دەزگاى فەلەكناسى ئەمریكى “ناسا” بە تەلەسكۆپى هابل وێنەیەكى هەسارەى مشتەرى گرتووە كە گێژەلووكەیەكى رەنگاورەنگى لەسەر دەركەوتووە.
رۆژنامەى شەرق ئەوسەت ئەمڕۆ ئاماژەى بۆ وێنەكەى ناسا كردووە و وێنەكەى بڵاوكردووەتەوە، تێیدا هاتووە تا ساڵى 2006 ئەو گێژەلووكەیە رەنگى سوور بووە بۆیە پەلە سوورە بچووكەكان ناسراون.
كەچى لەدوایین وێنەدا كە بە تەلەسكۆپى هابل گیراوە، تێبینى ئەوە كراوە گێژەلووەكان بەرەو سپى و رەنگى خۆڵەمێشى دەچن.
هەرچەندە ئەو گێژەلووكەیە بە پەلە سوورە بچووكەكان ناسراون، كەچى پانى هەر یەكەیان نزیكەى نۆ هەزار و 800 میل دەبێت، كە ئەمەیش دەتوانێ رووى زەوى دابپۆشێ.
هەسارەى مشتەرى كە بە ئینگلیزى بە ” Jupiter” دەناسرێت لە ڕووى دوورى لە خۆرەوە بە پێنجەم هەسارە دادەنرێت و لە هەمان كاتیش گەورەترین هەسارەیە.