا با نەهێنین لەبەر ئەوەی چاولێکەری ئەدیسۆنە، ئۆتۆمبێل هی وڵاتی ئێمە نیە، ئەکرێ بڵێین با نەیهێنین چاولێکەرییە، هەندێ شت هەیە وەک مافی مرۆڤ و دیموکراسی و مافی دەربڕین و زۆری تر جیهانین، کاتێک لە وڵاتانێک ئەو جوڵانەوانە سەرکەوت، شەرم نیە ئێمەش چاویان لێبکەین، ئێستا جوڵانەوەیەک هەیە لە باکوری ئەفریقاو لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێ ئێمە سود لەیەکتر وەربگرین، بێگومان هەر واش بووە، ئەوەی لەتونس رویدا پاش ئەوە بەدوو هەفتە میسریەکان وێرایان ئەو ترسەی لەدڵیانە بیشکێنن، چونکە ئەوانیش ناڕازی بوون و لەخۆیان پرسیوە باشە بۆ تونسیەکان ئەوێرن گۆڕانکاری بکەن؟ بۆ ئێمە نەوێرین؟ خۆ ئێمەش چەوساوەو هەژارین، ئەوەبوو دواتر لەیەمەن بوو، دوای ئەو لەلیبیا بوو، نارەزایی خەڵکی کوردستانیش دەمێکە، هی ئەمڕۆ و دوێنێ نیە، من خۆم دەمێکە گوێم لێیە خەڵک لەکوردستان گلەیی هەیە لەدەسەڵات، دەسەڵاتیش باش ئەوە دەزانێت، من چەند هەفتەیەک پێش ڕووداوەکەی میسر و خۆپیشاندانەکانی کوردستان، لەمقابەلەیەکدا وتبوم کوردستان ئۆقیانوسێکە لەگەندەڵی، خۆ لە خۆڕا ئەوەم نەوتبوو، من لەگەڵ سایەق تەکسی سوار دەبم، لەگەڵ مامۆستا قسە دەکەم، لەگەڵ پۆلیسی هاتوچۆ قسە ئەکەم، لە چایخانە دائەنیشم، لەگەڵ هەرکەس ئەدوێم باسی گەندەڵی، بێ کاری مناڵەکانیان و ناعەدالەتی دەکەن، ئەمانە ناڕەزایی دڵی خەڵکن، بەڵام نەیانوێراوە دەریبڕن، ئێستاش سود لەو ئەزمونە وەردەگرن کە لەناوچەکە ڕویداوە و ناڕەزایی خۆیان دەردەبڕن.

رزگار رەزا چوچانی/خەتەرێک لەسەر سنورەکانی کوردستان بەدی دەکرێت، بەرفرەوانتر بونی خۆ پیشاندانەکان، ئەو خەتەرە گەورە تر دەکات؟ یان هیچ کاریگەری نابێت؟.

جەبار ئەمین/ نابێ بەهیچ شێوەیەک ویست و داخوازی خەڵک کپ بکەی بەهۆی ئەوەی ئێمە مەترسی ئەملاو لامان لەسەرە، ئەوە بەگشتی لە وڵاتانی دیکتاتۆردا هەیە، کە هەوڵی ئەوە ئەدەن ناڕەزاییەکانی ناوەوە کپ بکەن بەو قسانە، تۆ ئەتوانی بە دابینکردنی داخوازیەکانیان و رازیکردنیان کوڕان و کچانی خۆپیشاندەر ئامادە بکەی تا دژایەتی هەموو هێرشێک بکەن، کە لەسەر ئەمنی قەومی یان لە سەر وڵاتەکەیان دروست دەبێت، بەڵام ناکرێ گەندەڵی هەبێ و ناعەدالەتی هەبێ و ناڕەزایی هەبێت، بڵێی بێدەنگ بن، لەبەر ئەوەی عەرەبەکانی کەرکوک ئاوامان لێ دەکەن، ئەوە ناکرێت و خەڵک ئەو ئەو قسەیە ناکڕێت.

جەبار ئەمینی لە ئامادەکاری بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی سوید

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com