سۆران سێوکانی:
ئه‌ندامانی مەکتەبی سیاسی یه‌کگرتوو، خۆیان ئیمانیان به‌سیستمی سیاسی ئیسلامی نیه، به‌ڵام له‌ترسی خه‌ڵک نا‌وێرن وابڵێن
یه‌کگرتوو خاوه‌نی گوتاری سه‌ربه‌خۆ نیه، به‌ڵکو سواری شه‌پۆله‌کان ده‌بێت، وەک ئەوەی ئیخوانی میسریش سواری شه‌پۆلی شۆڕش بووون
ئیسلامی سیاسی خۆشیان ئه‌وه ده‌زانن که‌ئایینده‌یان له‌م هه‌رێمه‌دا زۆر پرشنگدار نیه
لەناو یەکگرتوودا ئه‌زمون سه‌لماندی، تاسه‌رکردایه‌تی وه‌ستابێت ئیمتیاز به‌که‌سی تر نادرێت
ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی سیاسی هێند ته‌سکه، به‌به‌ری نه‌وه‌ی نوێ ناخوات، له‌به‌رئه‌وه‌یە که‌گه‌وره ده‌بن زوو باڵه‌فڕه ده‌که‌ن
ئه‌وته‌فسیره‌ی ئیسلامی سیاسی ده‌یکات بۆ دین و ده‌قه‌دینیه‌کان شێواندنی ده‌ق ودینیشه به‌یه‌که‌وه، به‌زۆر ترنجاندنی مانا دینیه‌کان له‌هه‌موو شتێک، جۆرێکه له تۆتالیتاریزه‌کردن و ئایدیالیزه‌کردنی دین
دین له‌و قاوغانه گه‌وره‌تره که ئیسلامی سیاسی بۆی داتاشیوه، سیاسه‌ت لای ئایین شتیکی لاوه‌کییە، ئایین بنیاتنه‌ری ئینسانه، نه‌ک راوچی سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵات
رزگار رەزا چوچانی
سۆران سێوکانی لەساڵانی هەشتا، لە رێکخستنەکانی سەربەئیخوان موسلیمین چالاک بووە، دواتریش لەریزەکانی یەکگرتوودا، جگە لەوەی تا ئاستی ئه‌ندامی مه‌کته‌بی رێکخستن بەرپرسیارەتی هەبووە، وەک خۆی لەم دیمانەیەی گۆڤاری سڤیل دا ئاشکرای دەکات، داوای لێکراوە ببێتە ئەندامی سه‌رکردایه‌تی، “به‌دانانی رەسمی، به‌ڵام قبووڵمان نه‌کرد”، هەر لەریزەکانی یەکگرتووی ئیسلامی‌دا، وەک نوسەرو رۆژنامەنوسێک ، به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌له‌فزیۆن، سه‌رنوسه‌ری گۆڤاری هه‌ژان، لێپرسراوی کۆمه‌ڵه‌ی نوسه‌ران، جێگری سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری په‌یامی راستی بووە. بەڵام وەک خۆی دەڵێت” له‌کۆتایی نه‌وه‌ده‌کان و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیستویه‌ک، ئیشکالی فکرو ڕیکخستن و حزبی ئیسلامی و دین وسیاسه‌ت و مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وه‌یی وهتد، بوون به‌خۆره‌ی هزرم، به‌جۆرێک توشی ئیفلیجیی حزبیی کردم”. واز لە کاری حزبی دەهێنێت.
رزگار رەزا چوچانی: بێینە سەر کار‌و روانینی شەخسی بەڕێزت ماوەیەکی زۆر لەگەڵ حزبی ئیسلامی کارتان کردووە، کەی تێکەڵ بەحزبایەتی لەو بوارە بوون، چۆن بوو ئەو رێگاتان هەڵبژارد؟
سۆران سێوکانی: من هه‌ر له‌منداڵیمه‌وه به‌هۆی کاک کوردستان سێوکانی و کاک علی سێوکانی، که‌ئه‌وان ئیخوان بوون و برای گه‌وره‌م بوون، به‌شێوه‌یه‌کی ئۆتۆماتیک که‌وتمه ئه‌وبه‌ره‌یه‌وه.
هه‌رچه‌نده بنه‌ماڵه‌که‌مان واته سێوکانیه‌کان، نه‌ته‌وه‌یی بوون وزیاتر به‌دیوی یه‌کێتیدا بوون، به‌ڵام ئێمه له‌ژێر کاریگه‌ر شه‌ماڵ موفتی به‌ره‌و ئیخان چووین.
پاشانیش له‌زانکۆوله‌گه‌ڵ براده‌راندا رێکخستنی زانکۆی موسڵمانمان به‌رێوه ده‌برد، که کاک محمد (ئێستا مه‌کته‌ب سیاسی یه‌کگرتووه) کاک هیوامیرزا سابیر، کاک شاخه‌وانی ره‌حمه‌تی که‌له‌هه‌ڵەبجه‌دا شه‌هید بوو، له‌دیارترین ئه‌وکه‌سانه‌بوون کارمان پێکه‌وه ده‌کرد.
رزگار رەزا چوچانی: ساڵی چەند بوو ؟
سۆران سێوکانی: سه‌ره‌تای هه‌شتاکان بوو.
رزگار رەزا چوچانی: ئەوکات دوو هێڵی ئیخوان ، جەماعەتی مامۆستا سدیق و جەماعەتی مامۆستا سەلاحەدین هەبوو، لەگەڵ کامیان بوون، کامیان لەزانکۆدا کاریگەر بوو؟
سۆران سێوکانی: ئه‌وانه‌ی سلێمانی له‌گه‌ڵ که‌سیان نه‌بوون، به‌ڵکو سه‌ربه‌خه‌تی ئیخوانی عیراق بوون، که‌باوه‌ریان به‌رێکخستن نه‌بوو، له‌کاتی سه‌دامدا له‌سلێمانی مامۆستا تەها و مامۆستا جەزا نوێنه‌رایه‌تیان ده‌کردن.
رزگار رەزا چوچانی: دواتر ئێوە داتانە پەنای خەتی مامۆستا سەلاحەدین و کەبووە حزب لەگەڵ ئەو بوون، تاچەند ئەوە راستە کە ئیخوان نامەی دابێتە مامۆستا سەلاحەدین داوای کردبێت، هەموو رێکخستنی ئیخوان لەکوردستان لەگەڵ ئەو بن؟
سۆران سێوکانی: ئه‌وەی دیاره مامۆستا صلاح نوێنه‌ری ئیخوان بوو له‌کوردستان، مامۆستا صدیق سه‌ربه‌خۆ کاریکردووه، هه‌رچه‌ند، من زۆر خۆم به‌وشتانه‌وه خه‌ریک نه‌کردووه، به‌ڵام وه‌ک حه‌قیقەت ئه‌وانه‌م بیستوه، واقیعیش ده‌ریخست که‌وایه.
رزگار رەزا چوچانی: لەناو یەکگرتوو تاچ ئاستێکی حزبی کارتان کرد؟ تاکەی بەردەوام بوون؟
سۆران سێوکانی: من زۆر گرنگیم به‌و خاڵه‌نه‌داوه، چونکه زیاتر له‌بواری فیکردا سه‌رقاڵبووم، به‌ڵام تا ئه‌ندامی مه‌کته‌بی رێکخستن و پاشان داوا لە من و کاک علی و کاک کوردستان کرا بۆسه‌رکردایه‌تی، به‌دانانی رەسمی، به‌ڵام که‌سما قبووڵمان نه‌کرد، پێش ئه‌وه‌ش هه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌له‌فزیۆن و سه‌رنوسه‌ری گۆڤاری هه‌ژان و لێپرسراوی کۆمه‌ڵه‌ی نوسه‌ران و جێگری سه‌رنووسه‌ری په‌یامی راستی و ئه‌مانه بووم، له‌ڕێکخستنیشدا کارێکی زۆرمکردوه، به‌ڵام هه‌موو ئه‌مانه‌م، به‌قه‌ده‌ر بابه‌تێک به‌لاوه گرنگ نه‌بوه که‌ده‌ینوسم و ئەتوانێ کاریگه‌ریه‌ک دابنێ له‌سه‌رخوێنه‌ر.
رزگار رەزا چوچانی: ئەی چۆن بوو وازتان لەکاری حزبی هێنا ؟
سۆران سێوکانی: به‌راستی هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه من به‌کاری حزبیم نه‌ده‌خوارد، ره‌خنه‌گرێکی به‌رده‌وام، نامولته‌زیم به‌بریاره بێماناکانی حزبه‌وه، نوسه‌رێکی ئاژاوه گێڕ، چه‌ندجارێک به‌نوسینه‌کانم قه‌یرانم له‌نێوان بزوتنه‌وه‌و یه‌کگرتودا خوڵقاند، به‌کورتی من که‌سێکی دیسپلینکراو نیم، به‌ڵکو سه‌رکه‌ش ویاخیم، ته‌نانه‌ت له‌م ته‌مه‌نه‌یشدا، ئه‌م تایپه‌ش به‌حزبایه‌تی ناخوات، له‌ژیانی حزبیمدا راپۆرتێکی ڕێكوپێم نه‌نوسیووه، چونکه وامده‌زانی بچوکده‌بمه‌وه به‌وشتانه.
پاشانیش له‌کۆتایی نه‌وه‌ده‌کان و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیستویه‌ک، ئیدی ئیشکالی فکرو ڕیکخستن و حزبی ئیسلامی ودین وسیاسه‌ت و مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وه‌یی وهتد، بوون به‌خۆره‌ی هزرم، به‌جۆرێک توشی ئیفلیجیی حزبیی کردم.
رزگار رەزا چوچانی: ئەوە هۆکاری وازهێنانت بوو، یان کاریگەری یەکێتی، کە ئێوە لێیانەوە نزیک بوون ؟
سۆران سێوکانی: نه‌خێر ئێمه وه‌ک نه‌وه‌ی نوێی سێوکانی، له‌ژێر کاریگه‌ری یه‌کێتیدا نه‌بووین، به‌ڵام لێتان ناشارمه‌وه له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی گۆڕاندا، زۆر له‌بنه‌ماڵه‌ی ئێمه هه‌واداری ئه‌و ره‌وته‌بوون، نه‌ک وه‌ک ئه‌ندامبوون، به‌ڵکو ته‌نیا وه‌ک مه‌یلی خۆشه‌ویستی.
رزگار رەزا چوچانی: ئەتەوێ بڵێی ئیستا ئیلتیزامی حزبیت پێناکرێ، ئەگەرنا هەمان فکری ئیخوانت قبوڵە؟
سۆران سێوکانی: نه‌خێر نه‌فکری ئیخوان ونه‌فکری ئیسلامی سیاسی، لای من بوونی نه‌ماوه، ئه‌وه‌لای من بۆته ئه‌زموونێکی گه‌وره‌ی ژیانم، واته ئه‌وەم تێپه‌راندوه وه‌ک قۆناغێکی گرنگ له‌ژیاندا،هه‌موومان له‌سه‌ره‌تایی وناوه‌ندی قوتابخانه‌بووین، که‌قۆناغێکی گرنگه به‌ڵام ئایا له‌وێدا قه‌تیس ماوین؟
رزگار رەزا چوچانی: ناکرێ قەتیس بمێنین، بەڵام، ئەوەی جاران لەو بڕوایەدا بەباشتان دەزانی و ئیستا قبوڵتان نییە چییە؟
سۆران سێوکانی: له‌وانه‌یه نه‌توانم ئاوابه‌په‌له هه‌مووده‌رده‌کان دیاری بکه‌م، به‌ڵام به‌گشتی هه‌ر په‌یوه‌ندی ئایین وسیاسه‌ت لای من به‌و شێوازه نیه، که لە ئیسلامی سیاسی‌دا ده‌خوێنرێت و باسده‌کرێت، ئایین رێکخسنی کۆمه‌ڵگه‌یه (جڤات)community نه‌ک کۆمه‌ڵ group.
رزگار رەزا چوچانی : وتت نه‌فکری ئیخوان و نه‌فکری ئیسلامی سیاسی لای من بوونی نه‌ماوه، ئه‌وەم تێپه‌راندوه، مانای چیی؟ واتا پێت وایە فکری ئەو حزبانە شتێکی زەمەنی بێ و تێپەڕێت؟ یان ئەتەوێ بڵێی خوێندنەوەی تۆ لەپێش خوێندنەوەی کادرو سەرکردەکانی ئەوانەو ئەو قۆناغەی ئەوانت تێپەڕاندووە؟
سۆران سێوکانی: بێگومان فکری ئیخوان وهه‌موو فکره‌کانی تریش، شتێکی مێژوویین و گوزه‌رده‌که‌ن، یا گه‌شه‌ده‌که‌ن. به‌ڵام وادیاره ئیخوان بڕیاریانداوه گه‌شه‌نه‌که‌ن، لای به‌نده دین له‌و قاوغانه گه‌وره‌تره که ئیسلامی سیاسی بۆی داتاشیوه، ئه‌سڵه‌ن سیاسه‌ت لای ئایین شتیکی لاوه‌کییە، ئایین بنیاتنه‌ری ئینسانه، نه‌ک راوچی سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵات.
رزگار رەزا چوچانی: ئەی بۆچی کەلەم دواییانەدا باسی گۆڕانکاری لەیەکگرتودا دەکرا ، تا ئاستی لێکردنەوەی پاشناوی ئیسلامی، ئێوە هەوڵتان نەدا ئەم روانینە جێ بکەنەوە ؟
سۆران سێوکانی: پێموایه ئه‌وته‌فسیره‌ی ئیسلامی سیاسی ده‌یکات بۆ دین و ده‌قه‌دینیه‌کان شێواندنی ده‌ق ودینیشه به‌یه‌که‌وه، به‌زۆر ترنجاندنی مانا دینیه‌کان له‌هه‌موو شتێک، جۆرێکه له تۆتالیتاریزه‌کردن و ئایدیالیزه‌کردنی دین.
له‌راستیدا من ئیمانم به‌وقسانه نیه، ئه‌وه به‌ڕێکردنی کات و شاردنه‌وه‌ی قه‌یرانه‌کانه له‌یه‌کگرتوودا ده‌کرێت، کاتی خۆی زۆرمان له‌وباره‌یه‌وه وت، به‌ڵام ئێستامن ئه‌وه‌شم گوزه‌ر کردوه.
رزگار رەزا چوچانی :وەک خۆت ئەڵێی ئیمانت به‌وقسانه نیه، کە ئەڵێن ناوی ئیسلامی لەیەکگرتوو بکرێتەوە، بۆ ئیمانت پێی نییە ؟
سۆران سێوکانی: ئیمانم به‌وه‌نیه ئه‌و پرۆسه‌یه ده‌ورێکی هه‌بێت له پێشخستنی ئیسلامییه‌کاندا، به‌ڵکو به‌ره‌و دوایان دێنێت، چونکه هه‌ر له‌ئه‌ساسه‌وه ئه‌وان له‌سه‌ر شیعارگه‌رایی دروستبوون، بێ هیچ پرۆژه‌یه‌کی جیدی.
گه‌ر شیعاره‌دینیه‌کان نه‌بیت حزبی ئیسلامی چی ده‌مێنێته‌وه؟ پاشان جیاککردنه‌وه‌ی بانگه‌وازو سیاسه‌ت، به فه‌رمانی حزبی ناکرێت. ده‌نا وه‌ک گاڵته‌جاریه‌کی (حریه وعداله‌ی میسری لێدێت) ده‌بێت بانگه‌واز خۆی دوور له‌حزب، خۆرسک به‌رهه‌م بێت، نه‌ک حزب دروستیکات، به‌ڵام گه‌ر یه‌کگرتو وه‌ک ستراتیژ حزبایه‌تی ته‌ڵاقبدات، ئه‌وه قسه‌یه‌کی تره، هه‌رچه‌ند هه‌نگاوێکی وامه‌حاڵه، پاش ئه‌وه‌ی سه‌رکرده‌کان جێژی زه‌عامه‌ت ودنیایانکرد.
رزگار رەزا چوچانی: ئەوە تۆمەتە یان راستییە لات، کە پێت وایە ئەوەی ئیسلامی سیاسیی دەیکات، شیواندنی دەق و دینیشە؟ ئەگەر راستییە ئەکرێ چەند نمونەیەکمان بۆ باسبکەی لەو شێواندنە؟
سۆران سێوکانی: نه‌خێر بێ هیچ مه‌به‌ستێکی ئایدیۆلۆژی و به‌راستمه، شێواندنی ده‌ق، حه‌قیقه‌تێکی ڕوونه لای ئیسلامی سیاسی، بۆنموونه له‌ماوه‌ی نیو سه‌ده‌دا، ئیسلام له‌خه‌لافه‌ته‌وه بوو به‌دیکتاتۆر، وه‌ک لای مه‌ودودی وسه‌ییالیزم وه‌ک لای مصطفی سباعی و شه‌ریعه‌تی ده‌رده‌که‌وێت، بووبه دیموکراسی وه‌ک ئێستا ده‌یبینی.
پرسیاره‌که ئه‌مه‌یه، ئه‌م هه‌موو پارادۆکسه بۆ؟ لای مه‌ودودی سیستمی ئیسلامی سیستمێکی سه‌نترالیزمی تۆتالیاتاری ستالینییه، که‌چی لای غه‌نوشی سیستمێکی لیبراڵ وته‌وهاو سیکویلاره، ئه‌مه یه‌ک ئیسلام و له‌ناو ره‌وتی ئیسلامی سیاسی‌دا، ئه‌ی ئه‌وه‌شێواندنی ده‌ق نیه چیه؟ له‌مه‌سه‌له‌ی ئازادیه‌کاندا؟ له‌مه‌سه‌له‌ی ژن‌دا؟ له‌مه‌سه‌که‌ی حوکمی مرتەددا، له‌مه‌سله‌ی حه‌کمدا! باوه‌ر ده‌که‌ی ئه‌ندامانی مەکتەبی سیاسی یه‌کگرتوو، خۆیان ئیمانیان به‌سیستمی سیاسی ئیسلامی نیه!!، به‌ڵام له‌ترسی خه‌ڵک نا‌وێرن وابڵێن، من له میانی گفتوگۆمدا شتی وام بۆ ده‌رده‌که‌وێت، که‌هیچ پێناسێکی بۆناکرێت، ته‌نیا پارادۆکس‌و دوروویی نه‌بێت.
رزگار رەزا چوچانی: ئێستا لەریزی حزبە ئیسلامییەکان و لەناو جەماوەرەکەشیان، رۆژ رۆژی بانگخوازیی دینییە، هۆکاری ئەمە چییە؟ چ مانایەک ئەدات بەدەستەوە؟
سۆران سێوکانی: ئه‌وان بانگخوازی دینی نین، به‌ڵکو ئه‌ستێره و پرۆژه‌ی سیاسین بۆپه‌رله‌مان.
رزگار رەزا چوچانی: مەمەبەستت چییە؟
سۆران سێوکانی: مه‌به‌ستم ئەوەیە، ده‌رکه‌وتنیان له‌سه‌ر شاشه، به‌دوو مه‌به‌ستە. یه‌که‌م، حزب به‌کاریاندێنێت بۆ راکێشانی خه‌ڵک به‌ره‌و خۆی. دوه‌م، خۆشیان به‌مه‌به‌ستی ده‌رکه‌وتن و له‌ئایینده‌دا خۆکاندید کردن، کارده‌که‌ن.
رزگار رەزا چوچانی : بۆچی کادرانی یەکگرتوو روو لە بزوتنەوەی گۆڕان دەکەن، لەوێ دەبنە کاندید و سەرکردەی دیاری ئەو بزوتنەوەیە؟، بۆ ئەوە لەناو حزبەکەی خۆیان ناکەن؟، وەک ئەوەی خانەوادەی ئێوەش سەرسام بوون بەبزوتنەوەی گۆڕان؟
سۆران سێوکانی : یه‌کگرتوو زۆر سنوورداره، له‌وه‌ی بتوانێت خزمه‌تێک ثێشکه‌ش به‌ئه‌ندامانی بکات، ئه‌زمونیش سه‌لماندی تاسه‌رکردایه‌تی وه‌ستابێت ئیمتیاز به‌که‌سی تر نادرێت.
له‌به‌ر ئه‌وه سه‌یر نیه که‌ئه‌ندامان رووبکه‌نه شوێنی تر ،به‌تایه‌به‌ت ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌یان دووره، بێجگه له‌وه‌ی ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی سیاسی هێند ته‌سکه، به‌به‌ری نه‌وه‌ی نوێ ناخوات، له‌به‌رئه‌وه که‌گه‌وره ده‌بن زوو باڵه‌فڕه ده‌که‌ن.
ئه‌وه‌ش ئاشکرایه که‌گۆڕان به‌تایبه‌ت له‌ده‌ڤه‌ری سلێمانی، سیحری خۆی هه‌یه و ده‌ربڕی خه‌ونه‌کانی خه‌ڵکه، به‌تایبه‌ت نه‌وه‌ی نوێ، ئه‌وسیحره راکێشی ئه‌وانه، ئه‌مه بێجگه له‌وه‌ی گۆڕان بزوتنه‌وه‌یه‌کی کراوه‌یه‌وتێیدا ئایدیۆلۆژیا ده‌ورنابینێت، به‌ڵکو پرۆژه‌گرنگه له‌وێ.
رزگار رەزا چوچانی: ئەنجامی دواین کۆنگرەی یەکگرتووت چۆن بینی؟ بەو ئاراستەیە بوو کە لەخزمەت ئەو حزبە بێت؟ چی‌یان گۆڕی کە پێویست بوو بیگۆڕن؟
سۆران سێوکانی: ته‌نیا شتێک لەکۆنگرەی یه‌کگرتوو گۆڕانکاری تێداکرا، گۆڕینی ئه‌مینداربوو، هه‌روەها لاچونی چه‌ند ئه‌ندامێکی سه‌رکردایه‌تی، به‌ڵام واده‌زانم ئێستا ده‌رکه‌وت که‌ئه‌و گۆڕانکاریانه، به‌سلبی شکانه‌وه به‌سه‌ر ئه‌و حزبه‌داو توشی لاوازیی کردووه.
رزگار رەزا چوچانی: لەسەروبەندی خۆپیشاندانەکانی کوردستان، خیتابی یەکگرتوو گۆڕانێکی زۆری بەسەرداهاتبوو، بەشێوەیەک کە یەکگرتوو نە ئەناسرایەوە، ئاخر یەکگرتوو بە حزبێک ناسرابوو، کە هێندە هێمن و ئاشتی ویستە، بشدەی بەسەریا وەڵامی توندی نییە، بەڵام ئەوکات زیاتر خیتابەکانی لەخیتابی حزبێکی پڕ جەنگاوەر دەچوو، هۆکاری ئەوە چی بوو؟ شوێن شەپۆل کەوتن، یان جامەکە پڕ بوو، و لێی رژا؟
سۆران سێوکانی: یه‌کگرتوو خاوه‌نی گوتاری سه‌ربه‌خۆ نیه، به‌ڵکو سواری شه‌پۆله‌کان ده‌بێت، وەک ئەوەی ئیخوانی میسریش به‌هه‌مان شێوه سواری شه‌پۆلی شۆڕش بووون، ئه‌وه‌ش که‌رووویدا ته‌نیا سلیمانی بوو، ده‌نا هه‌ولێرو بادینان نارازیبوون.
رزگار رەزا چوچانی: ئایندەی حزبی ئیسلامی سیاسی لەکوردستان چۆن دەبینیت؟، گەشانەوە، گەورەبوون، یان لاوازبوون؟
سۆران سێوکانی: حزبی ئیسلامی به‌وته‌رزه‌ی ئێستا هەیه نه‌ک له‌کوردستان، به‌ڵکو له‌دنیادا روو له‌شکسته، له‌کوردستاندا به‌تایبه‌ت، به‌نده پێش شۆڕشی عه‌ره‌ب، پێشبینی داکشانی ئیسلامی سیاسی وهه‌ڵکشانی روحی ئایینی وکۆمه‌ڵایه‌تیم کردبوو له وتارێکمدا.
به‌ڵام شۆڕشه‌کانی عه‌ره‌ب ئه‌و قه‌ده‌ره‌ی دواخست، ئێستا پاش شکستی ئه‌زمونی میسر‌و شۆڕشه‌کان به‌گشتی، ئه‌و پێشبینیه به‌تایبه‌تی له‌کوردستان زۆر به‌هێزه، خۆشیان ئه‌وه ده‌زانن که‌ئایینده‌یان له‌م هه‌رێمه‌دا زۆر پرشنگدار نیه.
ئەم دیمانەیە لە گۆڤاری سڤیل چاپکراوە