تەورەكەی ئیبراهیم، شۆكی دەوروبەر

0

1557483_236960959816621_1901769278_nتەورەكەی ئیبراهیم، شۆكی دەوروبەر
رێبۆ رەزا

شۆكی دەوروبەر لە بەرانبەر ویستی هەڵوەشاندنەوەدا!

كاتێك ئیبراهیم دەستی دایە تەورێك و بتەكانی شكاندن، ویستی وێران كردن و لە ناو بردنی پیرۆزی خوداكانی نەبوو، بەڵكو ویستی هەڵوەشاندنەوەیانی هەبوو، تا سەر لە نوێ‌ لە فۆرمێكی تردا رێكیان بخاتەوە و لە زەوییەوە بیانباتەوە بۆ ئاسمان، بۆ ئەوەی بە دەسەڵاتێكی گەورەتر و قودرەتێكی زیادترەوە، بگەڕێنەوە سەر زەوی و كاریگەری زیاتریان هەبێت و مەودایەكی فراوانتر لە ژیانی مرۆڤەكان داگیر بكەن.
ویستی هەڵوەشاندنەوە جیاوازە لە ویستی وێران كردن و لە ناو بردن، ئیبراهیم لە پەنای رەتكردنەوەی پیرۆزی و پەرستنی خودا سەرزەمینییەكانەوە، بانگەشەی تاقانەیی خودای لە ئاسمان دەكرد و خەڵكی رێنوێنی دەكردن، بۆ پەرستنی خودایەكی تر، كە بە لای ئەوانەوە نامۆ و نەناسراو بوو، ئەوەیش ئەزمونێكی نوێ‌ بوو، دەیویست لەو رێیەوە دەستی دەوروبەرەكەی بگرێت و بیانباتە ناویەوە، كرۆكی ئەزموونە نوێیەكەیش، درووستكردنی پرسیار بوو، دەربارەی تێگەیشتنی مرۆڤ لە خودا و پیرۆزی، هەروەها دەربارەی كۆی پەیوەندیییەكانی مرۆڤ لەگەڵیان، لە هەموویشی سەرەكی تر، هەوڵێك بوو بۆ چەسپاندنی پیرۆزییەكی رەها، كە جێگەی پرسیار نەبێت و بە دووریش بێت لە دەسەڵاتی مرۆڤ، بۆ ئەوەی رێ‌ لە هەر ئیبراهیمێكی تر بگرێت، كە ویستی لە ناو بردنی هەبێت.
ئەو ئەزموونە نوێیە ئەگەرچی لە فۆرمێكی تردا درێژە پێدەری ئەزموونەكەی پێشوو بوو، بەڵام لەسەرووی تێگەیشتنی دەوروبەرەكەیشییەوە بوو، بۆیە بە تۆمەتی سوكایەتی كردن بە خوداكان سزایان دا و وەك چیرۆكە ئاینییەكان باسی دەكەن، بە مەنجەنیق فڕێدرایە ناو ئاگرەوە، بەڵام بە بڕوای من، ئەو سزادانە لە ئەنجامی هەستكردن بە گوناه و سوكایەتی كردن بە خوداكانەوە نەبوو، بەڵكە لەو گومانانەوە سەرچاوەیان گرتبوو، كە لە ناخی دەروبەرەكەیدا درووستی كردبوون و بەو هۆیەشەوە تووشی شۆكی كردبوون.
هەڵگرتنی تەور، شەڕ لەسەر دەمامكی پیرۆزی!
ئەگەر سەیری رابردووی دوو دەیەی خۆمان و ئەو هەوڵانە بكەین، كە رۆشنبیرانی كورد بۆ شكاندنی بتە پیرۆزەكان داویانە، لێكچوونێكی زۆر دەبینین لە نێوان ویستی ئەوان و ویستەكەی ئیبراهیم، لە دوای راپەڕینەوە شەڕی نێوان دەسەڵات و رۆشنبیر شەڕێك نەبووە بۆ شكاندن و لە ناوبردنی پیرۆزییەكان، بەڵكە شەڕێك بووە لەسەر ئەو میراتە و هەر بەرەیەكیان ویستوویانە بەر خۆی بكەوێت، بۆیە بە درێژایی دونیای دوای راپەڕین كێشەكان زۆرتر و كۆمەڵگە داخراو تر و پیرۆزی زیادتر و كۆت و بەندەكانی مرۆڤیش توندتر بوون.
بە درێژایی دونیای دوای راپەڕین، سیاسییەكان وەك تاكە مرۆڤی دەستڕۆیشتوو و كاریگەر، لە هەمان كاتیشدا وەك بەشێك لە پیرۆزی دەبینران، هەر ئەو پیرۆزكردنەیش بەس بوو بۆ ئەوەی تاوان و تاڵانی بكەن و نەزانترینیان جێدەستی بەسەر ژیان و ئاراستەی كۆمەڵگەی كوردییەوە دیار بێت، ئەم دۆخە پێویستی بە ئیبراهیمێك بوو كە دەست بداتە تەورێك و پیرۆزییەكانیان لە ناو بەرێت، نەك ئیبراهیمێك كە پیرۆزییەكانیان هەڵبوەشێنێتەوە.
رۆشنبیرانی كورد دەستیان دایە تەورەكە، بەڵام ئەو ئیبراهیمە بوون كە بە ویستی لێسەندنەوە و هەڵوەشاندنەوە و درووستكردنەوەی پیرۆزییەكانەوە تەورەكانیان هەڵگرتبوون، گرووپ گرووپ خۆیان رێكخستن و لەگەڵ ئەو هەوڵانەی كە تا رادەیەك بۆنی خەمخۆرییان لێدەهات، بەڵام دەستیان كرد بە هەوڵدان بۆ پیرۆز كردنی یەكتری، بە شان و باڵی یەكتریدا هەڵیان دەدا و لەو رێشەوە شەڕی پیرۆزییەكانیان دەكرد، هەر كەسێكیش لەدەرەوەی گرووپەكەی خۆیانەوە بوایە، وشەیەكیان لەسەر دەقەكانی نەدەوت، ئەگەر رەخنەیەكیشی بكردنایە، بە هەموویان بیرازیان دەكرد، ئەو ئەزموونە ناشیرینترین و پۆخڵترین ئەزموون بوو، كە پەنایان بۆ برد، چونكە بەرەنجامی ئەزموونەكە دابەشكردنی كۆمەڵگە بوو بەسەر چەند بەرەیەكدا و هەر بەرەیەكیشیان باوەڕیان بە جۆرێكی دیاری كراوی پیرۆزی هەبوو، شەڕیان لەسەر پیرۆزییەكانی خۆیان دەكرد، یەكتریان رەت دەكردەوە، بێئاگایش بوون لەوەی كە هەموویان لە یەك دەچوون، هەموویان هەڵگری یەك تەوق بوون، هەموویان یەك زنجیریان لە ملكردبوو، هەموویان كۆیلەی پیرۆزییەكان بوون و بە درووستكردنی هەر گومانێكیش لەسەر پیرۆزییەكانیان، تووشی شۆك دەبوون.
شۆكبوون بە رەخنە.. سزای سەردەمە جوداكان!
رەخنە لە دونیای ئێستادا، جێی تەورەكەی ئیبراهیمی گرتۆتەوە، تۆمەت درووستكردن و خوێندنەوەی “دەروونشیكاریانە” و لێدان لە كەسایەتی مەعنەوی رەخنەگرەكانیش، جێی سزاكانی گرتۆتەوە، یەكەمیان ئیبراهیمییەكان پەنای بۆ دەبەن، كە هەندێكجار پشت دەكەنە ویستی ئیبراهیمی یەكەم و لە رەخنەدا پەیڕەوی ویستی لە ناوبردن دەكەن، دووەمیشیان كەسانی شۆك بوو، یەكەمیان دەیانەوێت گومان لەسەر هەموو شتێك درووست بكەن، دووەمیشیان دەیانەوێت لە هەموو شتێك بێگومان بن، یەكەمیان دەیانەوێت بە رۆشنبیرەكان بڵێن، هێشتا زۆر شت هەن كە ئێوە نایزانن و دوای رووداوەكان كەوتوون و بەر لە رووداوەكان ناتوانن خوێندنەوەیەكی ورد بۆ حاڵەتەكان بكەن و لەوێوە پێشبینی رووداوەكان و بەرەنجامەكانیشان بكەن، دووەمیشیان بەو رەخنانە تووشی شۆك دەبن و رەخنەگرەكانیش بە كەسانی ئیرەیی بەر و هیچ لە بارانەبوو، تۆمەتبار دەكەن.
بەڵام پرسیار ئەوەیە، ئایا رۆشنبیرانی كورد لە دۆخێكدان كەس ئیرەییان پێببات؟
بە بڕوای من نەخێر، چونكە ئەوان بە هۆی شەڕەكانی پێشوویان لەسەر میراتی پیرۆزی، وەك واعیز دەركەوتوون و تا ئێستایش نەیانتوانیووە وزەی خۆیان بۆ خوێندنەوەی دونیا و دەوروبەر و هەتا كۆمەڵگەكەی خۆیشیان بەكار بهێنن، رۆشنبیرانی كورد، بە درێژایی دونیای دوای راپەڕین، هەمیشە لە دوای رووداوەكانەوە دەركەوتوون و تەنها هەڵوێستیشیان فڕێداوە، نەك ئەرگۆمێنت درووست بكەن و جەدەلە فیكرییەكان بەردەوامی پێبدەن.
رۆشنبیرانی كورد ئەدەبیشەوە توانای بەرهەمهێنانی دەقی مەزن و ئاراستەی فیكری تایبەت بە خۆیان نەبووە، كە لەو رێیەوە لە لایەكەوە ببنە وەجهی ناسینەوەی میللەتەكەیان و لەلایەكی تریشەوە، لە رێی دەق و خەیاڵ ودید و بۆچوون و تێگەیشتن و دەربڕینەكانی ئەوانەوە، كەسانی تر شتێك دەربارەی دونیا حاڵی ببن، ئیتر رۆشنبیرانی كورد لە چ دۆخێكدان تا خەڵكانێك ئیرەییان پێبەرێت؟
بە بڕوای من، نەبوونی سیاسەتمەدارێكی راستەقینەیش لە ناو كوردا، پەیوەندی بە نەبوونی رۆشنبیری راستەقینەوە هەیە، بۆیە قسە كردن لە بارەی ئیرەیی پێبردنیان، لەو شۆكبوونەوە سەرچاوە دەگرێت، كە لە كاتی بیستنی رەخنەیەكدا، یەخەی كەمخوێندەوارەكان دەگرێت و هانیاندەدا سزای ئەو كەسانە بدەن، كە لە پیرۆزییەكانیان دەدا، چونكە ئەوان نایەنەوێت گومانیان دەربارەی پیرۆزییەكانیان بۆ درووست بێت، بەڵكە دەیانەوێت بەو بێگومانییەی خۆیانەوە، ژیان بەڕێ‌ بكەن و لە رێی بێگومانییەكانیشیانەوە، ئیدامە بە پەرستنی پیرۆزییەكانیان بدەن.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com