پاسۆک: ئێمە ئۆپۆزیسیۆنمان بۆ کوردستان و پەرلەمانەکەی دەوێت نەک بۆ بەغدا و شوێنەکانی دیکە

0

هەڵۆ بەرزنجی، پاسۆک:

ئێمە ئۆپۆزیسیۆنمان بۆ کوردستان و پەرلەمانەکەی دەوێت نەک بۆ بەغدا و شوێنەکانی دیکە

نەبوونی رێکەوتنێکی نوسراو لە نێوان پاسۆک و گۆڕان هەڵە بوو گفتو سۆزی زۆر دراو پێوەی پابەند نەبوون

ناتوانین لەگەڵ سەوابتە نەتەوەییەکاندا بە رۆژ سیاسەت بکەین و هێندە هەرزەش نین وەک مۆدە کوردایەتی بکەین

دەسەڵات تا سەر ئێسک دژ بە ئێمەیە کەچی ئێمە ئامادەی پەنابردنە بەر هیچ داگیرکەرێک نین

ناسنامەی هێڵە فکرییە سەرەکی و دروشمە ستراتیژییەکانی گۆڕان جارێ بایی قەناعەتی کوردایەتی ئێمە نییە

هەردوو حیزب بە بەرنامە دژ بە هەبوونی پارتێکی رەسەنی هەڵقوڵاوی نێو ویست و خواستە مێژووییەکانی کوردن

هاوبیرێکمان لە بەرلین کۆچی دوایی کرد پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول و پاسۆک بوو ، کاتێ تەرمەکەیمان بۆ کوردستان بردەوە ، پارتی پەنجا دۆلارەکەیان لە ئیبراهیم خەلیل بۆ لاشەکەی لێسەندین

 

رزگار رەزا چوچانی / نوچەنێت

هەڵۆ بەرزنجی، لەپارتی سۆسیالیستی کورد “پاسۆک”  وەڵامی پرسیارەکانی نوچەنێت دەداتەوە،  تیشک دەخاتە سەر هۆکاری پشتیوانیان لە لیستی بزوتنەوەی گۆڕان لە کاتی  هەڵبژاردنەکانی کوردستان  و رەخنە لە سیاسەتی پارتی و یەکێتی دەگرێت، بەرانبەر بە پارتێکی نەتەوەیی وەک پاسۆک، ئەوەش رادەگەیەنێت کە پارتەکەی ئەوان نایەوێ وەک زۆرێک لە حزبەکانی کوردستان کار بکات.

نوچەنێت/ لەکاتی هەڵبژاردنەکان، پاسۆک بەچاوپۆشی لە کارەساتی قڕناقەو کێشەکانی رابردوو، لە هەڵبژاردنەکان پشتیوانی تەواوی لە بزوتنەوەی گۆڕان کرد، چۆن بوو ئەم پشتیوانیە بێ رێککەوتنێکی پێش وەخت کرا؟

هەڵۆبەرزنجی/ یەک راستیی هەیە ناکرێت لێتان شاراوە بێت، ئەویش سروشتی ئەو گۆڕانکارییە خێراو بە تەوژمانەی ئەم دوو دەیەیەی دوایی بەسەر بزوتنەوەی رزگاریخوازی کورد و بارودۆخی کوردستاندا هات، زۆر کاریگەر و چاوەڕواننەکراو بوون ، پاسۆکیش  وەک هەر لایەنێکی دیکەی سەر گۆڕەپانەکە و وەک پێویست لە ناوەوەی کوردستان پێشبینی ئەوەی نەدەکرد. هەمان کات ئەو هاوسەنگەر و دۆستانەی رۆژانی سەختی خەباتیش هەر زوو کارەکتەریی شۆڕشگێڕییان لەدەست دا و کەوتنە گیانی هاوسەنگەر و هاو خوێنەکانی خۆیان و یاسای دارستانیان بە ئیرادەی لەرزۆکی خۆیان و لەسەر داوای ئاغاکانیان پیادە کرد. پلان و نەخشەی پاوانکردنی دەسەڵات و ئیدارەی ففتی ففتی کە دەرئەنجام بەرەو  تاوانی کوردکوژی بردین، بەرهەمی ئەو سیاسەتە ترسناکە بوو کە ئەوانە دەیانویست هێزە بچووکەکان بە تایبەت نەتەوەیی قوتبدەن و خۆ بکەنە گورنەتەڵەی مەیدانەکە.

لەو ساتەوە کە لەرووی سیاسییەوە وەک شکستی پاسۆک ناسراوە ، هەوڵ و تێکۆشانی جددی ئێمە بۆ خۆرێکخستنەوە و چوونەوە ناو جەماوەر لە پسان نەهاتووە. پاش ئەو بڕە ئازادییەی ئێستا لە کوردستاندا هەیە زەمینەی لەبەردەم  هەڵبژاردن و کاری ئازاددا فەراهەم کردووە و یەک تاکە حکومەتمان هەیە ئێمەش دەستبەکار بووینەوە. ئەوە بوو دیارەدەی بزوتنەوەی گۆڕان سەری هەڵدا، هاوبیرانمان دەرفەتییان قۆزتەوە و وەک ئەرکێکی نەتەوەیی ئاڵای گۆڕانیان بەرووی سیاسەتی چەوت و گەندەڵی هەردوو حیزبە دەسەڵاتدارەکەدا بڵند کردەوە. ئەمەش بە ئامانجی کاراکردنی دامودەستگانی حکومەت بە پلەی سەرەکی پەرلەمان بۆ بەربەرەکانی دیاردەی بڤەی گەندەڵی و بەهێزکردنی بازووی کوردایەتی لە پەرلەماندا.

رووبەرووبوونەی ئەم ئەرکە و بە هاناچوونی داوای جەماوەر لەو قۆناغەدا بۆ ئێمە ئەرکێکی سەرووی ئەرکەکانی دیکە بوو. نەبوونی رێکەوتنێکی نوسراو لە نێوانماندا وەک فاکتێک هەڵە بوو، وەلێ گفتو سۆزی زۆر دراو پێوەی پابەند نەبوون. بەکورتی هەق و پشک و مافی پاسۆک بووە قوربانی موجامەلەی برایانە و دۆستانە. 

نوچەنێت/ وەک باس دەکەن، ئێوە دانیشتنێکتان لەگەڵ نەوشیروان مستەفا کردووە دانیشتنەکە لەسەر چ ئاساسێک بوو؟ چی هاوبەش لەنێوانتان هەبوو چی جیاواز؟؟

هەڵۆ بەرزنجی/ دانیشتن لەگەڵ هەر لایەن و کەسایەتییەکدا، بە پلەی یەکەم کوردایەتی فەرزی دەکات، هەر بۆیە دەبێت لە خزمەتی ئەویشدا بێت. بینینی بەرێز کاک نەوشیروانیش دەچێتە هەمان قاڵبەوە. دانیشتنێکی دۆستانەی برایانەی سوودبەخش بوو. باس لە پرسی کورد و بارودۆخی هەنووکەیی و ئەجنداکانی کارکردن کرا. لەرووی دۆستانەشەوە ئەو کۆمەڵە تێبینی و باری سەرنج و گلەییە دۆستانەی هەمان بوو وە کەوتبووە نێوانمانەوە قسەیان لەسەر کرا و بەرێزیشیان بە سنگێکی فراوانەوە وەڵامی داینەوە و تیشکی خستە سەر باسەکان.

گەلێ شتی هاوبەش لە نێوانماندا هەیە و بەردەوام کار دەکەین بە ئاراستەی دۆزینەوەی میکانیزمی گونجاو بۆ خزمەتکردن. ئەمانەش خۆیان لە درێژەدان  بە سیاسەتی بە گژداچوونەوەی گەندەڵی و بەرقەرارکردنی دادی کۆمەڵایەتی و بە دامەزراوکردنی دەستگاکانی کوردستان سەروەری بەخشین بە یاسا و بە هێزکردنی دەنگ و رەنگی ئۆپۆزیسیۆن لە کوردستان و نیشاندانی رووی گەشی دیموکراتیزەبوونی کوردستان و فۆرمەلکردنی پرسی کورد وەک پرسێکی نەتەوەیی میللەتێک لەگەڵ حکومەتی بەغدا و جیهانی دەرەوەدا و ئامادەکردنی بەرنامەیەکی زۆر زۆر کوردستانیانەتر لەوەی دەسەڵات و چەندان باس و خواستی دیکە .چەند جیاوازییەکیش هەن کەمن بەڵام گرنگ و ستراتیژن و ئێمە ناتوانین پێیان هەڵسین یاخود دەستبەرداریان بین. لەوانە دژایەتیکردنی هەر کارێکی دەسەڵات و خۆپیشاندان لە دژییان لەبەردەم سەفارەتەکانی عێراق ، بە باشتردانانی دەسەڵاتێکی بەناو دیموکراسی داگیرکەر لەدەسەڵاتێکی گەندەڵی کوردی و هەمیشە چاوبڕینە بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوماڵی کورد و بەشداریکردن بە لیستی سەربەخۆ  و کارکردن لە ناوچە داگیرکراوەکان و بەغدا لەو کێشانەی بە نسبەت کوردەوە چارەنووسسازن  و شتەهایەکی دیکەش. وەک بۆت دەردەکەوێت دەسەڵات تا سەر ئێسک دژ بە ئێمەیە ،کەچی ئێمە ئامادەی پەنابردنە بەر هیچ داگیرکەرێک با ئەوپەڕی دیموکراتیش بێت کە نین ناگرینەبەر. ئەمە فەلسەفەی کارکردنی ئێمەیە لەسەر ئەم بناغەیە بینای ماکی و مینۆکی حیزب و کەسایەتی نەتەوەیی هەڵچنراوە. ئێمە ناتوانین لەگەڵ سەوابتە نەتەوەییەکاندا بە رۆژ سیاسەت بکەین و هێندە هەرزەش نین وەک مۆدە کوردایەتی بکەین.

نوچەنێت/ بۆچی ئێستا لەهەڵویستی پشتیوانیتان پەشیمانن بۆ گۆڕان ؟ چی هۆکارێک هەبوو بتان گەیەنێتە ئەو بڕوا؟

هەڵۆ بەرزنجی/ پێش هەڵبژاردن و دوایش چەندەها لێک نزیکبوونەوە و هاوپەیمانێتی دروست بوون و پاشان هەڵوەشانەوە. ئێمە لە کارکردنمان بۆ گۆڕان هەرگیز پەشێمان نین بەو چەمکەی تۆ باسی دەکەیت. بەڵکە داوا و ویستی گۆڕان خواستێکی نەمر و کاربۆکراوی ئێمەش بووە. کاتێکیش لەتەک ئەو برا بەرێزانەدا توانای خۆمان یەکخست ، ویستمان وەک پاسۆک بە قەوارە و دەنگی خۆمانەوە جێگەمان لەو بزوتنەوەیەدا هەبێت نەک وەک تاکە کەس. وەختێ ئاکامی پێداویستی ئۆپۆزیسیۆن و دروشمەکانی ئەوە نەبوو، کە چاوەڕێ دەکرا، ناچار ئێمەش بە پارێزەوە لە کارەکان دەچووینە پێشەوە و لە ئایندەشدا بەهەمان پێوەر. ئێمە سووربووین لەسەر ئەوەی لەناوماڵی کورد خۆیدا گۆڕان بە لیست و دەنگ و هێزی خۆیەوە هەر سیاسەتێ لەبەر بگرێت ـ جگە لە دژایەتی کوێرانە و هەوڵی ئاژاوەگێڕی ـ هاوکاری دەکەین. وەلێ لە هەنگاوەکانی دیکەدا و لەگەڵ ئەوانی دیکەدا؟؟!! هەر دەبێت یەک ریز و یەک دەنگ بن. چونکە ئێمە ئۆپۆزیسیۆنمان بۆ کوردستان و پەرلەمانەکەی دەوێت، نەک بۆ بەغدا و شوێنەکانی دیکە. ئێمە لەگەڵ ئەوەداین پەلکێشی ئەم وەزیر بۆ بەردەم پەرلەمان بکرێت لەسەر گەندەڵی و کەمتەرخەمی و پێشێلکردنی یاسا و دژ بەو پلانە بوەستینەوە کە پێچکەی کورسییەکی پۆستێکی بەغدامان لە چارەسەری کێشە نەتەوەییەکان لا مەبەستر بێت و بۆ ئەوە تێدەکۆشین داهاتی سەروەت و سامانی کوردستان بۆ هەمووان بێت و زۆر شتی لەمانە کە گۆڕان دەتوانێ بیکات و کردووین.

ئێمە خاوەنی خانەیەکی فیکریی و فەلسەفین و باوەڕمان بە کۆمەڵێ پرنسیب هەیە ، ناتوانین گەمەیان لە تەکدا بکەین و وەک قوڕە چەورە هەر رۆژەی دەعبایەکیان لێ دروست بکەین. بیروباوەڕەکەمان کوردایەتی چراوگمانە و چوارچێوەی بیرکردنەوە و کارکردنی ئێمەی نەخشاندووە. ئێمە ناتوانین گلەیی و گازندەی خۆمان بەرینە بەغدا یان هەر شوێنێکی دیکە با هەرچی سەرکردایەتی کورد و دادوەر و پارێزەرکانیش لە دەستگاکانی حکومەتی بەغدادا کاربەدەست بن. ئەوە نە دەوڵەتی کوردی و نە دەسەڵاتی کوردییە. بڕوانە سەرەک کۆمار و لەشکرێک وەزیر و چەندەها ئەندام پەرلەمان هەیە ، هێندەی پارێزگاری موسڵ بڕیار بەدەست و خاوەن کاریگەریی نین. بۆیە هیچ بیانوویەک لای ئێمە ناکاتە مایەی رەزامەندبوون بە چاوبڕینە بەغدا. دیارە دوای ئەوەی  گۆڕان لە بزوتنەرەیەکەوە خۆی کرد بە رێکخستن و حیزب، با هەیکەلیشی ستالینی نەبێت،  ناسنامەی هێڵە فکرییە سەرەکی و دروشمە ستراتیژییەکانی گۆڕان جارێ بایی قەناعەتی کوردایەتی ئێمە نییە. لەم چرکەساتەوە مەودای دوورکەوتنەوەکە لەگەڵ پاراستنی پەیوەندییەکانیشدا هەر فراوانتر بوو.

نوچەنێت/ پاسۆک دەیەوێ چی بکا کە لەدەرەوە بەناوی پاسۆک کار دەکەن و لەناو کوردستان بێ ناو بێ چالاکین تاکەی بەم شێوەیە؟؟

هەڵۆ بەرزنجی/ پاسۆک لە دوا پلینۆمی خۆیدا دەستنیشانی کۆمەڵێ ئەرک و کاری هەنووکەیی کردووە، کە شیاوی جێبەجێکردن بن و زیانی گەورەیان بۆ سەرجەم پرسی کورد لێنەکەوێتەوە. وەک هێزێکی چاودێر بەسەر رووداوەکانەوە هەڵوێستی خۆمان تۆمار دەکەین و گرنگی بە هەراشکردنی بیری سەربەخۆیی و داخوازی دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی دەدەین. لەهەوڵی بەردەوامی دەوڵەمەندکردنی رۆشنبیریی نەتەوەییداین و هەر بۆنە و چالاکییەکی دیکەش بێتە پێشەوە، لە راپەڕاندنیاندا درێخی ناکەین. لەناوەوەی وڵاتیش هاوبیرانمان بە تاک و کۆمەڵ و بە پێی هەڵکەوتی ژیان و شوێنیان کار دەکەن. لێرەدا دەبێت ئاماژە بۆ ئەوە بکەم یەکێک لە بەرنامە گرنگەکانمان لەسایەی نزیکبوونەوە لە گۆڕان، ئەوە بوو بە رەسمی مۆڵەتی کارکردن لە حکومەتی کوردستان وەرگرین. بەداخەوە حکومەتی ناوبراو هێندەی دژی پارتێکی نەتەوەییە نیو هێندە دژی حیزبی بەعس و دەیان لایەن و گروپی دیکە نییە کە لە کوردستاندا بە پێی کارنامەی دژ بە کورد و بە پشتیوانی داگیرکەرانی کوردستان کار دەکەن. پارتی بە ملیۆنان پارە دەخاتە خزمەتی ئەو هێزانەوە. یەکێتیش کۆمەڵی دوکانی بچوکی نارەسەنیان کردۆتەوە و هاوکاریی ماڵییان دەکەن. هەردوو حیزب بە بەرنامە دژ بە هەبوونی پارتێکی رەسەنی هەڵقوڵاوی نێو ویست و خواستە مێژووییەکانی کوردن. پێت سەیر نەبێت لە میدیا و راگەیاندنەکانی پارتیدا ناوی پاسۆک تابووە.

برالە چیرۆک لەم بابەتگەلە زۆرە. ئێمەش دەتوانین بە خۆبەستنەوە بە ئێرە و ئەوێی دەرەکی و ئەم لایەن و ئەو لایەنی ناوەوە خۆمان هەڵواسین و بڵێین هەین. بۆ بەرەی یەکەمیان دەبێت کاری گێرە شێوێنی لە کوردستاندا بکەین و بۆ دووەمیشیان وەک قەرەقۆز خۆمان قوڕمیش بکەین و بۆ مەرامە ناشایستەکانی ئەوان سەما بکەین. لە چاوپێکەوتنێکی چەندساڵ لەمەوپێشی کاک قادر عەزیزدا خوێندمەوە مانگانە حەفتا هەزار دۆلاریان لە ی.ن.ک وەرگرتووە. کاک عەلی باپیر چوارقاتی ئەمە لە پارتی وەردەگرێت. سەرئەنجام هەموو بە چاوی خۆشمان ئەو گاڵتەجاڕییانە دەبینین کە بەسەر ئەو حیزب و ئەم سکرتێرەدا لەسەر دەستی پارتی و یەکێتی دێت.

هەر بۆ مێژوو با نمونەیەکی زیندووت بۆ بگێڕمەوە ، ئێمە هاوبیرێکمان ( شەماڵ عەزیز عەبدولرەحمان) لە بەرلین کۆچی دوایی کرد پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول و پاسۆک بوو ، کاتێ تەرمەکەیمان بۆ کوردستان بردەوە ، پارتی پەنجا دۆلارەکەیان لە ئیبراهیم خەلیل بۆ لاشەکەی لێسەندین.  

 بڕۆ بیرەوەری و رۆژمێری ئەو بەرپرسانە بخوێنەرەوە جا بزانە ، پەیوەندییە ژێربەژێر و ئاشکراکانی سەرۆک و سکرتێر و بەرپرسی کام لەو حیزبانە ماوە لەسەر حسابی کورد بە دوژمنەکانییەوە نەبوو بێت؟. بۆ پێت وایە سەرانی پاسۆک نەخوێندەواربوون و توانای نامەیەکیان نەبوو بۆ عەلی کیمیاوی بنووسن و پارە و پوول و چەک و ئازووقەی لێوەرگرن!؟.

تێبی نییەکی پێویست/

داوای لێبوردن لە بەڕێز هەڵۆ بەرزنجی دەکەین، کە بڵاوکردنەوەی ئەم دیمانە وێڕای گرنگی ئەو پرسانەش قسەی لەسەر کردوون لەکاتی خۆی دواکەوت، دەبوو چەند مانگێک بەر لەئێستا ئەم دیمانە بڵاوی بکەینەوە، بەڵام مەبەستمان بوو کە بەدواداچونێکی زنجیرەیی لەسەر خەبات و تێکۆشانی پاسۆک و هەڵە مێژوویەکان بکەین، کە ئەو ڕێکخستنە کردونی یان بەرانبەری کراوە، دوای گەشتنە ئەنجام بەزنجیرە بڵاوی بکەینەوە، بەداخەوە بەهۆی بەردەستنەکەوتنی سەرکردە دیارەکانی پاسۆک لەڕابردوودا، نەماتوانی ئەوەی مەبەستمانە بیکەین و بووە هۆی دوا کەوتنی ئەم دیمانەی بەڕیزیشیان، بۆیە داوای لێبوردن دەکەین جارێکی تر.

رزگار رەزا چوچانی

 سەرنوسەری نوچەنێت

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com