پاشەکشەی پارتی و پێشڕەویی یەکێتی. ئەنجامی گەمەکە

0

رزگار رەزا چوچانیپاشەکشەی پارتی و پێشڕەویی یەکێتی. ئەنجامی گەمەکە

رزگار رەزا چوچانی

ئێستا کوردستان لەدۆخی شەڕدایە، شەڕی کورد و هێزێکی توندڕێی بێ دایک و باوکی دڕندە، هێزێکی بێزراو لەسەر ئاستی جیهاندا. شەڕێک کە دەبێ کورد لەبەرانبەریدا رێزەکانی رێکبخات، بەڵام بەداخەوە لەکاتی ئەم جەنگەدا هەست بە ناهەماهەنگی هێزەکانی باشوری کوردستان دەکرێت، نەک هەر ئەوە، بەڵکو لەبەرانبەر یەکتریش شەڕیکی دەرونییان لەرێی راگەیاندنەوە بەرپاکردووە، کە هێندەی تر خەریکە کار لەسەر ورەی خەڵکی کوردستان دەکات.

لەسەر گۆڕەپانی جەنگدا بەئاشکرا هەست بە ناهەماهەنگی پارتی و یەکێتی دەکرێت، لەهەندێ جێگا پاشەکشەی پارتی هەیە، لەهەندێ جێگاش پێشڕەوی پەکەکەو یەکێتی هەیە، بێگومان هەرکەسیش ئاگای لەگەمە سیاسییەکانی پارتی نەبێ، ئاگای لەوە نەبێ کە ئێستا پارتی لەدەرەوەی گەمەیەکی سەربازی لۆکاڵی، خەریک بەچ گەمەیەکی سیاسی گەورەیە، پێی وایە فیعلەن پارتی تێكشکاوەو یەکێتی و پەکەکە سەرکەوتوون، بەڵام ئەوەی من دەیبینم تەواو جیاوازە.

من دەبینم لەسەر گۆڕەپانی باشوری کوردستان، لەبەرانبەر ئەو شەڕەی یەخەی کوردی گرتووە، پارتی دەستی بۆ کارتە گەورەکان لەسەر ئاستی جیهان بردووە، کەبریتین لەهێنانە سەرخەتی ئەمریکاو فەڕەنساو تورکیاو ناتۆو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لەبەرانبەریشدا، یەکێتی خەریکی جوڵاندنی کارتە بچوک و لۆکاڵییەکانی وەک یەپەگەو پەکەکەیە، بێ ئاگا لەوەی جوڵاندنی ئەم کارتە بچوکانە، هەرگیز کورد ناکاتە خاوەنی هێزێک بەرانبەری هێزێکی وەک داعش بگرێت، کە چەندین گەورە وڵات لەدواوەی وەستاوە.

جگە لەو جیاوازییە لەهەوڵەکانی روبەڕووبونەوەی داعش، ئیستا کەلایەنە سیاسییەکان بێ رەچاوکردنی دۆخی کوردستان، خەریکی شەڕی دەرونی یەکترن، زۆرێک لەخەڵکیش نەزانانە بەسەر بەرەکانی ئەو شەڕدا دابەش بووەو بەدوایاندا دروشمەکان دەڵێتەوە، بۆیە خیانەت نییە یان هەوڵی دروستکردنی فیتنەیەک نییە لەنێوان لایەنەکوردییەکاندا، کە بۆ بیرهێنانەوەی خوێنەرو قسەکردن لەچۆنیەتی بەکاربردنی کارتە گەورەکان لەلایەن پارتییەوە، منیش تۆزێک بگەڕێمەوە بۆ باسی شەڕی ناخۆو ئەو باسەش بکەمە بەڵگەی ئەوەی، کەپارتی هەر لەوکاتەوە خەریکی گەمەکردنە بەکارتە گەورەکان،و بەداخەوە یەکێتی ش بەکارتە بچوکەکان. تاهەر لەو لەو رێگایەوە دڵنیاییەک بەخەڵکی کوردستان بدەین، کەئەوەی هەیە لەبەرەکانی جەنگدا و پێی دەڵێن پاشەکشە، گەمەیەکی عاقڵانەی کوردە بەکارتە گەورەکان و لەخزمەتی داهاتووی کوردستاندایە، نەک شکست و هەڵهاتنی پێشمەرگە.

لە ساڵی 1997لەکوردستان شەڕی ناخۆ بوو، پارتی و یەکێتی، بە نێوانگیری تورکیاو وڵاتانی بەشدار لە بنکەی ئەنجەرلیک، چەکوشی ئامادە. (کە ئەرکیان پاراستنی کوردستان بوو بەرانبەر بەهەرەشەکانی عێراق)، رێککەوتنێکی ئاگر بەستیان واژۆکرد، لەنێوان هەردولادا هێزێکی ئاشتی پارێز دانرا بەناوی PMF ، کە هێزێکی ناکورد بوو ئەو وڵاتانەی سەرپەرشتی رێککەوتنەکەیان دەکرد، سەرپەرشتی و ئاراستەی ئەو هێزە ئاشتی پارێزەیان دەکرد.

بەبێ گوێدانە ئەوەی پارتی و یەکێتی بە نێوانگیری چەند لایەنێک واژۆی ئاشتیان کردووە، رێککەوتنێک لەنێوان پەکەکە و یەکێتی بەسترا.

بەپێی رێککەوتنەکە، یەکێتی لەمیحوەری  رواندز، دۆڵی ئالانە، کەپی حەمەد ئاغا، چیای سەفین و چیای بنەباوێ و دێگەڵە، هێرشی کردە سەر پارتی، پەکەکەش لە لەمیحوەری، باڵەکایەتی، حاجی هۆمەران، چۆمان، سیدەکان.هێرشی کردە سەرپارتی.

هەر بەپێی ئەو رێککەوتنە، دەبوو یەکێتی لەماوەیەکی کورتدا لەکەپکی حەمەد ئاغاوە بچێتە سپیلک، و لەوێوە بۆ پردی قەندیل. تا پەیوەندی نێوان هێزی پارتی لەبادینان و لەهەولێر بپچڕێ.

پەکەکەش لەسیدەکان و چۆمانەوە بەرەو قەزای سۆران بێت و پارتی بکاتەوە بە بارزاندا.

لەکاتی ئەو رێککەوتنەدا پێشمەرگەکانی پارتی پشتیان کردبوەوە، بێ خەم و خەیاڵ لەئەرکدا بوون، ئەوەش بریاری سەرەوە بوو، کە بێ خەم بن، چونکە دەیانزانی هێزێکی ئاشتی پارێز، بووەتە پاسەوانی بەرەکانی شەڕ، وڵاتانی پشتی ئەو هێزەو پارتی و یەکێتی، هەرسێ لا واژۆی پابەندبونیان کردووە بەو رێککەوتنەوە، کە هیچیان ئاگر بەست ناشکێنن، خۆ ئەگەر ئاگر بەستیش بشکێنن، بێگومان دەبێ حەکەمەکەی نێوانیان بەدەنگ بێ، بۆیە پارتی بێ خەم بوو.

وێڕای ئەوە لەیەک شەودا پەکەکەو یەکێتی هێرشیان کردە سەرپارتی، بەسود وەرگرتن لەو بێ خەمییەی پارتی، یەکێتی و پەکەکە یەک دونیا شوێنی پارتیان کۆنترۆڵکرد.

رۆژی دواتریش، بروسکە لەسەر بروسکە لەسەرکردایەتی پارتییەوە بەپێشمەرگە دەگەشت، کە پاشەکشە بکەن و پێشمەرگەکان بەکوشت نەدەن.

ئەوکات بەرپرسە سەربازییەکان لەئاستی ناوەند نەک ئاستی باڵا، هێندەی لە هۆکاری پشت پاشەکشەکەوە دەترسان، ئەوەندە لە هێرشەکانی پەکەکە و یەکێتی نە دەترسان، پێیان وابوو پارتی بڕیاری داوە شەڕ نەکات و تەسلیم ببێ، سەریان سوڕمابوو لەهەموو بڕیارەی پاشەکشە.

تا ئاستێک لەنزیکەوە ئاگام لەفەرماندە سەربازییەکان بوو، بەتەواوی بێهیوابوبون لەسەرەوەی خۆیان، یەکێتی و پەکەکە بەبەردەوامی هێرشیان دەکرد و ئەوانیش دەبوو هەر پاشەکشە بکەن و پێشمەرگە بەکوشت نەدەن، فەرماندە ناوەندییەکان، تێ نەدەگەشتن چ باسە، ئەوەندەی لایان روون بوو سەرکردایەتی پارتی لەگەڵ هەربڕیارێکی پاشەکشە، موژدەی سەرکەوتنی پێ دەدان.

هەرووەکو ئیستا، ئەوکات خەڵکی پارتی کەوتبووە ژێربارێکی ناخۆش ، شەڕێکی گەورەی راگەیاندنیان لەسەر بوو، لۆمەدەکران بەشکست، پاشەکشەکانیان بەراکردن بۆ هەژمار دەکردن، بەڵام سەرکردایەتی پارتی دیسان تەئکیدی لەئارامگرتن دەکردەوەو دڵنیایی دەکردنەوە لەسەرکەوتن.

لەناکاو لەئێوارەیەکدا وەک پابەندبوون بەو بەڵێننامەی کە لەگەڵ پارتی و یەکێتی واژۆیانکردبوو، کە هیچ لایەن هێرش نەکات، بەرپرسانی PMF چونەوە بەرەکانی شەڕ، لەرێی جیهازەکانیانەوە دونیایەک فرۆکەیان هێنایە ئاسمانی بەرەکانی جەنگ و موعادەلەکەیان پێچەوانەکردەوە.

ئەوکات هەموو خەڵک تێگەشتن، فەرمانی سەرکردایەتی پارتی، بۆ پاشەکشەو بەکوشتنەدانی پێشمەرگە، بۆ ئەوە بوو، کە ئەولایەنە نێودەوڵەتییانەی پارتیان بێ خەم کردبوو لە ئەنجامی پابەند نەبوون بە رێککەوتنی ئاشتییەوە، بخاتە بەردەم بەرپرسیارەتی ئەخلاقی، ناچاریان بکات، خۆیان هێرشبەرەکان بگێڕنەوە جێی خۆیان، بەبێ ئەوەی پێشمەرگەی پارتی بەکوشتن بچێ، هەرواشیانکرد، لەماوەی 24 کاتژمێردا، پەکەکەیان کردەوە بەئێراندا و یەکێتی ش دوای ئەو هەموو قوربانییەی کەلەوشەڕەدا هەیبوو، گەڕێنرایەوە جێگەکانی پێش دەستپێکردنەوەی پەلامارەکانی.

ئێستاش لەشەڕی داعشدا لەهەندێ جێ باسی پاشەکشەی پارتی هەیە، لۆمەکردن و شەڕێکی گەورەی راگەیاندن لەدژی پارتی بەرپایە، خەڵکی پارتی کەوتونەتە ژێر فشاری ئەم جەنگە دەرونییە، سەکردایەتییەکەشیان دڵنیایی سەرکەوتنیان پێ دەدات.

لێ من هەرچەند لەدۆخەکە ورد دەبمەوە. دڵنیام دووبارەبونەوەی مێژووە، ئەو مێژووەی پارتی پێشمەرگەی پاراست ، چەند وڵاتێکیشی ناچارکرد پابەندیی ئەخلاقیان هەبێ بەرانبەر ئەو واژووەی لەسەر رێککەوتنی ئاشتی کردویانە، و پێشمەرگەی پارتیان بێ خەمکردووە لەجەنگ، کە بێن و لەجێی ئەو شەڕی بەرانبەرەکانی بکەن.

خوێندنەوەی ئەو رابردووە، وردبونەوە لەهەوڵەکانی ئیستای پارتی لەسەر ئاستی جیهان و روانین لەبڕیارەکانی پاشەکشەی بەبێ فشاری بەرانبەر، پێمان دەڵێت گەمەیەکی گەورەی پارتییە، کە لەرێییەوە هەموو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەخاتەوە بەردەم بەرپرسیارەتی ئەخلاقی، بەرانبەر ئەو بەڵێنەی بۆ شەڕی تیرۆر داویانە، ئەنجامیش ئەوان ناچار بەبەشداری شەڕی تیرۆر دەکاتەوەو کوردستان سەربەرزانە لەم دۆخە رزگاری دەبێت بەدەستکەوتی زۆر گەورەوە.

ئەو ئەنجامە لای من روونە، بەڵام ئەوەی بۆ من بۆتە جێی سەرسوڕمان، هەڵوێست و هەوڵەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە، کە لەوکاتەی پارتی خەریکی گەمەکردن بەکارتە گەورەکانە لەسەر ئاستێکی جیهان، و خەریکی جوڵاندنی هێزی جیهانە، یەکێتی تازە لەسەر گۆڕەپانێکی بچوک، خەریکی جوڵاندنی کارتە بچوکەکانی وەک، هێزەکانی پەکەکەیە (گەریلا و یەپەگە)، ئەویش بەرانبەر بە داعش کە چەند وڵاتێکی گەورە لەپشتیەوەن و دەیجوڵێنن.

با چاوەڕێ بین، لەماوەیەکی کورتی دادێ ئەنجامەکان دەبینین، دەستکەوتی جوڵاندنی کارتە گەورەکان و کارتە بچوکەکانیش دەبینین، دەبینین کوردستان بەهۆی ناچارکردنی جیهان بە ئیلتیزامی ئەخلاقی بەرانبەر بەڵێنی شەڕی تیرۆر، چەند بەسەرکەوتووی کوردستان لەودۆخە رزگار دەکات.

ئەوکات هەموو دەزانین، کە بەداخەوە چەند بێ ئارام بووین، بەرانبەر ئەو گەمە گەورەیەی کەپارتی دەیکات، دەزانین کە ئەو گەمە گەورەیە چەند لەبەرژەوەندی کوردستان بوو، و گەمە بچوکەکەش چەند زیانمان لێ دەدات، چ سەر ئێشەیەکمان بۆ دروست دەکات.

تێبینی: کەباس لەپاشەکشەی پارتی دەکەم، مەبەست لە دەڤەری شەنگال نییە، چونکە من زانیاریم نییە، ئایا لەوێ بەبڕیار پاشەکشە کراوە؟ یان شکست بووە؟

بەڵکو باسی ناوچەکانی تری نزیک لە موسڵ و دەوروبەری گویڕ و مەخمور دەکەم، کە تا ئاستێک زانیاری دروستم هەیە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com