رۆژنامەنووسەکەی رووداو بۆ وا دەکات؟!
ھودا خەلیل
لەماوەی رابردووداو بەتایبەتیش لەسەرەتای دەستپێکی شەڕەکانی گروپی تیرۆریستی “داعش” و دەرکەوتنیان لە عێراقداو دوای گرتنی مووسڵ و رووداوەکانی (١٠)ی حوزەیران، برا پێشمەرگەکانمان دەستبەجێ چوونە سەنگەرەکانی بەرگری لەخەڵک و خاک و نیشتمان، لێرەوەو وەک ھەمیشە دەستخۆشیان لێدەکەم و گیانم فیدایی پێشمەرگە دەکەم.
سنورەکان تۆکمە کرابوون و پێشمەرگە لەپێش مەرگ بوو لەپێناو نیشتمان، ئەوەی کەسانی وەک ئێمەومانان کە سەرقاڵی کاری میدیایی و ھونەرین، بۆ زیاتر ھاندان و نیشاندانی پشتگیری بۆ پێشمەرگەکانمان سەردانی بەرەکانی بەرگری لە گەل و نیشتمان-مان کرد من وەک یەکەم کچە کورد بە جلوبەرگی پیرۆزی پێشمەرگەوە سەردانی بەرەکانی بەرگری کوردستانم کرد، ھەرچەند دەمزانی چەندین قسەو تەشھیرم بۆ دروستدەکرێن لەلایەن ھەندێ کەسی ھەرزەوە، بەخۆشحاڵییەوە لەدوای من چەند خاتوونێکی دیکەی رۆشنبیرو ھونەرمەند ھەمان کاری پیرۆزیان کردو براکانیان بەسەر کردەوە، ئەوانیش رووبەڕوی ھەمان قسەوباس بوونەوە لەلایەن ھەندێ مرۆڤەوە!!
بێگومان وەھا مرۆڤگەلێک ئێمەومانان سارد ناکاتەوە لەکارەکانمان و ئەو مەھام و ئەرکەی لەپێناویدا ھەوڵدەدەین، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرن ئەوانەی ھەمیشە پاڵنەرو ھاندەرن و دەستخۆشیمان لێدەکەن.
وەک باسم کرد، من و خانمەکانی دیکە چاوەڕێ وەھا دەنگۆو قسەوباسێکمان دەکرد، بەڵام ھەرگیز پێشبینی ئەوەمان نەدەکرد رۆژنامەنووسەکانی “روودا”ی یەکەمی بێ رکابەر! وەھا تێگەیشتێنێکیان بەرامبەر جێندەری مێینە ھەبێت و کوێرانە سووکایەتی بەمرۆڤی دیکە بکەن.
بەناو رۆژنامەنووسێک بەناوی “سۆران بھائدین” کە ھەر ناوەکەی لەرۆژنامەنووس ناچێت، وێنەیەکی من و چەند خانمێکی دیکەی بەڕێزی دابەزاندووەو تەشھیرو سووکایەتییەکی زۆری پێکردووین کە ئەوە ئەرک و مەھامی رۆژنامەنووس نییە سوکایەتی بەمرۆڤی دیکە بکات و بەتایبەتیش رەگەزی مێینە، جگەلەوەش بەتایبەتریش لەدەزگایەکی وەک “رووداو” کە رۆژنامەنووس بێت و کەناڵەکەی دیعایەی یەکەمی بێ رکابەر بکات!
پێویستە ئەو کەناڵە “ئاکار”ی واتە ئەخلاقیاتی رۆژنامەوانی و مرۆڤدۆستی فێری رۆژنامەنووسەکانی بکات و ئینجا بیانێرێتە ناو کۆمەڵگە، ھودا باکی بەسۆران-ێک نییە کە پشتگیری لێ بکات یان نا، بەڵام بەداخم کە کوردستان پشت ئەستوور بێت بەوەھا پیاوێک! کە ریفۆرمێکی کەلتوری و فەرھەنگی بکات، وەھا پیاوێک کە لەرێی شاشەیەکی FULL HDیەوە پەیامی رۆژنامەوانی ئاراستەی کۆمەڵگە بکات، وەھا سۆرانێک کە پڕیەتی لەنامرۆیی و ھیچ دەرسێکی ئەخلاقی دانەدراوە لەلایەن دەزگا میدیاییەکەیەوە.
من نامەوێ باسی وردەکاریی و کارەکانی خۆم بکەم، بێگومان ئەوێ رۆژێ و ئەمڕۆو بەیانیش من ھەمیشە ئامادەم وەک کچە پێشمەرگەیەک بچمە بەرەکانی جەنگ و بەرگری لەنیشتمان و خاک بکەم، ئەوەھا لەقەندیلی پیرۆزەوە بەھەزاران خوشکی پیرۆزمان ھەن کە گەریلان و ھەموو ژیانیان تەرخان کردووە بۆ کوردستانەکەیان ئیتر تۆ چ رۆژنامەنووسێکی تا سووکایەتی بەپێگەی ژن بکەیت لە شۆڕشی کوردایەتیدا.
ئەوەندەی لەتوانامدا بووبێت ھەوڵمداوە بۆ پشتگیریکردنی خەڵکی ئاوارەو ھەژارو کەمدەرامەت، ھەرگیز باسم نەکردووەو نەشمویستووە باسی بکەم، بەڵام کاک سۆران، ئەوە بزانە کە لەوانەیە یەکەم کچە میدیاکار بووبم کە داوام لە “دیندار زێباری” کردبێت، کە وەک کەسێکی خۆبەخش دەمەوێت لەگەڵ وەفدەکان بچم بۆ دھۆک و ھاوکاری ئاوارەکان بکەم، بێگومان لەماوەی رابردووشدا چەندینجار ھاوکاریم بۆ ئاوارەکانی ھەولێر بردووەو بەسەرمدا دابەشکردوون و دۆکیومێنت و بەڵگەی پێویستیش ھەن بۆ سەلماندنی ئەم کارانە بەڵام ئەم کارانە شایەنی بڵاوکردنەوەو باسکردن نین ئەگەر کاک سۆران سووکایەتی بەمرۆڤەکانی ديکە نەکات.من وەک مرۆڤێک ویستومەو دەمەوێت ھاوکاری پێشمەرگە، ئاوارەکان، ھەژارو کەمدەرامەتەکان بکەم، بەڵام کاک سۆران تۆ وێنەکانیان بۆ مەبەستی دیکە بەکاردەھێنیت کە ئەگەر لەوڵاتێکی پێشکەوتوو بوایە کەسانی وەک تۆ ھەرگیز رێگەیان پێنەدەدرا کاری رۆژنامەوانی بکەن.
تێبینی: نوچە تەنها لەو بابەتانە بەرپرسە، كە ناو و لۆگۆی خۆی بەسەرەوەیە