ئایندەی فراکسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان، بێ دەنگ بوون یان …

0

Goranئایندەی فراکسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان، بێ دەنگ  بوون یان …

رزگار رەزا چوچانی . سوید

ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان وەک حزبە دەسەڵات بەدەستەکان دەڵێن، تا ئەمرۆش سیاسەتی ناڕوانی هەبوبێت، ئەوە بەپیادەکردنی پلانی پێکەوەژیانپێکردنی گورگ و مەڕ، لە کۆکردنەوەو دڵراگرتنی بڕواجیاوازەکان، سەرکەوتنی گەورەی بەدەست هێناوە، لێ ئێستا سیگناڵ گەلێک پێمان دەڵێن، زەمینەی جێبەجێکردنی ئەو پلانە لەدەستی بزوتنەوەکەدا نەماوە، رەنگە ئەنجامشی کێشەهێنەر بێ بۆی.

زۆر لەمەو بەر بەڕێز نەوشیروان موستەفا رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، ئەوان لەگەڵ هیچێک نابن، کە لەدژی سەوابتە دینیەکان بێت، ئەمە زۆر دەنگدانەوەی بەدوایخۆیدا نەهێنا، چونکە وەکو بەشێک لە هەڵمەتەکانی کۆکردنەوەی دەنگ بۆ بزوتنەوەکەی هەژمار دەکرا، بەڵام کاتێک ئەم دەستلەملانێیەی بزوتنەوەی گۆڕان و بڕوا ئیسلامییەکە، لەشیعارەوە بووبە کردار، دەنگی ناڕەزایی گەشتنە ناوخۆی بزوتنەوەکە و چاوەڕوانی گەورەتربونیشی دەکرێت.

لەسەرەتا راگەیاندنی نیازی رێکخەر، بۆ پشتیوانی لەهەموو یاساکانی سەرچاوەگرتوو لەدین، یان بەستنی هاوپەیمانی رانەگەیەنراوی بزوتنەوەکە لەگەڵ حزبە حزبە ئیسلامیەکان، یان تەکبیرو ئەڵاهوئەکبەری راوێژکارانی رێکخەر لەناو ئیسلامیەکاندا، لەلایەن ئەو خەڵکەی کە لەناو بزوتنەوەی گۆڕانن و خۆیان بەخەڵکی لیبرال دەناسێنن، هیچ کاردانەوەیەک روینەدا، چونکە هەموو ئەوانەیان وەکو بەشێک لەتاکتیک وەرگرت نەک ستراتیژ، بەڵام کاتێک کاندیدەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بەشێکی بەرچاویان و بەتایبەت لوتکەی کاندیدەکانیان لەکادرە باکگراوەند ئیسلامیەکانن بۆ هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی شارەکان،و دوا دەرچوونی کاندیدەکانی پەڕلەمانیش، بەشێکیان کە رایدەگەیەنن بەهیچ شێوەیەک دەنگ نادەنە پرۆژە یاسایەک، کە پێچەوانەی بنەماکانی ئاینی ئیسلام بێت، ئیدی ئاشکرا دەبێت، کە ئەگەر تاکتیکیش بێت بزوتنەوەی گۆڕان دەستی بۆ کارتێکی خەتەرناک بردووە، خەتەر لەسەر باوەڕی ئەو خەڵکەی خۆیان بە ئازادی خواز دەناسێنن و لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕانن، وەک خۆیان دەڵێن کار بۆ کۆمەڵگەیەکی یەکسان دەکەن، بۆیە دەنگی ناڕەزایی لەناویاندا هەموو راگەیاندنەکانی تەنیوە.

ئاخر کەم نین ئەو پیاوانە، ئەو ژنانەی پشتیوانی و کەمپەینی کۆکردنەوەی دەنگ بوون بۆ بزوتنەوەی گۆڕان، کە تاکو ئەمرۆش کارو قسەو هەوڵیان وەکو ژنی ئازاد، پیاوی ئازاد، بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی یەکسانە، بۆ نەهێشتنی یاسای فرەژنی، یەکسانکردنی ژن و پیاو بووە لە میرات، بۆ هەمواری یاسای باری کەسێتی بووە لەوڵات، لێ ئێستا کە رێکخەرو ئەندام پەڕلەمانەکانی ئەو بزوتنەوەی کە ئەوان دەنگیان بۆ کۆ دەکردەوە، رایدەگەنن کە پشتیوانی هیچ یاسایەک ناکەن دژی سەوابتە دینیەکان بێت، پەیامێکەو لەرێیەوە پێیان دەڵێن خوشکان برایان، سوپاس بۆ ماندوبونتان لە پشتیوانیتان لەبزوتنەوەی گۆڕان وەک لایەنێکی بەهێز لەو بەرەیەی، کە دژی ئەو بڕواو ئامانجەی ئێوە بووە، و پشتیوانی هەموو ئەو یاسانەیە، کە ئێوە دەتانەوێ بیگۆڕن. چونکە یاساکانی فرەژنی، میرات و هتد.. سەرچاوەگرتووە لەدینی ئیسلام و ئێمەش لەدژی نابین.

ئەمە دەکرێ خوێندنەوەیەک بێ، بۆ گوزارشتکردن لەو بێهیوایەی رووی لەو چینەی ناو بزوتنەوەی گۆڕانکردووە، کە دەڵێن ئێمە ئازادیخوازین، بەڵام بەو مانایەش نایە کە ئەوانیش هەر ئاوا ئاسان تەسلیم بەو بێ هیوایە بن، تەسلیم بەو سیاسەتە بن کە تێیدا هەموو شت دەخرێتە خزمەتی کۆکردنەوەی دەنگ، نەک بروا، بێ گوێدانە ئەوەی کە ئەگەر کۆکردنەوەی هەموو دەنگە جیاوازەکان، هەر لەسەرەتاوە هەوڵی رێکخستنیان نەدرێت، سیاسەت و ئامانجێکی روون کۆنتراکی خەباتی پێکەوەییان نەکات و کۆیان نەکاتەوە لەدەوری یەک، رەنگە ئایندەیەکی کارەسات ئامێز بۆ خودی خۆشیان بهێنێت، بەشێوەیەک کە ئەو شەڕەی ئەوان هەناردەی ناو ماڵی ئەوی تریان دەکرد، ئەمجار لەناو ماڵی خۆیاندا سەرهەڵبداتەوە.” *١ هەر وەکو ئەوەی ئێستا لەناو بزوتنەوەی گۆڕان سەریهەڵداوە”و ئاماژەیەکی روونە بۆ لەبەر یەک هەڵوەشانەوە،و یەک دەنگ نەبوون و پێکەوە نەبوونی ئەندامانی فکراسیۆنە پەڕلەمانییەکەی لەئاندەدا.

لەدوای هەڵبژاردنەکان، سەرهەڵدانی ئەو فشارەی ئەمرۆ لەسەر بزوتنەوەی گۆڕان دروستبووە بەوەی، کە داوای رونکردنەوەی ناسنامەی بزوتنەوەکە یان  رونکردنەوەی ئەوەی لێدەکات، چۆن باڵانس لەنێوان پشتیوانی لە یاساکانی سەرچاوەگرتوو لەئیسلام و خواستی خەباتکارانی یەکسانی دروست دەروست دەکات؟، سیگناڵ و ئاماژەی ئەوە دەدەن، کە ئیدی شەڕی یەکلاکردنەوەی خاوەندارێتی سیاسەتی بزوتنەوەکە، لەکۆنە یەکێتیەکان و گەنجانەوە، بەرفرەوانتر دەبێت و دووبەرەی تری دیندار و “* ٢ بێدینیش”، لەخۆ دەگرێت.

چیتر لەدوای بەسەرۆک لیست بوونی باکگراوەند ئیسلامیەکان، و لەدوای راگەیاندنی بروای خۆیان بەوەی کە دژی هەر یاساو پرۆژەیەک دەبن کە لەگەڵ دیندا ناکۆکی هەبێت، ئەوانەی کەخۆیان بە خەڵکی ئازادیخواز دەناسێنن، بە سیناریۆی بڵاوکردنەوەی ” * ٣  راپۆرتی نهێنی و دزەپێکراو” کە تێدا وا پێشانبدات بزوتنەوەی گۆڕان لەدژی بڕوای ئیسلامیەکانەو بەخەتەریان دەزانێت بۆ سەر کۆمەڵگە، چەواشە نابن، کار بۆ ئەو یاسانە دەکەن کە لەگەڵ مەبدەئو خەباتی چەند ساڵیان کۆکە، دژی ئەو یاسانەش دەبن، کە هاوکارە باکگراوەند ئیسلامیەکانیان لەگەڵی دەبن، خۆ ئەگەر بزوتنەوەکەش هەوڵ بدات خۆی بپارێزێت لە خستنەڕووی وەها پرۆژە یاسایەک، کە هاوکار بێت بۆ گەورەکردن و تەقاندنەوەی ئەو ناکۆکییە، ئەوە بەدڵنیاییەوە ژنان و پیاوانی چالاک، ئەوانەی کار بۆ کۆمەڵگەیەکی یەکسان و سڕینەوەی یاساکانی فرەژنی و باری کەسێتی دەکەن، لەم خولەی پەڕلەماندا ئەگەر لەناو پەڕلەمانیشدا نەبن، بێ پرۆژەی پێشنیارکراو بۆ پەڕلەمان نابن، ئەوکات بەرەتکردنەوە یان پشتیوانیکردنیان، یان دوو بەشبوونی فراکسیۆنی گۆڕان لەنێوان ئیسلامی و لیبرالەکانیاندا روودەدات، یان دەبێ ئازادیخوازەکانیان ئاڵای سپی بۆ باکگراوەند ئیسلامیەکان هەڵبکەن و پشتیوانی پرۆژە یاسا پێشنیارکراوەکان نەکەن،  گەردژی سەوابتە دینیەکان بێ، ئەمیشیان بێگومان لە دووبەشبونەکە خەتەرناکتر دەبێت، چونکە ئەگەر پەرلەمانتارو پلەدارەکانیان لەپێناو پۆستەکە قبوڵیان بێت، تەسلیم بە واقیعی بزوتنەوەکە ببن، ئەوە چیدی خەڵکی دەنگدەری بزوتنەوەکە، ئەوانەی کە دەنگ و رەنگی ئازادن، تەسلیم بەوەها خواستێک نابن بەدوای رێگایەکی تردا دەگەڕێن بۆ بارهێنانی کۆمەڵگەیەکی یەکسان.

لەوکاتیش گۆڕان بەرهەمی پلانی هەرچی دەکەی بیکە، هەرچی هەی، ببە. بەس دەنگت بۆ ئێمەبێ، دەچنێتەوە و تاڵاوی بەرهەمی ئەو سیاسەتەو سیاسەتی ناڕوونی ئەم چەند ساڵەی دەنۆشێت.

……

*١ لەم ماوەیەدا لێدوانی زۆر بەدژ بەیەک لەناو پەڕلەمانتارە تازە دەرچووەکانی بزوتنەوەی گۆڕان هەیە، کە ئاماژەن بۆ سەرهەڵدانی ناکۆکی لەنێوانیاندا لە ئایندە، عەلی حەمە ساڵح و هێڤار رایانگەیاند لەگەڵ هیچ یاسایەک نابن، ناکۆک بێ لەگەڵ دینی ئیسلام و دەنگی پێنادەن، بە پێچەوانەی ئەوان، په‌روا عه‌لی ئەندام پەرلەمانی بزوتنەوەی گۆڕان، لە دیمانەیەکی دەنگی ئەمریکا دەڵێت، زۆربەی یاساکانی ئێمە لەدینی ئیسلام سەرچاوەیانگرتووە، زۆرێک لەیاساکان دژی ژنانن، پیاوانی ئاینی رێگرن لەبەردەم هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە. بەڵێنیش دەدات گروپێک لەژنان لەپەڕلەماندا کۆبکاتەوە، بۆ بەرەنگاربونەوەی یاساکان، تا یاسای عەفووش.

 *٢ بێ دینەکان، مەبەست لەوەیە بەشێک لە ئیسلامیەکان، ئەو خەڵکەی کار بۆ یاساگەلێک دەکەن، کەسەرچاوەنەگرتوو بێت لە ئیسلام، بەبێدینی دەناسن، نەک من پێیان بڵێم بێ دین.

 * ٣ لەمانگی سێی ئەم ساڵ راگەیاندنەکان راپۆرتێکی نهێنی بزوتنەوەی گۆڕانیان بڵاو کردەوە، تێیدا هاتبوو،” کوردستان پێویستی بە حکومەتێکی چەپە، زۆر گرنگە عیلمانی بێت، بۆ ئەوەی ئەو هەورە تاریکە ئیسلامییەی بەسەر کوردستاندا باڵیکێشاوە بڕەوێنێتەوە” چاودێران ئەودەمیش بڵاوکردنەوەی ئەو راپۆرتەیان بەسیناریۆی بزوتنەوەی گۆڕان ناسی، لەپێناو دڵدانەوەی ئەو خەڵکەی خۆیان بە لیبرال دەزانی لەناو بزوتنەوەکە و بە نیزکی گۆڕان لە ئیسلامیەکان نیگەران بوون.

..

ئەم بابەتە لە ژمارە ٢٠٢ ی گۆڤاری سڤیل چاپکراوە.

….

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com