ڕیچارد هاس، سەرۆکی ئەنجومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەمریکا
پەیوەندییە بەرفراوانە جیهانییەکان و پەرەسەندنی ڕەوتی هاتوچۆی خەڵک و هاوردە و هەناردە کردنی کاڵاکان، وزە، ئیمەیلەکان، سیگناڵەکانی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆن، زانیارییەکان، مادە سڕکەرەکان، تیرۆریستەکان، چەکوچۆڵ، دی ئوکسیدی کاربۆن، خواردەمەنی و پارە و هەروەها ڤایرۆسەکان (ڤایرۆسی بایۆلۆژی یان نەرم ئامێر) لە نێوان سنوورەکانی وڵاتان، تایبەتەمەندی و دەرکەوتەکانی جیهانی مودێرنن. هەڵبەت لێرەدا پرسیار ئەوەیە، کە ئایا بەجیهانیبوون گەیشتووەتە لوتکەی خۆی؟ ئەگەر گەیشتووە ئایا دەبێ دەرکەوتەکانی قەبووڵ بکرێن یان لە بەرانبەریاندا خۆڕاگری بکرێت؟
بە دڵنیاییەوە، مرۆڤەکان و کاڵاکان بەردەوام لە جیهاندا لە ڕێگای دەریاکان یان ڕێگای کۆنی ئاوریشم لە هاتوچۆدا بوون. جیاوازی ئەمڕۆ لەگەڵ دوێنێ لە بەربڵاوی، خێرایی و فرەچەشنی ئەو ڕەوتەدایە. دەرکەوتەکانیشی گرنگییەکی زۆریان پەیدا کردووە و لە داهاتوودا زیاتریش دەبێ. ئەگەرچی مێژوو لە ڕێگای ململانێ و پێشبڕکێ گەورەکان بۆ بەدەستهێنانی هێز و چۆنییەتی بەڕێوەبەری ئەو ململانێ و پێشبڕکێیە لە سەدەکانی ڕابردوودا پێناسە دەکرێ، بەڵام خاڵی جیاکەرەوەی جیهانی مودێرن بریتییە لە پرسە جیهانییەکان و چۆنییەتی چارەسەرکردنیان.
بە جیهانی بوون بەرهەمی تەکنۆلۆژیای مودێرن بووە، لە فڕۆکەی شەڕکەرەوە بگرە تا سەتەلایت و ئینتەرنێت و ئەو سیاسەتانەی، کە دەرگای بازارەکانیان بە ڕووی بازرگانی و سەرمایەدا کردووەتەوە. هەم سەقامگیری و هەم ناسەقاگیری لە بەرزبوونەوەی ئەو ڕەوتەدا ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە. سەقامگیری لەبەر ئەوەی بازرگانی و گەشتیاری بە دوای خۆیدا هێنا و ناسەقامگیری لەبەر ئەوەی پەرەی بە ڕەوتی کۆچەری و پەناخوازی دا. زۆر کات، دەوڵەتەکانیش ڕەوتی بە جیهانیبوونیان بە دیاردەیەکی سوودمەند زانیوە و بۆیە ڕێگایان داوە ئەو ڕەوتە بەردەوام بێت.
بەڵام بە جیهانیبوون هەر بەو جۆرەی لە فورمە جیاوازەکانیدا دەر ئەکەوێت، دەتوانێ هەم تێکدەر و هەم سازندە بێت و لەم ساڵانەی دواییدا ژمارەیەکی زۆر لە دەوڵەتان و خەڵکی جیهان وەک مەترسییەکی پەتی چاویان لێ کردووە. کاتێ باس لە هەندێ دیاردە وەک گۆڕانی کەش و هەوا، نەخۆشی و پەتا جیهانییەکان و تیرۆریزم دێتە ئاراوە (کە هەموویان لە ڕێگای بەجیهانیبوونەوە پەرە دەستێنن) تێگەیشتن لەو جۆرە تێڕوانینە دژوار نییە. بەڵام لە بوارەکانی تردا تێگەیشتن لە دژایەتی ڕوو لە فراوانبوون لەگەڵ ڕەوتی بەجیهانبووندا ئاڵۆزترە.
بۆ نموونە کاری بازرگانی بێننە بەرچاوتان، کە لایەنی پۆزەتیڤی ئەوەیە، کە دەتوانێ پەرە بدات بە ڕەخسانی دەرفتی زیاتری کاری پڕ داهات لەو کارخانانە یان لە کەرتی کشتوکاڵدا، کە دەتوانن کاڵا هەناردەی دەرەوە بکەن و هەروەها دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی کاڵای باشتر و هەرزانتر بۆ بەکارهێنان لە لایەن هاوڵاتییانەوە. بەڵام هاوکات هەناردەکردنی وڵاتێک بە مانای هاوردەکردنی وڵاتێکی ترە و هاوردە کردن دەتوانێ بەرهەمهێنەران پەرتەوازە بکات و ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی بێکاری. بۆیە لەم ساڵانەی دواییدا دژایەتی لەگەڵ بازرگانی ئازاد پەرەی سەندووە و بووتە هۆی سەرهەڵدانی داخوازییەکان بۆ بەدیهاتنی بازرگانی بەرابەر و کارگێڕی لێهاتوویانە، کە تیایدا دەوڵەتەکان ڕۆڵێکی سەرەکی بگێڕن لە بواری کەمکردنەوەی ڕەوتی هاوردەکردن و پەرەدان بە هەناردەکردنی کاڵا یان لە هەر دوو بووارەکەدا.
ڕەوتێکی هاوشێوە سەبارەت بە زانیارییەکان لە ئارادایە. لەوانەیە بە ڕەواڵەت ڕەوتی بڵاوکردنەوەی ئازادانەی زانیارییەکان دیاردەیەکی باش بێت، بەڵام دەوڵەتە ملهۆڕ و سەرەڕۆکان ئەو ڕەوتە وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر توانای کۆنترۆڵ و دەسەڵاتی سیاسی خۆیان دەبیننەوە. بۆیە ئینتەرنێت خەریکە دەبێتە تۆڕێکی تەسک. چین وەک فایرواڵی گەورە [دیواری ئاگرینی گەورە] لە ڕیزی پێشەوەی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئازادانەی زانیارییەکاندایە و ڕێگری دەکات لە دەستپێڕاگەیشتنی هاوڵاتیانی خۆی بە هەواڵە ئۆنلاینەکان و ماڵپەڕەکانی تر بۆ ئەوەی دڵنیا بێتەوە، کە ناتوانن دەستیان بەو زانیاریی و بابەتانە بگات، کە لە ڕووی سیاسییەوە هەستیارن.
هەروەها ساڵانێکی زۆر ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵک توانیویانە سنوورەکان تێپەڕێنن و ئەوە قەبووڵ کراوە و تەنانەت پێشوازیشی لێ کراوە. لە وڵاتی ئەمریکا کۆچبەران بەردی بناغەی سەرکەوتنی ئەو وڵاتە بوون لە بواری ئابووری، سیاسەت، زانست و کلتووردا. بەڵام ئێستا زۆرێک لە ئەمریکییەکان بە خۆپارێزیی و ڕەشبینییەوە چاو لە کۆچبەران دەکەن و وەک هەڕەشەیەک دەیانبینن بۆ سەر دەرفەتەکانی کار، تەندروستی گشتی، ئاسایش یان کلتووری وڵاتەکەیان. ئەو گۆڕانکارییە لە تێڕوانینی هاوڵاتییان سەبارەت بە کۆچبەران، لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپایی-شدا بەر چاو دەکەوێت.
هەموو ئەوانە لە سەرەوە ئاماژەیان پێ درا دەبنە هۆی دابڕان لە بەجیهانیبوون و ئەو پرۆسەیەش تێچوو و گرفتی تایبەت بە خۆی بە دواوەیە. ڕێگری کردن لە هاوردە کردنی کاڵا، دەتوانێ ببێتە هۆی هەڵاوسان و کەمبوونەوەی توانای هەڵبژاردن یان توانای کڕینی کڕیاران و کەمبوونەوەی ڕەوتی داهێنان و ئەوەش وڵاتانی تر ناچار دەکات هاوردەکردن بۆ وڵاتی خۆیان کەم بکەنەوە و بەو جۆرە تۆڵە بکەنەوە. ئەو ئایدیایانەی، کە بانگەشەی داخستن و ڕێگری کردن دەکەن، دەتوانن ببنە هۆی لاوازبوونی داهێنەری و ڕێگر دەبن لە ڕاستکردنەوەی هەڵە سیاسییەکان. ڕێگری کردن لە هاتوچۆی مرۆڤەکان لە سنوورەکان، دەبێتە هۆی پووکانەوەی کۆمەڵگەی لێهاتوو و هێزی کاری پێویست، وێرای ئەوەی، کە دەبێتە هۆی قورستربوونی ئازار و مەینەتەکانی ئەو کەسانەی، کە خۆیان لە شەڕە سیاسی و ئایینییەکان و لە دەستی تاوانباران و برسییەتی دەرباز کردووە.
دابڕان لە رەوتی بەجیهانیبوون هەروەها هەندێ لە سیاسەتەکان لە بوارە جیاوازەکاندا تووشی شکست دەکات. ئاشکرایە سنوورەکان ڕێگر نین لە ڕەوتی گۆڕانی کەش و هەوا. داخستنی سنوورەکان، وڵاتان لە نەخۆشی ڕزگار ناکات، چونکە هاوڵاتیان دەتوان بە زنچکەوە بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان. مافی سەربەخۆیی نە ئاسایش گەرەنتی دەکات و نە بەختەوەری.
ڕێگایەکی باشتر هەیە بۆ وەڵامدانەوەی پرس و هەڕەشە جیهانیەکان. کاری بەکۆمەڵ و هاوبەش دەتوانێ وەڵامێک بێت بۆ سڕینەوەی مەترسی نەخۆشییەکان، گۆرانی کەش و هەوا، هێرشە سایبەرییەکان، پەرەسەندنی چەکە ناوکییەکان و تیرۆریزم. هیچ وڵاتێک بە تەنیایی ناتوانێ ئاسایشی خۆی دەستەبەر بکات. کاری تاک لایەنە سیاسەتێکی جددی و گونجاو نییە.
ئەمە ئەو ڕێگایەیە، کە حوکمڕانی جیهانی (نەک حکومەتی جیهانی) هەموو شتێکی لەبارەوە گوتووە. ڕێوشوێنەکان دەتوانن و دەبێ گونجاو بن هەم لەگەڵ هەڕەشەکان و هەم بۆ ئەو کەسانەی، کە خواست و توانایی هاوکارییان هەیە، بەڵام تا ئێستا هیچ جێگرەوەیەکی بەردەست بۆ هاوکاری چەند لایەنە بوونی نییە.
ڕەخنەگران بە واتایەک ڕاست دەکەن، بەجیهانیبوون هەم هەندێ کێشە و گرفت و هەم قازانجی بەدواوەیە. کۆمەڵگەکان دەبێ خۆڕاگرتر بن. پێویستە کرێکاران لە قۆناغەکانی ژیانیاندا ڕابهێنرێن و پەروەردە بکرێن، بۆ ئەوەی لە کاتێکدا، کە تەکنەلۆژیای نوێ یان پێشبڕکێی دەرەکی ببنە هۆی ئەوەی، کە کارەکانیان لە دەست بدەن، ئامادە دەبن بۆ ئەو کارە نوێیانەی، کە سەرهەڵدەدەن. کۆمەڵگەکان دەبێ بە شێوازێکی باشتر ئامادە بن بۆ ئەوەی خۆیان بگونجێنن لەگەڵ پەتا جیهانییەکان یان ڕووداوە نەخوازراوەکانی کەشوهەوا.
خۆتەریک خستن یان دوورەپەرێزی ستراتیژیی نییە. هەروەها حاشا کردن لە ڕاستییەکانیش شێوازێکی باش نییە. ئێمە دەتوانین وەک کەو سەری خۆمان بکەینە ژێر بەفر، بەڵام هەرەس دێتۆ و دەبین بە ژێرەوە. بەجیهانیبوون ڕاستییەکە، کە ناتوانین چاوی لێ داپۆشین یان ئاواتەخوازی ئەوە بین لێی دوور کەوینەوە. تاقە بژاردە ئەوەیە چۆن بە باشترین شێواز وەڵامی بدەینەوە.
بەجیهانیبوون پرسێک نییە، کە حکومەتەکان خۆیان سەرقاڵی چارەسەر کردنی بکەن، بەڵکو ڕاستییەکە کە دەبێ بە شێوەیەکی گونجاو مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. قەبووڵکردنی یەکجارەکی دابڕان لە ڕەوتی بەجیهانیبوون، هەڵبژاردنی دەرمانێکی هەڵەیە و ئەوە لە خۆدی نەخۆشییەکە خراپترە.
سەرچاوە: پرۆجێکت سیندیکەیت