شاندێک لە پەڕلەمانتارانی سوید سەردانی کوردستان دەکەن

0

ismailئیسماعیل کامیل ئەندامی پەرلەمانی سوید:

لەسەر بڕینی موچەی فەرمانبەرانی کوردستان پەڕلەمانتارانی سوید نامەیەکی ناڕەزایی ئاراستەی حکومەتی عێراق دەکەن

شاندێکی گەورە لە پەڕلەمانتارانی سوید سەردانی کوردستان دەکەن

کێشەکانی عێراق و کوردستان تازە نین، تا بڵێین مەسەلەی پرسی نەوتی کوردستانە

زۆربەی وڵاتانی ئەورپا، پرسی نەوتی کوردستانیان قبوڵکردووە، وای دەبینن کوردستان هەرێمێکی فیدڕاڵە، ئەو مافەی هەیە نەوتی خۆی بەکاربهێنێت و دەریبهێنێت

دەبێت وڵاتانی ئەورپا لەوە تێبگەیەنین کە کێشەی ئێمە لەگەڵ عێراق لەپرسی نەوتەوە دروست نەبووە، بەڵکو پێشتریش لەسەر کەرکوک، لەسەر یاسای مەدەنی عێراق، لەسەر پێشمەرگە، لەسەر بەشە بودجە، لەسەر زۆر شتی تر، کێشەمان بۆ دروستکراوە

رزگار رەزا چوچانی / سوید

ئسماعیل کامیل، ئەندامی پەڕلەمانی سوید لە پارتی گەل ” فۆڵک پارتی” و کاندید بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەڕلەمانی سوید، کە بڕیارە مانگی 9 ی ئەمساڵ سازبکرێت، لەم دیمانەیەدا بەگۆڤاری سڤیلی راگەیاند، پەڕلەمانی سوید نامەی ناڕەزایی لەبارەی بڕینی موچەی فەرمانبەرانی کوردستانەوە دەنێرێت بۆ حکومەتی عێراق، و پێیان دەڵێت “دەبێت گرفتەکان بەرێگای دیالۆگ چارەسەر ببن نەک بڕینی موچەی فەرمانبەرانی کوردستان”، پێشی وایە، پرسی نەوتی کوردستان لەلایەن وڵاتانی ئەورپاوە قبوڵکراوە، بەڵام هێشتاش هەوڵی دیپلۆماتی کورد لەو بارەوە بەپێویست دەبینێ، ئاشکراشی دەکات، لەداهاتوویەکی نزیکدا، شاندێکی گەورە لەپەڕلەمانی سویدەوە سەردانی کوردستان دەکات.

رزگار رەزا چوچانی: ئێستا لەنێوان کوردستان و عێراقدا کێشە دروست بووە، عێراق موچەی فەرمانبەرانی کوردستانی بڕیوە، هۆکاری ئەوەش بۆ ئەوە دەگێڕنەوە، کە حکومەتی کوردستان دەیەوێ بەبێ گەڕانەوە بۆ عێراق نەوت بفرۆشێت، بەرای تۆ کێشەکان لە نێوان بەغداو هەولێر مەسەلە نەوتە، یان چی؟

ئیسماعیل کامیل: نەخێر کێشەی عێراق و کوردستان کێشەی نەوت نییە، ئەوەی ئەو راستییە دەسەلمێنێت، کێشەکانی رابردووی نێوان عێراق و کوردستانە، کە پێش کێشەی نەوت هەبوون، بۆ نمونە کێشەی کەرکوک پێش کێشەی نەوت بووە، کە بەپێی دەستوری عێراق، پێویست بوو لەدامەزراندنی یەکەم حکومەت، دوای پەسەندکردنی دەستور چارەسەر ببێت، بەڵام چارەسەر نەبووە هەتا ئەمرۆش، کێشەی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتی عێراق، مەسەلە دیموکراسییە. لەکوردستان وێڕای کەموکوڕیییەکان دیموکراسی و پێشکەوتن روویداوە، بەڵام لەعێراقی مەرکەزی و هەموو ناوچەکانی تری عێراق، دیموکراسی وەک پێویست نییە، پێموایە کێشەیەکی تر مەسەلەی ئەمنیەتە، حکومەتی عێراق پێی خۆش نییە، کوردستان وڵاتێکی ئارامە، بەشەکانی تری عێراق ئارامی و ئاسایشی نییە، کێشەیەکی تری عێراق لەگەڵ کوردستان پرسی جوگرافییە، کوردستان کار دەکات بۆ سنورەکانی خۆی و گێڕانەوەی، عێراق ئەمەی پێخۆش نییە، کێشەیەکی تری عێراق لەگەڵ کوردستان، پێشکەوتنی ئابوری کوردستانە، کە بەردەوام بەرەو پێش دەچیت و عێراق بەرەو دواوە دەچیت، کێشەیەکی تری عێراق لەگەڵ کوردستان پرسی مافی مرۆڤە، کە وێڕای کەموکوڕییەکان رەوشی مافی مرۆڤ لەکوردستاندا بەرەو باشبونێکی بەرچاو دەچێت و لەعیراق وانییە، کێشەیەکی تر ئازادی چالاکی سیاسییە، لەکوردستان چالاکی سیاسی ئازادانەتر و بێ ترس دەکرێت، سیاسییەکان رەخنەیان هەیە و ئەمنیەتیان پارێزراوە، پەڕلەمانتاری کوردستان بەرەو ئازادی زیاتر دەچیت لەکارەکانیدا، بەڵام لە عێراق وانییە.

لەکۆی هەموو ئەو پرسانەدا وێڕای کەموکوڕییەکان ناتوانین پێشکەوتنی کوردستان نەبینین، عیراقیش بەگشتی لەتەخەلوفدایە، بەگشتی بەرەو دواوە دەچێت، بۆیە بەدوای موشکیلەدا دەگەڕێن بەرانبەر بەکوردستان، کەوایە دیسان ئەتوانین بڵێین نەخێر کێشەکان لەسەر نەوت نیییە، کێشەکان لەسەر ئەو ئەساسانە دروستبووە کە باسمان کرد، کێشەیەکی تازە نین، تا بڵێین مەسەلەی پرسی نەوتی کوردستانە.

رزگار رەزا چوچانی: لەکوردستان بەرانبەر ئەو سیاسەتەی عێراق، کەم تازۆر کار دەکرێت، ئەی دەبێت کوردانی دەرەوە چی بکەن؟

ئیسماعیل کامیل: پێویستە کوردانی دەرەوەی وڵات، و ئێمە کەپەڕلەمانتاری سویدین لەگەڵ رەوەندی کوردی، هەوڵ بدەین، زەمان و گەرەنتییەک بۆ کوردستان دروست بکەین، کە حکومەتی مەرکەزی عێراق واز لەم سیاسەتە بهێنێت، چیتر ئەوە بەرانبەر کوردستان نەکات.

رزگار رەزا چوچانی: ئەورپییەکان و سیاسییەکانی سوید، چۆن لەو پرسە دەڕوانن؟

ئیسماعیل کامیل: زۆربەی وڵاتانی ئەورپا، پرسی نەوتی کوردستانیان قبوڵکردووە، وای دەبینن کوردستان هەرێمێکی فیدڕاڵە، ئەو مافەی هەیە نەوتی خۆی بەکاربهێنێت و دەریبهێنێت، ئێمە کاتێک لەناو پەڕلەمانی سوید کەباسی ئەوە دەکەین، رایان وایە کە شەرت نییە هەموو شت لەرێگای حکومەتی ناوەندییەوە بێت، بەڵکو لەسەر چ ڕێککەوتنێک حکومەتی فیدڕال دروست بووە، ئەوە شەرتە ئەوە گرنگە، لەهیچ وڵاتێکی فیداڕالیش ئەوە رووینەداوە کە موچەی فەرمانبەرو میزانییەی هەرێمێک ببڕدرێت، بەڵام عێراق کردویەتی، پسپۆڕەکانیش لەو بوارانە پێیان وایە، ئەوە بەمانای ئەوە دێت حکومەتی عێراقی بەدوای کێشەدا دەگەڕێت لەگەڵ کورددا. ئێمەش وەکو کورد، پێویستە زانیاریی بدەینە خەڵکی جیهان لەسەر ئەو پرسە، چونکە ئەوە پرسی مافی مرۆڤ و دیموکراسییە، کورد مافی هەیە لەو هەموو پارەی دێتە عێراق کەبەپێی یاسای عیراق پشکی دیاریکراوی خۆیی هەیە تێیدا، پشکی خۆیی پێبدرێت، بەڵام کاتێک حکومەتی عێراق ئەو مافە زەوت دەکات، پێویستە کورد بەڕێگای خۆی نەوتی خۆی بفرۆشێت و ئابوری وڵاتەکەی بەرەو پێشەوە ببات.

رزگار رەزا چوچانی: چ ئایاندەیەک بۆ کورد دەبینی لە ئەنجامی ئەو پرسەدا؟

ئیسماعیل کامیل: ئەگەر کار بکەین بۆ گەورەترکردنی تێگەشتنی دەرەوە لەو پرسە، کە ئێستا تێگەشتنێک هەیە بۆی، بێگومان پرسی نەوت دەبێتە هۆی ئەوەی شەریکاتی زیاتر روو لەکوردستان بکەن، بازاڕی جیهان بەڕووی کوردستاندا بکرێتەوە، ئاوەدانی و پێشەکەوتنی زیاتر لە کوردستاندا دروست ببێت، دەبێتە هۆی کردنەوەی پەنجەرەیەکی روناکی جیهان بەسەر کوردستاندا. بێگومان هەموو ئەوانەش لە بەقازانجی ئایندەی میللەتی کورد تەواو دەبێت.

رزگار رەزا چوچانی: وتت کار بکەین بۆ زیاتر تێگەیاندنی دەرەوە، چۆن کار بکەین؟

ئیسماعیل کامیل: پێویستە ئێمە بەشێوەیەکی دیموکراسی، بچینە پێش، ئەو سەردانەی سەرۆکی حکومەتی کوردستان بۆ بەریتانیا و سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ چەند وڵاتێکی ئەورپا لەم کاتەدا، کارێکی زۆر گرنگ بوو، کاریگەرییەکی زۆر ئیجابیشی دەبێت،  دەبێت لەم کاتەدا بەرپرسانی کوردستان، زۆر زیاتر لەوە بگەڕێن بەوڵاتانی دۆست و وڵاتانی ئەورپادا، تا زانیاری زیاتر لەسەر ئەو پرسە بدەنە هەموو لایەک و پشتیوانی زیاتری بۆ دروست بکەن، من زۆر جار لەگەڵ زۆر لەسیاسییەکان باسی دەکەم، ئەوانیش رایان وایە ئەو سەردانانە گرنگن و پێویستە بە ئامادەیی وەزیری سامانە سروشتییەکان بەردەوامی پێبدرێت بۆ هەموو ئەورپا، ئێمەش لەسوید ئامادەین هەموو هاوکارییەکی کوردستان بکەین لەو بارەوە، ئێمە دەبێت بەشێوەیەکی مەدەنی هەموو ئەورپا لەوە تێبگەیەنین، کە کورد لەدژی شەڕە، لەدژی ئاڵۆزییە، کورد ئەو کێشانەی پێخۆش نییە کە حکومەتی عیراقی دروستی دەکات، دەبێت هەموو لەوە تێبگەیەنین کە کێشەی ئێمە لەپرسی نەوتەوە دروست نەبووە، بەڵکو پێشتریش لەسەر کەرکوک، لەسەر یاسای مەدەنی عێراق، لەسەر پێشمەرگە، لەسەر بەشە بودجە، لەسەر زۆر شتی تر، کێشەمان بۆ دروستکراوە.

رزگار رەزا چوچانی: لەسوید پەڕلەمانتاری کورد هەبوو ئامادەبوو پەڕلەمانتارانی سویدی بباتەوە بۆ کوردستان، تا بەکێشە ناوخۆییەکانی کوردستان ئاشنابن، بێگومان ئەوەشیان بۆ خزمەتی پرسی دیموکراسی زیاتر بووە لەکوردستان، بەڵام هەر ئەو پەڕلەمانتارانە، یان بەڕێزتان، بۆچی هەوڵتان نەداوە گروپێکی وەها شێوەش لەپەڕلەمانتارانی سوید ببەنە کوردستان، تا بەو کێشە دروستکردنەی حکومەتی عیراقی ئاشنا بن؟

ئیسماعیل کامیل: ئێمە ئیستا پێنج پەڕلەمانتاری کوردین کە لەناو پەڕلەمانی سویددا، هەر یەک لە ئێمە لەپارتی جیاوازی سویدیییەوە هاتوینە پەڕلەمان، بەڵام ئێمە ئەبێ لەسەر یەک شت موتەفق بین، ئەویش ئەوەیە کە دیموکراسی لەکوردستان لە پێشکەوتندایە، لەگەڵ ئەوەشدا کەموکوڕی زۆر هەیە، کەوایە ناکرێ باسی کەموکوڕییەکانیش نەکەین، من چەندین جار وتومە، لەکوردستان پێویستمان بە ئۆپۆزسیۆن هەیە، چونکە بەهۆی هەبوونی ئۆپۆزسیۆنەوە دەتوانین کوردستان بەرەو پێشەوە ببەین، و دیموکراسیەتیش بەرەو پێشەوە دەچێت، ئەگەر ئێمە بۆخۆمان خەڵکی دیموکرات بین و رێکخستنی دیموکراتیمان هەبێت، بێگومان دیموکراسی لەسەر کاغەز ناچێتە پێش، بەڵکو کرداریشی پێویستە، ئێمە دەبێت کاتێک رەخنە دەگرین رەخنەکانمان لەسەر ئەساسی فاکتا بێت، راستە لەکوردستان کەموکوڕی زۆرە، بەڵام ئەبێ بزانین لەقۆناغی دامەزراندنداین، ئێمە پێشتر نە وەزارەت و حکومەت و نەپەڕلەمان، هیچیمان نەبووە، ئەگەر کار کرابێت بۆ باسکردنی کەموکوڕییەکان دەبێت کار بۆ پێشاندانی لایەنەکەی تریش بکەین. ئاشکرایە هەر لێرە لەسوید کاری باشیش لەخزمەتی کورددا کراوە، بۆ نمونە بەهۆی ئەو نێتوێرکەی کورد لەم وڵاتە هەیەتی، کار کراوە بۆ ناساندنی پرسی هەڵەبجەو ئەنفال بە جینۆساید، ئەویش لەپێناو رونەدانەوەی تاوانێکی لەو شێوەیە دژ بەکورد، ئەنجامیش گەشتە ئەوەی بە گشتی دەنگ ئەو هەشت پارتەی کە لەپەڕلەمانی سویدن، هەتا ئەو پارتە رەگەزپەرستەی سویدیش کە لەدژی بێگانەیە ” سڤێرییە دیموکرات” هەموو پێکەوە کارەساتی هەڵەبجەیان وەکو جینۆساید ناساند، کورد لەو هەوڵەدا سەرکەوت لەسوید، بەڵام هێشتاش ئەوە ئەرکی سەرشانی ئێمەیە ئەو پێنج کوردەی کە لەپەڕلەمانی سویدن، کە ئەو رۆڵە ئیجابییە ببینین، و بۆ لایەنە ئیجابییەکەش پەڕلەمانتاری سویدی لەگەڵ خۆمان ببەینە کوردستان، ئێمە هەوڵی ئەوەمان دابوو، لەسەر ئەوەش رێککەوتبووین، کە لەهەموو پارتەکانی سوید، لەسەرەتای مانگی ئەپریل گروپێکی گەورە بچینە کوردستان، بەڵام هەڵبژاردنی یەکێتی ئەورپا هات بەسەردا، دیسان مانگی 9 ی ئەم ساڵ هەڵبژاردنی گشتی لەسوید دەکرێت، رەنگە بەو هۆیەوە تا ئەوکات سەردانەکە رێکنەکەوێ، بەڵام لەناو ئەو نێتوێرکەدا ئێمە لەسەر ئەوە رێککەوتوین، کەدوای هەڵبژاردن سەردانەکە بکرێت، بێگومان هەرکەسیش لەسوید بێتە سەرحکوم کار ناکاتە سەر ئەو بڕیارەی دراوە، چونکە کێ دەسەڵات دەگرێتە دەست لەو بارەوە گرنگ نییە، بەڵکو گرنگ ئەوەیە بەردەوامی لەهەوڵەکانی ناساندنی کوردستان بەمیللەتانی ئەورپا بوونی هەبێ، بێگومان هەوڵەکانیش بەردەوام دەبن، و دوای هەڵبژاردن شاندێکی زۆر گەورە لە پەڕلەمانتارانی کورد و سویدی دەچینە کوردستان.

تا ئەوکاتیش کە دەچینە کوردستان، لێرە بەڕێگای سیمینار لەپەڕلەمان و زیاتر لە سیمیناری ناوخۆی حزبەکان، هەوڵی باسکردنی گرفتەکانی کورد دەکەین، بۆ نمونە بۆخۆم دوو جار زانیاریم داوە بەپارتەکەی خۆم، لەسەر پرسی کورد لە عێراق، کە لەسەردەمی سەدام چۆن بووە، دواتر کە حکومەتی فیدڕاڵ هاتە پێش، چی لێهات. قسەم کردووە لەسەر پرسی دەستور، پرسی کەرکوک، پرسی نەوتی کوردستان، پێشکەوتنی کوردستان، پرسی گرفتەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی مەرکەزی لەو ١٠ ساڵەی کۆتایدا.  ئەوەم خستۆتەڕوو، کە پرسی نەوت گرێدراوە بەهەرێمی کوردستانەوە، گرێدراوە بەوجودی کوردەوە، بەرانبەرەکانی کوردیش پێیان خۆش نییە ئەو دیموکراسی و پێشکەوتنە لەکوردستان دروستبووە بەردەوام بێت، هەوڵمداوە ئەو کێشەیە لەروووە مێژووییەکەیەوە تا ئێستا باس بکەین، هەڵبەت ئەبێ ئەوەش بڵێم، لایەنی ئیجابی لەپارتەکەی مندا، لەپارتی گەل” فۆڵک پارتی” بەرانبەر بەپرسی کورد ئەوەیە، کە پرسی کوردمان بەتەواوی قبوڵکردووە.

رزگار رەزا چوچانی : کەوایە وەک چۆن بۆ هەندێ پرس، نامەی ناڕەزایی هەبووە بۆ حکومەتی کوردستان لەسویدەوە، باشتر نییە هەمانشێوە نامەی ناڕەزایشتان هەبێ بۆ حکومەتی عێراق، بەرانبەر بەپرسی بڕینی موچەی فەرمانبەرانی کوردستان؟

ئیسماعیل کامیل: بێگومان موناقەشەی ئەوەمان کردووە، هەمان ئەو قسەی کە تۆ دەڵێی دوێنێ باسی ئەوەمان کرد، دەبێت ئەو نێتوێرکەی پێشتر قسەمان لەسەرکرد، کۆبونەوەیەک بکەین، و نامەیەکی ناڕەزایی بۆ حکومەتی مەرکەزی عێراق بنێرێن، کە پێویستە ئەو کێشانە بەشێوەی دیالۆگ چارەسەر بکرێن، نەک لەڕێگای بڕینی موچەی فەرمانبەرانی کوردستانەوە.

ئەم دیمانەیە لە گۆڤاری سڤیل چاپ کراوە و بۆ سڤیل ئامادەکراوە

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com