پەیامێک بۆ مەکتەبی سیاسی یەکێتیی

0

aaaaaaaaaلە بارەی کاندیدی سەرۆک کۆمارەوە

پەیامێک بۆ مەکتەبی سیاسی یەکێتیی
ئەگەر پەلە نەکەن لە پاشگەزبونەوەو دەرکردنی بڕیارێکی تری حەکیمانە ،ئەوە مێژوو رەحمتان پێ ناکات و بەمەش خۆتان دەخەنە هەڵەیەکی تری مێژووییەوە ،کە دوور نییە بە هۆیەوە یەکێتیی بگەیننە قەیرانیکی ئەوەندە قوڵەوە کە چارەسەر کردنی ئەستەم بێت.

هەمووان دەزانن پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق ، یەکێکە لە پۆستە سیادییەکان و لە دوو خولی رابردوودا سەرۆک مام جلال بە سەربەرزییەوە و لە رێگای هەڵبژاردن ئەو پۆستەی پێ سپێردراو ، توانی سەرکەوتووانە ئەرکەکانی راپەرێنێت و بووە جێگای متمانەی تەواوی گەلانی عێراق و ناوچەکە.

ئێستاش دووبارە ئەم پۆستە دەدرێتەوە بە کوردو لە ناو کوردیشدا بەر یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دەکەوێت ، بەڵام زۆر بە داخەوە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی بەبێ ئەوەی دوور بین و ووردبین مامەڵە لە گەڵ ئەم مەسەلەیە بکەن و هەمووان پێکەوە کاندیدێک بۆ ئەو پۆستە دەستنیشان بکەن کە جێی دڵخوازی هەمووان بێ .

کەچی بەبێ ئەوەی رێز لە ماندووبوون و شەونخونی سەرۆک مام جلال بگرن ، بەبێ ئەوەی رێز لە دڵسۆزی و وەفاداری جەماوەری یەکێتیی بگرن . بەبێ ئەوەی دڵۆپێک خوێنی شەهیدانیان لە بەرچاوبێ ، زیاد لە کاندیدێک بۆ ئەم پۆستە دەستنیشان دەکەن و سەر لە هەموان دەشێوێنن .

نازانم ئێوە دەزانن یان نا ئەم بڕیارەتان دواجار دەبێتە مایەی گاڵتە پێ کردنمان لە لایەن ناحەزانەوە و کەلێنیکی گەورەش دەخەنە ناو رێزەکانی یەکێتیی و ئەم حزبە گەورەیە لە پێش چاوی جەماوەر و تەواوی خەڵکی کوردستان ناشرین دەکەن .

برادەران و هەڤاڵانی (م.س) ئەگەر ئێوە لە ناوخۆتان وەک برا تەبا و یەک هەڵویست نەبن و هەست به بەرپرسیاریتی ئەم قۆناغە قورسەی گەلەکەمان و حزبەکەتان نەکەن کە ژیانی گەنجی خۆتان لە پێناو بەخشی .

ئایا چۆن چاوەرێی ئەوە دەبن خەڵک و دۆست و دۆژمن و دەنگدەرە دڵسۆزەکانمان رێزمان بگرن و هەڵویستەکانیان لە ئاست قورسایی وخەبات و ماندووبونی یەکێتیی بێ؟

من وەک ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە سەر لیستی یەکێتیی و ئاگادار لە فەزای ناو هۆڵی پەرلەمانی عێراق لە کاتی دەنگدان و ئاڕاستە کردنی ئەندامان لە لایەن ئەم و ئەوەوە ، هەروەها ئاستی متمانە و جۆری پەیوەندی لیست و کوتلەکانی پەرلەمان لەم قۆناغە دژوارەدا ، بەدڵنیاوە پێتان دەلێم گەر بە (3)سێ کاندید بچینە کێبرکیی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارەوە ئەو پۆستە رەنگە لە دەستبدەین، دواتر وەڵامتان چی دەبێ ؟

ئەی هەڤاڵان وەڵامتان چی دەبێ بۆ هەڤاڵی خۆشەویست سەرۆک مام جەلال و گەلی کورد؟
ئایا دەزانن لە 9/21 بەهۆی سیاسەت و بڕیارە هەڵەکانی ئێوە رێژەی دەنگەکانمان کەمی کردوو جەماوەر سزایەکی زۆر توندی یەکێتییدا .

ئەی جارێکی تر ناترسن لە توڕەبوونی جەماوەر و کادیرە دڵسۆزەکانی یەکێتیی ؟

ئەی بیرتان نەکردۆتەوە ، بیرناکەنەوە تەنها بۆ جارێک دەستبەرداری ململانێ تایبەتەکانتان بن و پێکەوە لە بەرامبەر هەموو ئەگەرەکان هاوهەڵویست و هاودەنگ بن؟
ئەی بیرناکەنەوە جەماوەری بە ئەمەکی یەکێتیی لە 4/30 دووبارە متمانەی بە یەکێتیی کردەوەو دەرفەتێکی تری دایەوە ئەم حزبە ، تا بە هەڵە و کەم و کوڕییەکانی رابردوویدا بچێتەوە و ڕاستیان بکاتەوە .

ئەی ئێوە بەڵێنتان نەدا کە یەکێتیی دەکەینەوە بە حزبی خەڵک و جەماوەرە دڵسۆزەکەی . ئەی نەتان ووت هیچ بڕیارێکی چارەنوس ساز بەبێ وەرگرتنی ڕازمەندی سەرکردایەتی و دام و دەزگا گرنگەکانی تری ناو یەکێتیی نادەین؟

ئەی بڕیاری دەستنیشان کردنی زیاد لە کاندیدێک لە یەک کاتدا بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق چ حکمەتێکی تیدایە و پێچەوانەی بەڵێنەکانتان نییه؟

مەگەر تەنها سەلماندنی ئەو راستیە نەبێ کە ناکۆکی و ململانێیەکانی ئێوە لە لوتکەدایە و کەسیش ناتوانێ رێگای لێ بگرێ !

لە کۆتاییدا دەلێم هەموان دڵخۆش بووین بەوەی سەرۆک مام جلال گەڕایەوە و بە پشتیوانی ئێوە چارەسەری تەواوی کێشەکانی عێراق و کوردستان دەکات ، بەڵام ئەم کارەتان جگە لە زڕاندنی ناوی پیرۆزی یەکێتیی , دەبێتە لە دەستدانی ئەو متمانەیش لە لایەن خەڵکەو چاودێرانەوە!

تکایە خۆتان بخەنە دۆخی بیرکردنەوەو جورئەت بکەن لە دەستبەرداربوون لە دەستکەوتە تایبەتییەکانتان و بەرژەوەندی و هەیبەتی یەکێتیی لە بەرچاو بگرن .

نەوزاد رسول / ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق. لەسەر لیستی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان

21/7/2014

ئەم نووسینە لە ئەكاونتی تایبەتی نەوزاد رەسوڵ لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوكەوە وەرگیراوە..

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com