لەگەڵ زەویدا میهرەبان بن!

0

رێناس فارس

 “مەولانا” لە روانینێکی عاشقانەی بۆ بوونەوەر، عەشق بە بونیادی سوڕانەوەی گەردوون دەزانێت و دەڵێت “ئەگەر ئەم ئاسمانە عاشق نەبووایە، سینەی ساماڵ نەدەبوو، ئەگەر خۆریش شەیدا نەبووایە، لە جوانییەکدا ڕوناکییەک نەدەبوو، زەوی و شاخ ئەگەر عاشق نەبوونایە، لە ناخی هیچ کامیاندا گیایەک نەدەڕوا، ئەگەر دەریا ئاگای لە عەشق نەبووایە، دواجار لە جێیەک دا ئۆقرەی دەگرت.  

ئەگەر لێکدانەوەیەک بۆ دەربڕینە فەلسەفییە پڕ پێزەکەی حەزرەتی مەولانا بکەین، ئەو پرسیارە دێتە بەر دیدمان، ئایا ئەو زەویەی، کە بۆ ئێمە دروست کراوە، مرۆڤ چ گۆڕانکاری بەسەر داهێناوە، لەسەر گۆی زەوی هیچ شتێک گەورەو شکۆدار نییە، جگە لە مرۆڤ، ئینجا نەیتوانییەوە بەم گەورەیی و شکۆیەوە پارێزگاری لە زەوی بکات. 

 ئەوەی جێگای ئاماژە پێکردنە، کە گۆی زەوی بەردەوام لە گۆڕانکاری دایە و گۆڕانکاریەکانیش دڵخۆشکەر نین، هۆکارەکانیش دەگەڕێتەوە بۆ چالاکیەکانی مرۆڤ لەسەر زەوی. گەورەترین زیانەکان ئێمەی مرۆڤیین بە ئیکۆسیستەمی گۆی زەوی دەگەیێنین. ئەگەر باسی زیانەکان بکەین ئەوا گەلێک زۆرن، بەڵام بە کورتی تیشک دەخەینە سەر دوو لە زیانە هەرە گەورە و کاریگەرەکان، کە نزیکەی ٣٠٠ ساڵە لە دوایی سەرهەڵدانی شۆرشی پیشەسازی تاوەکو ئێستا، مرۆڤ بە بەردەوامی زیان بە ژینگە و ئیکۆسیستەمی زەوی دەگەیێنێت، ئەو دوو زیان و کاریگەریەش، لە ٦٥ساڵی ڕابردووە وە تاوەکو ئێستا بەشێوەیەکی مەترسیدار خێرا بۆتەوە. 

یەکەم: کەمکردنەوەی ڕووبەری دارستانە سرووشتییەکان لەسەرتاسەری جیهان و بڕینی درەختەکان. دارستانەکان، کە سەرچاوەی سەرەکی ئۆکسجینن، ژینگە و شوێنی ژیانی زۆربەی هەرە زۆری زیندەوەرەکانی سەر ووشکایین، ئەو درەختانە بە بەردەوامی دەبڕدرێن و لە شوێنیان شار و ڕێگاوبانی نوێ دروست دەکرێن.

دووەم: لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی پیشەسازی بەر لە نزیکەی ۳۰۰ ساڵ، مرۆڤ بەهۆی پێویستی زۆری بە ووزە کەوتە دەرهێنان و بەکارهێنانی سووتەمەنییە بە بەردبووەکان (fossil. Fuels) ،کە ئەوانیش خەڵوزی بەردین، نەوت و گاز دەگرێتەوە، ئەم جۆرە سوتەمەنیانە جگە لە گەرمی و ووزە، بڕێکی زۆریش گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و گازی میسان بەرهەم دەهێنن، ئەم گازانەش خەسڵەتی قەتیس کردنی گەرمیان هەیە لەناو بەرگە هەوای گۆی زەوی، كە بە دیاردەی (گرین هاوس) یان ژووری پلاستیكی دەناسرێت، بەردەوام لە زیادبووندایە، بە تایبەتی لەدوای رووداوەکانی ناوەڕاستی سەدەی رابردوو بەهۆی زۆربوونی خێرای ڕێژەی ئەو گازانە لە هەوا. 

هۆكاری زیادبوونی ڕێژەی ئەم گازانەش لە هەوا دەگەڕێتەوە بۆ زیادبوونی چالاكییەكانی مرۆڤ بە گشتی، كە بریتییە لە چالاكییە پیشەسازییەكان، هۆكارەكانی گواستنەوە و بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا و جەنگە بەردەوامەکان لە پێناو باڵا دەستی بۆ پانتای گۆی زەوی، لە ئێستادا پتر لە ٩٠٪-ی ئەو وزەیەی پێویستە بۆ ئەنجامدانی ئەو كار و چالاكیانەی سەرەوە لەڕێگەی بەكارهێنانی سوتەمەنییە بەردینییەكان، وەكو خەڵوزی بەردین و نەوت و گاز ئەنجامدەدرێن.          

(جۆن ئاشتۆن) نوێنەری ڕێکخراوی گۆڕانکاری ئاوهەوا لە بەڕیتانیا، لەبارەی مەترسییەکانی سەر گۆی زەوی دەڵێت “لێرە هەموو بەڵگەکان لەو باوەڕەدان، کە سەدەی (٢١) ئاشکرای دەکات بارودۆخی ئاسایش بە گۆڕانکاری ئاوهەواوە پەیوەست دەبێت، دواهەمینجار، کە جیهان لەگەڵ ئەم کۆمەڵە ململانێیە ڕووبەڕوو بووەوە لەسەردەمی جەنگی سارددا بوو، بەم شێوەیە ئەم جارەیان مەترسییەکان زۆرترە، چونکە ئێستا دوژمنەکانمان هەڵبژاردەی دەستی خۆمانە”.

جەنگی سارد ململانێیەکی جیهانی (٤٥) ساڵە بوو، ئەم جەنگە شەڕێکی خشۆکی شاراوەی نێوان دوو زلهێز بوو، کە لە ڕێگەی تر و ناڕاستەوخۆ لەلایەن کەسانی ترەوە بە وەکالەت ئەنجام دەدرا، هەریەکە لەم دوو لایەنە سامانی گەورەیان نەک تەنیا بۆ خۆپڕچەککردن و هێزی سەربازی بەکاردە‌هێنا، بەڵکو بۆ بەدەستهێنانی باڵادەستی تەکنەلۆجیا و فەرهەنگ و زانست و زانیاری خستەگەڕ، جێگەی خۆشحاڵییە بۆ مرۆڤایەتی، کە جەنگی سارد بە ساردی مایەوە و دوور بوو لە کارەساتی جەنگی ئەتۆمی.

لە ساڵی ٢٠٠١ دەستەی ‌‌حکومی نێودەوڵەتی بۆ گۆڕانی ئاوهەوا، کە لە تیمێکی زانایانی هەموو جیهان پێکهاتبوو، ڕاستی گۆڕانی ئاوهەوایان سەلماندوو پشت ڕاستیان کردەوە، کە زەوی بەخێرایی گەرم بووە و چالاکیەکانی مرۆڤ هۆکاری سەرەکی ئەم گەرم بوونەیە. 

دوو مۆدێلی سەرەكی هەیە بۆ دیاردەی گەرمبوونی گۆی زەوی، بە پێی مۆدێلی یەكەم: ئەگەر زیادبوونی گازی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن و گازەكانی تری دیاردەی قەتیس بوونی گەرمی بەهەمان ڕادەی ئێستا بەردەوام بێت تا كۆتایی سەدەی بیست و یەك، ئەوا تێكرای پلەی گەرمی لە نێوان (٢.٥ بۆ٤.٥) پلە بەرز دەبێتەوە بە بەراوورد لەگەڵ تێكڕای پلەی گەرما پێش دەستپێكردنی شۆڕشی پیشەسازی، ئەمەش بە كارەساتێكی گەورە دادەنرێت لەبەر ئەوەی دەبێتە هۆی توانەوەی یان زۆربەی بەفری جەمسەرەكان و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو بەڕادەیەكی بەرچاو و نقووم بوونی گەلێك لە دوورگە و كەنارەكان، كە رێژەیەكی زۆری دانیشووانی جیهانی لەخۆوە گرتووە، بەمانایەکی تر، ئەم گۆرانکاریانە دەبنەهۆی ووشك بوونی هەندێك ناوچە و زۆربوونی لافاوەكان لە هەندێك ناوچەی تر و كاریگەری زۆر خراپی دەبێت لەسەر روەک و زیندەوەرەكان، بەهۆی تێكچوونی سیستەمی ژینگەیی، كە لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی بەروبوومی خۆراك بەگشتی، بە پێی هەندێك لە لێكۆڵینەوەكان ئەگەر لە ماوەی ١٠ بۆ ١٥ ساڵی تر سنورێك بۆ زیادبوونی ڕێژەی گازی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن دانەنرێت ئەوا كەش و هەوا بەرەو ئەم مۆدێلە دەڕوات.  

بەڵام بە پێی مۆدیلی دووەم: ڕێكەوتنامەی پاریس، کە بۆ ئەو مەبەستە مۆر كرا و یەكێك لە بڕیارە گرنگەكانی ئەم ڕێكەوتنامەیە دابەزاندنی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای گۆی زەوییە تا ئاستی دوو پلە، ئەگەر نا مرۆڤایەتی خۆی لەبەردەم كارەساتێكدا دەبینێتەوە، كە هەرگیز كۆنترۆڵ ناكرێت، ئەگەر ڕێژەی زیادبوونی گازەكان ووردە ووردە كەمبكرێتەوە تا ساڵی ٢٠٣٠ و دوای ئەوە بە تێپەڕبوونی كات ڕێژەكە بكرێت بە نێگەتیڤ، بە پێی ئەو مۆدیلە پلەی گەرما لە نێوان یەك پلە و نیو تاوەكو ٢ پلە بەرز دەبێتەوە بە بەراوورد لەگەڵ تێكرای پلەی گەرمی پێش دەستپێكردنی شۆڕشی پیشەسازی، ئەمەش جگە لەوەی هەر كاریگەری خراپی دەبێت، بەڵام كاریگەریەكان زۆر كەمتر دەبن بە بەراورد بە مۆدیلی یەكەم و دەكرێت بە تێپەڕبوونی كات كاریگەریەكان كەمتر ببنەوە و كارەساتی گەورە ڕوونەدات.

ڕێکەوتنامەی پاریس لە كۆتایی ساڵی ٢٠١٥ لە نێوان ١٩٥ وڵات مۆر كرا، تێكرای وڵاتانی جیهان جگە لە چەند وڵاتێكی كەم نەبێت لەژێر چەتری نەتەوەیەكگرتووەكان، سەبارەت بە گۆڕانكاری كەش و هەوای گۆی زەوی، بەڵام سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد تڕەمپ، لە ڕێکەوتی ١-ی حوزەیرانی ٢٠١٧ كشانەوەی ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكای ڕاگەیاند؛ ئەمە لە کاتێک دایە ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمەریكا بەرپرسە لە بەرهەمهێنانی ڕێژەی تەنیا ١٥٪ ی ئەو گازانەی دەبنە هۆی دروستبوونی ئەو دیاردەیە، چین لە پێشەوەی هەموو وڵاتانی جیهانە لە بەرهەمهێنانی ئەو گازانە بەڕێژەی ٣٠٪، دوای ئەوان هیندستان و بەرازیل و روسیا دێن.

كشانەوەی ئەمەریكا زیانێكی گەورەیە بۆ ڕێكەوتنامەكە و لەوانەیە ببێتە هۆی كشانەوەی وڵاتانی تریش، ئەمەش لە ئەنجامدا لەوانەیە ببێتە هۆی هەڵوەشانەوە و جێبەجێنەكردنی ڕێكەوتنامەكە لەگەڵ ئەوەی دوای راگەیاندنی كشانەوەی ئەمەریكا لەڕێكەوتنامەكە هەردوو ووڵاتی چین و ڕووسیا و زۆربەی ووڵاتانی تر پابەندبوونی خۆیان دوپاتكردەوە بەڕێكەوتنامەكە. بە گشتی، نەهاویشتنی هەنگاوی جددی بۆ كەمكردنەوەی دیاردەی گەرمبوونی گۆی زەوی بە بڕوای هەرە زۆری زانایانی ژینگە و كەش و هەوا چارەنوسی مرۆڤایەتی و نەوەكانی داهاتوو دەخاتە مەترسیەوە، بە تایبەتی ئەگەر لە ١٠ بۆ ١٥ ساڵی تری داهاتوو هیچ هەنگاوێكی جیدی نەگیرێتە بەر بۆ سنوورداركردنی زیادبوونی ڕێژەی گازەكانی قەتیسبوونی گەرمی لە هەوادا.

لە مێژووی گۆی زەوی گەلێك جار بەرزی و نزمی لە تێكرای پلەی گەرما ڕوویداوە و كەش و هەواش گەلێك جار گۆرانكاری بەسەردا هاتووە، بەڵام بە پێی ئەو لێكۆڵینەوانەی دەزگای “ناسا” و دەزگاكانی نەتەوەیەكگرتووەكان پێی هەستاون گۆڕانكاریەكانی ئەمجارە زۆر بە خێرایی ڕوودەدەن. 

ئاوهەوا ڕۆڵی گرنگ لە تەواوی ڕەهەندەکانی ژیاندا دەبینێت، لەبەرئەوە سەرنجدان لەو گۆڕانکاریە ئاوهەواییەی، کە ڕوبەڕووی جیهان دەبێتەوە، سەرهەڵدان و زیادبوونی گۆڕانی ئاوهەوا و قەتیسبوونی گەرمایە، گۆرانکاریەکە سنوری سیاسی و جوگرافی ناناسێت و تەواوی وڵاتان دەگرێتەوە یان بەواتایەکی تر هەموو مرۆڤایەتی دەخاتە مەترسییەوە، لە بەرامبەریشدا هەموو مرۆڤەکان دەبێت باجەکەی بدەن. هەروەک چۆن لە کۆتاییدا پەرەپێدان و پێشکەوتن لە نیگەرانی بۆ دەورووبەر و ژینگە گۆڕا بۆ شەڕوپێکدادانی ڕاستەوخۆی نێودەوڵەتی و ناکۆکی لە دوای خۆی بەجێهێشت، کاریگەری ئاسایشی گۆرانی ژینگەیی زۆرتر لە ڕەوتی هەمەجۆر و لاوەکی بووە و کەمتر ڕاستەوخۆ و واقعی بووە، بەتەواوی سەرسوڕمانەوە لەگەڵ بوونی کۆمەڵێک کێشەی گۆڕانی ژینگەیی، گۆڕانکاری ئاوهەوایی بەرچاوترین و گرنگترین باس و خواسی بە دواییخۆیدا هێنا، ئەم گۆرانکارییە تا ئێستا وەک بابەتی ئاسایشی توێژینەوەی سیستماتیکی زۆر بەکەمی لەسەر کراوە.

گۆڕانی ئاو هەوا بۆ جەنگ بە ئەندازەی خەڵک و تەکنەلۆجیا و مۆدێلی ژیان کە لەگەڵیدا ڕووبەروو دەبوونەوە خاڵی هاوبەش دروست دەکات، لەهەندێک بواردا تەکنەلۆجیا و مۆدێلەکان دەگۆڕێن و خەڵکی بە درێژایی کات خۆیان دەگونجێنن، لە هەندێک بواری تردا خەڵکی بەهۆی  ئاوهەوای تازەوە گۆڕانکاری لە شوێنەکانیان دەکەن، کە کەم و زۆر لە ژینگە کۆنەکەیان دەچێت و لە ئەنجامدا بە ئاسانی تەکنەلۆجیا و مۆدێلی ئابوری خۆیان لە پێناوی مانەوەی لەگەڵ دەوروبەر بەیەکەوە دەبەستێتەوە.

هەموو وڵاتەکان بژاردەیان سەبارەت بە گۆڕانی ئاوهەوا دروستکردووە، گۆڕانی ئاوهەوا بە نۆرەی خۆی شێوەی دیاریکراوی لە ڕەوتی کار بەسەر وڵاتاندا سەپاندووە، وا بەرچاو دەکەوێت دوو دیاردەی وا بەستە بە ئاوهەواوە دەبێت، کە بەشێوەیەک لەسەر پەیوەندی هێزی کاریگەری بەجێدەهیڵێت، یەکەم: گۆڕانی ئاوهەواو سامانی خوا پێداو بەتایبەت لەسەر بنەمای باکور/ باشوور گۆڕانی بەسەر دادێت، وڵاتانی نزیکتر لە جەمسەر بەرژەوەندی زیاتریان دەبێت.

دووەم: ئەم گۆڕانکارییە بەستراوە بەوەی، کە ئەو وڵاتانەی شوێنی کیشوەرین کەوتوونەتە دوورگەی جیهانەوە و بە پێچەوانەی ئەوانەی کە لە کەناری دەریادان، بەهرەیی خودایی گۆڕانکاری بەسەردادێت، ئەو شوێنانەی کە زۆرتر دورگەیە گۆڕانی ئاوهەوا زۆرتر دەبینێت، ئەوانەی لە کەناری دەریادان جگە لە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریا گۆڕانی ئاوهەوا کەمتر دەبینن.

گۆرانکاریەکانی زەوی وڵاتانی دەورووبەری ‌هێڵی یەکسانی، کە وڵاتی تازە پێگەیشتووەکانن نالەبارەو بۆ وڵاتانێک کە لەناوچەکانی زۆر باکورو باشورن پۆزەتیڤ دەبێت، بەهەمان شێوە، کە وڵاتانی پێشکەوتوو ملیۆنەها کەس لە کۆچبەران بەلای خۆیدا ڕادەکیشێت، ئەم کێشکردنی کۆچبەرانە کێشەی هاوشێوە سازی دروست دەکات، لە وڵاتانی دانیشتووانی زۆری، وەک ویلایەتە یەکگرتووەکان یان روسیا، زیادبوونی ملیۆنەها کەس لە کۆچبەر هەموو کۆمەڵگاکە بەڕێژەیەکی بچووک دەخاتە ژێر کاریگەریەوە، هێرشی ملیۆنەها کەس لە کۆچبەران بۆ گرینلاند و ئەسکەندەناڤیا لە باکوری بازنەی جەمسەری باکور گۆڕانکاریەکی سەرەکی لە نیشانەکانی دیمۆگرافی ئەم کۆمەڵگایە بە ئامانج دەگرێت، چونکە کۆچبەران زۆربەیان لە وڵاتە تازە پێگەشتتووەکانەوە دێن، وەک ئەوەی دوای شۆرشی بەهاری عەرەبی روویدا و ملیۆنان کەس کۆچیان لە ئاسیاو باکوری ئەفریقا کۆچی لێشاوی بەرەو ئەوروپا ئەمریکا دەستی پێکرد.

نیگەرانی وڵاتانێک، کە لە نزیکی زەریاکانن و وڵاتانێک، کە لە ناوچەکانی ناوەوەی کیشوەرەکانن، بەپێی کاریگەریان جیاوازە، زۆرترین گۆڕانکاری پلەی گەرما بەدەر لە ڕەهەندی باشوور/ باکوور ئەوانەن، کە دەکەونە بەشەکانی ناوەوەی کیشوەرەکان، ئەم کارە سەبارەت با ئۆراسیا بوونی هەیە، شوێنێک لە گەرمبوونی گۆی زەوی بە تایبەت لە تبت و بەشەکانی تری سیبریا و ئاسیای ناوەڕاست، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی زۆرتری پلەی گەرما، گەرمی بە درێژایی کەنارەکانی ئاسیا زۆر خامۆش و ئارام دەبێت، ئەم ڕەوتی کۆچکردنی ناوچەکانی ناوەوە بە تایبەت یەکسانی، کە لەبەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان ڕادەکەن بۆخۆی ڕادەکیشێت.

گۆڕانکاری ئاوهەوا کاریگەری لەسەر ئەوروپای ڕۆژهەڵات/ ئاسیای ناوەڕاست بە ئەندازەی هەر جێگایەکی تری گۆی زەوی جگە لە جەمسەرەکان زۆر زیاتر دەبێت، گۆڕانکاری بۆ سڕینەوەی بەشێک لە قایمکاریەکانی (هارتلاند) لە کاردا دەبێت، گۆڕانی ئاوهەوا لە بەشی باشوور، بە گەرمبوونی بەرزاکانی هیمالایە و باکور، بە توانەوەی بەفرگرە سروشتییەکان (هارتلاند) گەشە دەکات، ئەو ئەگەرە هەیە کە بە گۆڕانی ئاوهەوا دەسەڵاتی ڕێژەیی و گرنگی ئەم ناوچەیە زیاد بکات، بەڵام ئەم ناوچەیە تووشی زەرەری زیاتر دەکات. 

ئەو هۆکارانەی کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێکرد، کە مەترسی و زیانیان هەبوو بەسەر ئیکۆسیستەمی ژینگەیی گەرمبوونی گۆیزەوی،  کە زۆربەی  ووڵاتانی پیشەسازی  و بەکارهێنەرانی سوتەمەنییە  بە بەرد بووەکان،  بە ڕێژەیەکی زۆر زیانیان بە سیستەمی ژینگەیی گۆی زەوی گەیاندووە، ئەم ووڵاتانە بۆ کەمکردنەوەی  ڕێژەی ئەم گاز و سووتەمەنیانە، چەندین ڕێکخراوی نێودەوڵەتی و حکومیان دامەزراند، جگە لەمەش بەستنی ڕێکەوتنامە لە نێوان وڵاتانی جیهان مۆرکراوە، سەڕەڕای ئەوەش نەیان توانیوە وەکو پێویست کار بۆ کەمکردنوەی ئەم زیان و مەترسییانە بکەن. ڕێکەوتننامەکان بە کردار کاریان پێنەکراوە، بەڵام لە ئێستادا لەگەڵ هاتنی “ڤایرۆسی کۆڕۆنا” لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ سەڕەڕای ئەوەی سەدان کەس بەهۆی ئەم ڤایرۆسە کوشندەوە گیانیان لەدەست داوە، جیهان  بەگشتی و وڵاتەکان بە تایبەتی گۆڕانکاری گەورەیان بەسەر دا هاتووە لە ڕووی ئاوهەواوە، دوا جار بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە سرووشت توانی بە ئاسانی هەناسە بدات دوای ٣٠٠ ساڵ، واتە پێش دەست پێکردنی شۆڕشی پیشەسازی. ئەم ڤایرۆسە توانیویەتی کاریگەری ئەرێنی لەسەر پاک و خاوێنی ژینگە بکات، ئەمەش جێگای خۆشحالییە، کە ئاوهەوا پاک بۆتەوە و ڕێژەی ئەم گازانەش کەمبۆتەوە، کە زیانیان بە بەرگەهەوای زەوی گەیاندووە. بەنموونە وڵاتی چین وەربگرین، کە سەرچاوەی سەرەکی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بوو لە شاری “ووهان” بە پێی سەرچاوەکان گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن (co2) بە ڕێژەی ٢٥٪ کەمی کردووە، ئەمەش لە کاتێکدا، کە چین گەورەترین بەرهەمهێنەری گازە پیس بووەکانە لە جیهان دا.

لە کیشوەری ئەوڕوپا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش پێشبینی دەکرێت ڕێژەی ئەم گازانە بە نزیکەی ٣٩٠ ملیۆن تۆن کەم ببێتەوە. وڵاتانی ئەوڕوپا، کە زۆرترین ڕێژەی ڤایرۆسی کۆڕۆنایان تێدا تۆمار کراوە بریتین لە: (ئیتاڵیا، بەریتانیا، ئیسپانیا، ئەڵمانیا) ئەم وڵاتانە بۆ چوونیان وایە، کە گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و گازی دووەم ئۆکسیدی نایترۆجین بە رێژەی ٤٠٪ کەم دەبێتەوە بۆ ماوەیەکی کاتی، ئەمانەش دەبنە هۆی باشبوونی کوالێتی ئاوهەوا و کەمکردنەوەی مەترسی نەخۆشیەکانی هەوکردنی سیییەکان و جەڵتەی دڵ ونەخۆشی ڕەبۆ. جگە لەمەش بە هۆی ڤایرۆسی کۆڕۆناوە زۆربەی وڵاتان قەدەغەی هاتوچۆیان ڕاگەیاندووە، بۆ ڕێگریکردن لە بڵاو بوونەوەی ئەم ڤایرۆسە، زۆربەی ووڵاتان کەرەنتین کراون، ئەمەش بۆتە هۆی پاک بوونەوەی هەوا و کەمبوونەوەی ترافیکی ئۆتۆمبێلەکان، کە سەرچاوەکەیان گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنە.

بە گشتی “ڤایرۆسی کۆڕۆنا” بۆتە هۆی پاک بوونەوەی هەواو کەم بوونەوەی پاشماوەکان، پاک و خاوێنی ژینگەی پاراستووە، بەهۆی گرتنەبەری ڕێوشێنی تووند بۆ ڕێگریکردن لەم ڤایرۆسە.

22-4-2020

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com