چۆن داعش دروست بوو ؟ داعش بەرهەمی کام سیاسەت و کام پەروەردەیە ؟

0

داعششئێمە هەموو داعشین

سعد بن طفلە العجمی /الشرق

لەعەرەبییەوە: فرمێسک مستەفا

بۆچی هەڵسوکەوتی داعشەکان، توشی سەرسوڕمانتان دەکەن؟ بۆچی لە هەڵسوکەوتە بەردینییەکانیان، توشی نامۆ بوون دەبن؟ لە کاتێکدا کە دەزگا پەیوەندیدارەکان، هەڵدەستن بە تۆمار کردنی چالاکییە قێزەونەکانیان! ئەوە  ئەڵقەیەکە لە زنجیرە بەردەوامە کۆن و تازەکانی عێراق، بە تایبەتی و نیشتمانی عەرەبی بە گشتی .

کاتێک داعش پێ لەسەر پێشاندانی ئەو فیلمە تۆمار کراوانەی دا ئەنێت، هیچی کەمتر نییە لە هیزی ( سوات) مالکی و هەروەها  چەند پلەیەک جیاوازی هەیە، لە تاوانەکانی سەدام و ئەو زیندانانەی لە نیشتمانی عەرەبیدا هەن.

داعش لەسەر بنەمای وەرگێرانی ئاینی ئیسلامی کاردەکات. بێگومان ئەم وەرگێرانەی کە کاریگەری کردۆتە سەر هزریان و توشی (غسل دماغ)  شتنەوەی هزربوون،  ئەمەیش هەروا لە بۆشاییەکەوە نەهاتووە، بەڵکو لە هێزێکی ئاینی سیاسییەوە سەری هەڵداوە. ئەوانیش هیچ ئینکارییەک لەوە ناکەن، کە لەفەتوا ئاینییەکانەوە ئەو هەڵسوکەوتانەیان سەری هەڵداوە. پرسیارەکەش لێرەدا ئەوەیە، چۆن ئەم بیروباوەڕە زیادە ڕۆییە لەناویاندا وا بڵاو بۆیەوە؟ ئاینی سیاسی کە رۆژانە  دەبینین لەنێوانماندا کاریگەریی خۆی جێهێشتوە، لە کاتێکیشدا باس لە هەماهەنگی و لێ بوردەی دەکات.

راستییەک هەیە کە دەبێت ئێمە خۆمان دانی پێدا بنێن، داعش لە قوتابخانەکانی خۆمانەوە فێرکراوە و تا گەیشتە مزگەوتەکانمان. گوێی لە ڕاگەیاندنەکانی ئێمە گرتووە، شەوی بەدیار کەنالە ئاسمانییەکانمانەوە بردۆتە سەر، فەرمانی ئەمیرەکانی خۆمانی جێبەجێ کردووە، کتێبەکانی ئێمەی خوێندۆتەوە، گوێڕایەڵی سەرچاوەکانمان بووە. نابێت لەم ڕاستییە خۆمان هەڵە بکەین، داعش لە ئەستێرەیەکی ترەوە نەهاتووە، دەرچووی قوتابخانە ڕۆژئاواییە کافرەکانیش نیە، گەرچی رەنگە هەندێکیان وڵاتیبوونی وڵاتی( کفر) یان پێیە، بەڵام ئەمەیش هەردەگەرێتەوە بۆ پەروەردە خوێناوەییەکەی شێخەکانی خۆمان، و سەرچاوە ئاینیە سیاسییەکەی خۆمان بۆیان.

جوگرافیای مەنهەجە کانمان، نەخشەیەکی دینی وەهمیی بە ئومەتێک بەخشیوە، کە لە ئێستای دەوڵەتێکی شارستانی ناگەن.ئەوانە باوەڕیان نە بە سنورێکی جوگرافیە، نە بەواقعی سیاسیش. ئیتر بۆچی لە وە نەگەین کە ئەوانە بۆ دان بە سنوردا نانێن؟ مێژوی مەنهجە زانستییەکانمان پێک هاتووە لە سەرابی وەهم و دەستکاری و ساختەکاری لە حقەیقەتی مێژووماندا. مێژوو وەک چیرۆکێکی ئەفسانەی پڕ لە درۆ و دەلەسە دەخوینرێت، وەک چیرۆکی خورافی  دەگێرنەوە. بۆشت نییە بەدواداچونی بۆ بکەیت و پرسیار لە ڕاستییەکەی بکەیت! دەبێت خۆت لە گێلی بدەیت و بەدوادا چوونی بۆ نەکەیت.

بیرو باوەڕی گومان بنچینەی  لێکۆلێنەوەی مێژووە لە زانستدا. چیرۆکی ریوایەتەکان هەمووی کۆپی یەکترن، لەسەر ئەو بنەمایانە دەنوسرێن تا چەند هەست و سۆزیان تێدایە، بەمەرجیک هەر رۆماننوسێک دێت، هەمان شت دووبارە دەگێڕێتەوە بەڵام بە فەنتازیی و دەستکاری خۆیەوە، تا چەند هاوار وزریکەو فرمیسک ڕشتن لە خۆ دەگرێت، کەئەمەش دەبێتە راوەستانی هێزی بیرکردنەوە لای گەنجان. کەبەهیچ جۆرێک ناتوانێت رەخنەو لێکۆڵینەوە و بەدوادا چوون بۆ درامای ئەم رۆمانانە بکات.هیچ پرسیارێک لە هزرا نا خوڵقێنێت. بۆیە بەدەر نابن لە دورستکردنی مێژوویەک، کە بیرکردنەوەیەکی تەوباوی بێ هێزی تێیدایە، و ئارەزوو کردن بۆ گەڕانەوەی جارێکی تر بۆی دەخولقێنێت . لێرەدا داهاتوو هیچ گرنگییەکی نامێنێت و بەهیچ شێوەیەک بینیێکی زانستیان لا ناخوڵقێت بۆ داهاتوو .

ئەو  گوێ لەو فەتوایانە دەگرێت کە دەبێت خۆی بە کافرەکانا بتەقێنێتەوە. تا دەگاتە ئامێزی حورییەکانی بەهەشت. ئیتر بۆ پێت سەیرە کە وا لە مەسیحییەکان دەکەن؟ تاڵانیان دەکەن، جەزیەیان لێ دەستێنن.. ڕایاندەگوێزن و لەجێگاکانی خۆیان هەڵیان دەکەنن!! ئایا ئەمە یاسای دەوڵەتێکی ئاینی نییە؟

داعش ئیعلانکردنی ئیفلاسی ئێمەیە وەک نەتەوە، نیشتمان، بیر و سیاسەت، رۆشنبیری، پیاوانی ئاینی و مەنهەجی پەروەردە و فێرکردنمان. ئیعلانکردنی شەهادەی مردنی هەموو ئەو  هەوڵدانە بێ هێزە و نەزۆکەیە بۆ دەولەتێک، کە ئاین و سیاسەتی تێدا تێکەڵ  بەیەک دەکەن . ئەمە بەڵگەیەکی تەواوە، کە ئێمە لەجێگای خۆماندا وەستاوین و ناگەین بە وڵاتە پێشکەوتووخوازەکان، تا ئێمە منداڵەکانی خۆمان لە قوتابخانانەدا فێری نەبینراوەکان و  بینراوە سروشتییەکان لەیەک کاتدا بکەین، تا نەوەیەکی نەخۆش بە کەسایەتی دووفاقی پێبگەیەنین، دابڕاو بێت لە واقعی ئیستا و پێشکەوتنی دەوڵەتەکانی تری دەوری.

بەکورتی، ئێمە هەموومان داعشین، ئێمە دروستمانکردن و پەروەردەمان کردن، پێمانگەیاندن، دۆزیماننەوە و هانماندان،  فێرمان کردن و پاڵمان پێوە نان، دوایی وەستاین و سەرسوڕماوماووین، بەرامەبەر شتێک خۆمان بەدەستەکانی خۆمان دروستمان کرد.

 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com