ئایا راسته‌ هه‌ندێك ژن بایه‌خى زیاتر به‌ ناوماڵ ده‌ده‌ن و نه‌وه‌ك مێرده‌كانیان؟

0

ژنێك: ئه‌ركى ژن قورسه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌بێت هاوسه‌نگى رابگرێت

توێژه‌رێكى كۆمه‌ڵایه‌تى: ئه‌گه‌ر ژن خۆى فه‌رامۆش بكات و ماڵیش بڕازێنێته‌وه‌ له‌لاى مێرده‌كه‌ى بایه‌خێكى ئه‌وتۆى نابێت

سیهام میران، تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

هه‌ندێك له‌ پیاوان گله‌یى له‌ هاوسه‌ره‌كانیان ده‌كه‌ن، له‌وه‌ى زێده‌ڕۆیى له‌ بایه‌خدان به‌ ناوماڵ ده‌كه‌ن، هه‌ندێك جار زیاتر له‌ مێرده‌كانیان بایه‌خى پێده‌ده‌ن. ژنانیش پاساوى خۆیان هه‌یه‌ و ده‌ڵێن به‌رپرسیارێتى ماڵ له‌ ئه‌ستۆى ژن دایه‌ و ده‌بێت خه‌مى لێبخوات.

یه‌كێك له‌ گرفته‌ دیاره‌كانی نێوان خانمان و پیاوان له‌ كۆمه‌ڵگای كورده‌واری و به‌شێكی وڵاتانی ئه‌م ناوچه‌یه‌ش، بریتییه‌ له‌و گرنگیدانه‌ زۆره‌ى ئافره‌تان هه‌یانه‌ بۆ ناوماڵ، ‌وه‌ك له‌ هاوژین و خێزانه‌كانیان، ئه‌مه‌ش بۆته‌ ئه‌و گرێ كوێره‌یه‌ی ساڵه‌های ساڵه‌‌ گرفت و كێشه‌ بۆ به‌شێكی زۆری خێزانه‌كان پێكهێناوه‌، به‌جۆرێك كه‌‌ گله‌یی و گازه‌نده‌ی هاوسه‌رانی دژ به‌یه‌ك لێ دروستبووه‌ و زۆركات ئاكامی خراپیشی لێكه‌وتۆته‌وه‌.

به‌شێك له‌ پیاوان گله‌ییان له‌هاوسه‌ره‌كانیان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ ماڵه‌وه‌ گرنگى كه‌م به‌ خۆیان ده‌ده‌ن، به‌ڵام بۆ ده‌ره‌وه‌ خۆیان وا ده‌ڕازێننه‌وه‌ كه‌ ئه‌سته‌مه‌ بناسرێنه‌وه. ‌ئه‌وان پێیانوایه‌ كه‌ په‌یوه‌ندی‌ نێوان ژن‌ و مێرد له‌ خۆڕازاندنه‌وه‌ گرنگتره، له‌به‌رانبه‌ردا ئافره‌تان ده‌ڵێن بۆ ئێمه‌ كه‌می كات گرفته‌ بۆ جێبه‌جێكردنی هه‌موو ئه‌و ئه‌ركانه‌ی له‌ناو ماڵ و‌ ده‌ره‌وه‌ی ماڵ له‌سه‌ر شانمانه‌.

هاووڵاتی رەیان قاسم له‌وباره‌وه‌ بۆ نوچە گوتی: “هەست دەکەم ئافرەتان و پیاوان لە دوو دوونیای جیاوازدا دەژین، راستە خاوێنکردنەوەی ناو ماڵ لای پیاوان گرنگە به‌ڵام گومانی تێدا نییه‌، خودی ژن بۆ پیاوه‌كه‌ گرنگتره‌، بەڵام لای به‌شێكی زۆر له‌ ئافره‌تان به‌و جۆره‌ نییه‌ تەنیا ئەوەندە ماڵەکەی خاوێن بێ ئەوەی دیكه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی لاوه‌كی دێته ‌به‌رچاو، بۆیه‌ زۆركات ژنان بێگوێدانه‌ ورده‌كاری به‌رامبه‌ر پیاوان به‌ دونیایه‌ك بۆنی ناخۆشی پاككه‌ره‌وه‌كانی ناوماڵه‌وه‌ ده‌چنه‌ لای هاوژینه‌كانیان”.

خاتوونێكی تر به‌ناوی چیمه‌ن سه‌عید، له‌سه‌ر هه‌مان بابه‌ت بۆ نووچه‌ دواو گوتی: ”یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ی كه‌ واده‌كات ئافره‌ت گرنگی زیاتری بۆ ناوماڵ بێت تاكوو هاوسه‌ره‌كه‌ی، بریتییه‌ له‌وه‌ی كه‌ ئافرەت ناو ماڵه‌كه‌ی بە خۆشترین ئارامترین شوێنی خۆی دەزانێت. هەوڵ دەدات کە شێکی پر ئاسودەی بۆ هاوسەرەکەی و منداڵەکانی بڕەخسێنێت له‌ چوارچێوه‌ی گرنگیدان به‌ ناوماڵه‌كه‌ی. له‌ هه‌مانكاتدا هەوڵدەدات خۆی بکات بەقوربانی ئەو ماڵە خنجیلانەیە، تەنیا گرنگی بەخۆدان باش نییە چونکە ناهاوسەنگی لەماڵ دروست دەبێت بەڵام ئافرەت پێویستە هەر دوولا وەک یەک ڕابگرێت بەڵکوو کاتی خۆی پێویستە دابەش بکات بەشێک بۆ گرینگیدان به‌خۆی و بەشێکیش بۆ خێزانه‌كه‌ی و ئه‌ویتر بۆ ناوماڵ. له‌ كۆتاییدا هەر ئافرەتە و سروشتی تایبەتی خۆی هەیە ڕەنگه هەنێک لاسایکردنەوە بێت و هەندێکیش لەترسی زمانی خەڵک بێت هەندێکیش بۆ خۆی دەژی هیچ شتێک کاری لێناکات”.

چیمه‌ن باسی له‌به‌شێكی تری هۆكاره‌كان كردوو گوتی، ” ره‌نگه‌ هه‌ندێك كات ژنان ئه‌و بۆشاییه‌ زۆره‌یان نه‌بێت لەبەر زۆری ئیش و کار جا چ لە ماڵەوە بێت یان بەهۆی کاری دەرەوە، یاخود سه‌رقاڵبوون به‌ به‌خێوكردنی منداڵ، له‌به‌رانبه‌ردا پێویسته‌ پیاوان هاوکارییەکی زۆری ئافرەتان بکەن بەتایبەت ئەو ئافرەتانەی کاری دەرەوەشیان کەوتۆتە ئەستۆ کەواتە کاری ئافرەتەکە بۆتە دووئەوەندەی کاری پیاوەکە”.

لەم بارەیەوە سامان محه‌مه‌د توێژه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى بۆ نوچه‌نێت گوتی، ” سروشتی گشت ئافرەتان وایە حەزیان بە ماڵێکی جوان و ناوازەیە، ماڵێکی پاک و خاوێن جێگای دەستخۆشی و پێدا ھەڵدانە بۆ ئافرەت.لە ھەمان کات ماڵێکی ناڕێک و بێ خزمەت سەرەنجام لۆمە و توانج رووبەرووی ئافرەتی خاوەن ماڵ دەکرێتەوە”.

سامان باسى له‌ هۆكارێكى تر كرد كه‌ وا ده‌كات ژنان زیاتر بایه‌خ به‌ ماڵه‌كانیان بده‌ن، ئه‌و توێژه‌ره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ گوتى، ” ھۆکارێکی تریش ئه‌وه‌یه‌ ئافرەت زیاتر گوێ بە قسەی دەوروبەر دەدات وەک لە مێردەکەی. جیا لەمانەی سەرەوە ئاستی ھۆشیاری دەروونی و ژیانی سەرجێی لای بەشێکی زۆری پیاوان نەگەیشتۆتە ئاستێکی باڵاتر لە ھی ئافرەتان، زۆربەیان بە شێوە نەریتی و باوەکە سەیری ژیانی سەرجێی دەکەن، ھەندێ جاریش وابیردەکەنەوە بڕوایەی تەنیا لە سەرەتای گەنجی سەرجێی پێویستە، کە لەمەشدا بە ھەڵەدا چوون”.

له‌ لێدوانه‌كه‌ى بۆ نوچه‌نێت سامان باسى له‌وه‌یش كرد، “بە کورتی ژن بە قەدەر داخوازی پیاوەکە وەڵامدانەوەی دەبێت بۆ مەسەلەی سەرجێی و گرنگیدان بە خۆیان. ھەندێ جاریش پیاو ھۆکاری گرنگی بەخۆنەدانی ئافرەتە. زۆرجار گرنگی بەخۆنەدانی پیاوانیش ڕەنگدانەوەی نەرێنی دەبێت لەسەر ئافرەت”.

بۆ ژیانێكى ئارام و كامه‌ران و رازیبوونى ژن و مێرد له‌یه‌كتر، ئه‌و توێژه‌ره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ پێیوایه‌ ده‌بێت ژن یان پیاو بیر له‌ هاوسه‌نگى بكاته‌وه‌ و ده‌ڵێ، “چ پیاو یان ئافرەت دەبێت بەر لە ھەموو شت گرنگی بە خۆیان بدەن. پێویستە ھاوسەنگی ھەبێت لە نێوان گرنگی دان بە خۆی و ناوماڵ، لەبیرمان نەچێت سایکۆلۆژیەتی پیاویش حەز بە ماڵێکی ڕێک و پێک دەکات. بەڵام کاتێک ژنان خۆیان ئیھمال کرد و زیاتر خەریکی ناوماڵ بوون ئەو کاتە پیاوەکەش ماڵێکی خاوێنی بەلاوە گرنگ نییە”.

له‌ كۆتایى قسه‌كانى سامان محه‌مه‌د توێژه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى، باسى له‌وه‌ كرد لاساییكردنه‌وه‌ و له‌به‌رچاوگرتنى قسه‌ى خه‌ڵك كاریگه‌رییه‌كى زۆرى له‌سه‌رهه‌ڵسوكه‌وتى ژن و پیاو هه‌یه‌، ئه‌و گوتى “خاڵێکی تر ئەوەیە کە لایەنی سەرجێی شاراوە و نھێنییە و بە نھێنی لەنێوان ژن و مێرد دەمێنێتەوە، لێرەشدا کە قسەی خەڵک نابیسترێ لەسەر ئەو بابەتە بارودۆخەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە. گرنگیدان بەقسەی دەوروبەر و ھەوڵدان بۆ رازیکردنی خەڵک نموونە ژووری میوان ھەمیشە گرنگی زیاتری پێ دەدرێت چ لە رووی دیزاین و کڕینی کەل و پەلی گران بەھا کەچی نیو ئەوەندە گرنگی بە ژووری خەوتنیان نادەن”

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com