ژنە چالاکوانەکان هیوایان بە کابینەی نوێی حکومەت نییە

0

ژنە چالاکوانەکان هیوایان بە کابینەی نوێی حکومەت نییە

رزگار رەزا چوچانی

نوچەنێت . گۆڤاری سڤیل

 ئەگەرچی له‌ یادى ڕۆژی جیهانیى بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافره‌تان ، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حکومەتی كوردستان ، لەگەڵ خستنەڕووی هەموو ئەوکارانەی حکومەتەکەی ئەنجامیداون بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی دژ بەژنان، نیازمەندی خۆشی راگەیاند کە”هەوڵ بدەین هەلی زیاتر بۆ ژنانی شارەزا و لێهاتوو بڕەخسێنین و زیاتر بەشدارییان پێ بکرێت لە پۆستەکانی بڕیارداندا” هێشتاش ژنانی چالاکوانی کورد لەدەرەوە، گەشبین نین بەکارو گرنگیدانی حکومەتی داهاتووی کوردستان بەپرس و تواناکانی ژن، کەبڕیارە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکایەتی بکات و پێیان وایە، لە پێکهێنانی ئەو حکومەتەشدا پێگەی ژن رەچاوناکرێت،و بەشدارییان پێناکرێت.

نەجیبە مەحمود ژنە چالاکوانی کورد لەوڵاتی سوید، لە دیمانەیەکی لەگەڵ گۆڤاری سڤیل بێهوایی خۆی لە حکومەتی داهاتووی کوردستان دەخاتەڕوو، لەبەرانبەر گرنگیدان بەتواناکانی ژنان و رەچاوکردنی پێگەی ژن لەدابەشکردنی پۆستەکانی حکومەتدا، چونکە وەک ئەو دەڵێت ئەوە”حزبەکانن دەبێ حکومەت پێکبهێنن، لەناو هەموو حزبەکاندا هەست بەوە دەکرێت بەگرنگییەوە لەبەشداری ژن ناڕوانن، کە لەپێکهاتەی خودی حزبەکان خۆیان دەڕوانی، لە رۆڵ و کاریگەری و بەشداری ژن لەناوەندەکانی بڕیاردانیان رادەمێنی، هەست بەوە دەکەیت، کارەکانیان لەئاستی پێویستدا نییە، لە رابردووشدا کاتێک لەپەڕلەمان رێژەی لە % ٢٥ بۆ ژن دانرا، ئەگەر فەڕز نەکرایە بەسەر حزبەکاندا بۆخۆیان کاریان بۆ نەدەکرد، کەوایە کاتێک حزبەکان بۆ خۆیان لەناو خۆی حزبەکاندا گرنگیان بۆ ئەو پرسە نەبێ، یان لەئاستی پێویست نەبێ، ئەتوانم بڵێم هیچ هیوایەکیش نییە لە حکومەتی داهاتودا بەجدی کار بکەن بۆ بەشداریپێکردنی ژنان، من بۆخۆم هیوایەکی ئەوتۆم نییە، کە بڵێم کابینەی هەشت گۆڕانکارییەکی باشتر دەکات، یان رەچاوی زەرورەتی بەشداریکردنی ژنان و پێدانی چەند پۆستێکی باش و گرنگ بەژنان دەکات”.

هەروەها هانا عەلی وەک ژنە چالاکوانێکی کورد لە کە لەکەنەداوە بۆ سڤیل دوا، هەمانشێوە بێهوایی خۆی لە کاری حکومەتی داهاتوو بەئاراستەی پرسی ژن دەخاتەڕوو، پیشی وایە” ئەگەر ئاڵوگۆڕێکیش ڕووبدا، بدات بەرەو خراپ تر ئەڕوات بۆ دۆزی ژن، نەک ێچەوانەکەی، ئەویش بە دوو هۆکار. یەکەم، پێشتر دوو حیزبی سەرەکی پێکهێنەری حکوومەت بوون، و ئیسلامیەکان لاواز تر بوون لە ڕووی بەرنامە و تۆکمەیی تەشکیلاتی و نەبوونی قورسایی سیاسیان، بەڵام لە سایەی سیاسەتی بزووتنەوی گۆڕان، ئێستا ئیسلامیەکان جێگەو شوێنێکی تریان هەیە و پارتی وەک گەورە ترین حیزب، حیسابێکی تریان بۆ دەکات. ئەوەی دەگۆڕێت، بەشداری بزووتنەوەی گۆڕانە لەم کابینە نوێیەدا، کە لێدوانی چەندین کەسایەتی دیاری ناو ئەو بزووتنەوەیە زیڕەی بە ژنان و ئازادیخوازان کردووە، بزوتنەوکەش بێ باک و بێ منەت وەڵامی هیچ کەسێکیان نەداوەتەوە، ئەو برادەرانە هەڕەشەی پێداگری لە سەوابتەکانی دینی ئیسلام دەکەن و مەعلوومیش نیە و نازانین باسی کامە سەوابت دەکەن! خۆ ئەگەر مەبەستیان سەوابتی شەریعەتی ئیسلامی بێت ئەوە ئەبێ بڵێین سڵاو لە کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی! ئەوەی من لێی دەترسم ئەوەیە پارتی دیمۆکراتی کوردستان پێشتر بە کۆی دەنگ یاسای فرەژنی لە پەرلەماندا بە ڕەسمی ناسی، بەڵام بە مەرج! ئەی ئێستا دوو حیزبی ئیسلامی و بزووتنەوەیەکی گەورەش کە نازانین ئاخری عەلمانین یان ئیسلامی. دەبێ چۆنی مامەڵەی پرسەکانی ژن بکەن؟! من زۆر دەترسم ئەم کابینە نوێیەی حکوومەت و ئەم تەشکیلاتەی پەرلەمانی ئەم جارە، چەندین هەنگاو بەرەو دواوەمان ببەن، پڕ بە دڵ ئارەزوو ئەکەم ترسەکانم لۆژیکی نەبن و هەڵە بم، زۆریشم پێ خۆشە کە هەڵە بم”.

بەڵام بەیان ناسیح، کە ژنە کوردێکی چالاکوانەو لەوڵاتی سوید لەسەر پرسەکانی توندوتیژی بەرانبەر بەژنان و مناڵان کار دەکات، دەڵێت” کاتێک کە باس لە حکومەتی کوردستان دەکەین، دەبێت بزانین ئەو حکومەتە لەکوێدایە، کۆمەڵگەی کوردستان چ کۆمەڵگەیەکە، حکومەتی کوردستان حکومەتی کۆمەڵگەیەکە کەوەکو هەر کۆمەڵگەیکی شەرقی لەسەر بنەمای کۆلێکتیڤی دامەزراوە، بێگومان لەو جۆرە کۆمڵگەیەشدا چەند بنەمایەک هەن کە وێنای کۆمەڵگەکە دەدەن بەدەستەوە، وەک دەسەڵاتی بۆماوەیی، پەیوەندی خێزان لەسەر بنەمانی پیاوساری ، کە تێیدا ژن تەنها رۆڵی بەرهەمێنەری مناڵی هەیە، نەبوونی رای تاک گوێڕایەڵی تاک بۆ فەرمانی گروپ و خێزان و خێڵ، بەشێوەیەک کە تاک بۆخۆی هیچ ئازادییەکی بڕیارو تەعبیری لە رای خۆی نییە، کاتێک کۆمەڵگەی کوردی لەسەر ئەو ئەساسە بەڕێوەبڕوا، بێگومان هەر حکومەتێکیش کە حوکمڕانی کۆمەڵگەیەکی ئاوا بکات، بەدەر نییە لە کەوتنە ژێر کاریگەری ئەو لایەنانەی کەباسمانکرد، هەر بۆیە ناتوانین بڵێین حکومەتی کوردستان حکومەتێکی دیموکراتی دەبێت، بەمانای دیموکراسی، ئاخر دیموکراتی ئەوەیە لە کۆمەڵگەدا مافی مرۆڤ بەرقەرار بێت، تاک مافی خۆیی هەبێت، هەموومان دەزانین کوردستان وانییە، کەوایە پێکهاتنی حکومەتەکەشی لەسەر بنەمای دیموکراتی نابێ، لەکۆمەڵگەیەکیشدا کە دیموکراسی و مافی ئینسانی تێدا بەرقەرار نەبوو، یان پەیوەندی خێزانی تێیدا لەسەر بنەمای پیاوسالاری بێت، بێگومان ژن هیچ مافێکی نابێ تێیدا، و لەداهاتوش هیوا نابێ بۆ باشتربوونی دۆخی ژن”.

لەکاتێکدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی کوردستان، کە راسپێدراوی لیستی براوەی هەڵبژاردنەکانی کوردستانە، بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتووش، لە ڕۆژی جیهانیى بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافره‌تان، کارەکانی حکومەتەکەی لەساڵانی رابردوو بۆ بەرەنگاربونەوەی توندتیژی خستەڕوو، کە بریتی بوون لەچەندین پرۆژەیاساو چەندین رێوشوێن بۆ جێبەجێکردنیان، بەڵام ژنانی چالاک لەدەرەوە هەموو راگەیاندنەکان بەبەشێک لەرێکلام لەقەڵەم دەدەن.

بەیان ناسیح وەک ژنە چالاکوانێک دەڵێت” بەڵێ حکومەتی کوردستان بە قسە، قسەی باشی کردووە، بە نوسینی یاسا رەنگە کاری کردبێت، بەڵێ نوسینی باشی کردووە، بەڵام لەپراکتیکدا هەرگیز لەئاستی پێویستدا نەبووە، بۆ نمونە من بۆخۆم لەسەر مەسەلەی دەستدرێژی سێسکی پەیوەندیم لەگەڵ بەرپرسانی ئەو بوارە هەبووە، لەسەر چەند کەیسێک لەکوردستان، بەرپرسێکیان کە لەو بوارەدا کار دەکات، رای وابوو کە دەبێت شکات نەکرێت، نەبێتە کەیسێک لای پۆلیس، لەکاتێکدا ئەو کەسەی کە توش بەو گرفتە ببوو ئامادەبوو لای پۆلیس سکاڵابکات، ئەو بەرپرسە لەجێی سوربوونی لەسەر ئەوەی کە دەبێت پۆلیس رێوشوێنی یاسایی خۆی بگرێتە بەر، ئامۆژگاری پێدەداین کە کەیسەکە نەبێتە سکاڵا لای پۆلیس، چونکە دواتر لەسەر کچەکە دەکەوێت و دەکەوێتە بەر دەمی کۆمەڵگە، ئەمە لایەنێکی هەرەخراپی کارو بڕواکانی ئەوانەبووە، کە لەرابردوودا راسپێردراوبوون تا بەرنامەی حکومەت جێبەجێبکەن، بۆیە ئەگەر لەداهاتووش ئەوانەی کە هەڵدەستن بە جێبەجێکردنی بەرنامەکانی حکومەت، لە ئاستی پیویستدا نەبن و بۆخۆیان بڕوایان بەوە نەبێ، کە دەبێ هەندێ سنور بشکێنن، تا بەژنانی کوردستان بڵێن، هەرکاتێک ڕووبەڕووی توندوتیژی بونەوە مەترسن و یارمەتی هەیە، وەرنە پۆلیس و پۆلیس بەگەرمیەوە بەدەمتانەوەیە، ئەوە بێگومان بەرنامەی حکومەتیش هەرچەند جوان و باش بێت، جێگا ناگرێت”.

بەهەمان شێوە هانا عەلی پێی وایە، حکومەتی کوردستان لەپراکتیکدا هیچ هەنگاوێکی ئەرێنی هەڵنەگرتووە”چەندین ساڵە ڕێکخراوەکانی ژنان و کەساتیەکانی ژنان پڕۆژە دەدەن بە حکوومەت، پەرلەمان پڕۆژە دەدات بە حکوومەت، هەر لە یاسای بە تاوان ناساندنی کوشتنی ژنانەوە، تا پڕۆژەی نەهێشتنی توندو تیژی خێزانی، کە یەک لە پڕۆژە دەگمەنەکان بوو، کۆی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان لە سەری کۆک بوون و ئێمەی ژنانیش سەرباری تێبینی زۆرمان لە سەری، بەڵام تا ئەندازەیەک پێی ڕازی بووین، دەی نەمانبینی لە یەک شار لە یەک ناحیەو قەزا، ئەو حکوومەتانەی پێشتر ئەو یاسایانە کە لە خودی پەرلەمانەوە دەردەچێت جێ بە جێ بکات!!”.

نەجیبە مەحمود لەگەڵ قسەکانی سەرۆکی حکومەتی کوردستاندا، لەبارەی هەنگاوەکانی حکومەتەوە بۆ بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی، ئەوە دەخاتەڕووکە ” لەهەمان رۆژی سازکردنی مەراسیمی بەرەنگاربونەوەی توندتیژی، دژ بەژنان، لەسەروبەندی باسکردن لەپێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، حکومەت بۆخۆی توندوتیژی دەنوێنێ بەرانبەر بەژن، لە سلێمانی لەو ساڵیادەدا ژنان رێپێوانێک دەکەن، جارێکی تر دەزگا ئەمنیەکانی حکومەت بەشێوەیەکی توند بەرەوڕویانبونەتەوەو غازی فرمێسک رێژیان بەکارهێنا بۆ بڵاوەپێکردنیان، ئەویش لەکاتێکدا کە لەکوردستان مەراسیمی رەسمی بۆ ئەساڵیادە لەلایەن حکومەتەوە سازکرابوو، لەوکاتەدا کە سەرۆکی حکومەت وتاری دەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای خانمانیش قسەی دەکرد، دەزگاکانی حکومەت بەو شێوەیە بەرەوڕووی ژنان بونەوە، ئەمە هیچمان پێ ناڵێ ئەوە نەبێ، کە ئەو کارانەی دەکرێت هێشتاش لەچوارچێوەی راگەیاندن و رێکلام دەرنەچووە، نەبووەتە بڕواو کردار لای حکومەت”.

ژنانی چالاکوان لەگەڵ بێهواییەکانیان لە حکومەتی داهاتوو، هێشتاش پێشنیاریان بۆ پێکهێنەرانی حکومەت هەیە، کە بەراوێژ بە رێکخراوەکانی ژنان و ژنانی چالاک، بەجدی کار لەسەر رەواندنەوەی نیگەرانیەکانی ژنان بکەن، نەجیبە مەحمود، دەڵێت ” هیچ شتێک نییە چارەسەری نەبێت، ئەگەر ئیرادەیەک هەبێ بۆ چارەسەکردن، وەک وتم بێهوام، بەڵام ئەگەر حکومەت بیەوێ ئەتوانێ کێشەکان چارەسەر بکات، واتە بێهوانیم لە توانای حکومەت بۆ چاکردنی رەوشەکە ئەگەر بیەوێ، بێهوایی من ئەوەیە کە توانا هەیەو قسە هەیەو کردار لە ئاستی پێویستدا نییە، بۆیە هیوادارم حکومەت رەچاوی ناڕەزاییەکان بکات، هیوا بۆ هەموو ئەوانەمان بگێڕێتەوە کە هیوامان نەماوە”.

بەیان ناسیح لای خۆیەوە پێی وایە ” دەبێت حکومەت سود لەتوانای کەسانی شارەزاو رێکخراوەکان ببینێ، ئەگەر حکومەت بەو ئاراستەیە هەنگاو بنێ، ئەوانەشی کەبڕوایان بەپرسی ژن هەیە، کە کار بۆ چارەسەری کێشەی ژن دەکەن، دەبێ ئامادەیی هاوکاری کاری باشیشیان هەبێ، بەمەرجێ بروایان لا دروستبکرێت کە مەبەستێکی باش لەپشتی هەوڵەکانەوە هەیە، من بەش بەحاڵی خۆم ئامادەم بەهەموو شێوەیەک هاوکار بم و هاوکاری لەگەڵ حکومەتی کوردستان بکەم، ئەویش لەپێناوی چارەسەرکردنی پرسی ژن، پرسی مناڵ لەکوردستان نەک مەبەستێکی تر” بەڵام هانا عەلی دەڵێت” من بۆ خۆم هیچ خۆشباوەڕیەکم بە کابینە نوێی حکوومەت نیە، و هیچ داوایەکی تازەشم لێیان نیە، پێم وایە تەنیا ئەو یاسایانەی پێشتر دەرکراون، جێبەجێ بکەن، مانای وایە بەراستی ئەم حکوومەتە هەنگاوەکانی بەرەو چاکسازی دەنێت، ئەوەی دەمانەوێت ئەوەیە نە سەرۆکی هەرێم، نە هیچ کەسێکی تر بۆی نەبێ، بکوژی ژن بە یاسای لێخۆشبوون ئازاد بکات، دەمانەوێ وەک ئەوەی لەیاساکاندا هەیە، لێدان و ئەشکەنجەدانی ژن و کچ و منداڵ لە ماڵدا بە تاوان بناسرێت، و بکەرانی سزای یاسای وەربگرن”.

ئەم راپۆرتە لەگۆڤاری سڤیل بڵاوکراوەتەوە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com